موجاهدینی خەڵق؛ لە ئامێزی سەدامەوە بۆ کەمپەکانی ئەلبانیا

٢٣ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١:١٩ پاش نیوەڕۆ

موجاهدینی خەڵق؛ لە ئامێزی سەدامەوە بۆ کەمپەکانی ئەلبانیا

پەنجەرە

ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵقی ئێران، یەکێکە لە مشتومڕاوییترین هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران. ئەم ڕێکخراوە کە تەمەنی دەگاتە نزیکەی شەش دەیە، لە مێژووی خۆیدا گۆڕانکاریی دراماتیکی لە هاوپەیمانێتییەکان و شوێنی نیشتەجێبوون و ئایدۆلۆژیای خۆیدا کردووە.

ئەم ڕاپۆرتە تیشک دەخاتە سەر دۆخی ئێستایان، مێژوویان و ئەو تۆمەتانەی لەبارەی سەرکوتکردنی کوردەوە ڕووبەڕوویان بووەتەوە.


کۆچ لە عێراقەوە بۆ ئەلبانیا

موجاهدینی خەڵق دوای سێ دەیە مانەوە لە عێراق، ئێستا چیتر لەو وڵاتە بوونیان نەماوە. پڕۆسەی چوونەدەرەوەیان لە عێراق، لە ساڵی ٢٠١٢ دەستیپێکرد و لە ئەیلوولی ٢٠١٦ بە فەرمی کۆتا گرووپیان عێراقیان جێهێشت.

زۆرینەی ئەندامانی ڕێکخراوەکە (نزیکەی ٣٠٠٠ کەس) لە کەمپێکی مۆدێرن و قایمکراو بە ناوی "ئەشرەفی سێ" لە ناوچەی "مانێز" لە نزیک تێرانیای پایتەختی ئەلبانیا نیشتەجێن. ئەم کەمپە وەک شارۆچکەیەکی داخراو وایە و هەموو پێداویستییەکی ژیانی تێدایە.

هاوکات مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی ڕێکخراوەکە (بە تایبەت مریەم ڕەجەوی) لە شارۆچکەیەکی نزیک پاریسی پایتەختی فەرەنسا نیشتەجێن، کە وەک ناوەندی دیپلۆماسی و میدیایی "ئەنجومەنی نیشتمانیی بەرگریی ئێران" کاردەکات.


وێستگە گرنگەکان و ئاراستەی فیکری

ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی ١٩٦٥ لەلایەن محەمەد حەنیف نەژاد و هاوڕێکانی وەک بزووتنەوەیەکی دژ بە شای ئێران دامەزرا.

لە سەرەتادا، فیکری موجاهدین وەک "ئیسلامی-مارکسی" دەناسرایەوە؛ تێکەڵەیەک لە تێگەیشتنی شۆڕشگێڕانەی ئیسلامی و تیۆرییەکانی مارکسیزم بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیمپریالیزم. بەڵام دواتر ڕێکخراوەکە جەختی لەسەر "ئیسلامێکی دیموکراتیک" کردەوە کە جیاوازە لە خوێندنەوەی ویلایەتی فەقیهـ.


سێ وێستگەی مێژوویی

دەتوانین ئەم سێ وێستگەیە، وەکو دیارترین وێستگەکانی ئەم بزوتنەوەیە دەستنیشان بکەین:

شۆڕشی ١٩٧٩: بەشدارییەکی کارایان لە ڕوخانی شادا کرد، بەڵام هەر زوو لەگەڵ خومەینی کەوتنە کێشەوە.

١٩٨١ (شەڕی ناوخۆ): دوای پێکدادانی خوێناوی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، ڕێکخراوەکە بەرەو ئەوروپا و دواتر عێراق کۆچی کرد.

١٩٨٦- ١٩٨٨: لە کاتی شەڕی ئێران-عێراق، سەدام حسێن پەنای دان و ئەوانیش "سوپای ڕزگاریبەخشی نیشتمانی"ـیان پێکهێنا و لە دژی سوپای ئێران جەنگان.


تاوانەکان بەرامبەر بە کورد

ئەم خاڵە یەکێکە لە ڕەشترین لاپەڕەکانی مێژووی ئەم ڕێکخراوە.

لە کاتی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ـی گەلی کورد لە باشووری کوردستان، موجاهدینی خەڵق بوونە هێزێکی یارمەتیدەر بۆ ڕژێمی بەعس.

دوای ئەوەی ڕاپەڕین دەستیپێکرد، موجاهدینی خەڵق بە تانک و چەکی قورسەوە پرۆسەیەکیان دەستپێکرد بەناوی "مرواریی" و ڕێگرییان لە پێشڕەویی هێزی پێشمەرگە کرد لە ناوچەکانی (کفری، کەلار، دووزخورماتوو و جەلەولا).

بەپێی شایەتحاڵەکان و ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، موجاهدین لەو ناوچانە تەقەیان لە خەڵکی سڤیل کردووە و چەندین کەسیان کردووەتە قوربانی کە مناڵیان تێدا بووە. 


ڕۆڵی ئێستای موجاهدین لە ئۆپۆزسیۆنی ئێراندا

موجاهدینی خەڵق لە ئێستادا وەک "ڕێکخراوترین" هێزی ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی وڵات دادەنرێن، بەڵام پێگەیان لە ناوخۆی ئێران و لەنێو هێزەکانی دیکەدا جێی مشتومڕە.

لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا، ڕێکخراوەکە لۆبییەکی بەهێزی لە ئەمریکا و ئەوروپا هەیە. ئەوان خۆیان وەک "بەدیلی ئامادە" بۆ کۆماری ئیسلامی نیشان دەدەن.

لە ناوخۆی ئێرانیشدا حکومەتی ئێران وەک گەورەترین دوژمنی خۆی سەیریان دەکات. لە خۆپیشاندانەکانی ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠١٩ و ٢٠٢٢ (شۆڕشی ژینا)، ڕێکخراوەکە هەوڵیدا لە هانی ناڕەزایەتییەکان بدات.

یەکێک لە کێشە گەورەکانی موجاهدین ئەوەیە کە پەیوەندیی لەگەڵ لایەنەکانی تری ئۆپۆزسیۆن خراپە و زۆربەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان تۆمەتباریان دەکەن بەوەی پێکهاتەیەکی دیکتاتۆریی نادیموکراتیان هەیە.

لە کۆتاییدا ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵق ئەگەرچی وەکو یەکێک لە ڕێکخراوترین هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران دەردەکەوێت، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە ببێتە ئەو هێزەی کە لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆییدا بە تەواوی دانی پێدابنرێت، بەشێکی زۆری هۆکاری ئەمەش پەیوەندیی هەیە بە ڕێبازی کارکردن و سەرکردایەتی و دواجاریش دەربازنەبوون لەو مێژووەی کە وەک تارمایی بەدوایەوەیە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو