تیر (TIR)؛ ئەو سیستەمە چییە کە عێراق دەکاتە پردی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا؟
٢٧ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٠:٥٦ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، یەکەم کاروانی بازرگانی بەپێی سیستەمی "تیر" (TIR) گەیشتە عێراق، ئەمەش دەروازەی لەسەردەمێکی نوێی بازرگانی لەو وڵاتەدا کردەوە.
بەڵام پرسیار ئەوەیە: ئەم سیستەمە چییە و چ سوودێکی بۆ عێراق دەبێت و گرنگییەکەی لەکوێدایە؟
سیستەمی TIR چییە و بۆچی جیهان پشتی پێ دەبەستێت؟
سیستەمی (TIR) کورتکراوەی (Transports Internationaux Routiers) یان "گواستنەوەی نێودەوڵەتی ڕێگاوبانە". ئەمە تاکە سیستەمی جیهانییە بۆ ترانزێت و گواستنەوەی کاڵا لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر بەبێ ئەوەی پێویست بە پشکنینی وردی گومرکی بکات لە سنوورە نێوانەکاندا.
ئەم سیستەمە لە ساڵی ١٩٤٩ـەوە لە دوای جەنگی جیهانی دووەم بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەوروپا دروست بوو. لە ساڵی ١٩٧٥ ڕێککەوتننامەکەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان نوێکرایەوە. لە ئێستادا یەکێتی نێودەوڵەتی گواستنەوەی ڕێگاوبان (IRU) لە جنێف سەرپەرشتی دەکات و لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکاندایە و زیاتر لە ٧٨ وڵات لە جیهاندا ئەندامن تێیدا.
گرنگی و سوودەکانی
دەتوانین سوودەکانی لەچەند خاڵێکدا کورت بکەینەوە:
گەرنتی نێودەوڵەتی: کاڵاکان بیمە کراون و پێویست ناکات بازرگانەکە لە هەر وڵاتێک بڕە پارەیەک وەک گرەنتی دابنێت.
پاراستنی کاڵا: بارهەڵگرەکە لە وڵاتی سەرچاوە مۆر دەکرێت و تا شوێنی مەبەست ناکرێتەوە و دەستکاریی ناکرێت.
کەمکردنەوەی کات: کاتی چاوەڕوانی لە سنوورەکان بە ڕێژەی ٣٠ بۆ ٨٠٪ کەمدەکاتەوە.
نموونەیەکی زیندوو بۆ جیاوازییەکە
پێشتر ئەگەر بارهەڵگرێک لە "تورکیاوە" بهاتایە بۆ "عێراق" و پاشان بۆ "کوەیت"، دەبوو لە هەر سنوورێک بارەکەی دابگیرێت، بپشکنرێت، مامەڵەی کاغەزی بۆ بکرێت و باجی کاتیی لێ وەربگیرێت. بەڵام لە سیستەمی TIR، بارەکە لە تورکیا مۆر دەکرێت، لە سنوورەکانی عێراق تەنها بەڵگەنامەکان دەبینرێن و بەبێ پشکنین و داگرتنی بار، بارهەڵگرەکە تێدەپەڕێت تا دەگاتە کوەیت.
عێراق و سیستەمی TIR
عێراق لە ئاداری ئەمساڵ بە فەرمی بووە ٧٨ـەمین ئەندامی ئەم ڕێککەوتننامەیە.
بەپێی ئەم سیستەمە، عێراق دەبێتە پردێکی وشکانی گرنگ لە نێوان وڵاتانی کەنداو، ئەردەن و سووریا لەلایەک و تورکیا و ئەوروپا لەلایەکی ترەوە.
ئەم ڕێڕەوەش جگە لەوەی پێگەی عێراق وەکو وڵات بەهێزتر دەکات، هاوکات داهاتیشی زیاد دەکات و سوودی مادیی بۆی دەبێت.
لەبوارە کارگێڕییەکەشەوە، عێراق دەباتە ئاستێکی باشتری بەڕێوەبردنی بازرگانی، چونکە ئەم سیستەمە سیستەمێکی پێشکەوتووی بازرگانییە و سوودی دەبێت لە زیادکردنی شەفافیەت و کەمکردنەوەی گەندەڵی.
پێشتریش عێراق سیستەمی ئەسیکۆدای بۆ کاروباری گومرکی خستە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەم هەوڵانەش تێکڕا بۆ مۆدێرنکردنی بواری بازرگانی لەو وڵاتەدا هەژمار دەکرێن.
ئایا سیستەمەکە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە؟
سیستەمی TIR سیستەمێکی فیدراڵییە. بەو پێیەی عێراق وەک یەک قەوارەی یاسایی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی (IRU) ئەندامە، ئەم سیستەمە تەواوی سنوورە نێودەوڵەتییەکانی عێراق دەگرێتەوە، لەوانەش دەروازەکانی هەرێمی کوردستان.
جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە لە هەرێمی کوردستان دەبێتە هۆی ئەوەی بارهەڵگرە تورکی و ئەوروپییەکان بەبێ ئاستەنگ و بە خێراییەکی زۆرتر لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق و وڵاتانی کەنداو بڕۆن، ئەمەش داهاتی ترانزێت بۆ هەرێم و عێراقیش زیاد دەکات.