"هەنگاوەکە چی دەگەیەنێت؟" ئیسرائیل دان بە سەربەخۆیی 'سۆماڵیلاند'ـدا دەنێت

٢٧ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٣:٣٨ پێش نیوەڕۆ

"هەنگاوەکە چی دەگەیەنێت؟" ئیسرائیل دان بە سەربەخۆیی 'سۆماڵیلاند'ـدا دەنێت

پەنجەرە

لە پێشهاتێکی نوێ و چاوەڕواننەکراودا، ئیسرائیل بە فەرمی ڕایگەیاند کە دانی بە "سۆماڵیلاند" ناوە وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ، بەمەش دەبێتە یەکەم وڵات کە دان بەو هەرێمەدا دەنێت وەکو وڵات، کە دەیان ساڵە شەڕی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی دەکات.


سۆماڵیلاند؛ جوگرافیا و دیمۆگرافیا

کۆماری سۆماڵیلاند (Somaliland) دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای وڵاتی سۆماڵ و کەناراوەکانی کەنداوی عەدەن. لە باکوورەوە هاوسنوورە لەگەڵ دەریای سوور، لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ جیبۆتی و لە باشووریشەوە لەگەڵ ئەسیوپیا.

ڕووبەری نزیکەی ١٧٦ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە کە هاوشێوەی ڕووبەری وڵاتی ئوردن یان سوریا دەبێت. ژمارەی دانیشتوانی بە نزیکەی ٦ ملیۆن کەس دەخەمڵێندرێت. 

دانیشتوانەکەی لە ڕەگەزی سۆماڵین و بە زمانی سۆماڵی دەدوێن. ئایینی فەرمی ئیسلامە (سوننە - مەزهەبی شافیعی).

لە ڕووی ئیتنی و ئایینییەوە، جیاوازییەکی ڕیشەیی گەورە لە نێوان خەڵکی سۆماڵیلاند و سۆماڵدا نییە، بەڵام جیاوازییەکە لە "سیستەمی خێڵەکی" مێژووی ئیستیعمار دایە. باکوور (سۆماڵیلاند) ژێرکەوتەی داگیرکاری بەریتانیا بوو، لەکاتێکدا باشوور (سۆماڵ) ژێرکەوتەی ئیتاڵیا بوو. ئەم جیاوازییە کولتووری و کارگێڕییە وایکردووە خەڵکی سۆماڵیلاند هەست بە ناسنامەیەکی سیاسی جیاواز بکەن.


مێژووی جیابوونەوە و دۆخی ئێستای دانپێدانان

سۆماڵیلاند لە حوزەیرانی ١٩٦٠ سەربەخۆیی خۆی لە بەریتانیا وەرگرت و وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ لەلایەن ٣٥ وڵاتەوە ناسێندرا (لەوانە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایش). بەڵام تەنها دوای ٥ ڕۆژ، بە ئارەزوومەندانە لەگەڵ باشوور (سۆماڵی ئیتاڵی) یەکیان گرت بۆ دروستکردنی "کۆماری سۆماڵ".

ئەم یەکگرتنە شکستی هێنا. لە ساڵانی هەشتاکاندا، ڕژێمی دیکتاتۆری "سیاز بارێ" لە موقادیشۆـی پایتەختی سۆماڵ، دەستیکرد بە چەوساندنەوە و کۆمەڵکوژی خەڵکی باکوور. دوای جەنگێکی ناوخۆیی خوێناوی، لە ئایاری ١٩٩١ـدا، سۆماڵیلاند بە یەکلایەنە کشانەوەی خۆی لە یەکێتییەکە و سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاندەوە.


دۆخی ئێستا و ڕێگرییەکانی دانپێدانان

سۆماڵیلاند خاوەنی سوپا، دراو، پاسپۆرت، حکومەت و هەڵبژاردنی دیموکراسی خۆیەتی، بەڵام تا ئێستا هیچ وڵاتێکی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی دانی پێدانەناوە، تەنها تایوان پەیوەندی دیپلۆماسی فەرمی لەگەڵیان هەیە. هاوکات ئەسیوپیاش ڕێککەوتنی لەگەڵدا هەیە کە لەبەرامبەر دەستگەیشتن بە بەندەری بەربەرە، بڕیارە لەداهاتوودا دیراسەی داننان بە سەربەخۆیی سۆماڵیلاند دا بکات.

ڕێگرییەکان لە داننان بەم وڵاتە، لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە ترس هەیە هەرێمی تریش بەتایبەتی لە ئەفریقیا چاوی لێبکەن و ئەوانیش داوای سەربەخۆیی بکەن.

جگە لەوەش زۆربەی وڵاتان پشتیوانی سۆماڵ دەکەن بەو ئامانجەی دژ بە بزوتنەوە ئیسلامییە توندڕەوەکان بوەستێتەوە.

ئەوەی پەیوەست بێت بە هەڵوێستی وڵاتە زلهێزەکانیشەوە، ئەوا مامەڵەیان لەگەڵ ئەم پرسەدا جیاوازە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سیاسەتی "یەک سۆماڵ" پەیڕەو دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا پەیوەندییەکی ئەمنی و سەربازی بەهێزی لەگەڵ سۆماڵیلاند هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە قۆچی ئەفریقا. ئەمریکا سۆماڵیلاند وەک "هاوبەشێکی سەقامگیر" دەبینێت بەڵام نایەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی سۆماڵ تێکبدات.

هەرچی چینە، یەکێکە لە نەیارە سەرسەختەکانی سەربەخۆیی سۆماڵیلاند. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە سۆماڵیلاند پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ "تایوان" هەیە. چین دەترسێت سەربەخۆیی سۆماڵیلاند ببێتە نموونەیەک بۆ تایوان.

ڕووسیاش هەڵوێستێکی روونی لەبارەی ئەم پرسەوە نییە، ئەو لەلایەکەوە نایەوێت یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل بکات، لەلایەکی تریشەوە چاوی لە پێگەیەکی سەربازیی و دەریاییە لە کەناراوەکانی سۆماڵیلاند بۆ ئەوەی هەژموونی خۆی لە دەریای سووردا زیاد بکات.


ئیسرائیل و یەکەم دانپيدانان

حکوومەتی ئیسرائیل ئەمڕۆ هەینی بە فەرمی دانپێدانانی خۆی بە کۆماری سۆمالیلاند وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەریی ڕاگەیاند، ئەمەش یەکەم هەنگاوی لەو شێوەیەیە لەلایەن وڵاتێکی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەرامبەر بەم هەرێمە.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دانپێدانانی بە «سۆمالیلاند» وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ ڕاگەیاند و جاڕنامەیەکی هاوبەشی لەگەڵ "گدعۆن ساعر" وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل و "عەبدولڕەحمان محەممەد عەبدوڵڵا" سەرۆکی کۆماری سۆمالیلاند واژۆ کرد.

ئەم ڕاگەیاندنە لە چوارچێوەی ئەوەدایە کە ئیسرائیل وەک درێژکراوەی ڕێبازی "ڕێککەوتننامەی ئیبراهیم" بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لە ناوچەکەدا وەسفی کردووە.

ئیسرائیل پلانی هەیە بۆ دامەزراندنی پەیوەندیی دیپلۆماسی تەواو، کە دەستنیشانکردنی باڵیۆز، کردنەوەی باڵیۆزخانە و فراوانکردنی هاوکارییەکان لە چەندین بواری وەک کشتوکاڵ، تەندروستی، تەکنەلۆژیا و ئابووری دەگرێتەوە.

لەبەرامبەر ئەم دانپێدانانەدا، حکوومەتەکانی: سۆماڵ، میسر، تورکیا و جیبۆتی، ناڕەزایەتی و نیگەرانیی خۆیان دەربڕی. ئەو وڵاتانە جەختیان لەسەر پاڵپشتیی "یەکپارچەیی خاکی سۆماڵ" کردەوە.


تەنها دانپێدانانێک یان سەرەتایەکی نوێ؟

سۆماڵیلاند نموونەیەکی دەگمەنە لە جیهاندا؛ خاکێک کە هەموو مەرجەکانی "وڵات"ـی تێدایە، کەچی دانیپێدا نانرێت.

پرسیار ئەوەیە: دوای دانپێدانانەکەی ئیسرائیل، ئایا بەرژەوەندییە نوێیەکان دەبنە کلیلێک بۆ شکاندنی ئەم گۆشەگیرییە ٣٣ ساڵییەی سەر سۆماڵیلاند؟


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو