مۆدێلی گرێبەستەکانی نەوت و گاز؛ پێویستییەکی نیشتمانی بۆ هەڵسەنگاندنی ئابووریی هەرێمی کوردستان

٢٤ ئاب ٢٠٢٦ - ٤:٠٣ پاش نیوەڕۆ

​پەنجەرە 

​لەسەر بنەمای لێدوانەکانی کاک عارف ڕوشدی لە تۆڕی میدیایی ڕووداو، تایبەت بەوەی کە کاک عیماد ئەحمەد، لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکەی وەک جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگاداری مەلەفی نەوت و گاز بووە؛ پرسیارێکی بنەڕەتی و گرنگ سەرهەڵدەدات: ئایا ئاستی زانیارییە بەردەستەکان لەبارەی ناوەڕۆکی گرێبەستەکانی نەوت و گاز لە نێوان حکومەت و کۆمپانیاکاندا تا چ ڕادەیەکە؟ بەپێی بەدواداچوونە بەردەوامەکانم، تا ئێستا هیچ کەسایەتی، لایەن، یان پەرلەمانتارێکم نەبینیوە زانیاریی ورد، گشتگیر و تەواوەتی لەسەر ئەم گرێبەستانە درکاندبێت. زۆرجار ئەوەی باس دەکرێت، تەنیا مۆدێلە گشتییەکەی گرێبەستەکانی بەشداری لە بەرهەمهێنان (Production Sharing Contracts) یان دەقی یاسای نەوت و گازە، نەک وردەکاریی دارایی کێڵگەکان.
​دوای زیاتر لە ١٤ ساڵ لە چالاکیی کردارەکی و بەردەوامی نەوتی لە چوارچێوەی ئەم گرێبەستانەدا، ئێستا کاتی ئەوە هاتوو کە بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی گرێبەستەکان و بنەڕەتیی نموونەی دارایی (Financial Models) بۆ پڕۆژەکان ببێتە ئەولەویەت. دەستکەوتنی ئەم داتایانە بۆ تێگەیشتن لە گۆڕانکارییەکانی ڕەوتی نەقدی گرێبەستەکان بەپێی ڕێژەی گەڕانەوە (Rate of Return - ROR Contract Cash Flow Projection) لەژێر ڕۆشنایی سیستەمە داراییەکانی نەوتدا (Petroleum Fiscal Systems) پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە. تەنیا لە ڕێگەی ئەم داتایانەوە دەتوانرێت بە شێوازێکی زانستی، قازانج و زیان و ڕەوتی بەڕێوەبردنی ئەم کەرتە بۆ بەرژەوەندیی گشتی هەڵبەسەنگێنرێت. ئەم پڕۆسەیە دەکرێت بەراورد دروست بکات و هەڵسەنگاندن بهێنێتە ئاراوە لە نێوان سەربەحۆ فرۆشتنی نەوت یان فرۆشتنی نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆی عێراقی، دەکرێت لەدوای ئەو ماوە زۆرە لە دەستپێکردنی چالاکییە نەوتییەکان، لە ئاستی R_Factor تێبگەین و بەراوردی قازانج و هەق دەستی دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت لەلایەن  کۆمپانیاکان بە 16 دۆلاری جێگیر و ئاستی ئێستای قازانج بە لۆجیکی ئێستای R_Factor شەن و کەو بکرێن. 
​لەنێو پیشەسازیی نەوتدا، زانیارییەکان بەپێی بنەماکانی گرێبەستەکانی بەشداریی بەرهەم، بەسەر پێنج تەوەری سەرەکیی دارایی و تەکنیکیدا دابەش دەبن. تەوەری یەکەم پەیوەستە بە زانیارییە سەرەتاییەکان و بەرهەمهێنان (Initial Parameters & Production)، کە دیاریکردنی زەمەنی پڕۆژەکە بە ساڵ بەدرێژایی تەمەنی کێڵگەکە، ڕێژەی بەرهەمهێنانی ڕۆژانە و ساڵانەی نەوت و گاز، نرخی خەمڵێنراوی بەرمیلێک نەوت، و کۆی داهاتی گشتی (Gross Revenue) لەخۆدەگرێت کە لە لێکدانی کۆی بەرهەمهێنان لە نرخی نەوت بەدەستدێت.
​تەوەری دووەم خۆی لە خەرجییەکانی سەرمایەگوزاری (Capital Expenditures - CAPEX) دەبینێتەوە، کە دوو قۆناغی سەرەکی لەخۆدەگرێت: قۆناغی گەڕان و پشکنین (Exploration Phase) بە تێچووی ڕووپێویی سێسمیک (G&G) و هەڵکەندنی بیرە یەکەمینەکانەوە؛ و قۆناغی پەرەپێدان (Development Phase) کە تێچووی هەڵکەندنی بیرەکانی بەرهەمهێنان و لێدانەوە (Injection)، دروستکردنی دامەزراوە و وێستگەکانی جیاکردنەوەی نەوت و گاز، بنیاتنانی بۆڕییەکانی گواستنەوە، و پارەی تەرخانکراو بۆ داخرانی کێڵگەکە لە داهاتوودا (Abandonment Provision) لەخۆدەگرێت.
​لە تەوەری سێیەمدا، خەرجییەکانی بەگەڕخستن (Operating Expenditures - OPEX) حیساب دەکرێن، کە تێچووی ڕۆژانەی ڕاگرتن، سیانەکردن (Maintenance)، مووچەی کارمەندان و گواستنەوە دەگرێتەوە. لە کۆی گشتیی داهات، ئەم خەرجییانە دەردەکرێن تا قازانجی پاکی کارگێڕی دیاری بکرێت.
​تەوەری چوارەم کە گرنگترین بەشی هاوکێشەکەیە، میکانیزمی دارایی گرێبەستەکەیە (Fiscal Mechanism & ROR Mechanism). لەم بەشەدا دابەشکردنی داهات لە نێوان حکومەت و کۆمپانیای وەبەرهێنەردا ڕێکدەخەرێت. پرۆسەکە بە لێبڕینی شایستەی دارایی یان ڕۆیاڵتی (Royalty) دەستپێدەکات کە ڕاستەوخۆ دەچێتە سەر هەژماری حکومەت. دواتر قۆناغی گەڕاندنەوەی تێچوو (Cost Recovery) دێت بۆ کۆمپانیاکە تا پارەی خەرجکراوی CAPEX و OPEX دەستبکەوێتەوە. ئەوەی دەمێنێتەوە پێی دەوترێت "نەوتی قازانج" (Profit Oil Distribution). لە گرێبەستەکانی RORدا، دابەشکردنی نەوتی قازانج بەپێی ڕێژەی گەڕانەوەی سەرمایەی کۆمپانیاکە (R-Factor) گۆڕانکاریی بەسەردا دێت؛ واتە هەرچەندە ڕێژەی گەڕانەوەی ناوەکیی کۆمپانیاکە (IRR) بەرز بێتەوە، پشکی حکومەت لە نەوتی قازانج زیاتر دەبێت.
​لە کۆتاییدا و لە تەوەری پێنجەمدا، ئەنجامە داراییەکان و ڕەوتی نەقدی پاک (Net Cash Flow Analysis) هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت. لێرەدا ڕەوتی نەقدی پاکی حکومەت (کۆی ڕۆیاڵتی، پشکی نەوتی قازانج و باجەکان) و ڕەوتی نەقدی پاکی کۆمپانیا بەراورد دەکرێن. سەرەنجام لە ڕێگەی پێوەرە ئابوورییەکانی وەک بەهای ئێستای ڕەوتی نەقدی پڕۆژەکە (NPV)، ڕێژەی گەڕانەوەی ناوەکی (IRR)، و ماوەی پێویست بۆ گەڕانەوەی سەرمایەی سەرەتایی (Payback Period)، ئاستی سوودبەخشی و ئابووریبوونی پڕۆژەکە یەکلا دەکرێتەوە. (تێبینی: بۆ پاراستنی وردیی زانستی، هەندێک چەمک بە زمانی ئینگلیزیش ئاماژەیان پێکراوە).

دکتۆرا لە بەڕێوەبردنی نەوت و گاز


نوێترین شرۆڤەکان