ململانێی بەرژەوەندییەکان و گرێبەستییەکانی کەرتی گازی هەرێمی کوردستان
١٤ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:٣٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
پەیوەندییەکان لە بابەتەکانی گرێبەست و ئابووریی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆنسۆرتیۆمی پێرل پترۆلیۆم (دانە گاز و کریسێنت پترۆلیۆم) لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە تا ساڵی ٢٠٢٦ سەلمێنەری کێشمەکێشمێکی بەردەوام بوون لە نێوان پێویستییە ژێرخانییە ناوخۆییەکان و خواستە بازرگانی و یاساییەکانی کۆمپانیا بیانییەکان.
لە سەرەتای ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەی گەشەپێدانی گاز لە نیسانی ٢٠٠٧دا، چوارچێوەی هەماهەنگییەکە لەسەر بنەمای بەخشینی مافی ئینحساری بۆ گەڕان و بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی کۆر مۆر و چەمچەماڵ دارێژرا تاوەکو سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبای هەرێم دابین بکرێت و لە بەرامبەردا کۆمپانیاکان لە ڕێگەی دەرهێنان و فرۆشتنی بەرهەمە لاوەکییەکانی وەک کۆندێنسەیت و گازی شل (LPG) تێچووەکانیان بگەڕێننەوە و قازانج بەدەستبهێنن. بەڵام جێبەجێنەکردنی پابەندبوونی داراییەکانی هەرێم بووە هۆی سەرهەڵدانی داوای یاسایی گەورە لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەندەن (LCIA) لە ساڵی ٢٠١٣دا، کە لە ئەنجامدا دادگاکە لە حوزەیرانی ٢٠١٥ و دواتریش حکومەتی هەرێمی بە پێدانی ملیاران دۆلار قەرزار کرد. ئەم ئاڵۆزییە یاساییانە گەیشتنە لوتکەی خۆیان هەتا ئەو کاتەی لە ڕێککەوتننامەی ئاشتیانەی ئابی ٢٠١٧دا حکومەتی هەرێمی کورستان ناچارکرا و چووە ژێرباری بڕیاری دادگا، کە تێیدا بڕی ٦٠٠ ملیۆن دۆلار نەقد و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆ تەرخانکرا و بڕی ١.٢٣٩ ملیار دۆلاری ماوەش کرا بە "تێچووی هەڵپەسێردراو" تا لە داهاتی بەرهەمهێنانی داهاتوودا بگەڕێندرێتەوە بۆ ئەو کۆمپانیایانە، لەگەڵ هەمووارکردنی ڕێژەی دابەشکردنی قازانج بۆ ٧٨٪ بۆ حکومەت و ٢٢٪ بۆ پێرل دوای گەڕاندنەوەی تێچووەکان و درێژکردنەوەی ماوەی گرێبەستەکە تا ساڵی ٢٠٤٩.
لەگەڵ ئەوەی ئەم ڕێککەوتنەی ٢٠١٧ ڕێگەی خۆشکرد بۆ وەبەرهێنانی زیاتر و بەدەستهێنانی ئاستی پێوانەیی لە ڕێگەی پڕۆژەی فراوانکردنی KM250 کە بەرهەمهێنانی گازی گەیاندە ٧٥٠ ملیۆن پێی سێجای ڕۆژانە لە درەنگانی ساڵی ٢٠٢٥ و سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦دا، بەڵام هاوسەنگییە سیاسی و ئابوورییەکان ڕووبەڕووی کەڵێنێکی نوێ بوونەوە.
تەقینەوەی کێشە نوێیەکان لە ئابی ساڵی ٢٠٢٦دا ڕوون بووەوە، کاتێک دانە گاز و کریسێنت پترۆلیۆم بەشێوەیەکی تاکلایەنە و بێ وەرگرتنی ڕەزامەندیی پێشوەختەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم، ڕێککەوتنێکیان ئیمزا کرد بۆ دابینکردنی ١٠٠ ملیۆن پێی سێجا گازی ڕۆژانە بۆ وێستگەی کارەبای تازە لە کەرکووک لەسەر داوای وەزارەتی کارەبای عێراق. جێگای ئاماژەپێکردنە، ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2017ی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و دوو کۆمپانیاکە، ڕێگە دەدات ئەو کۆمپانیایانە ڕێژەی 50% گازی بەرهەمهاتوو بفرۆشن یاخود هەناردە بکەن، بەڵام ئەم هەنگاوە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە وەک پێشێلکارییەکی ڕاستەوخۆی پابەندبوونە گرێبەستییەکان و دەستوەردانی نەخوازراو لە پەیوەندییە سیاسی و دامەزراوەییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ناوزەدکرا، نیگەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە کاتێکدا کە وێستگەکانی کارەبای ناوخۆی هەرێم لەگەڵ کەمیی سوتەمەنی و خواستی بەرزی ناوخۆییدا دەستەویەخە بوون. ئەم پەرەسەندنانە دەریانخست کە سەرەڕای هەوڵە یاسایی و داراییەکانی ڕابردوو بۆ هێنانەئارای جێگیری، ناکۆکیی قووڵ لە نێوان پێویستییە ژێرخانییەکانی هەرێم و جوڵە ستراتیژییەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بۆ فراوانکردنی بازاڕەکانیان لە عێراقدا هەیە، کە ئەمەش جارێکی تر دەرگای بۆ ڕێکارە یاساییەکان و ئاڵۆزبوونی ژینگەی وەبەرهێنان لە کەرتی وزەی ناوچەکەدا کردووەتەوە.