کورد وەکو کارتێکی سوتێنراو؛ ئایندەی ململانێی ئێران و ئەمەریکا

٢٣ ئاب ٢٠٢٦ - ٤:١٤ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە

شەڕی نێوان ئێران و ئەمەریکا درێژەی کێشا و کێشمەکێشەکە هێشتا بەردەوامە، بۆیە بژاردەکانی بەردەم ترەمپ کەم و سنوردارن، ئێرانیش گرەو لەسەر کات دەکات، لەکاتێکدا ئیسرائیل لەرێگەی میدیاوە کارتەکانی دەسوتێنێت، بەڵام روون نییە ئامانجی ئیسرائیل لەمەدا چییە؟

بژاردەکانی ترەمپ

سەرۆکی ئەمەریکا سەرەتا کاتێک هاتە نێو شەڕی ئێرانەوە و پێکەوە لەگەڵ ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئەو وڵاتە، پێیوابوو شەڕەکە کورتخایەنە و زوو یەکلایی دەبێتەوە، بەڵام شەڕ زۆر درێژەی کێشا و کاتیش لەبەرژەوەندیی ترەمپ نییە.

ئێستا ترەمپ لەبەردەم دوو بژاردەدایە، بژاردەی یەکەم تەسلیم بوونە بە ئەمری واقیع بەوەی لەم شەڕەدا براوە نییە، ئەمەش جگە لەوەی زۆر لەسەر ئەمەریکا دەکەوێت و کاریگەری لەسەر پێگەی لەسەر ئاستی دونیا دەبێت، هاوکات دەبێتە دەستکەوتێکی گەورەش بۆ ئێران، بۆیە ترەمپ هەرگیز دان بە شکستدا نانێت.

بژاردەی دووەمیش درێژەدانە بەشەڕی ناوبەناو، شەڕی "ناوبەناو" بە واتای ئەوەی ناوبڕ بخاتە شەڕەکە، دەمێک هێرش و دەمێک هێورکردنەوەی دۆخەکە، ئەمەش لەپێناو رێگرتن لەبەرزبوونەوەی بازاڕی وزە و ئامادەکاریی سەربازیی و گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی لەناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکیتر.
وەکئەو کەرەستە سەربازییانەی لە کەنداو و کوردستان و هەندێک ناوچەوە بۆ ئوردن گواستییەوە، بەڵام بەم دواییانە ئێران هێرشیکردە سەر ئەو وڵاتەش و پەیامی ئەوەی گەیاند لەوێش پارێزراو نین.

دۆخەکە خۆی ئاڵۆزە و ئایندەشی لە سایەی ئەم ئیدارەیەدا کە ناتوانرێت لۆژیکیانە بیر لە هەنگاوەکانی بکرێتەوە ناڕوونترە، لەکاتێکدا هەست بە بێپلانی ئیدارەی ترەمپ دەکرێت، بەڵام ئێران گرەو لەسەر کات دەکات.

 ئێران دەیەوێت بەیاریکردن درێژە بەم دۆخەکە بدات تا کاتی هەڵبژاردنی تاوخۆیی ئەمەریکا لەمانگی 11، ئەگەر کۆمارییەکان بدۆڕێن، ئێران وا بیر دەکاتەوە ئەو وڵاتە چیتر بودجە بۆ شەڕ تەرخان ناکات، بەمپێییە دەکرێت دوای هەڵبژاردنیش شەڕ هەبێت، بەڵام بە سنورداریی.

ئێران ئەگەر بەمحاڵەوە رزگاریی ببێت دەبێتە خاوەن 
دەستکەوتێکی گەورە، چونکە کەنداوی سەرچاوەی دارایی ئەمەریکا دەکەوێتە ژێر چنگی، دەتوانێت هەمووکات گەرووی هورمز وەکو فشار بەکاربهێنێت، ئەو گەرووەی پێشتر نەیدەوێرا دەستی بۆ بەرێت، بەڵام ئێستا داخستنی بۆی ئاسایی بووەتەوە.

بەمپێیە ئێران دەتوانێت هەموو ساتێک لەرێگەی ئاستەنگ دروستکردن  بۆ چوونە دەرەوەی باخیرەی کەنداوییەکان، فشاریان لەسەر دروست بکات و تەنازولیان پێبکات.
بۆیە ئیدارەی ئەمەریکا سەرباری گیرۆدەبوون بەدەست دۆخەکەوە، هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە رێگەیەک بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی کاریگەریی ئێران بەسەر هورمزدا لاواز ببێت، چونکە هورمز ئێستا بۆ تاران لە ئەتۆمییەکەی گرنگترە.
 

ئیسرائیل

ئیسرائیل کاتێک خۆی بە براوە دادەنێت کە ئێران بڕووخێت، بەڵام لاوازبوونی ئێرانیش لە بەرژەوەندی خۆی دادەنێت، بۆیە گەورەترین گرفتی ئەوەیە ئێران هەموو ساتێک دەتوانێت بەهێز ببێتەوە ئەگەر فشاری  لەسەر لابچێت.

ئیسرائیل لە دۆخەکە رازیی نییە یاخود بەدڵی نییە، چونکە ئەو تەنها بەرەی شیعە بە مەترسی بۆ سەر خۆی نازانێت، بەڵکو لە هاوپەیمانی سێقۆڵی سونە (سعودیە، تورکیا و پاکستان)یش نیگەرانە و بۆ ئەو هیچی لە مەترسی شیعە کەمتر نییە.

ئەوەی جێی سەرنجە و شتێکی تازەیە، چۆنیەتی مامەڵەی ئیسرائیلە لەگەڵ کورد و ئاشکرا کردنی کارتەکانیەتی لەناوخۆی ئێران، روون نییە ئیسرائیلییەکان بۆ ئەمە دەکەن؟!

ئەوەی ناڕوونە ئەوەیە بۆچی ئیسرائیلییەکان ئەو هەموو شتەی خۆیان لەناو ئێران ئاشکرا دەکەن، بۆ نموونە مەسەلەی ئاشکراکردنی پەیوەندییان بە ئەحمەدی نەژاد و هاوکارییان بۆ کورد و زۆر کارتی تر.

ئەم کارتانە ئەوە نییە بێمەبەست و لە “گێلێتی” ئاشکرا بکرێن، هەموو ئەم کارتانە لەرێگەی بەرپرسانی ئیسرائیل و بریکارەکانی مۆساد و میدیای ئیسرائیلییەوە ئاشکرا دەکرێن، رێک وەکو ئەوەی لە فیلمی "تاران" دا ئاماژەی پێکرا، کەچۆن سیخورەکان تێوە دەگلێنرێن و دواجار لەلایەن خودی ئیسرائیلەوە فیلمیان دەسوتێنرێ!
 
ئایا ئەو کارتانە لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ ئەوە دەسوتێنرێن کە کارتی سوتاون و ئێران ناوخۆی کۆنترۆڵکردووە، یاخود ئیسرائیل دەیەوێت لەمرێگەیەوە پشێویی و بێمتمانەیی لەناو بەرپرسانی ئێران قوڵتر بکاتەوە، واتە جۆرێک لە ناڕوونی هەیە لەوەی بۆچی ئیسرائیل وا مامەڵە دەکات؟

گەر دیقەتیش بدەین، لەشەڕی پێشووتردا سیخوڕەکانی ئیسرائیل لەناو ئێران زۆر چالاکبوون، پشێوییەکی گەورەیان دروستکرد و دەزگا ئەمنییەکان سیخوڕی زۆریان بە درۆن و لەکاتی پەلاماردانی دەزگا ئەمنییەکانی ئێران دەستگیر دەکرد، بەڵام ئەمجارە ئەم جوڵە نەبوو، جا ئەمەش روون نییە، ئیسرائیل خۆی بەکاری نەهێنا، یان ئێران ئەزموونی پەیدا کرد لە رێگرتن لەم جۆرە جوڵەیە؟

ئێران
ئامانجەکانی ئێران روونە، ئامانجی ئێران بەردەوامیدانە بەم دۆخە تا مانگی 11 و کاتی هەڵبژاردنی ناوخۆیی ئەمەریکا، چونکە ئێران وا بیر دەکاتەوە ئەمە دوایین شەڕی گەورەی نێوانیەتی لەگەڵ ئەمەریکا، چونکە ناوخۆی ئەمەریکا دژی شەڕە.

ئەوەی بۆ ئێران گرنگە مانەوەی رژێمەکەیە، چۆنیەتی حوکمکردنی خەڵکی ئێرانە، ئەگینا کرانەوەی وڵاتەکە و باشبوونی دۆخی ئابووریی خەڵکەکەی بەشێک نییە لە ئەجێندای نیزامەکە.

ئێران تازە ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەستەمە قەبوڵیش بکرێت، رەنگە ئێران خۆشی ئەمەی نەوێت، چونکە بەهێزبوونی خەڵک و کرانەوە بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر نیزامەکە.
واتە لە روانگەی دەسەڵاتی ئێرانەوە مانەوەی بەندە بە لاوازیی کۆمەڵگا و هەبوونی دارایی و چەک، تا ناوخۆ کۆنترۆڵ بکات، چونکە ئێران چەند لە دەرەوە دەترسێت دوو هێندە ترسی لەناوخۆ هەیە.
بۆیە گەر ترەمپیش بڕوات و سەردەمەکەی کۆتایی بێت، کێشمەکێشی ئێران لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کۆتایی نایەت و بەجۆرێکی تر بەردەوامی دەبێت، تا ئەم کێشمەکێشەش بەردەوام بێت، هیچ ئومێدێک بۆ باشبوونی دۆخی خەڵکەکەی بەدیناکرێت.


نوێترین شرۆڤەکان