"جه‌به‌ل باشان"؛ ئایا ده‌وڵه‌تێكى دیكه له سوریا جیاده‌بێته‌وه؟
٣ شوبات ٢٠٢٦ - ١٠:٣٩ پێش نیوەڕۆ
په‌نجه‌ره
لە کاتێکدا سوریا بۆ خۆی لە نێو چه‌ندین گێژاوی جیاوازدایه، لە باشووری ئەو وڵاتەوە زاراوەیەکی نوێ سەرهەڵدەدات کە تەنها گۆڕینی ناوێک نییە، بەڵکو گۆڕینی نەخشەیەک و گەڕانەوەیە بۆ ڕەگ و ڕیشاڵە مێژووییەکان. "دەوڵەتی باشان"؛ ئەو پڕۆژەیەی کە لە پارێزگای سوەیداوە وەک وەڵامێکی سیاسی بۆ قەیرانە ئه‌تنی و ئەمنییەکان دەنگی داوەتەوە، ئێستا لە ناوەندە سیاسییه‌كانیش وه‌كو سیناریۆیه‌كى پڕ له ئاله‌نگاریی هاتووه‌ته پێشه‌وه.
"باشان"؛ گەڕانەوە بۆ ناوە تەوراتی و مێژووییەکان
بەپێی سەرچاوە مێژوویی و تەوراتییه‌كان، "باشان" ناوێکی دێرینە بۆ ناوچەیەکی بەپیتی نێوان "چیای شێخ" لە باکوور و "چیای جلعاد" لە باشوور. بە واتای "زەوی تەخت و هه‌موار" دێت.
بەکارهێنانی ئەم ناوە لە لایەن شێخ "حیکمەت هیجری"، ڕێبەری ڕوحیی درووزەکانى سوه‌یدا، لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥دا و گۆڕینی ناوی "جەبەل ئەلعەرەب" بۆ "جەبەل باشان" لە پەیامە فەرمییەکانیدا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، پەیامێکی سیاسی قووڵی لەپشت بوو، كه‌بریتیی بوو له: جیاکردنەوەی ناسنامەی ناوچەکە لە ناسنامەی نەتەوەییەکی تەسک و بەستنەوەی بە مێژوویەکی دێرینتر کە شەرعییەتی مافی بڕیاردانی چارەنووسی پێ دەبەخشێت.
سوەیداى ٢٠٢٥؛ ئەو خوێنەی متمانەی گۆڕی
پارێزگاى سوه‌یدا، له باشوورى سوریا هه‌ڵكه‌وتووه. زۆرینه‌ى دانیشتوانه‌كه‌ى "درووز"ـن. درووز پێكهاته‌یه‌كى ئاینییه كه له‌و پارێزگایه و لوبنان و فه‌ڵه‌ستین/ ئیسرائیل دا بوونیان هه‌یه. ڕه‌نگه ناسراوترین ناوى دورزی به‌نیسبه‌ت ئێمه‌وه، وه‌لید جه‌نبوڵات و كه‌مال جه‌نبوڵاتى باوكی بێت، كه دوو سیاسه‌توانى لوبنانین و په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ سیاسه‌توانه كورده‌كان له باشوور هه‌بووه.
ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ست بێت به دروزه‌كانى سوریا و به‌تایبه‌تى له پارێزگاى سوه‌یدا و هانیدان داواى ناوچه‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆ بكه‌ن، وەرچەرخانە بنه‌ڕه‌تییه‌كه بوو لە تەمموزی ٢٠٢٥. له‌و مانگه‌دا هێزە ئەمنییەکانی دیمەشق و میلیشیاکانی سەر بەو، هەڵمەتێکی توندیان بۆ ناو پارێزگای سوەیدا ئەنجامدا کە بەپێی ڕاپۆرتەکان زیاتر لە ١٥٠٠ کوژراو و برینداری لێکەوتەوە و سوكایه‌تییه‌كى زۆر به‌و پێكهاته‌یه كرا.
له‌دواى ئه‌م ڕووداوه‌وه، متمانەی خەڵکی ناوچەکە بە دەوڵەتی سوری بە تەواوی هەرەسی هێنا.
ئەم دۆخە ئەمنییە، تێکەڵ بە داڕمانی ئابووری و گەمارۆی شارەکە بوو، وایکرد دروشمەکان لە "چاکسازیی گوزەران"ـەوە بگۆڕدرێن بۆ "سەربەخۆیی ئیداری" و بگره "سه‌ربه‌خۆیی وڵات"ـیش.
نەخشەی دەوڵەتی باشان و ڕەهەندە سیاسییەکان
شێخ "حیکمەت هیجری"، رێبه‌رى درزییه‌كانى سوه‌یدا، ئه‌و كه‌سه‌یه كه له پشت ئه‌م بیرۆكه‌یه‌وه ده‌بینرێت. ئه‌و به‌هۆی رووداوه‌كانى ساڵی پار و په‌یوه‌ندیی باشیان له‌گه‌ڵ ئیسرائیله‌وه، ده‌یه‌وێت هه‌لێك بخوڵقێنێت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن ده‌وڵه‌تێكى درزیی له سه‌رزه‌مینی باو و باپیرانیان دروست بكه‌ن.
به‌گشتیش ئەم پڕۆژەیە لەسەر سێ تەوەری سەرەکی کار دەکات:
خۆبەڕێوەبەری: مه‌به‌ست له‌وه‌یه كه سوریا چیتر ناتوانێت ئه‌وان له‌خۆ بگرێت و له یه‌كه‌م ده‌رفه‌تدا هێرشێكى قه‌ڵاچۆكه‌رانه‌ى كرده سه‌ریان، هه‌ربۆیه ده‌یانه‌وێت دوربن لە دەسەڵاتی مەرکەزیی دیمەشق.
پاراستنی نێودەوڵەتی: به‌وهۆیه‌وه ده‌كرێت له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه پارێزراو بن و نه‌كه‌ونه به‌ر هێرش و هه‌ڕه‌شه.
پاشخانی مێژوویی: سوودوەرگرتن لە مێژووی "دەوڵەتی چیای درووز" (١٩٢١-١٩٣٦) کە لە سەردەمی فەرەنسییەکاندا هەبوو، وەک بەڵگەیەک کە ئەم ناوچەیە خاوەن تایبەتمەندی سیاسی خۆیەتی.
ده‌وڵه‌تى باشان له‌نێوان خواست و واقیعدا
به‌گشتى ئه‌وه‌ى وه‌كو پاڵپشتی پرۆژه‌كه وێنا ده‌كرێت، ئیسرائیله؛ به‌ڵام ئه‌ویش تائێستا به فه‌رمیی و ڕوون و راشكاو نه‌یوتووه پشتیوانى وه‌ها ده‌وڵه‌تێك ده‌كات.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه كه ئه‌مه‌ریكا، ئێستا به‌گشتى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ سوریادا باشه و تیِڕوانینیشی بۆ ئه‌و وڵاته وه‌هایه كه به یه‌ك پارچه‌یی بمێنێته‌وه، وه‌ك له‌مامه‌ڵكردنیدا له‌گه‌ڵ پرسی ناوچه‌كانى ئیداره‌ى خۆسه‌رى باكور و رۆژهه‌ڵات "ڕۆژئاڤا" بینرا.
له‌به‌رامبه‌ریشدا، سوریا به‌توندی دژى ئه‌م هه‌وڵه‌یه و هه‌موو ڕێگه‌یه‌ك بۆ دژایه‌تیكردنى ده‌گرێته‌به‌ر.
هه‌ربۆیه له‌ئێستادا دروستبوونى وه‌ها ده‌وڵه‌تێك به قورس ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین به مه‌حاڵ، ده‌بینرێت.
به‌ڵام ڕای زاڵ ئه‌وه‌یه كه باسكردنى ده‌وڵه‌ت، چیتر نییه له كارتێكى فشار له‌لایه‌ن شێخ حیكمه‌ت و دورزییه‌كانه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى جۆرێك له فیدراڵی یان لامه‌ركه‌زیه‌تیان پێبدرێت و دوور له ده‌ستوه‌ردانى ڕاسته‌وخۆی دیمه‌شق، كاروباری ناوچه‌كه‌یان هه‌ڵبسوڕێنن.