دابەزینی نرخی نەوت و قەیرانی دارایی؛ سیاسییەکانی توشی شڵەژان کردووە و چاکسازی بیر خستوونەتەوە
٢١ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٧:٢٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دابەزینی نرخی نەوت عێراقی دووچاری قەیرانی دارایی و سیاسییەکانیشی توشی شڵەژان کردووە، بەوپێیەی فرۆشی نەوت سەرچاوەی سەرەکی داهاتی عێراقە و دابەزینی نرخ گرفتی گەورە بۆ حکومەت دروست دەکات.
داهاتی نەوت؛ کۆڵەکەی ئابووری عێراق
بەپێی خەمڵاندنی سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی، عێراق دەبێت هەر بەرمیلێک نەوت بە 84 دۆلار بفرۆشێت، بۆ ئەوەی داهاتی نەوت بەشی هەموو خەرجییەکانی بکات و قەرزار نەبێت، بەڵام ئێستا بەرمیلێک نەوت بە تێکڕا بە 57 دۆلار دەفرۆشێت.
بەپێی خەمڵاندنی ئابووریناسان، لە ئەگەری دابەزینی یەک دۆلار نرخی بەرمیلێک نەوت، عێراق ساڵانە ملیارێک و 225 ملیۆن دۆلار زیانی پێدەگات، لە کاتێکدا ئێستا بەرمیلێک نەوت لە بری 84 دۆلار بە 57 دۆلار دەفرۆشرێت.
لە مانگی 8 و 9ـی ئەمساڵدا، تێکڕای جۆرەکانی نەوت لەلایەن عێراقەوە هەر بەرمیلێک لە 64 بۆ 65 دۆلار فرۆشراوە، لەکاتێکدا ئێستا نرخ بۆ 57 دۆلار دابەزیووە، بەم پێیە دۆخی دارایی عێراق ڕووی لە خراپبوونی زیاتر کردووە.
نەوتی عێراق؛ بوژێنەرەوەی وڵاتان و سەرئێشەی ناوخۆیی
عێراق ڕۆژانە نزیکەی 3 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە دەکات، لەو ڕێژەیە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی بۆ چین و یەک ملیۆنی تری هەناردەی هیندستان دەکرێت.
هەروەها ڕۆژانە 15 هەزار بەرمیل نەوت لە عێراقەوەو لە ڕێگەی تانکەرەوە هەناردەی وڵاتی ئەردەنیش دەکرێت، ئەم نەوتە بە نرخی هەرزانتر و وەکو جۆرێک لە "خاترگرتن" دەدرێت بەو وڵاتە.
وەزارەتی نەوتی عێراق چوار جۆر نەوت ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکات، نەوتی قورسی بەسرە، نەوتی ناوەندی بەسرە و نەوتی سوکی بەسرە، هەروەها ئەو نەوتەی لەکەرکوک و کێڵگەکانی هەرێمەوە ڕەوانە دەکرێت پێیدەوترێت نەوتی تێکەڵەی کەرکوک.
جگە لەو نەوتەی هەناردەی دەرەوەی دەکات، عێراق ڕۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتیش بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکار دەهێنێت، بەڕای شارەزایانی ئابووری ئەمە لە داهاتوودا گرفتی گەورە بۆ عێراق دروست دەکات.
بەپێی وتەی بەرپرسانی عێراق، ئەو یەک ملیۆن بەرمیل نەوتەی ڕۆژانە بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکاری دەهێنن، بودجەیەکی زۆری دەوێت بۆ ئەوەی بەرهەمە نەوتییەکانی لێ بەرهەم بهێنن و بە نرخی پاڵپشتیکراو لە بازاڕدا بیفرۆشن بە هاوڵاتییان.
شارەزایانی ئابووری دەڵێن، جگە لە لێکەوتەی ئابووری ئەم پرۆسەیە، هاوکات گونجاویی نرخی سوتەمەنی دەبێتە هۆی زۆربوونی ئۆتۆمبێل و قەرەباڵغی شارەکان، هەروەها پیسبوونی ژینگە و خراپبوونی ڕێگەوبانەکان، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.
نرخی نەوت سیاسییەکان دەتۆقێنێت
هەرکات نرخی نەوت ڕوو لە دابەزین دەکات، سیاسییەکان دووچاری شڵەژان دەبن و چاکسازییان بیر دەکەوێتەوە، بەڵام لەگەڵ بەرز بونەوەی نرخ دیسانەوە دەگەڕێنەوە سەر ڕێچکەی "تەخشان و پەخشان" کردنی بودجە.
عێراق ناو بە ناو بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە دووچاری قەیرانی دارایی دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی شڵەژان لە نێو خەڵک و سیاسییەکاندا و چاکسازی دەبێتەوە بە وێردی سەر زمانی بەرپرسان.
ئابووری عێراق هێندە گرێدراوە بە نرخی نەوتەوە، دابەزینی یەک دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت، عێراق ناچار دەکات قەرز بکات یاخود پرۆژە ڕابگرێت و خەرجییەکانی کەم بکاتەوە.