لە نەمانی شەرعییەتەوە بۆ بۆشایی دەسەڵات

٢٣ ئاب ٢٠٢٦ - ٥:١٨ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە

وەک ئەوەی لە واقیعدا دەبینرێت، عێراق و هەرێمی کوردستان و بە گشتی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە، زیاتر لە دە ساڵە لە ناو قەیرانێکی ئاشکرا و فرەڕەهەنددا دەژین. بە تێگەیشتنی من، بنەمای ئەم قەیرانە قوڵە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای گۆڕینی پارادایمی حکومڕانی لەم ناوچەیەدا لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی یەکەمەوە. ئەو کاتەی شێوازێکی نوێ لە دەسەڵاتداری سەپێنرا کە نەیتوانی چەمکی هاووڵاتیبوون دروست بکات و میللەتانی ناوچەکەی لە ناو قاڵبی دەوڵەت نەتەوەدا چەوساندەوە، هەر ئەمەش وایکرد دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکان هەم شەرعییەتیان نەمێنێت و هەم کۆمەڵگەکانیش بکەونە ناو بۆشاییەکی گەورەی دەسەڵاتەوە.
بۆ ئەوەی لەم بابەتە باشتر تێبگەین، با سەرەتا پێناسەی ئەم دوو چەمکە سیاسییە بیربهێنینەوە. نەمانی شەرعییەت بریتییە لەو قەیرانە بونیادی و سیاسییەی کە تێیدا دەسەڵاتی فەرمانڕەوا ئەو ڕەواییە یاسایی و ئەخلاقی و جەماوەرییە لەدەست دەدات کە مافی حوکمڕانی و پیادەکردنی هێزی پێ دەبەخشێت. ئەم دۆخە مەترسیدارە ئەو کاتە دروست دەبێت کە پەیمانی کۆمەڵایەتی نێوان خەڵک و دەسەڵاتدار بە تەواوی هەڵدەوەشێتەوە، بە جۆرێک کە هاووڵاتیان چیتر بڕیار و فەرمانەکانی دەسەڵات وەک پابەندییەکی ویژدانی و نیشتمانی نابینن، بەڵکو تەنها لە ڕێگەی ترس یان فشار و زۆرەملێوە مامەڵەی لەگەڵ دەکەن. لە کۆتاییدا ئەم دابڕانە دەبێتە هۆی ئەوەی دەزگاکانی دەوڵەت توانای ڕاستەقینەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەیان نەمێنێت و ئەمەش ڕێگەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ دروستبوونی بۆشایی دەسەڵات.
ئەگەر شەرعییەت ئەو چەسپە بێت کە دەوڵەت و کۆمەڵگە پێکەوە دەبەستێتەوە، کاتێک ئەم چەسپە نامێنێت، دەوڵەت دەبێتە تەنی نامۆ لە ناو جەستەی وڵاتدا. لێرەوە بۆشاییەک دروست دەبێت کە یان بە پشێوی پڕ دەبێتەوە، یان بە سەرهەڵدانی هێزی نادەوڵەتی وەک میلیشیا و گرووپە ئایینییەکان کە کێبڕکێ دەکەن بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە، ئەمەش زۆرجار وڵات بەرەو پاشاگەردانی و شەڕی ناوخۆ دەبات. کەواتە بەپێچەوانەی یاساکانی سروشت کە بۆشایی تێدا دەمێنێتەوە، لە سیاستدا 'بۆشایی دەسەڵات' مەحکومە بە پڕکردنەوە؛ ئەگەر دەوڵەت پڕی نەکاتەوە، هێزی نادەوڵەتی پڕی دەکاتەوە.
ئەم بۆشاییەی شەرعییەت کاتێک بە زەقی دەردەکەوێت کە دەبینین حکومەت و دامەزراوەکان و فەرمانبەر و پۆلیس و سوپا هەمووی بوونیان هەیە، بەڵام خەڵک وەک نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان سەیریان ناکەن. لەم دۆخەدا یاساکان وەک دەقێکی سەپێنراو دەبینرێن نەک وەک پێویستییەکی کۆمەڵایەتی، هەروەها پەیوەندی نێوان دەسەڵاتدار و هاووڵاتی دەبێتە پەیوەندییەکی زۆرەملێ یان بەرژەوەندییەکی کاتی و تێپەڕ. ئەگەر ئەم دۆخەی باسمانکرد لەسەر عێراق، هەرێمی کوردستان، سوریا، ئێران، یەمەن و لوبنان تاقی بکەینەوە، لە کامیاندا دەسەڵاتەکان خاوەنی شەرعییەتی ڕاستەقینەی گەلن و چیرۆکی دەسەڵاتەکەیان جێگەی باوەڕە؟ لە کام ئەزموونیاندا هێزی چەکدار هێزێکی ڕێکخراوە لە ژێر سایەی شەرعییەتی دەوڵەتدا؟ لە کامیاندا دادگا سەروەرە و دەستێوەردانی دەرەکی جێگەی بڕیاری ناوخۆیی نەگرتووەتەوە؟ ناسنامەی بچووک، بچووک جێی ناسنامەی نیشتیمانی نەگرتۆتەوە؟.
 
کەواتە من وا لە ڕەهەندی مێژوویی ئەم دۆخە تێدەگەم، کە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم و دانانەوەی نەخشەی ناوچەکە لە لایەن بەریتانیا و فەرەنساوە، دەوڵەت نەتەوە لەم ناوچەیەدا لەسەر بنەمای سەروەریی گەل، هەڵبژاردنی ئازاد و بێگەرد، سەروەریی یاسا، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان، فره‌حزبی و پلوڕالیزم، حوکمی زۆرینە و پاراستنی مافی کەمینە، لێپرسینەوە و شەفافیەت، یەکسانی، دروست نەبوو. ڕێک بە پێچەوانەی پارادایمی دەوڵەت نەتەوە لە ڕۆژئاوا کە بۆ چارەسەری کێشەی نەتەوەکان بوو، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کرا بە ئامرازێک بۆ سڕینەوەی کەمینەکان و بە تایبەت کورد. دەوڵەتانی نوێ و میللەتەکانی ناو جوگرافیاکە بە زۆر پێکەوە لکێندراون و نەبوونە خاوەن یەک ناسنامە، بەڵکو چەقی دەوڵەت لە دەوری کەسایەتی سەرۆک یان پارتی ڕابەر خولایەوە نەک دامەزراوەی نیشتمانی. جگە کورد، نەتەوەکانی سنووری ئەو دەوڵەتانەش نەبوونە هاوڵاتی، هەر بۆیە کاتێک ئەو سەرۆکە یان ئەو سیستەمە تۆتالیتارە دەڕووخێت، دەوڵەتەکەش لەگەڵیدا دادەرووخێت چونکە ژێرخانێکی مەدەنی نییە کە وڵاتەکە ڕابگرێت.
بۆ وردبوونەوەی زیاتر، با سەیری ئەزموونی عێراق بکەین لە دوو قۆناغی سەرەکیدا. قۆناغی یەکەم لە نێوان ساڵانی ١٩٩١ تا ٢٠٠٣ بوو کە سەردەمی شەرعییەتی ترس و گەمارۆی ئابووری بوو. لە مێژووی عێراقدا ئەم قۆناغە نموونەی هەرە زەقی مانەوەی دەسەڵات بوو بەبێ شەرعییەت کە تەنها لە ڕێگەی هێزەوە خۆی ڕاگرتبوو.
 بەهۆی گەمارۆی ئابووری و تەرخانکردنی داهات بۆ سوپا و پاراستنی ڕژێم، ڕێژەی هەژاری گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی و بەپێی ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە ٥٠٪ی عێراقییەکان لە ژێر هێڵی هەژاریدا بوون. دیناری عێراقی بەهای خۆی لەدەستدا، بە جۆرێک کە سەردەمێک یەک دینار بەرامبەر سێ دۆلار بوو، بەڵام لە ئەنجامی سیاسەتەکانی ڕژێم گەیشتە سێ هەزار دینار بەرامبەر یەک دۆلار، ئەمەش چینی ناوەڕاستی بە تەواوی لەناو برد. لەم قۆناغەدا زیاتر لە سێ بۆ چوار ملیۆن عێراقی کە زۆربەیان پزیشک و ئەندازیار و مامۆستای زانکۆ و خاوەن پیشەبوون وڵاتیان جێهێشت، چونکە دەوڵەت شەرعییەتی ئەخلاقی و توانای دابینکردنی ژیانی نەمابوو.
قۆناغی دووەمی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣وە دەست پێ دەکات کە سەردەمی بۆشایی دەسەڵات و دەوڵەتی شکستخواردووە. عێراق لە دیکتاتۆرییەتەوە نەچووە ناو دیموکراسی، بەڵکو کەوتە ناو بۆشاییەکی گەورەی دەسەڵاتەوە کە تا ئێستاش بەردەوامە. بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت، بۆشاییەک دروست بوو کە گرووپە توندڕەوەکانی وەک قاعیدە و دواتر داعش پڕیان کردەوە. تەنها لە شەڕی داعشدا زیاتر لە پێنج ملیۆن کەس ئاوارە بوون و زیانە ئابوورییەکان بە زیاتر لە ١٠٠ ملیار دۆلار خەمڵێنران. ئێستا عێراق یەکێکە لە گەندەڵترین وڵاتانی جیهان و بەپێی خەمڵاندنە فەرمییەکان لە ساڵی ٢٠٠٣وە تا ئێستا زیاتر لە ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ ملیار دۆلار لە داهاتی وڵات بەهۆی گەندەڵی و کۆچی سەرمایەوە بۆ وڵاتانی تری وەک لوبنان و ئیمارات و بەریتانیا براوە. سەرەڕای ئەوەی داهاتی ساڵانەی عێراق جار هەیە دەگاتە ١٠٠ ملیار دۆلار، بەڵام ڕێژەی بێکاری لە ناو گەنجاندا نزیکەی ٣٠٪یە، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە دەوڵەت هەیە بەڵام حکومڕانی نییە چونکە دەسەڵات وەک دەستکەوتی حزبی و تائیفی دەبینرێت نەک ئامرازێک بۆ خزمەتگوزاری.
هەمان ئەم دۆخە بۆ هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ دەبێت ئەگەر دابەشی بکەین بۆ دوو قۆناغی هاوشێوە. قۆناغی یەکەم لە ساڵی ١٩٩١ تا ٢٠٠٣ بوو کە سەردەمی شەرعییەتی شۆڕشگێڕی و تاقیکردنەوەی یەکەم بوو. هەرێم لە لوتکەی شەرعییەتی نەتەوەیی و ڕاپەڕینەوە دەستی پێکرد، بەڵام زوو دووچاری پاشەکشە بوو. ململانێی حزبی هەرێمی خستە ناو شەڕی ناوخۆ لە ساڵانی نەوەدەکاندا و ئەمە یەکەمین بۆشایی دەسەڵات بوو. لێرەوە شەرعییەتی یاسایی جێگەی خۆی بۆ شەرعییەتی دی فاکتۆ و دوو ئیدارەیی چۆڵ کرد. بەهۆی شەڕی ناوخۆ و دوو گەمارۆی ئابووری کە یەکێکیان نێودەوڵەتی بوو لەسەر عێراق و ئەوی تریان لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە لەسەر هەرێم، شەپۆلێکی گەورەی کۆچی گەنجان دەستی پێکرد. داهاتی کەمی ئەو کاتەش لەبری خزمەتگوزاری، بۆ بەهێزکردنی باڵە سەربازییەکانی حزب بەکاردەهات.
قۆناغی دووەمی هەرێم لە ساڵی ٢٠٠٣وە دەست پێ دەکات کە دەتوانین ناوی بنێین نەفرەتی نەوت و نەمانی پەیمانی کۆمەڵایەتی. هەرێم چووە ناو سەردەمێکی زێڕینی ئابوورییەوە، بەڵام شەرعییەتی گۆڕی بۆ دەسەڵاتی بنەماڵەیی و گرووپی. سەرەڕای فرۆشتنی نەوت و گەیشتنی بودجەیەکی زەبەلاح لە بەغداوە، ئەم سەروەتە نەبووە ژێرخانێکی نیشتمانی. بەپێی ڕاپۆرتەکان، بە ملیارەها دۆلار لە داهاتی هەرێم لە بانکەکانی دەرەوە خەزن کراوە یان لە پڕۆژەی حزبی و خێزانیدا بەگەڕخراوە، لە کاتێکدا مووچەخۆران لە قەیرانی جۆراوجۆر و نەبوونی مووچەدا دەژین. کۆچی بەکۆمەڵی گەنجان و شەپۆلەکانی کۆچ لە ساڵی ٢٠١٥ بەرەو ئەوروپا و قەیرانی سنوورەکانی بیلاڕووس لە ساڵی ٢٠٢١، کۆچی بەردەوامی ئێستا لە ڕێگەی لیبیاوە، گەورەترین بەڵگەی نەمانی شەرعییەتە. گەنجێک کە لە وڵاتێکی دەوڵەمەند بە نەوت دەژی بەڵام هیوا و لانی کەم دادپەروەری نابینێت، دەسەڵات وەک بێگانە دەبینێت. ئێستا بڕیاری سیاسی هەرێم لە ژێر کاریگەریی وڵاتانی دراوسێدایە چونکە کاتێک گەل پشتگیری دەسەڵات نەکات، دەسەڵات ناچارە پەنا بۆ هێزی دەرەکی ببات بۆ مانەوەی خۆی. 
بە کورتی، هەردوو ئەزموونی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە هەمان ئەنجام. ئەگەر عێراق لە شەرعییەتی ترسەوە گەیشتبێتە بۆشایی دەوڵەت و حوکمی میلیشیا، ئەوا هەرێمی کوردستان لە شەرعییەتی تفەنگ و ڕاپەڕینەوە گەیشتە بۆشایی شەرعییەتی یاسایی و دارایی. لەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا، گۆڕانکارییەکان تەنها گۆڕینی دەموچاوەکان بوون نەک گۆڕینی سیستەمی حکومڕانی. ئەگەر جاران ترس لە ڕژێم و برسییەتی هەبووبێت، ئێستا نادادی و قۆرخکاری هەیە. ئەوەی ئێستا لە بەغدا و هەولێر دەبینرێت دەسەڵاتی تەنە نامۆکانە کە خاوەنی پارە و چەک و سوپان بەڵام خاوەنی دڵی هاووڵاتییەکانیان نین. ئەمە مەترسیدارترین جۆری بۆشاییە چونکە کاتێک هاووڵاتی دەسەڵاتدار وەک نامۆ دەبینێت، دەوڵەت تەنها وەک کۆمپانیایەکی ستەمکار دەردەکەوێت کە چاوەڕێی هەر تەوژمێکی دەرەکی یان ناوخۆیی دەکات بۆ ئەوەی بەرەو داڕووخانی کۆتایی بڕوات.
 ئەگەر دەمانەوێت بزانین داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان بەم دۆخەی ئێستاوە بەرەو کوێ دەچێت، پێویست ناکات زۆر دوور بڕۆین و سەیری مێژوو بکەین، تەنها سەیری ئەو مۆدێلە شکستخواردوانە بکەین کە لە دەوروبەرمانن بەسە، تا بزانین چی چاوەڕێمان دەکات. نموونەی لوبنان کە تێیدا پشکپشکێنەی تائیفی شەرعییەتی دەوڵەتی کوشتووە و ئێستا نە دەتوانێت کارەبا دابین بکات و نە ڕێگری لە داڕووخانی دراوەکەی بکات، وڵاتێک کە هێزی نادەوڵەتی تێیدا لە دەوڵەت بەهێزترە. نموونەی سوریا کە مۆدێلی نەمانی شەرعییەتی پارتی ڕابەرە و کاتێک گەل ویستی بیگۆڕێت، وڵاتەکە بە تەواوی کەوتە ناو بۆشاییەکی واوە کە بووە مەیدانی جەنگی جیهانی و تائیفی. هەروەها نموونەی یەمەن کە تێیدا دەوڵەت شەرعییەتی نەما و وڵات بووە چەندین هەرێمی جیاواز کە هەر یەکەیان لایەنی دەرەکی بەڕێوەیان دەبات و هاووڵاتی تێیدا تەنها سووتەمەنی شەڕەکانە.
 
ئەم سێ نموونەیە پێمان دەڵێن کە کاتێک پەیمانی کۆمەڵایەتی دەپچڕێت و دەسەڵات تەنها وەک کۆمپانیایەکی خێزانی یان تائیفی مامەڵە دەکات، ئەنجامەکەی تەنها گۆڕینی دەسەڵاتدار نییە بەڵکو داڕووخانی کۆی کۆمەڵگەیە. عێراق و هەرێمی کوردستان ئێستا لەسەر لێواری ئەو مۆدێلانە وەستاون. ئەگەر بەدیل درووستنەکرێت و نوخەبەی کۆمەڵگە کە هێزی لەبەردەستە، شەرعییەت بۆ خەڵک و یاسا نەگێڕێتەوە، ئێمە تەنها کاتمان ماوە تاوەکو ببینە یەکێک لەو سێ نموونە وێرانەیەی کە باسکران.


نوێترین شرۆڤەکان