لە پەیمانی بەغداوە بۆ ڕێککەوتننامەی مەککە؛ کاریگەریی هاوپەیمانێتییە هەرێمییەکان لەسەر داهاتووی کورد

١٨ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:٠٢ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە

پێشەکی

لە حەوتی ئابی ٢٠٢٦، سعودیە، تورکیا و پاکستان "ڕێککەوتننامەی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش"یان ئیمزا کرد. ڕێککەوتنەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە "دەستدرێژیی چەکداری بۆ سەر هەر وڵاتێک لەم سێ وڵاتە، بە دەستدرێژی بۆ سەر وڵاتەکانی دیکەش حساب دەکرێت"، هاوکات پابەندبوونێکیش هەیە بۆ پەرەپێدانی هاوکاریی بەرگری و ڕاگرتنی هاوبەشی هاوسەنگیی هێز. لە سایەی ئەم پێشهاتەدا، پرسیارێکی چارەنووسساز سەر هەڵدەدات: ئایا لەمەودوا شاهیدی لەدایکبوونی سیستەمێکی ئاسایشی هەرێمیی نوێ دەبین کە نەخشەی هەژموون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکێشێتەوە، یاخود لە بەردەم دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هاوپەیمانێتییەکانی ڕابردووداین کە لە هەناوی خۆیاندا تۆوی جێبەجێنەکردنیان هەڵگرتبوو؟
 "ڕێککەوتننامەی مەککە" پەیمانی بەغدا (١٩٥٥)مان بیردەخاتەوە، ئەو پرۆژەیەی کە  ڕۆژئاواییەکانلە پشتیەوە بوون و تێدا تورکیا، پاکستان، عێراق و ئێرانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی سۆڤیەتی جاران کۆکردەوە. بەڵام بەراوردکردنی نێوان هەردوو هاوپەیمانێتییەکە ڕووکەشانه نییە، بەڵکو گۆڕانکاریی جەوهەری لە سیستەمی نێودەوڵەتی و هەرێمیدا دەردەخات، لێچوونێکی مەترسیدار لە نێوان هەردوو رێکەوتننامەکەدا هەیە، سەرەکیترینیان ڕێکخستنە ئەمنییەکان لەسەر حسابی گەلان و پێكهاتە نەتەوەییەکان دەبەسترێن، زۆرجار گرژیی نوێ دەخولقێنن و کەمینەکان- لە سەروویانەوە (کورد) باجێکی قورس لە ململانێیانێکدا دەدەن کە هیچ دەستێکیان تێیدا نییە.
لە کۆنتێکستی ئەم وتارەدا، بەراوردکارییەکی مێژوویی لە نێوان پەیمانی بەغدا و ڕێککەوتننامەی مەککە دەخەینەڕوو، شیکاری بۆ کاریگەرییەکانی لەسەر پرسی کورد لە عێراق و سوریا دەکەین، لە ڕێگەی خستنەڕووی چوار سێناریۆی سەرەکی و لە کۆتاییشدا بینینێکی ستراتیژی بۆ کورد پێشکەش دەکەین بۆ خۆبوردن لە تەڵەی هاوپەیمانێتییە جێگیرنەبووەکان.

یەکەم: پەیمانی بەغدا ١٩٥٥ – پرۆژەیەکی رێگرتن کە بەرلە دەستپێکردنی شکستی هێنا
پەیمانی بەغدا لە ٢٤ی شوباتی ١٩٥٥، بەپێی پەیماننامەیەک کە لە نێوان عێراق و تورکیادا ئیمزا کرا، دامەزرا و دواتر بەریتانیا، ئێران و پاکستان پێوەی پەیوەستبوون. پەیمانەکە بەشێک بوو لە ستراتیژیی "رێگرتن" لە تەشەنە سەندنی یەکێتیی سۆڤیەت کە ئەو کاتە ئەمریکا سەركردایەتی دەکرد، ئەگەرچی بە فەرمی نەچووە ناو پەیمانەکەوە، بەڵام پشتیوانیی لۆجستی و سەربازیی پێشکەش دەکرد.
تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی پەیمانەکە:
• ئامانجی ڕاگەیەندراو: ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیی سۆڤیەت لە ڕێگەی دروستکردنی دیوارێکی بەرگری کە لە پاکستانەوە تا تورکیا درێژ دەبووەوە.
• ئامانجی شاراوە: سەپاندنی هەژموونی ڕۆژئاوایی -بەتایبەتی بەریتانی- لە ناوچەکەدا و ڕاگرتنی گەشەسەندنی بیری نەتەوەیی عەرەبی بە سەرکردایەتیی جەمال عەبدولناسر.
• ئەندامێتی: دوو وڵاتی عەرەبی (عێراق، و بەریتانیا وەک پارێزەری بەرژەوەندییە ڕۆژئاواییەکان) و دوو وڵاتی نا- عەرەب (تورکیا و ئێران) لەگەڵ پاکستان.
مێژووی شکستخواردنی:
• کشانەوەی عێراق (١٩٥٨): دوای شۆڕشی ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨ کە ڕژێمی پاشایەتیی ڕوخاند، عێراق دەستبەجێ کشایەوە و پەیمانەکە گۆڕدرا بۆ "ڕێکخراوی پەیمانی ناوەندی (CENTO)" کە ناوەڕۆکە هەرێمییەکەی لەدەستدا.
• ڕەتکردنەوەی جەماوەری: کورد و بزووتنەوە نەتەوەیی و عەرەبییەکان پەیمانەکەیان بە ئامرازێکی ئیستعمار دەزانی و شاعیر و نووسەرانی کورد چەندین شیعر و وتاریان لە دژی نووسی، ئەمەش گۆشەگیریی ڕژێمە ئیمزاکەرەکانی زیاتر کرد.
• کۆتاییەکەی: پەیمانەکە لە ساڵی ١٩٧٩ دوای شۆڕشی ئێران بە کردەیی هەرەسی هێنا، بێ ئەوەی هیچ کەسێک لە ئامانجە ستراتیژییەکانی بپێکێت، بەڵکو لێکترازانە هەرێمییەکانی قووڵتر کردەوە.
وانەی کورد لە پەیمانی بەغداوە:
هەرچەندە لە رێکەوتنەکەدا باسی کورد نەکرابوو، هەروەها لەو سەردەمەدا کورد بەشێک بوو لە دەوڵەتی عێراق، بەڵام ئەندامێتیی عێراق لە پەیمانەکەدا هیچ چارەسەرێکی بۆ پرسه نەتەوەییەکەیان پێ نەبەخشی. پرسی مافە ڕەوشەنبیری یان سیاسییەکانی کورد نەخرایە سەر مێزی دانوستانەکان، بەڵکو وەک بارمتەی شەڕی سارد لە نێوان بەغدا و واشنتۆندا مانەوە. مەزنترین وانە: هاوپەیمانێتییە ئاسایشییەکانی نێوان دەوڵەتان خۆبەخۆ بە مانای چارەسەرکردنی پرسی گەلان و نەتەوەکانی ناو ئەو دەوڵەتانە نایەت.
دووەم: ڕێککەوتننامەی مەککە ٢٠٢٦– ڕەوشێکی جیاواز، بەڵام پرسیاری هاوبەش
ڕێککەوتننامەی مەککە لە سیستەمێکی نێودەوڵەتیی فرە جەمسەردا دێت، کە تێیدا واشنتۆن، پەکین و موسکۆ کێبڕکێ دەکەن و هیچ هێزێک زاڵ نییە.
هەروەها ئامانجی هیچ هێزێکی گەورەی دیاریکراو نییە، بەڵکو دەکەوێتە چوارچێوەی کێبڕکێی هەرێمیی (ئێرانی - تورکی - سعودی)، لەسەر پاشخانی گۆڕانکارییەکانی وزە، ململانێ لە یەمەن و سوریا، و دانوستانە ئەتۆمییەکان.
جیاوازییە جەوهەرییەکان لەگەڵ پەیمانی بەغدا:
1. نەبوونی هێزی ڕۆژئاوایی ڕابەر: ڕێککەوتنەکە لە نێوان سێ دەوڵەتی هەرێمیدایە (سعودیە، تورکیا، پاکستان) بێ ئیمزای ئەمریکی یان بەریتانی، ئەمەش سەربەخۆییەکی ڕێژەیی پێ دەبەخشێت.
2. ئامانجی ڕانەگەیەندراو: هیچ دوژمنێکی ڕوون نییە، بەڵام لێدوانەکان ئاماژە بە "ڕاگرتنی هاوسەنگی بەرامبەر هەر دەستدرێژییەک" دەکەن – چەمکێکە نەرمە و دەکرێت دژ بە ئێران، یان دژ بە گرووپە چەکدارەکان، یان لە چوارچێوەی نزاعە سنوورییەکاندا بەکاربهێنرێت.
3. شەرعیەتی ئایینی: ئیمزاکردن لە مەککە ڕەهەندێکی ئیسلامی پێ دەبەخشێت و ئامانجی ڕاکێشانی ڕای گشتییە لە هەر سێ وڵاتدا، بە پێچەوانەی "پەیمانی بەغدا" کە بە ئاشکرا عەلمانی و ڕۆژئاوایی بوو.
بەڵام لێکچوونە شاراوەکان بە مەترسیداری دەمێننەوە:
• تورکیا و پاکستان ئەندامی هەمیشەیین لە هەردوو هاوپەیمانێتییەکەدا، ئەمەش ڕەنگدانەوەی بەردەوامی تێڕوانینی ئەنقەرە و ئیسلام ئابادە بۆ ئاسایشی هەرێمی لە ڕێگەی هاوپەیمانێتییەکانەوە لە دەرەوەی چوارچێوەی کۆمکاری عەرەبی یان ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامیی نەریتی.
• نەبوونی هیچ بەندێک کە پەیوەندیدار بێت بە مافی نەتەوەکان یان سەقامگیریی سیاسیی ناوخۆیی؛ چونکە تەرکیز لەسەر "ئاسایشی دەوڵەتان"ە نەک "ئاسایشی گەلان".
• ئەگەری گۆڕانی ڕێککەوتنەکە بۆ ئامرازێک بۆ کێشانی نەخشەی هەژموون لەسەر حسابی قەوارە بچووکەکان، وەک چۆن لە پەیمانی بەغدادا ڕوویدا کە نەتەوەی کوردی فەرامۆش کرد.
سێیەم: کورد لە هاوکێشەی مەککەدا – لە نێوان پەراوێزخستن و دەرفەتی زەوتکراودا
ڕێککەوتنەکە هیچ ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ کورد لەخۆ ناگرێت، بەڵام پێگەی تورکیا لە ناویدا پرسی کورد بە قورسی دێنێتە ئاراوە. تورکیا تاقە دەوڵەتە لە هاوپەیمانێتییەکەدا کە سنووری ڕاستەوخۆی لەگەڵ ناوچە کوردییەکان لە عێراق و سوریا هەیە، و پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت.
لە لایەکەوە، مەترسییەکە لەوەدایە کە ڕەنگە ڕێککەوتنەکە چەتری سیاسی و ئەخلاقی بە ئەنقەرە ببەخشێت بۆ فراوانکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لە سنوورەکانەوە، بە بیانووی "بەرگریی هاوبەش" یاخود "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر"، بەتایبەت ئەگەر سەرکەوتوو بێت لە قەناعەتپێکردنی ڕیاز و ئیسلام ئاباد بۆ ئامێزگرتنی تێڕوانینەکەی. لە لایەکی ترەوە، سعودیە و پاکستان محکووم نین بە قبوڵکردنی هەڵوێستی تورکیا بەرامبەر پرسی کورد؛ چونکە هەر یەکەیان ئەولەویەتی خۆی هەیە: ڕیاز سەیری هاوسەنگی لەگەڵ ئێران دەکات، و ئیسلام ئاباد سەرقاڵی پرسی هندستان و ئەفغانستانە.
سێناریۆکانی ئەگەری بەرامبەر کورد:
لە پەیوەندی لەگەڵ کاریگەرییەکانی ئەم ڕێککەوتننامەیە لەسەر ئایندەی کورد، چوار سێناریۆی سەرەکی لە ئارادان:
• لە سێناریۆی یەکەمدا، لە ئەگەری دروستبوونی "تەوەرەیەکی تورکیی فراوانکراو"ە، ئەنقەرە سەرکەوتوو دەبێت لە گۆڕینی ڕێککەوتننامەکە بۆ چەترێکی هەرێمی بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتە ئاسایشییەکانی دژ بە پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG). ئەنجامی ئەمەش تەسککردنەوەی مەودای مانۆڕدانی کورد، زیادبوونی گوشارە سەربازییەکان بۆ سەر ناوچە کوردییەکان لە سوریا و عێراق، و لە کۆتاییدا لاوازکردنی ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری دەبێت.
• لە سێناریۆی دووەمدا، ڕێککەوتنەکە دەبێتە "چوارچێوەیەک بۆ سەقامگیریی هەرێمی"، بە شێوەیەک کە دەبێتە ئامرازێک بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان لە ڕێگەی دیالۆگەوە و کەمکردنەوەی گرژییە هەرێمییەکان. ئەم دۆخە قازانجێکی ناڕاستەوخۆ دەبەخشێتە هەرێمی کوردستان، بە جۆرێک کە دەرفەتی بۆ دەڕەخسێنێت تەرکیز بخاتە سەر گەشەپێدانی ئابووری و دوورکەوتنەوە لە پێکدادانی چەکداری.
• لە سێناریۆی سێیەمدا، ئەگەر هاوپەیمانێتییەکە بەرەو "ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران" بچێت و بگوڕدرێت بۆ تەوەرێک دژ بە تاران و هاوپەیمانەکانی لە عێراق و سوریا، ئەوا هەرێمی کوردستان دەبێتە گۆڕەپانی سەرەکیی کێبڕکێ و ململانێکان. ئەمەش گوشاری بەردەوامی تورکیا و ئێران بەیەکەوە بۆ سەر هەرێم دەهێنێتە ئاراوە و سەقامگیریی هەولێر دەخاتە ژێر مەترسیی جدییەوە.
• لە سێناریۆی چوارەم و کۆتاییدا، هێنانەئارای "سیستەمێکی هاوسەنگیی فرە جەمسەر"ە، ڕێککەوتنەکە تەنها وەک چوارچێوەیەکی سیاسیی ڕەمزی دەمێنێتەوە و هاوپەیمانێتییە ئاڵۆزەکان بەردەوام دەبن (وەک پەیوەندیی سعودیە لەگەڵ ئەمریکا، تورکیا لەگەڵ ڕووسیا، و پاکستان لەگەڵ چین). ئەم دۆخە دەبێتە دەرفەتێک بۆ کورد تا سیاسەتێکی هاوسەنگی چالاک پەڕە پێبدات و سوود لە فرەیی ناوەندەکانی هێز وەربگرێت بێ ئەوەی خۆی بخاتە ناو ئەجێندای هیچ تەوەرەیەکەوە.
چوارەم: کوردستانی عێراق – پێگەی هەستیاریی ئاقارگیڕ
هەرێمی کوردستان زۆرترین کاریگەریی ئەم گۆڕانکارییانەی بەر دەکەوێت، چونکە بە کردەیی لە چوارڕێیانێکدا دەژێت: پەیوەندیی ئابووری و ئاسایشی لەگەڵ تورکیا، پاشکۆیەتی سیاسی بۆ بەغدا، گوشارەکانی ئێران، و هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ واشنتۆن.
مەترسییەکان:
• هەر ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی تورکیا – ئێران لە هەرێمی کوردستان، ڕەنگە هەرێم بکاتە گۆڕەپانی شەڕی وەکالەت.
• ئەگەر مەککە ببێتە تەوەرەیەکی دژ بە ئێران، ڕەنگە تاران داوا لە حکومەتی عێراق بکات جووڵەکانی هەولێر سنوردار بکات، یان گوشار بخاتە سەر حیزبە کوردییەکان بۆ پچڕاندنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا.
دەرفەتەکان:
• هەرێم دەتوانێت ڕۆڵی ناوبژیوانی هەرێمی بگێڕێت، وەک چۆن لە پرسی نەوت و گاز لە نێوان تورکیا و بەغدا کردی.
• فرەیی ناوەندەکانی هێز (واشنتۆن، ئەنقەرە، تاران، ڕیاز) مەودایەک بۆ دیپلۆماسییەتی هاوسەنگ بە هەرێم دەبەخشێت، ئەگەر بە باشی بەڕێوە ببرێت.
پێنجەم: وانەکانی مێژوو – هاوپەیمانێتییەکان دەگۆڕێن، گەلان باجەکەی دەدەن
ئەو وانەیەی لە پەیمانی بەغدا بەجێماوە، لە لێکچوونی دەقەکاندا نییە، بەڵکو لە دیینامیكییەتە گۆڕاوەکاندایە. دوای کشانەوەی عێراق، پەیمانەکە بووە ئامرازێک لە دەستی ئەنقەرە و تاراندا بۆ چەسپاندنی هەژموونی هەرێمییان، بێ ئەوەی سەقامگیریی مەبەستدار بهێنێتە دی. کوردیش کە لەو کاتەدا بەشێک بوو لە عێراق، لە هیچ کام لە بەندەکانیدا ناویان نەهێنرا و هیچ زەمانەتێکی دەستنەکەوت و کیشەکەی وەک بارمتەی ململانێی هێزە گەورەکان مایەوە.
ئەمڕۆ، لەگەڵ ڕێککەوتننامەی مەککەدا، هەمان شێواز دووبارە دەبێتەوە: نەبوونی هیچ نوێنەرایەتییەک بۆ پێكهاتە نەتەوەییەکان، نەبوونی هیچ تێڕوانینێک بۆ ئاسایشی مرۆیی و تەرکیزی ڕەها لەسەر ئاسایشی سەربازیی دەوڵەتان. ئەمەش کورد دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی نوێ: ئایا وەک بارمتەی هاوپەیمانێتییە جێگیرنەبووەکان دەمێننەوە، یان دەگوێزرێنەوە بۆ پێگەی ئەکتەرێک کە خۆی هاوکێشەکانی خۆی دەڕشتێت؟
کۆتایی: لە "ئاسایشی دەوڵەتان"ەوە بۆ "ئاسایشی گەلان" – ستراتیژییەکی کوردیی ژیرانە پێویستە
"ڕێککەوتننامەی مەککە" کۆتایی مێژوو نییە و سەرەتای پەیمانێکی بەغدای نوێش نییە. بەڵام ئاماژەیە بۆ ئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا سەرقاڵی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی شێوازە کۆنەکانی هاوپەیمانێتییە ئاسایشییەکانێتی، کە زۆرجار ڕەهەندی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی فەرامۆش دەکەن.
قووڵترین وانە لە پەیمانی بەغداوە:
هاوپەیمانێتییە سەربازییەکان ڕەنگە هەرەس بهێنن، و دەوڵەتان ڕەنگە هاوپەیمانێتییەکانیان بگۆڕن، بەڵام ئەو گەلانەی خاوەنی ستراتیژییەکی ڕوون نین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانکارییە هەرێمییەکاندا، بە بەردەوامی باجی ململانێی ڕکابەرەکانیان دەدەن. کورد ئەمڕۆ لە بەرامبەر دەرفەتێکی مێژووییدایە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە تەنها "پرسێکی ئاسایشی" نین کە بە هێزی چەک چارەسەر بكرێت، بەڵکو "پرسێکی سیاسی"ن کە شایستەی ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانەن لە چوارچێوەی سیستەمێکی هەرێمیی نوێدا، کە تەرکیز لەسەر سەقامگیریی بەردەوام و مافی سەرجەم پێكهاتەکان دەکاتەوە.


نوێترین شرۆڤەکان