"ڕەیان کلدانی لەژێر گەمارۆی واشنتۆن دا"؛ پیاوێک بە بەرگی مەسیحی و شمشێری میلیشیاکانەوە

٢٩ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٦:١٣ پاش نیوەڕۆ

"ڕەیان کلدانی لەژێر گەمارۆی واشنتۆن دا"؛ پیاوێک بە بەرگی مەسیحی و شمشێری میلیشیاکانەوە

پەنجەرە

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ڕێگەی وەزارەتی گەنجینەوە، فشارەکانی بۆ سەر ڕەیان کلدانی- سەرۆکی بزوتنەوەی بابلیون توندتر کردووەتەوە و سزاکانی سەر ئەم کەسایەتییە مشتومڕاوییەی نوێ کردەوە.

ئەم ڕاپۆرتە وردەکاریی بڕیارە نوێیەکە، مێژووی سەرهەڵدانی کلدانی و کاریگەرییەکانی میلیشیاکەی و تۆمەتەکانی سەری، دەخاتە ڕوو.


کلدانی و گەمارۆدانی لەلایەن ئەمەریکاوە

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە نوێترین هەنگاویدا، ناوی ڕەیان کلدانی لە لیستی سزادراوانی "ماگنیتسکی"ـدا چەسپاندەوە. ئەم بڕیارە تەنها ناوێکی سەر کاغەز نییە، بەڵکو زنجیرەیەک لێکەوتەی دارایی و یاسایی قورسی هەیە، لەوانە:

بلۆککردنی سەرمایە:
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، هەر داراییەک یان پشکێک کە کلدانی لە بانکە نێودەوڵەتییەکان یان دامەزراوە داراییەکاندا هەیبێت کە مامەڵە بە دۆلار دەکەن، دەستی بەسەردا دەگیرێت.

قەدەغەی مامەڵەی بازرگانی:
هیچ کۆمپانیا و بانکێکی جیهانی بۆی نییە مامەڵە لەگەڵ کلدانی یان ئەو دامەزراوانە بکات کە ئەو سەرۆکایەتییان دەکات. ئەمەش وەک "مەرگی بازرگانی" وایە بۆ کەسایەتییەک کە تۆمەتبارە بە دەستبەسەرداگرتنی زەویوزار و بازرگانیی نایاسایی.

کۆتوبەندی گەشتکردن:
ئەگەرچی ئەم بڕیارە وەک فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی نییە، بەڵام بە کردەیی سەفەرکردنی بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، ئەمەریکا و زۆربەی وڵاتانی هاوپەیمانی واشنتۆن ئەستەم دەکات، چونکە ئەم وڵاتانە ڤیزا بەو کەسانە نادەن کە لە لیستی تیرۆر یان سزاکانی ماگنیتسکیدان.

کاریگەری سیاسیی:
ئەم سزایە شەرعییەتی سیاسی کلدانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دادەماڵێت و وەک "پیاوی ئێران" و "پێشێلکاری مافی مرۆڤ" دەیناسێنێت.


لەنێوان ئەلقۆش و بەغدا؛ ڕەیان کلدانی کێیە؟

ڕەیان کلدانی (٣٦ ساڵ)، کەسایەتییەکی مەسیحیی کلدانییە و خەڵکی شارۆچکەی (ئەلقۆش)ـە لە پارێزگای نەینەوا، بەڵام بەشێکی زۆری ژیانی لە بەغدا بەسەر بردووە.

ناوبراو پێش ساڵی ٢٠١٤ کەسایەتییەکی ناسراو نەبوو، بەڵام دوای هێرشی داعش بۆ سەر موسڵ و ناوچە مەسیحی نشینەکان، بە پشتیوانیی ڕاستەوخۆی (ئەبو مەهدی موهەندیس) و سوپای قودسی ئێرانی، توانی "کەتیبەی بابلیۆن" دابمەزرێنێت.

کلدانی خۆی وەک پارێزەری مەسیحییەکان نیشان دەدات، بەڵام لە ڕاستیدا پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و گروپە چەکدارە شیعەکان هەیە. ئەمەش وایکردووە لەناو ناوەندی ئایینی مەسیحیدا ڕەخنەی توندی لێ بگیرێت.


کەتیبەی بابلیۆن؛ میلیشیایەک بە بەرگی مەسیحییەوە

کەتیبەی بابلیۆن (لیوای ٥٠ لەناو حەشدی شەعبی)، هێزێکی چەکدارە کە لە ساڵی ٢٠١٤ دامەزراوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی رێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ، هەرچەندە ناوی "بابلیۆن" و مەسیحی هەڵگرتووە، بەڵام زۆرینەی چەکدارەکانی لە پێکهاتەی شیعەن کە لە باشووری عێراقەوە هێنراون بۆ دەشتی نەینەوا. مەسیحییە ڕەسەنەکانی ناوچەکە تەنها وەک ڕووکار و بۆ مەبەستی ڕاگەیاندن بەکاردێن.

ژمارەی هێزەکە بە چەند هەزار کەسێک دەخەمڵێندرێت و ناوەندی سەرەکییان لە (دەشتی نەینەوا، تەلکێف و قەرەقۆش)ـە.


تۆمەتەکانی سەریان

کەتیبەکە چەند تۆمەتێکی لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ ئاراستە دەکرێت، لەوانە:

گۆڕینی دیمۆگرافیا: تۆمەتبارن بەوەی بە زۆر زەوی و ماڵی مەسیحییەکانیان داگیرکردووە و دەیانەوێت ناسنامەی ناوچەکە بگۆڕن.

پێشێلکاری مافی مرۆڤ: وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠١٩ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هێزە دەستی هەبووە لە ئەشکەنجەدان و تاڵانکردنی ماڵی هاوڵاتیان لە دەشتی نەینەوا.

پێكدادان لەگەڵ کەنیسە: پەیوەندی کلدانی لەگەڵ (پاتریارک لویس ساکۆ) گەیشتە بنبەست، کاتێک ساکۆ ڕایگەیاند کە کلدانی نوێنەرایەتی مەسیحییەکان ناکات و تەنها "میلیشیایەکی سیاسییە".


لەمیلیشیاوە بۆ حکومەت و پەرلەمان

بابلیۆن لەپاڵ میلیشیا چەکدارییەکەی، خۆیشی وەکو بزوتنەوەیەکی سیاسی پەرەپێداوە.

ئەو توانیویەتی لە ڕێگەی کۆتای مەسیحییەکانەوە، زۆرێک لە کورسییەکانی مەسیحی لە پەرلەمانی عێراق بەدەستبهێنێت. ئەمەش بە پشتیوانی دەنگی دەنگدەرانی شیعە بووە، نەک مەسیحییەکان. 

هاوکات وەزیریشیان لە حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانیدا هەبووە (وەک وەزیری کۆچ و کۆچبەران - ئیڤان فایەق).


سەرکردەی بۆشایی!

ڕەیان کلدانی نموونەی ئەو سەرکردە میلیشیاییانەیە کە لە بۆشایی ئەمنیدا دەرکەوتن و گەورە بوون.

ئەگەرچی سزاکانی ئەمەریکا، فشارێکی توندن بۆ بڕینی دەمارە داراییەکانی، بەڵام لە ناوخۆی عێراقدا، ئەو هێشتا پشتئەستوورە بە هاوپەیمانەکانی لە چوارچێوەی هەماهەنگی.

پرسیار ئەوەیە: ئەم بەهێزییە تاکوێ بڕ دەکات؟ ئایا وەکچۆن خێرا دەرکەوت و گەورە بوو، ئاوەهاش بچووک و ئاوا دەبێت؟


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو