ڕەهەندەکانی کشانەوەی "هەسەدە" لە دێر حافر
١٧ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٢:٥٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە هەنگاوێکی مەیدانی و سیاسیی چارەنووسسازدا، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کشانەوەی تەواوەتی خۆیان لە شارۆچکەی دێر حافر و گوندەکانی دەوروبەری لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب ڕاگەیاند، بەمەش ڕێگەیان خۆشکرد بۆ چوونە ناوەوەی یەکەکانی سوپای عەرەبیی سووریا.
ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە گرژییەکی سەربازیی گەورەی بەخۆوە بینیبوو، هاوکات دەشێت هەوڵێک بێت بۆ درووستبوونی سەقامگیریی و کرانەوەیەکی سیاسی پەیوەست بە دۆسیەی کێشەکانی نێوان هەسەدە و حکومەتەکەی شەرع.
هۆکارەکانی کشانەوە؛ لە نێوان نیازپاکی و فشاری سەربازییدا
خوێندنەوەکان بۆ پاڵنەرە ڕاستەوخۆکانی ئەم کشانەوەیە جیاوازن، بەڵام شیکارییە بابەتییەکانی سەرچاوە مەیدانی و سیاسییەکان هۆکارەکان بۆ سێ خاڵی سەرەکی دەگەڕێننەوە:
١. ئاراستەی دیپلۆماسی و "ڕێککەوتنی ئادار":
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی "هەسەدە"، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا لە ڕێگەی پلاتفۆرمی (X) جەختی کردەوە کە کشانەوەکە لەسەر بنەمای نێوەندگیرییە نێودەوڵەتییەکان (بە تایبەت لایەنی ئەمریکی) بووە، ئەوەش بۆ نیشاندانی "نیازپاکی" لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی ١٠ی ئاداری ٢٠٢٥.
ئامانجی ئەم ڕێککەوتنە تێکەڵکردنی دامەزراوە سەربازی و کارگێڕییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، کە هەسەدە وەک هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ دوورکەوتنەوە لە پێکدادانی گشتگیر لەگەڵ دیمەشق دەیبینێت.
٢. فشاری سەربازیی مەیدانی:
پێش کشانەوەکە، گرژییەکی سەربازیی بەرچاو هەبوو؛ سوپای سووریا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ناوچەی دێر حافری وەک "ناوچەی سەربازیی داخراو" ڕاگەیاند و بە درۆنی خۆکوژ و تۆپخانە خاڵەکانی تەماسی پێکابوو.
چاودێران پێیانوایە هەسەدە "کشانەوەی تەکتیکی" هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی خۆی لە شەڕێکی سەختی ماندووکەر بپارێزێت، بەتایبەت کە ناوچەکە دەکەوێتە خۆرئاوای ڕووباری فوراتەوە و پاراستنی لە ڕووی لۆجیستییەوە بەراورد بە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات، قورسە.
٣. فەرمانی نوێی سەرۆکایەتی:
ئەم جووڵە مەیدانییە هاوکات بوو لەگەڵ دەرچوونی فەرمانێکی سەرۆکایەتی لەلایەن سەرۆکی سووریا (ئەحمەد شەرع) لە شەوی ڕابردوودا، کە تێیدا داننراوە بە مافە کولتووری و زمانەوانییەکانی کورد وەک بەشێکی ڕەسەن لە ناسنامەی نیشتمانی.
شیکەرەوان وایلێکدەدەنەوە فەرمانەکەی شەرع و کشانەوەکەی هەسەدە، بەرامبەر یەکن، کە هەریەک بۆ ڕازیکردنی ئەویتر ناویەتی.
هاوکات دەکرێت ئەم "کەشوهەوا سیاسییە ئەرێنییە"، وەکو چەترێکێک وێنا بکرێت کە هەسەدە کشانەوەکەی خۆی وەک هەنگاوێک بەرەو یەکڕیزی نیشتمانی نیشان بدات نەک وەک "شکستی سەربازیی".
وا دیارە کشانەوە لە دێر حافر تاقیکردنەوەیەكى متمانەیە بۆ جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنە سیاسییەکانی نێوان ئەو دوو لایەنە.
لە کاتێکدا دیمەشق وەک گەڕانەوەی سەروەریی دەوڵەت دەیبینێت، هەسەدە وەک هەنگاوێکی تەکتیکی بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی لە ڕۆژهەڵات سەیری دەکات.