پۆستەکانی کورد لە بەغدا لەبەردەم کۆمەڵێک سیناریۆدا 

٦ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١:٣١ پاش نیوەڕۆ

کورد لە بەغدا کۆمەڵێک پۆستی باڵای هەیە، دیارترینیان بریتین لە: پۆستی سەرۆک کۆمار، وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی داد و ئاوەدانکردنەوە، سەرجەم ئەم پۆستانە بەڕێککەوتن لەنێوان یەکێتی و پارتیدا بەشکراون.

هاوشێوەی گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە، پۆستەکانی کوردیش لەبەغدا لەبەردەم ئەگەری سەرلەنوێ داڕشتنەوەو گۆڕانکاریدان، بۆیە دەکرێت لە کۆمەڵێک ڕووەوە لێیان بکۆڵینەوەو شیکارییان بۆ بکەین.


پۆستی سەرۆک کۆمار

تا ئەو کاتەی جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق ئامادەگی لەنێو گۆڕەپانەکەدا هەبوو، پۆستی سەرۆک کۆماری بەبێ کێشە پێدەدرا، بەڵام دوای ئەو، پۆستەکە بووە مایەی ناکۆکی و مشتومڕ.

د. فواد مەعسوم پۆستی سەرۆک کۆماری لە دوای تاڵەبانی وەرگرت، بەڵام گەیشتنی ناوبراو بە کۆشکی سەلام بەبێ کێشە نەبوو، بەوپێیەی ململانێی نێوخۆیی ڕوویداو د.بەرهەم ساڵەح ڕکابەری بوو.

دوای کۆتایی هاتنی خولی سەرۆکایەتییەکەی مەعسوم، ململانێکان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار چڕتر و فراوانتر بوونەوە، بەرهەم ساڵح گەڕایەوە نێو کێبڕکێکە و پارتیش هاتە نێو یارییەکەوە بۆ بردنی پۆستەکە، بەڵام بە پاڵپشتی لایەنە شیعەکان ساڵح کێبڕکێکەی بردەوە.

ساڵی 2021، ململانێکان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار تەواو قوڵ بوونەوە، ئەوکاتەی بەرهەم ساڵەح و لەتیف ڕەشید لە دیوی یەکێتی و لەدیوی پارتیش هۆشیار زێباری و ڕێبەر ئەحمەد بەدوای یەکدا خۆیان تاقی دەکردەوە.

یەکێتی پاڵپشتی بەرهەم ساڵەحی دەکردو پارتیش هەوڵی بردنی پۆستەکەی دەدا، بەڵام دواجار بازەکە بەسەر شانی لەتیف ڕەشیدەوە نیشتەوە، هەرچەندە کاندیدی فەرمی هیچ لایەکیان نەبوو، بەڵام دواتر یەکێتی خۆی کردە خاوەنی و پارتیش بانگەشەی پشتگیری لێکردنی کرد.

لەتیف ڕەشید لەکاتێکدا دەرفەتی گەیشتنە کۆشکی سەلامی بۆ ڕەخشا، شیعەکان بەهۆی ڕووداوەکانی دوای مانگی تشرینی 2019 لەبەرهەم ساڵح نیگەران بوون، هەروەها بەهۆی هاوپەیمانێتییە سێ قۆڵیەکەوە لە پارتیش توڕەبوون، بۆیە ئەوان هاوکێشەکەیان لەنێو ئەنجومەنی نوێنەراندا یەکلایی کردەوە.
 
پۆستی سەرۆک کۆمار و سیناریۆکان

پێناچێت ئەمجارەش یەکلاییکردنەوەی چارەنوسی پۆستی سەرۆک کۆمار بێ کێشە بێت، هەرچەندە ئەمە گرێدراوە بە هاوکێشەکانی دوای هەڵبژاردنەوە، بەوەی تاچەند گۆڕانکاری لە نەخشەی سیاسی و هەژموونی دەرەکی ڕوودەدات.

لەهەموو بارەکاندا یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار لەبەردەم کۆمەڵێک سیناریۆدایە، لەوانە:

یەکەم: یەکێتی و پارتی هێشتا کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمیان پێکنەهێناوە، بۆیە ڕەنگە پۆستەکانی عێراق و هەرێم لە دوای هەڵبژاردن بەیەک پاکێج یەکلایی بکەنەوە، ئەوکات پۆستی سەرۆک کۆماریش دەبرێتە سەر مێزی گفتوگۆ.

ئەگەر پارتی داوای پۆستی سەرۆک کۆمار نەکات، هەوڵ دەدات یەکێتی کەسێک کاندید بکات ڕای ئەوی لەسەربێت، یاخود بەڕێککەوتن یەکلایی بکەنەوە.

دووەم: ڕەنگە پارتی هەوڵی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆمار بدات، بەڵام ئەمجارە بەڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی، بەوەی واز لە پۆستەکانی عێراق بهێنێت و لە هەرێمیش لەهەندێک پۆستدا نەرمی بنوێنێت، بۆ ئەوەی پۆستەکە بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

هەرچەندە ئەگەر هاوکێشەکان نەگۆڕێن و یەکێتیش ڕازی ببێت، لەمپەری گەورە لەبەردەم پێدانی پۆستی سەرۆک کۆمار بە پارتی دروست دەبێت، چونکە ئێران و لایەنە شیعەکان ڤیتۆیان هەیە، سەرگرتنی ئەم ئەگەرە دەوەستێتەوە سەر هاوکێشەکانی دوای هەڵبژاردن.

سێهەم: یەکێتی پێداگیری لەسەر بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار دەکات بۆ خۆی، لەم حاڵەتەشدا ناوی کۆمەڵێک وەکو کاندید بۆ ئەو پۆستە دەهێنرێت، هەرچەندە لەتیف ڕەشید بەڕوونی پێداگیری لەسەر مانەوەی لە پۆستەکەی دەکات بۆ خولێکی تر.

ئەگەر یەکێتی پێداگیر بێت و پۆستەکە بەدەست بهێنێتەوە، ناوی بافڵ تاڵەبانی وەکو کاندید بۆ پۆستەکە دەهێنرێت، گوایە لایەنە شیعەکان و ئێران لارییان نییە و هەوڵیداوە ڕای ئەمەریکاییەکانیش وەربگرێت.

ناوی نزار ئامێدی و چەند کەسێکی تریش وەکو کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستەکە دەهێنرێن، بەڵام دیسانەوە هاوکێشە نوێیەکان ئەم پرسە یەکلایی دەکەنەوە.

حەلبوسی و سەرۆک کۆمار

محەمەد حەلبوسی سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدوم کە ئێستا نزیکایەتی لەگەڵ لایەنە شیعەکاندا هەیە، خواستێکی گەورەی بۆ ڕادەستکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بە کورد و وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار هەیە.

حەلبوسی بۆ گەیشتن بە کۆشکی سەلام گرفتی گەورەی لەپێشە، بەوپێیەی لایەنە شیعەکان نایانەوێت ئەو پۆستە لای عەرەبی سونە بێت، هەروەها پێناچێت یەکێتیش دەستبەرداری بێت.

هەرچەندە بەم دواییانە لەنێو یەکێتیدا بۆچوونێک دروستبوو، گوایە لەدوای تاڵەبانی نەیانتوانیووە هیچ سودێک لەو پۆستە بۆ بەهێزکردنی پێگەیان ببینن، گوایە بەرهەم ساڵح بۆ خۆی ئیشی کردووە و کارەکتەرەکانی تریش بەهێز نەبوون.

لەکاتێکدا یەکێتی پێیوایە سودمەند نەبووە لە پۆستی سەرۆک کۆمار لەدوای تاڵەبانی، بەڵام هۆکاری هەوڵەکانی پارتی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار ئەوەبوو، دەیویست لەڕێگەی ئەم پۆستەوە لەدەرەوە لۆبی بکات و بیکاتە ئامرازێک بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی.

بۆیە یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار پرسێکی ئاڵۆزە، چەندە پێویستی بە ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی هەیە، هێندە گرێدراوە بە هاوکێشە ئیقلیمی و ناوخۆییەکانی عێراق لە دوای هەڵبژاردنەوە.


نوێترین شرۆڤەکان