ناڕەزایەتییەکانی ئێران؛ لە تەنگژەی ئابوورییەوە بۆ هاواری ئازادیی
٣٠ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٦:٤٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە کاتێکدا شەپۆلێکی بەفر و سەرما زۆرێک لە ناوچەکانی ئێرانی گرتووەتەوە، بەڵام پلەی گەرمیی شەقامەکانی ئەو وڵاتە گەیشتووەتە خاڵی کوڵان. ئەمجارە ئەوەی خەڵکی ڕژاندووەتە سەر شەقام، تەنها دروشمە سیاسییەکان نین، بەڵکو هاواری سکە برسییەکان و گیرفانە بەتاڵەکانە.
ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شایەتحاڵی یەکێک لە سەختترین قۆناغە ئابوورییەکانی مێژووی خۆی بوو، کە تێیدا تمەنی ئێرانی لە بەرامبەر دۆلاردا نەک هەر دابەزیوە، بەڵکو تووشی داڕمانی بێوێنە بووە. ئەم دۆخەش بڵێسەی لە ناڕەزایەتییەکان هەستاند.
دراوێک کە سووتەمەنی ناڕەزایەتییەکانە
هۆکاری سەرەکی و بزوێنەری ئەم شەپۆلە نوێیەی ناڕەزایەتییەکان، بازدانی کتووپڕ و مێژوویی نرخی دۆلارە. لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا، تمەن بەشی زۆری بەهاکەی لەدەستدا، ئەمەش بازاڕەکانی تووشی شۆک کردووە.
لەگەڵ هەر بەرزبوونەوەیەکی دۆلار، نرخی کەلوپەلی بنەڕەتی و خۆراکیش بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە، ئەمەش وایکردووە لە زۆربەی شارە گەورەکان، بازاڕەکان تووشی جۆرێک لە ئیفلیجی بێن؛ فرۆشیارانیش بەناچاری فرۆشگاکانیان داخستووە.
توڕەیی؛ لە عەسەلوویەوە تا تاران
ناڕەزایەتییەکان تەنها لە شارە گەورەکاندا قەتیس نەماون، بەڵکو شادەماری ئابووری ئێرانیان گرتووەتەوە.
لە ناوچە پیشەسازییەکانی باشوور، کرێکارانی کەرتی نەوت و گاز بەهۆی ئەوەی مووچەکانیان چیتر بەشی بژێوی هەفتەیەکیان ناکات، دەستیان لە کار کێشاوەتەوە.
هاوکات توێژێک کە بوونەتە دەنگی زیندووی شەقام، خانەنشینانن. ئەوان لە تاران، کرماشان، ئەسفەهان و تەورێز، بە دروشمی "دۆلار بە حەفتا هەزار، خواردنی ئێمە کوانێ؟" بەرەو ڕووی دامەزراوە حکومییەکان بوونەتەوە.
هاوکات پەرستاران، فەرمانبەران، کاسبکار و تەنانەی خوێندکارانی زانکۆش تێکەڵ بە ناڕوزایەتییەکان بوون.
ئامانجەکان: نان و کەرامەت
ئامانجی خۆپیشاندەران لەم چەند ڕۆژەدا ڕاستەوخۆ پویوەندی بە باری داراییانەوە هەیە.
خەڵک حکومەت بە بەرپرسیار دەزانن لە تەرخانکردنی داهاتی وڵات بۆ ململانێ هەرێمییەکان لەبری جێگیرکردنی نرخی تمەن، کە هەر ئەمەشە وایکردوە دراوەکەیان ڕۆژ دوای ڕۆژ بشکێت و وایلێبێت نرخێکی ئەوتۆی نەمێنێت.
هاوکات مووچەخۆران داوا دەکەن مووچەکان بەپێی ڕێژەی هەڵاوسان (کە ئێستا لە سەرووی ٥٠٪ـە) زیاد بکرێت، بەشێوەیەک بەشی گوزەراندنی ژیانێکی شەرەفمەندانەیان بکات.
کۆتاییهێنان بە گەندەڵی یەکێکی ترە لە داواکارییەکانی خۆپیشاندەران. ئەوان کەسانێک کە بە "مافیا ئابووریی" ناویان دەبەن و پشتئەستوورن بە دەسەڵات، تۆمەتبار دەکەن بەوەی سوود لە جیاوازی نرخی دۆلار دەبینن و سامانی نیشتمانی تاڵان دەکەن.
خۆپیشاندان؛ بۆچی ئێستا؟
ئەم تەقینەوەیە دەرەنجامی کەڵەکەبوونی ساڵانێکە لە کێشە و قەیران و شکستی ئابووریی.
گەمارۆکان و فشاری نێودەوڵەتی، ساڵانێکە بارگرانییان بەسەر ئابووریی ئەو وڵاتەوە جێهێشتووە. ئێستاش لە نەبوونی ئاسۆیەکی ڕوون بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی، بازاڕی ئەو وڵاتەی هێندەی تر تووشی دڵەڕاوکێ کردووە.
لەبەرامبەر ئەم کێشانەی پەیوەستن بە ئابوریی و کورتهێنانی بودجە، دەسەڵاتداران لە بری چارەسەری گونجاو، هەستاون بە چاپکردنی پارەی زیاتر، کە ئەمەش چونکە بەبێ هیچ ڕێکارێکی ئابووریانە کراوە، بەهای تمەنی زیاتر تێکشکاندووە.
ئەم ناڕەزایەتییانە هاوکاتن بەو خراپبوونەی کە لەم مانگانەی ڕابردووی کاتی هێرشەکەی ئیسرائیل و دوای ئەوەش، لە بواری خزمەتگوزارییە گشتییەکانی ئێراندا ڕوویدا، بەتایبەتی لە بواری ئاو و کارەبا.
هەموو ئەمانە و ناڕەزایەتی و ڕەخنە و گلەیی دەیان ساڵەی خەڵک لە ڕژێمەکە و دۆخی ئازادییەکان و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، تێکەڵی یەکدی بوون و وایکردووە ئەگەەچی خۆپیشاندانەکان زۆرتر بزوێنەری ئابوورییان هەیە، بەڵام خۆپیشاندەران دروشمگەلی سیاسیی و مافیی لەنمونەی (ئازادیی… ئازادیی)، دژ بە دەسەڵاتداران بڵێنەوە.