بازرگانیی مه‌رگ؛ گه‌نجانى عێراق ده‌بنه چه‌كدارى به‌كرێگیراو له شه‌ڕى ڕوسیا و ئۆكرانیا
٦ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١:٤٢ پاش نیوەڕۆ

په‌نجه‌ره
ڕاپۆرته ڕۆژنامه‌وانییه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه هه‌زاران گه‌نجى عێراقی، به هیوای ژیانێكی باشتر و پاره‌یه‌كی زۆر، ده‌چنه ڕیزه‌كانی سوپای ڕووسیاوه و وه‌ك "چه‌كداری به‌كرێگیراو" له شه‌ڕى ئه‌و وڵاته دژ به ئۆكرانیا ده‌جه‌نگن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێیان ده‌كات، زۆرجار جگه له مه‌رگ و نه‌هامه‌تی، هیچی تر نییه.
"بێئومێدیی و بێكاریی"؛ هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كه
هۆكاری سه‌ره‌كیی په‌نابردنی لاوانی عێراقی بۆ ئه‌م جۆره كاره مه‌ترسیدارانه، دۆخی ناله‌باری ناوخۆی عێراقه. محه‌مه‌د ڕه‌زاق، لاوێكی ته‌مه‌ن 23 ساڵی شارۆچكه‌ى سه‌دره له به‌غداد، یه‌كێكه له‌و نمونه به‌رچاوانه‌ی كه به‌هۆی بێكاری و نه‌بوونی داهاتوویه‌كی ڕوون له وڵاتێكدا كه میلیشیاكان زاڵن و ئاسۆی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی لێڵه، ڕوویكردووه‌ته ڕوسیا و وه‌ك چه‌كدارێكی به‌كرێگیراو له ڕیزه‌كانی سوپای ڕووسیادا كارده‌كات.
ئاماره‌كان ئاماژه به بێكارییه‌كی به‌رچاو ده‌ده‌ن له‌ناو لاوانی عێراقیدا؛ ڕێژه‌ی بێكاری له نێوان ته‌مه‌ن 15 بۆ 24 ساڵیدا گه‌یشتووه‌ته 36%، ئه‌مه‌ش ئاشكرای ده‌كات كه ده‌رفه‌تی كاركردن زۆر كه‌مه بۆ ئه‌م توێژه. هه‌روه‌ها نه‌بوونی كه‌رتی تایبه‌تی به‌هێز و په‌ره‌نه‌سه‌ندنی پیشه‌سازی، وایكردووه كه ده‌رچووانی زانكۆ و په‌یمانگاكانیش نه‌توانن كار بدۆزنه‌وه. ئه‌م دۆخه وایكردووه كه لاوان به‌دوای هه‌ر ده‌رفه‌تێكدا بگه‌ڕێن بۆ ده‌ربازبوون له واقیعی تاڵ، هه‌رچه‌نده مه‌ترسیی گیانیشی تێدابێت.
پێوه‌ندیی گومان‌لێكراو و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن
پڕۆسه‌ی گه‌یشتنی ئه‌م لاوانه به ڕووسیا، له ڕێگه‌ی كۆمپانیا و كه‌سانی ناوه‌ندگه‌ره‌وه ده‌بێت له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا، به‌تایبه‌تی له تیك تۆك و تێلێگرام. ئه‌و گه‌نجانه‌ى ڕۆشتوونه‌ته ڕوسیا، باس له‌وه‌ده‌كه‌ن له‌ڕێگه‌ى ئه‌و گروپانه‌وه ناوی خۆیان تۆمارده‌كه‌ن و ڤیزا وه‌رده‌گرن.
محه‌مه‌د ڕه‌زاق، یه‌كێك له‌و گه‌نجانه، بۆ ماڵپه‌ڕى "ده‌ره‌ج" باس له‌وه‌ده‌كات كه ده‌گه‌نه ڕوسیا، له‌سه‌ره‌تادا مامه‌ڵه‌یه‌كى ڕێزدارانه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن، دواتر ده‌گوازرێنه‌وه بۆ كه‌مپه‌كانی مه‌شق و ڕاهێنان، كه مانگێك ده‌خایه‌نێت. لێره‌دا دۆخه‌كه به‌ته‌واوی ده‌گۆڕێت؛ مه‌شقه‌كان زۆر سه‌ختن و مامه‌ڵه‌كردنیش پڕه له سووكایه‌تی و ڕه‌گه‌زپه‌رستی.
مه‌رگ و بێ مافی
جگه له مه‌رگ و برینداربوون، ئه‌م چه‌كدارانه له دۆخێكی ناله‌بار و بێ مافییدا ده‌ژین. به‌پێی وته‌ی محه‌مه‌د ڕه‌زاق، ڕێژه‌ی مردن "هه‌زار له سه‌ده" و كه‌م كه‌س ده‌مێنێته‌وه، زۆربه‌یان ده‌مرن یان بێسه‌روشوێن ده‌بن.
جگه له‌وه‌ی كه ژیانیان ده‌خه‌نه مه‌ترسییه‌وه، زۆربه‌ی ئه‌و گه‌نجانه به‌بێ ویستی خۆیان ده‌بنه هاووڵاتیی ڕووسی و ناچارن بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ (یان زیاتر) خزمه‌تی سه‌ربازیی زۆره‌ملی بكه‌ن. ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی كه له سه‌ره‌تادا واژۆیان كردووه، له‌سه‌ر كاغه‌ز فه‌رمین، به‌ڵام له‌سه‌ر زه‌وی هیچ مافێكیان پێ نادات. ناتوانن گرێبه‌سته‌كانیان هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه و ئه‌وه‌ی ده‌چێته سوپا، ته‌نیا له سێ حاڵه‌تدا ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه: یان گرێبه‌سته‌كه‌ی ته‌واو بێت، یان بمرێت، یاخود به‌شێكی جه‌سته‌ی له‌ده‌ستبدات.
هه‌ڵوێستی حكومه‌ت و نیگه‌رانییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان
له سه‌ره‌تادا، حكومه‌تی عێراق هه‌وڵی داوه ئه‌م پرسه ڕه‌ت بكاته‌وه یان له گه‌وره‌ییه‌كه‌ى كه‌م بكاته‌وه. باڵیۆزخانه‌ی عێراق له مۆسكۆ، له بڵاوكراوه‌یه‌كدا ئه‌و بانگه‌شانه‌ی ڕه‌تكرده‌وه كه باس له بوونی نوێنه‌رێكی فه‌رمی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی له ڕووسیا ده‌كه‌ن بۆ ئاسانكردنی گه‌شتكردن، جه‌ختیشی له‌سه‌ر بێلایه‌نیی عێراق له جه‌نگی ڕووسیا-ئۆكرانیادا كرده‌وه.
به‌ڵام ده‌ركه‌وتنی به‌رده‌وامی ڤیدیۆ و گێڕانه‌وه‌ی لاوانی عێراقی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا، گوشارێكی زۆری خستووه‌ته سه‌ر په‌رله‌مان و حكومه‌تی عێراق. په‌رله‌مانتاران به‌ڵێنی لێكۆڵینه‌وه له‌م دۆسیه‌یه و گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی پێویستیان داوه.
له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا نیگه‌رانییه‌كانی نێوده‌وڵه‌تیش سه‌ریان هه‌ڵداوه، چونكه به‌شداربوونی هاووڵاتییانی عێراقی له‌م شه‌ڕه‌دا ده‌كرێت به جۆرێك له ده‌ستوه‌ردانی فه‌رمی لێك بدرێته‌وه و پرسیار له‌سه‌ر بێلایه‌نیی عێراق دروست بكات.
چیرۆكێكی كۆن كه نوێ ده‌بێته‌وه
دیارده‌ی به‌شداربوونی عێراقییه‌كان له شه‌ڕه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سنوور، نوێ نییه. له ساڵی 2012ـدا، ژماره‌یه‌ك له گرووپه چه‌كداره شیعه‌كانی عێراق له شه‌ڕی سووریادا به‌شدار بوون، دواتریش داعش هه‌زاران چه‌كداری عێراقی گواسته‌وه بۆ شه‌ڕی سووریا و لیبیا.
ئه‌مڕۆش، له جه‌نگی ئۆكرانیادا، هه‌مان دیارده دووباره ده‌بێته‌وه، به‌ڵام به شێوازێكی جیاواز و له چوارچێوه‌ی چه‌كداری به‌كرێگیراودا.
دوا په‌یام له محه‌مه‌ده‌وه
ئێستا محه‌مه‌د ڕه‌زاق، له نێوان نیشتمانێكی بێداهاتوو و سوپایه‌كی بێبه‌زه‌یی، ئاواره بووه. ئه‌و له دوا په‌یامییدا ده‌ڵێت: "هه‌میشه ئامۆژگاریی لاوانی عێراقی ده‌كه‌م كه ئه‌وه‌ی من كردوومه، نه‌یكه‌ن. دۆخه‌كه لێره زۆر سه‌خته و وه‌ك كۆیله مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، به‌ڵام له عێراقیش دۆخه‌كه سه‌خته و داهاتوو نادیاره، ژیان له هه‌ردوو حاڵه‌تدا نادیاره. لاوان بۆ ژیانێكی نوێ دێنه ڕووسیا، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی مه‌رگ له هه‌موو شتێك نزیکتره."