دادوەر لە نێوان دەقی یاسا و داخوازی کۆمەڵگەدا

٢٣ ئاب ٢٠٢٦ - ٤:١٦ پاش نیوەڕۆ

دادوەر: گۆران عەلی لە شرۆڤەیەکدا بۆ پەنجەرە 

کاری دادوەریی ڕووبەڕووی ڕوانینی گشتیی دژەیەک و ئاڵۆز دەبێتەوە لەلایەن شەقامەوە، بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری بارگاوی بە تێگەیشتنی ڕۆشنبیری، دەروونی و کۆمەڵایەتیی جیاواز؛ واتە لە نێوان دادگەریی یاسایی دادگاکان و دادگەریی سۆزی کۆمەڵگە.

زۆرجار کۆمەڵگە دادگەریی خێرا و دادپەروەریی بەو شێوەیە دەوێت کە عەقڵی دەستەجەمعی ئەو چاوەڕوانییەتی، بەڵام دادوەر پابەندە بە کۆمەڵێک دەقی یاسایی توند و بەڵگەی داواکراو کە زۆرجار دەگات بە دەرئەنجامێک شەقام پێیوایە نادادپەروەرە.

ئەم تێگەیشتنەش سەرچاوەی زۆرە، لەوانە:

• نەبوونی شارەزایی و هۆشیاریی یاسایی لەلای تاک: ئەمەش وادەکات کە هەموو دواخستنی دادگاییەک، و هەموو ڕەتکردنەوەی داوایەک لەبەر نەبوونی بەڵگەی پێویست و دەیان بابەتی تر، شەقام دادوەر بە لایەنگر سەیر بکات و هەندێکجار بە نادادپەروەر و ستەمکاریش!

• ڕاگەیاندنی ناتەواو: لە ئەنجامدا ئەم بڕیارەی دادگا پێچەوانەی ڕای گشتی دەبێت، کە زۆرجار ئەوەی دەگات بە ڕایگشتی هەموو بابەتەکە نییە، چونکە دادگا ڕێگەپێدراو نییە وردەکاریی کەیسەکان بخاتە پێش چاو لەبەر کۆمەڵێک هۆکار کە یاسا دادوەری پێ پابەند کردووە، هەروەها ڕێگەپێدراو نییە بۆ هەموو بڕیارێک، پاساوەکانی دەرچوونی بڕیارەکە بۆ ڕای گشتی ڕوون بکاتەوە.

بۆیە دادوەر کەوتووەتە نێوان بەرداشی ڕێگری یاسا و ڕایگشتی.

هۆکارێکی تر بریتییە لەوەی کە هەموو کەیسێک دوو لایەنی هەیە. بێگومان لە پێش دادگا هەمووان براوە نین و ئەمەش سروشتی کاری دادگایە؛ لایەک بڕیاری بۆ دەدرێت و لایەکەی تر لە دژی. بۆ نموونە: ئەگەر دادوەرێک لە ڕۆژێکدا بیست کەیسی لەپێش بێت "واتە چل هاووڵاتی"، هەمووشیان خۆیان بە خاوەن ماف دەزانن، لە دەرئەنجامدا بیست هاووڵاتی براوە دەبن و بیستەکەی تر دۆڕاو دەبن. بێگومان چاوەڕوان ناکرێت ئەو کەسانەی بڕیار لە دژیان دەرچووە ڕازی بن لە دادگا و پێیان وابێت دادوەر دادپەروەر بووە.

بۆیە لە دەرئەنجامدا، ئەگەر بڕیاری دادگا پێچەوانەی ڕایگشتی و داخوازی کۆمەڵگە بوو، مانای وانییە دادگا بڕیاری نایاسایی داوە. هەربۆیە وەک وتراوە: "ئازادکردنی تاوانبارێک لەبەر تەواونەبوونی بەڵگە، باشترە لە سزادانی بێتاوانێک."


نوێترین شرۆڤەکان