وڵاتانی کەنداو؛ ئایا دوای کۆتاییهاتنی شەڕ گۆڕانکاریی لە سیاسەتی خۆیاندا دەکەن؟

٢ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:١٦ پاش نیوەڕۆ

وڵاتانی کەنداو؛ ئایا دوای کۆتاییهاتنی شەڕ گۆڕانکاریی لە سیاسەتی خۆیاندا دەکەن؟

پەنجەرە

دوای کۆتاییهاتنی شەڕی نێوان ئەمەریکا و ئێران، پێشبینی دەکرێت وڵاتانی کەنداو بە پەیوەندییەکانیاندا لەگەڵ ئەمەریکا بچنەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو زیانانەی لێیان کەوتووە بە بێ ئەوەی لایەنێکی فەرمی شەڕەکە بن.

ئەنجامی شەڕەکە هێشتا نادیارە و رژێمی ئێران نەڕووخاوە، هەروەها ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز و رێکخراویش بوونی نییە بۆ رووخاندنی رژێمەکە لە ئایندەیەکی نزیکدا، ئەمەش واشنتۆن ناچار دەکات مامەڵە لەگەڵ “ رژێمێکی لاواز و بەردەوام” دا بکات.

بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، ئیدارەی ئەمەریکا نائومێدبووە لە راپەڕینی جەماوەری لەناوخۆی ئێران و رووخاندنی رژێمەکە، هەرچەندە لە قۆناغی داهاتوودا پێشبینی سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتی دەکرێت.

وڵاتانی کەنداو

هەرچەندە بۆ دەستپێکردنی شەڕ و هێرشکردنە سەر ئێران رای وڵاتانی کەنداو بەهەند وەرنەگیرا یاخود راوێژیان پێنەکرا، بەڵام ئەو وڵاتانە لەلایەن ئێرانەوە زۆرترین هێرشیانکرایە سەر.

ئەمەش وادەکات دوای کۆتایی هاتنی شەڕ و هێوربوونەوەی دۆخەکە، وڵاتانی کەنداو پێداچوونەوە بە حساباتی خۆیاندا بکەن و هەنگاوی نوێ بگرنە بەر.

وڵاتانی کەنداو دەیانەوێت دوای شەڕ دڵنیابن لە چۆنیەتی مامەڵەی واشنتۆن لەگەڵ تاران، هەروەها گەرەنتیکردنی جوڵەی کەشتیوانی لە گەروی هورمز خواستی ئەوانە.

گفتووگۆی وردتر  لەسەر رێککەوتنامەی “ ئیبراهیمی” بەدوور نازانرێت ببێتە داواکاری وڵاتانی کەنداو، ئەمە جگە لەوەی دەیانەوێت سیستەمی بەرگریی وڵاتەکانیان بەهێز بکەن و تەنها پشت بە واشنتۆن نەبەستن.

هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو بەجۆرێک پەیوەندی نێوانیانی تێکداوە، پێناچێت ئەو متمانەیە بە ئاسانی دروست ببێتەوە کە پێش شەڕەکە خەریکبوو دروست دەبوو.

لەئێستادا چاوەکان لەسەر دوای کۆتایی هاتنی شەڕن، بەوەی فشاری ئێران کەنداوییەکان زیاتر بەرەو لای ئەمەریکا و ئیسرائیل دەبات، یاخود بە حساباتی خۆیاندا دەچنەوە و گۆڕانکاریی لە سیاسەتی خۆیاندا دەکەن.

گەروی هورمز

ئاسایشی گەروی هورمز یەکێک دەبێت لە گرنگترین پرسەکانی دوای جەنگ، بۆیە بەدوور نازانرێت وڵاتانی کەنداو داوای ئەوە بکەن بەرێڕەوێکی نێودەوڵەتی هەژمارد بکرێت و بەدەر بکرێت لە ململانێ سەربازییەکان.

رێگرییەکانی ئێران لە جوڵەی بازرگانی و زیان گەیشتن بە ئاڵوگۆڕی نێودەوڵەتی وزە، رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی داواکاریی بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ پاراسنی ئاسایشی دەریایی بە وردی گفتووگۆی لەسەر بکرێت.

ئیسرائیل

بەپێی شیکردنەوەی لێکۆڵەرەوان، شەڕی دژ بە ئێران متمانەی وڵاتانی بە ئیسرائیل لاوازتر کردووە، بەتایبەت دوای هەوڵەکانی ئەو وڵاتە بۆ فراوانکردنی پانتایی شەڕەکە.

پێدەچێت ئەنجامی شەڕی ئێران زیان بە فراوانکردنی رێککەوتنامەی ئیبراهیمی بگەیەنێت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، بەوپێیەی ئیمارات لەم شەڕەدا باجی پابەندبوونی بەرێککەوتنامەکەوە داوە.

گۆڕانکاریی لە تەکنەلۆژیای سەربازیدا

بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، هێرشی چڕی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو و بوونی گرفت لە سیستەمی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان، وا دەکات ئەو وڵاتانە بۆ هەمە چەشنکردنی توانای تەکنەلۆژیای خۆیان روو لە ئەوروپاش بکەن.

ئاڵەنگارییەکانی دوای جەنگ؛ پرسیارە بێ وەڵامەکان

هێشتا شەڕ کۆتایی نەهاتووە، بەڵام لە ئێستاوە کۆمەڵێک پرسیار دەوروژێنرێت؛ 

ئایا وڵاتانی کەنداو دەتوانن سیستەمێکی هاوبەشی بەرگریی ئاسمانی دروست بکەن؟

چۆن مامەڵە لەگەڵ ئێرانی داهاتوودا دەکەن؟

داهاتووی رژێمی ئێران چۆن دەبێت؟

ئایا واشنتۆن دیدێکی روونی بۆ قۆناغی دوای جەنگ هەیە؟


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو