ئایا ناڕەزایەتییەکانی ئێران نەخشەی حکومەتی نوێی عێراق دەگۆڕێت؟

١ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٣:٢٠ پاش نیوەڕۆ

ئایا ناڕەزایەتییەکانی ئێران نەخشەی حکومەتی نوێی عێراق دەگۆڕێت؟

پەنجەرە

لە کاتێکدا شەقامەکانی ئێران بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە دەکوڵێن، لێکەوتەکانی ئەم دۆخە تەنها لە سنوورەکانی ئەو وڵاتەدا نامێننەوە و کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراقیش دەبێت. 

عێراق کە لە ناوەڕاستی مشتومڕی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتدایە، ئێستا لەبەردەم هاوکێشەیەکی نوێدایە: ئایا تاران لەژێر فشاری ناوخۆیدا دەستبەرداری دۆسیەی عێراق دەبێت، یان بە پێچەوانەوە، فشارەکان زیاد دەکات بۆ ئەوەی بەغدا وەک قەڵایەکی ئارام بۆ خۆی بپارێزێت؟


"پەلەپەل" لە بەغدا

زانیارییەکانی پەنجەرە و بەشێک لە شرۆڤەکاران کە بۆ پەنجەرە قسەیان کردووە، ئاماژە بەوە دەکەن کە هاوپەیمانەکانی ئێران لە عێراق (چوارچێوەی هەماهەنگی) هەست بە مەترسی دەکەن.

ناسەقامگیریی لە ناوخۆی ئێراندا وایکردووە تاران فشار بخاتە سەر لایەنە شیعەکان بۆ ئەوەی هەرچی زووە حکومەت پێکبهێنن. مەبەست لەمەش ئەوەیە کە ڕێگری بکرێت لە هەر بۆشاییەکی ئەمنی یان سیاسی کە ڕەنگە نەیارانی ئێران سوودی لێ وەرگرن.

لەم چوارچێوەیەدا، بەشێک لە چاودێران پێیانوایە فشارە دەرەکییەکان و دۆخی ناوخۆی ئێران، وادەکات لایەنە شیعەکان پەلە بکەن لە دابەشکردنی پۆستەکان.

ترسی سەرەکی ئەم لایەنانە لەئەگەری پێکنەهێنانی حکومەت، دوو بوارە، بوارێک کە ببێتە هۆی لەدەستدەرچوونی پرۆسەکە، بواری دووەمیش ئەوەیە شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی ئێران بپەڕێتەوە بۆ عێراق و ببێتە هۆی سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەکان لەبابەتی ئەوانەی "تشرین".


دیدگایەکی جیاواز: دۆخی ئێران و عێراق جیاوازن

لە بەرامبەر ئەم تێڕوانینانەدا، هەندێک لە شارەزایانی ناوخۆیی پێیانوایە کە نابێت زیادەڕەوی لە بەستنەوەی ئەم دوو دۆسێیەتەدا بکرێت.

فەرید ئەسەسەرد، بەرپرسی پێشووی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی یەکێتی، لە لێدوانێکدا بۆ پەنجەرە دەڵێت: "دۆخی ئێران و عێراق جیاوازن و پەیوەندییان بە یەکترییەوە نییە."

ئەسەسەرد پێیوایە پرۆسەی سیاسی لە عێراق ڕێڕەوی دەستووری خۆی وەردەگرێت و دەڵێت: "پێکهێنانی حکومەتی عێراق پەیوەندی بە دۆخی ئێرانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە تەوقیتاتی دەستوورییەوە هەیە و دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار هەنگاو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانیش دەدرێت."


تاران و ستراتیژی پاراستنی بەغدا

سەرچاوە سیاسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بۆ تاران، سەقامگیریی عێراق لەم کاتەدا لە هەموو کاتێک گرنگترە.

ئێران نایەوێت لە کاتێکدا لە ناوخۆدا سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی ناڕەزایەتییەکانە، لە سنوورە ڕۆژئاواییەکانیشیەوە ڕووبەڕووی هەڕەشە ببێتەوە. بۆیە ڕەنگە تاران داوای لایەنەکان کردبێت کە نەرمیی زیاتر بنوێنن بۆ ڕێککەوتن.

هەروەک ڕەنگە ئەوەی خۆپیشاندانەکان ببێتە هۆی لاوازکردنی پارت و گروپە وەلائییەکان،  ئێران چاوی لەوەیە کۆنترۆڵی ئەو لایەنانە و لەڕێگەی ئەوانیشەوە ناوەندی بڕیار و دەسەڵات لەعێراق، لەدەستنەدات.


لەنێوان دوو بژاردەدا

پێدراوەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە ژینگەی سیاسیی ناوچەکە ناتوانێت خۆی لە کاریگەرییەکانی ڕووداوەکانی ئێران بپارێزێت. 

لەمچوارچێوەیەشدا پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق ئێستا لە نێوان دوو بەردەدا ماوەتەوە: ترسی لایەنە دەسەڵاتدارەکان لە گواستنەوەی ناڕەزایەتییەکان، لەگەڵ پێویستیی تاران بۆ هەبوونی هاوپەیمانێکی بەهێز لە بەغدا بۆ کەمکردنەوەی فشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەری.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو