شەرع و عەبدی لە تەرازووی ئەمەریکادا
١٠ ئەیلوول ٢٠٢٦ - ٧:٤٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بۆ تێگەیشتن لە دۆخی سوریا و ئەو باروودۆخەکەی کورد لەو وڵاتە تێیکەوتووە، پێش ئەوەی بەر مەبنای عاتیفە بڕیار بدەین و بەشێوەیەکی رووکەش لە هاوکێشەکان بڕوانین، دەبێت وێنە گشتییەکە ببینین، تا لە وێنە گشتییەکە ورد نەبینەوە، ناتوانین دروست لە هاوکێشەکان تێبگەین.
ئەوە روونە سیاسەتی ئەمەریکا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی بونیاتنراوە، وڵاتەکە بەرژەوەندی خۆی لەپێش خواستی هەموو گەل و نەتەوەیەکەوە دادەنێت، ئەمە بۆ هەموو وڵاتێکی تریش راستە. بۆیە دەبێت بپرسین ئەحمەد شەرع چی بۆ ئەمەریکا دەکات و کوردیش چی پێدەکرێت؟
وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە وێنە گشتییەکەمان بۆ روون دەکاتەوە، کاتێک وێنە گشتییەکەمان بۆ روونبوویەوە، ئەوکات لەوە دەگەین کوردی سوریا لەچی دۆخێکدایە!
شەرع و ئەمەریکا
ئەحمەد شەرع هەر لە هێنانی بۆ سەر دەسەڵات و گرتنە دەستی جڵەوی دەسەڵات تا ئێستا، هەموو جوڵەکانی دەچنە خانەی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە، گەر خۆشی ئەمەی نەوێت، هەر وا دەکەوێتەوە.
بەهاتنی شەرع بۆ سەر دەسەڵات و رووخانی ئەسەد، کۆتایی بە خەونی هیلالی شیعی هێنرا، خەتی گەیشتنی ئیمدادات لە عێراق و ئێرانەوە بۆ لوبنان و حیزبوڵا پچڕێنرا، ئەمە گەورەترین دەستکەوتبوو بۆ ئەمەریکا و گرنگتربوو بۆ ئیسرائیل، کە بووە هۆی گەمارۆدانی نەیارە سەرسەختەکەی لەناو لوبناندا.
ئەنجامەکەشی روونە، حیزبوڵای ئێستا حیزبوڵای دووساڵ لەمەوبەر نییە، لە حیزبێکی دڕی ملنەدەرەوە گۆڕاوە بۆ حیزبێکی گیرۆدەبوو بەدەست گەمارۆ و فشارەکانەوە.
جگە لەوەش، شەرع ئێستا هێزێکە گەر بەشێوەی راستەوخۆش دەستوەردان نەکات، ئەمەریکا دەتوانێت سودی لێوەربگرێت بۆ پاڵپشتی نەیارەکانی حیزبوڵا لە لوبنان و سونەی عێراق لە دژی هەژموونی ئێرانی.
ئەمە جگە لەوەی پاڵپشتیکردنی ئەمەریکا بۆ شەرع لەمکاتەدا، واتە بەدەستهێنانی رەزامەندی کەنداوی خاوەن سامان و زێڕ و وزە، واتا رازیکردنی تورکیای دووەم هێزی ناتۆ.
بۆیە لەهەر گۆشەیەکەوە لە وێنە گشتییەکە بڕوانین، تێدەگەین لەوەی ئەوەی شەرع بۆ ئەمەریکا پێیدەکرێت، کورد ناتوانێت بەهێزێکی بێ پشتیوانی فرە نەیاری نادەوڵەتییەوە بۆیبکات.
تەنها شتێک بۆ کورد لە سوریا گرنگبوو وەکو کارت سودی لێوەربگرێت، شەڕی داعشبوو، لەم دۆسیەیەشدا ئەوەی بەشەرع دەکرێت بە کورد ناکرێت. شەرع نەک سەرکردەکانی ئەو رێکخراوە، بەڵکو کادیرە وەسەتییەکانیشیان دەناسێت و یەک یەک شوێنەکانیان دەداتە ئەمەریکا و دەکوژرێن.
ئەمە جگە لەوەی لەژێر چەتری “ئیسلامی” دا بەهەزاران چەکداری توندڕەوی بیانی گیرداوە و هاوشێوەی زیندان لە سوریا خستوونیەتە ژێر چاودێرییەوە، لەکاتێکدا گەر بڵاوە بکەن، کێشەی گەورە بۆ ئەمەریکا و جیهان دروست دەکەن، هەرچەندە ئەم حەپسکردن و دڵڕاگرتنە، روون نییە تا کەی درێژە دەکێشێت.
جیاواز لەهەموو ئەوانە، سوریا لەرابردوودا جگە لەسەرئێشەکەی بۆ ئەمەریکا، وڵاتێکبوو ئەمەریکا بۆ شەڕی تیرۆر و زۆر بواریتر پارەی تێدا خەرج دەکرد، بەڵام ئێستا چاوی لە بوژانەوە و ناردنی کۆمپانیاکانە بۆ ئەوەی پارەی لێببات.
هاتنی شەرع بۆ ئیسرائیلیش گرنگە، بۆ ئەمەش ناکرێت سەیری گوتاری بەرپرسانی ئیسرائیلی و هێرشە ناوبەناوەکانی ئەو وڵاتە بکەین، چونکە ئەمە واتای ناڕازیبوونی ئیسرائیل نییە لە دۆخەکە، بەڵکو واتای ئەوەیە داوای زیاتر دەکات.
شەرع پەیوەندیی نێوان حیزبوڵای نەیاری و ئێرانی گەورە نەیارتری پچڕاندووە، بەڵام ئیسرائیل هەر بەردەوامە لە هێرش و فشار چونکە لەلایەک نایەوێت دیمەشق بەهێزتر بێت و ببێتە مەترسی بۆ سەر ئایندەی، لەلاکەی تریش نایەوێت تورکیا ببێتە بڕیاردەستی ئەو وڵاتە.
بۆیە ئیسرائیل لەرێگەی گوشار و هێرشەوە دەیەوێت دۆخێک بخوڵقێنێت، یاخود جۆرە واقیعێک بسەپێنێت، سوریا ئەو سوریایە بێت کە خۆی دەیەوێت، نەک ئەو سوریایەی شەرع و تورکیا دەیانەوێت.
گەرهات و ئەم واقیعەی سەپاند، ئەمەریکای بەکارهێنا بۆ فشارخستنە دیمەشق و دروستکردنی دۆخ و لێکتێگەیشتنی نوێ، ئەوکات نە گوتاری پاڵپشتیکردنی درووز بوونی دەمێنێت، نە بەرپرسانی تەل ئەبیب دۆسیەی کوردیش دەوروژێنن.
بۆیە لەهەموو روویەکەوە و لەم قۆناغەدا، ئەوەی بەدەوڵەت و شەرع دەکرێت بۆ ئەمەریکا بیکات، بە مەزڵوم عەبدی و هێزێکی نادەوڵەتی وەکو کورد ناکرێت.
کورد وەک قوربانی
ئەو دۆخەی کورد لە سوریا تێیکەوتووە، نەهی ئەوەیە شاپاشی بۆ لێبدرێت، نە هی ئەوەشە سەرزەنشت بکرێت، چونکە لەژێر سێبەری هاوکێشەی ئێستای جیهان و ناوچەکەدا لەوە زیاتر ناکرێت.
کورد لە دوو بژاردە زیاتری نەبوو، بژاردەی ئەو رێککەوتنەی کردی، لەگەڵ بژاردەی ملنەدان و روودانی ئاڵۆزیی، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە گەر بژاردەی دووەم دەستی بۆ ببرایە، چی بۆ کورد تێدابوو؟
هێزێکی نادەوڵەتی وەکو کورد لە سوریا کە پشتی بە تورکیای نەیار گیراوە، هەموو پارە و دەسەڵات و لۆبی کەنداو لە خزمەتی رکابەرەکەیدایە، جیهانیش پاڵپشتی شەرع دەکات و بەتەنها بەجێیهێشتووە، دەبێت لەم بژاردەیە چی دەستبکەوێت؟
جوگرافیای لەیەکدابڕاوی کوردستانی رۆژئاوا، تێکەڵبوونی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە کورد و عەرەب، بوونی دەیان گروپی کەڵپەدار و دان تیژکەر بۆ کورد، بێگومان لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕدا ئاڵۆزیی دەهێنرایە نێو ماڵی کورد، بۆیە لۆژیک قەبوڵی دەستبردن بۆ بژاردەی ئاڵۆزیی ناکات.
بژاردەی رێککەوتن بژاردەیەک نییە دەستکەوتی زۆر گەورەی بۆ کورد تێدا بێت، بژاردەیەکیش نییە کورد دەست بەدەر کرابێت، بەڵکو بژاردەیەکی ناچارییە بۆ قۆناغی ئێستای بەتەنها مانەوەی کورد.
هەروەکچۆن ئەگەر چاودێریی نێودەوڵەتی نەبێت، هیچ گەرەنتییەکیش نییە لەلایەن شەرعەوە جێبەجێ بکرێت، چونکە ئەزموون دەرخەری ئەوەیە هەموو دەسەڵاتەکان لەکاتی بەهێزبووندا لەو رێککەوتنانە پاشگەزبوونەتەوە کە لە دۆخی تایبەتدا ئەنجامیان داوە.
بەڵام گرنگییەکەی بۆ کورد لەم قۆناغەدا ئەوەیە، لەکاتێکدا بەتەنها ماوەتەوە، خۆی لە شەڕ و ئاڵۆزیی بەدوور بگرێت، تا ئەوکاتەی پێشهاتی نوێ روودەدات، یان دۆخی ناوچەکە بەلایەکدا دەکەوێت و گۆڕانکاریی لە ئیدارەی ئەمەریکا و دیدی ئەو وڵاتەدا دروست دەبێت.
زۆر قسە لەسەر رازیبوونی عەبدیش بەراوێژکاریی شەرع دەکرێت و رەخنەی لێدەگیرێت، لەکاتێکدا هیچ روون نییە عەبدی بۆ ئەمەیکرد؟ بەتەمای چییە؟ دەسەڵات و رۆڵ و پێگەی عەبدی چۆن دەبێت؟
گەر لەروانگەی دێوەخانەوە لە راوێژکارێتییەکەی عەبدی بڕوانین، نەنگییە عەبدی فەرماندە دابەزێت بۆ ئاستی پۆستێکی وا، بەڵام گەر بە دیدێکی قوڵ و سیاسییانە لەمەسەلەکە بڕوانین، دەبێت چاوەڕێی روونکردنەوە و پاساوی عەبدی و سەرکردە کوردەکانی سوریا بکەین.
بێگومان چوونی عەبدی و ئیلهام ئەحمەد بۆ دیمەشق دوای گفتووگۆ و هەڵسەنگاندن و بڕیاری دەستەجەمعی بووە. ئەگەر بیانووەکە ئەوە بێت لە ناوەندی بڕیارەوە نزیک بن و ئاگایان لە رووداو و پێشهاتەکان بێت، ئامانجیان کاریگەردانان و پاراستنی دەستکەوتەکان بێت، گەر کەمیش بێت، بڕیارێکی لۆژیکییان داوە، خۆ گەر تەنها مەبەستیان پۆست و پایەی رەمزی بێت کە ئەمە ئەگەرێکی دوورترە، ئەوە بابەتێکیترە.