بەرهەمهێنانى وزە و قەیرانی ئاو لە عێراق
١٨ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:٣٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
عێراق یەکێکە لەو ٢٥ وڵاتەى کە لە ژێر فشار توندى کەم ئاویدایە، لە ئەنجامى گۆڕانکارییەکانى ئاو و هەوا و زیادبوونى ژمارەى دانیشتووان بەشێوەیەکى سەرنجڕاکێش، و پێشبینى دەکرێت کە تا ساڵى ٢٠٣٥ ژمارەى دانیشتووانى عێراق بگاتە نزیکەى یا زیاتر لە ٥٥ ملیۆن کەس. کە لەئەنجامدا بڕی ئاوى دابینکراو بۆ هەر تاکێک دادەبەزێت بۆ کەمتر لە ٥٠٠ م٣/ساڵێکدا، واتا عێراق دەگاتە خوار هێڵی هەژارى ئاو، کە لە بنەڕەتدا و بەپێ ستاندەرد نابێ کەمتر بێت لە ١٠٠٠ م٣/ساڵێکدا. ولە بیست ساڵی ڕابردوودا گۆڕانکارییەکانى ئاو و هەوا بەشێوەیەکى زۆر خراپ کاریگەرییان کردووەتە سەر عێراق کە هەرگیز هاوشێوەی نەبووە لە مێژوودا، بەتایبەتى لە سەرهەڵدانى وشکەساڵى و تەقینەوەى باراناوى و بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرمى و بەهەڵمبوون و تا دەگاتە کۆچى ژینگەیى. بۆ نموونە لە ئەنجامى بێ ئاوى و گۆڕانى ئاو و هەوا و سوێرى خاکەوە لە باشوورى عێراق لە ساڵى ٢٠٢١ زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس کۆچیان کردووە بۆ ناوەندى شارەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکانیان و لادێیەکانیان بەجێهێشتوو، و لە ساڵى ٢٠٢٣ ئەو ژمارەیە زیادى کرد بۆ زیاتر لە ١٣٠ هەزار کەس، و لە ساڵى ٢٠٢٤ گەشتە زیاتر لە ١٦٩ هەزار کەس.
و بەهۆى سیستمە ئاودێرییە هەرە کۆنەکانەوە کە لە سەردەمى بابلی و سۆمەرییەکانەوە پێشکەوتنیان بەخۆیانەوە نەبینیووە، زیاتر لە ٧٣% ئاوى عێراق لە سیکتەرى کشتوکاڵدا بەفیڕۆدەدرێت، لە کاتێکدا عێراق ساڵانە بایى زیاتر لە ٦ ملیار دۆلار شتومەکى کشتوکاڵى هاوردە دەکات، کە ئەمەش داتایەکى زۆر سەیرە. ئەو هەموو ئاوە لە سیکتەرێک بەکاردەهێنرێت کە نەیتوانیووە ئاسایشى خۆراکمان بۆ فەراهەم بکات، جا پرسیارەکە لێردا ئەوەیە ئایا باشتر نییە یەکێک لەم دوو بژاردەیە هەڵبژێرین و دەستبەردارى ئەوى تریان ببین؟ یا دەستگرتن بە ئاوەکە و هاوردەکردنى شتوکمەکى کشتوکاڵى، یا بەکارهێنانى ئاوەکە بەشێوەیەکى زانستى و فراهەمکردنى ئاسایشى خۆراک و گەیشتن بە خۆبژێوى. لە بەرانبەردا ساڵانە زیاتر لە ٥ ملیار م٣ لە پێداویستییەکانى ئاو خواردنەوە و پێداویستییەکانى نێوماڵ بەکاردەهێنرێت. و ساڵانە کەرتى پیشەسازیدا ٤-٥ ملیار م٣ ئاوى پێویستە، و لە کەرتى بیناسازى بەپێى داتاکان جیاوازییەکى زۆر هەیە بەڵام لە نێوان ٦,٥-٨,٥ ملیار م٣. و بەپێى ئەو داتا و ژمارانەى وەزارەتەکانى حکومەتى فیدراڵ بڵاویدەکەنەوە (هەرچەند داتا و ژمارەکان لە عێراق وورد نین)، ساڵانە زیاتر لە ٦ ملیار م٣ پاشەڕۆ (ئاوى قورس) تێکەڵ بە هەردوو ڕووبارى دیجلە و فورات دەبێت، و هەندێ سەرچاوەى تر باس لەوە دەکەن کە کۆى گشتى ئاوى قورس کە تێکەڵ بە سەرچاوەکانى ئاوى عێراق دەکرێت زیاترە لە ١١,٥ ملیار م٣ لە ساڵێکدا.
وجگە لە هەموو ئەو قەیران و ئالەنگارییانەى کە ڕووبەڕووى ئاسایشى ئاو لە عێراق و هەرێمى کوردستان بووەتەوە، لە ئێستادا یەکێک لە ئالەنگارییە هەرە جدییەکان بریتییە لە بەکارهێنانى ئاو بەشێوەیەکى نازانستى بۆ دەرهێنانى نەوت و بەرهەمهێنانى وزە. عێراق لە پەنجاکانى سەدەى ڕابردووەوە تکنیکى بەکارهێنانى ئاو بۆ دەرهێنانى نەوت پەیڕەو دەکات. و ئەم تەکنیکە بۆ دوو مەبەست پەیڕەو دەکرێت، یەکەمیان بۆ زیادکردنى بەرهەمى نەوتە، و دووەمیان بۆ ڕاگرتنى ئاستى نەوتە لە نێو بیرەکان. ئەگەر بۆ زیادکردنى بەرهەمبێت ئەوە بە دڵنیاییەوە بڕێکى زیاترى دەوێت لە ئاو، و بەپێى تەمەنى بیرەکان ئەگۆڕدرێ، بۆ نموونە بیر کۆنەکان زیاتر لە ٥ بەرمیل ئاویان پێویستە بۆ دەرهێنانى تەنها ١ بەرمیل نەوت، و بیرە کۆنەکان زیاتر دەکەونە بەسرە و کەرکوک و موسڵ. لە بەرانبەردا بیرە نوێیەکان نزیکەى ٣ بەرمیل ئاویان پێویستە بۆ دەرهێنانى یەک بەرمیل نەوت. و بۆ ئەم مەبەستە زیاتر پشت بە ئاوى سەر زەوى دەبەسترێت وەکو ئاوى ڕووبارەکان یا لە هەندێ کێڵگە پشت بە ئاوى ژێر زەوى دەبەسترێت.
لە ساڵى ٢٠١١ حکومەتى عێراق ڕێکەوتنێکى واژووکرد لە گەڵ کۆمپانیاى (ئیکسۆن مۆبیڵ) بەمەبەستى ڕاکێشانى ئاوى کەنداو بۆ بیرەنەوتییەکان و کەمردنەوەى فشار لەسەر ئاوى سازگار، بەڵام تا ئێستا ئەم پرۆژەیە جێبەجێنەکراوە، و دەنگۆى ئەوە هەیە کە کۆمپانیا (ئیکسۆن مۆبیڵ) ئەو پرۆژەیەى تەسلیم کۆمپانیایەکى تر کرددوە، بەهەرحاڵ تا ئێستا جێبەجێنەکراوە و فشارێکى زۆر لەسەر ئاوى سازگار دروست کراوە. و بەپێى داتاکانى وەزارەتى نەوتى حکومەتى فیدراڵ، لە بەسرە لە چرکەیەکدا لە نێوان ٤٥٠٠-٥٠٠٠ لیتر ئاو بەکاردەهێنریت بۆ دەرهێنانى نەوت. و ڕۆژانە زیاتر لە ٥ ملیۆن بەرمیل نەوت لە عێراق بەرهەمدەهێنرێت، و بەگشتى لە عێراق ساڵانە زیاتر لە ٣ ملیار م٣ ئاوى سازگار بەکاردەهێنرێت بۆ دەرهێنانى نەوت، ئەمە تەنها بۆ پرۆسەى دەرهێنانە جگە لە پرۆسەى پاڵاوتن کە ئاوێکى زۆری دەوێ.
ئەگەر کێشەکان تا ئێرە و زیاتر پەرەنەسێنێت، ئەوە ڕەنگە چارەسەرکردنى تا ڕادەیەک ئاسان بێت، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە کە تا ئێستا هەنگاو نەنراوە بۆ دابینکردنى سەرچاوەى جێگرەوە بۆ ئەو هەموو ئاوە کە لە سیکتەرى وزەدا سەرف دەکرێت. هەروەها بەپێى دوا کۆبوونەوەى سەرۆک وەزیرانى عێراق لە گەڵ بەرپرسانى ئەمریکى، پلان هەیە کە تا ساڵى ٢٠٣٠ بڕى بەرهەمهێنان و هەناردەکردنى نەوتى عێراق زیادبکرێت بۆ ١٠ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە ئەمەش کارەساتێکى ژینگەیى گەورە بەدواى خۆێدا دەهێنێت و فشارێکى بێ وێنە لەسەر سەرچاوەکانى ئاو دروست دەکات و ئاسایشى ئاو لە عێراق دەخاتە ژێر مەترسییەکى گەورەوە.
تایبەت بە هەرێمى کوردستانیش، ڕۆژانە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت دەردەهێنرێت، کە بەهەممان شێوەى عێراق دەرهێنانى تەنها ١ بەرمیل نەوت پێویستى بە نزیکەى ٣ بەرمیل ئاو هەیە. هەروەها ڕۆژانە لە هەرێمى کوردستان ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بەپرۆسەى پاڵاوتندا تێپەڕدەبێت کە پرۆسەیەکى قورستر و ووردترە و پێویستى بە ئاوێکى زۆر هەیە. بۆ نموونە بۆ پاڵاوتنى یەک بەرمیل نەوت، پێویستمان بە ٣٠٠ لیتر ئاو هەیە کە لە هەرێمى کوردستان زیاتر سوود لە ڕووبارى زێى گەورەوە و ئاوى ژێر زەوى وەردەگیردرێت. و هەموو ئەو کارانە دەکرێت بەبێ چاودێریکردنى کۆمپانیا نەوتییە بیانى و ناوخۆییەکان لەلایەن حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستانەوە. تەنانەت کۆمپانیاى واهەیە پاشەڕۆى نەوتەکەى (نەوتاو) فڕێدەداتە سەر زەوى بەبێ ئەوەى لایەنە حکومییەکان ناڕەزاییەتى دەرببڕن، بەپێچەوانەوە هەندێ جاریش لایەنگرى کۆمپانیاکان دەکەن.
لەلایەکى ترەوە لە کوردستان ١١ وێستگەى بەرهەمهینانى وزەى کارەبا هەیە کە بە هەڵم کاردەکەن. کە ٣ دانەیان لە هەولێرە و ٥ دانەیان لە سلێمانییە و ٢ دانەیان لە دهۆکە و دانەیەکیان لە ئیدارەى گەرمیانە. ئەگەر وێستگەى کارەبایى هەولێر (٣٠٠ مێگاوات) وەک نموونەیەک وەرگرین، ئەوە ڕۆژانە پێویستى بە زیاتر لە ٢٨ ملیۆن لیتر ئاو هەیە، کە ساڵانە دەکاتە زیاتر لە ١٠ ملیۆن م٣. ولە باشوورى عێراقیش وێستگەیەکى هاوشێوە هەیە کە بە وێستگەى شەتولعەرەب ناسراوە، کە لە چرکەیەکدا پێویستیى بە زیاتر لە ١٠٠ لیتر ئاو هەیە.
تایبەت بە موەلیدە کارەباییەکانیش، لە عێراق نزیکەى ٤٩ هەزار موەلیدەى کارەبایى هەیە جگە لە موەلیدە تایبەتەکان، و لەو ژمارەیە نزیکەى ٧ هەزار و پێنج سەد دانەیان لە کوردستانە کە تا ئێستا بەهۆى سەرنەکەوتنى پرۆژەى ڕووناکییەوە کاریان پێدەکرێت. هەر موەلیدەیەکى کارەبایى ڕۆژانە تەنها لە (وەرزى هاویندا) پێویستى بە زیاتر لە ٤ هەزار لیتر (٤ م٣) ئاو هەیە. بەو داتایە بێت ئەوە لە کۆى وەرزەکانى ساڵ ٧١-١٠٠ ملیۆن م٣ ئاو بۆ ساردکردنەوەى موەلیدە کارەباییەکان بەکاردەهێنرێت. کە ئەمانە هەمووى کارەساتى شاراوەن کە بەڕۆکى عێراقیان گرتووە، چونکە هەموو ئەو ئاوەى کە لە سیکتەرى بەرهەمهێنانى وزە بەکاردەهێنرێت لە ڕووبارەکان و ئاوى ژێر زەوییەوە دابین دەکرێت، بۆیە فشارى سەر ئاوى سازگار توندتر دەکات.
بەمەبەستى چارەسەرکردنى ئەو گرفتانەى کە ئاماژەیان پێکرا، پێویستە حکومەتى عێراق پەلە بکات لە بەکارهێنانى ئاوى کەنداوى عەرەبی بەتایبەتى لە کێڵگە نەوتییەکانى باشووردا، و بەکارهێنانى پاشەڕۆ (ئاوى قورس)ى شارەکان یا یەکەپیشەسازییەکان لە کێڵگەکانى ناوچەکانى تر بەمەبەستى کەمکردنەوەى فشار لەسەر ئاوى سازگار. وپابەندکردنى کۆمپانیا بیانى و ناوخۆییەکان بە یاسا وڕێنماییە ژینگەییەکان، و زیادڕەوینەکردن لەسەر سەرچاوەکانى ئاوى سەر زەوى و ژێر زەوى. هەروەها پێویستە لەسەر حکومەتى عێراق چاودێرى توند و خولى بخاتە سەر هەموو کۆمپانیاکان بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوونیان بە بڕیارەکانى حکومەت، ئەگەر نا ئەوە پێویستە ڕووبەڕووى سزاى یاسایی بکرێنەوە.