زیانەکانی کەرتی پترۆ کیمیایی ئێران؛ لە کورتهێنانی داراییەوە بۆ داڕمانی پەیکەری ئابووریی
٢٢ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٣٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
زیانەکانی کەرتی پترۆکیمیایی ئێران لە سایەی جەنگدا تەنها لە کەمبوونەوەی هەناردەکردن و پشێوی بازاڕدا خۆی نەبینیووەتەوە، بەڵکو دووچاری قەیرانێکی قوڵ بووە و یەکێک لە پایە ئابوورییە گرنگەکانی ئێرانی لەرزاندووە.
شەڕ و چڕبوونەوەی ئاڵۆزییەکان لە رێڕەوە دەریاییەکان، کاریگەری گەورەی لەسەر داهاتی پترۆ کیمیایی ئێران دروستکردووە، کە داهاتی رۆژانەی ئەم کەرتە بە نزیکەی ٥٤ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت. ئەمەش گرفتی نەختینە قووڵتر دەکاتەوە و توانای ئابووری بۆ جێبەجێکردنی پابەندبوونی ناوخۆیی و دەرەکی سنووردار دەکات.
گوشارە ئابوورییەکان
زیانەکان هەموو ئابووری ئێران دەگرێتەوە؛ بەهۆی ڕاوەستانی هەناردە و پەککەوتنی هاوردەوە، زیانەکان بە 435 ملیۆن دۆلار لە ڕۆژێکدا دەخەمڵێندرێن.
لەگەڵ پەککەوتنی کەناڵەکانی هەناردەکردن، قەیرانەکە تەنها لە لەدەستدانی داهاتدا نەماوەتەوە، بەڵکو گەیشتووەتە ئاستی خنکانی بازاڕەکان.
لێکەوتەکانی ڕاوەستانی بەرهەمە پترۆ کیمیاییەکان کاریگەری لە سەر تۆڕێکی پیشەسازی گرێدراوی یەکتری لە ناوخۆی ئێران دروستکردووە، لەوانە کەرتە گرنگەکانی وەک پەیین، پلاستیک و ماددە کیمیاییەکان، ئەمەش بووەتە هۆی پەککەوتنی بەرهەمهێنان لەسەدان و هەزاران کارگەدا.
تێچووەکان
تێچووی بارکردن (شحن) و بیمە بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرز بووەتەوە، ئەمەش تێچووی کارکردنی دوو هێندە زیادکردووە، دواجار توانای کێبڕکێی بەرهەمە ئێرانییەکان لە بازاڕە جیهانییەکاندا لاواز بووە. بەمەش کەرتەکە لە نێوان کەمیی خواستی دەرەکی و بەرزیی تێچووی ناوخۆییدا گەمارۆ دراوە.
بازاڕەکانی وزە ئاماژەن نۆ ئاڵۆزیی دۆخەکە؛ نرخی نەوت دوای دابەزینێکی زۆر، بە ڕێژەی زیاتر لە 7% بەرزبووەوە، ئەمەش دوای نوێبوونەوەی گرژییەکانی پەیوەست بە تەنگەی هورمز.
نرخی نەوتی خاوی "برێنت" و نەوتی تەکساسیش بەتەواوەتی هەڵکشان، ئەمەش بەهۆی کاریگەری ئاڵۆزبوونی دۆخی رێڕەوە ئاوییەکان لەسەر بازاڕی جیهانی.
ئاماژەکان
داتاکان ئاماژە بە داخورانێکی درێژخایەن لە ناو کەرتی پترۆکیمیاییدا دەکەن، هۆکارەکەی کەڵەکەبوونی سزاکان و قورسی دەستگەیشتن بە تەکنەلۆژیای سەردەم و پارچەی یەدەگە.
هەروەها سنوورداریی جێگرەوە لۆجستییەکان لە دەرەوەی تەنگەی هورمز (کە زیاتر لە 90%ی بازرگانی ئێرانی پێدا تێپەڕ دەبێت) توانای قەرەبووکردنەوەی هەناردە لەدەستچووەکان سنووردار دەکات و هەڕەشەی لەدەستدانی پلەبەپلەی پشکی بازاڕ دەکات.
لێکەوتەکان
پسپۆڕان دەڵێن کێشەکانی کەرتی پێترۆکیمیایی تەنها گرێدراو نین بە جەنگی ئێستاوە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی تێکچوونی ژێرخانی کەرتەکەن. سزا ماوە درێژەکان ڕێگر بوون لە نۆژەنکردنەوەی ئامێرەکان، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر کارایی بەرهەمهێنان هەبووە. گوشارە سەربازییەکانیش تێچووی لۆجستی و بیمەیان بەرزکردووەتەوە.
پسپۆڕان ئاماژەیان بەوە کردووە کە خەمڵاندنی زیانەکان تەنها داهاتی لەدەستچوو نییە، بەڵکو پەککەوتنی وەبەرهێنان و لەدەستدانی دەرفەتەکانی داهاتووش دەگرێتەوە. پێشبینی دەکرێت قەبارەی زیانەکان زۆر گەورە بن و دەیان ملیار دۆلار تێپەڕێنن. گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی کارێکی ئاسان نابێت و پێویستی بە وەبەرهێنانی گەورە و ساڵانێکی زۆر هەیە.
ئاڵەنگارییە قووڵەکان
دکتۆر جاسم عجاقە، پسپۆڕی ئابووریی، دەڵێت کەرتی پێترۆکیمیایی ئێران ڕووبەڕووی "داخورانی پێکهاتەیی" بووەتەوە بەهۆی بێبەشبوون لە تەکنەلۆژیای نوێ. ئاماژەی بەوەش کرد کە زیانەکان بە میتۆدی "تێچووی گشتگیر" هەژمار دەکرێن کە سستبوونی کەرتەکانی تریش دەگرێتەوە.
عجاقە جەختیکردەوە کە خاوەندارێتی سوپای پاسداران بۆ نزیکەی 80%ی ئەم کارگانە، جۆرێک لە تەمومژ دەخاتە سەر ئامارە وردەکان، بەڵام ئاماژەبەردەستەکان دووپاتی دەکەنەوە کە زیانەکان بە دەیان ملیار دۆلارن.
خەمڵاندنە کۆتاییەکان
خالید عەوزی، ڕاوێژکاری وزە لە کۆمپانیای "هۆک"، پێیوایە هێشتا زووە بۆ دەستخستنی داتای کۆتایی، چونکە بەردەوامی شەڕ و ڕێگرییە ئەمنییەکان ڕێگرن لە هەڵسەنگاندنی مەیدانی.
ئەو دەڵێت خەمڵاندنی زیانی 50 ملیار دۆلار لە کەرتی نەوت و غازدا ڕەنگە ژمارەیەکی کەم بێت، ئەگەر بەراورد بکرێت بە تێچووی دروستکردنی پاڵاوگەیەک کە دەگاتە 10 ملیار دۆلار. لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە وێنە تەواوەکە تەنها دوای وەستانی شەڕ ڕوون دەبێتەوە.