بۆچی سیستمی بەرگری کۆریای باشوور بۆ هەرێم ساناترە وەک لەوەی ئەمریکا؟ 

٢٧ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ١:٢٢ پاش نیوەڕۆ

سەنگەر ڕەسوڵ

لەگەڵ دووبارەبوونەوەی هێرشەکانی سەر کەرتی وزەی هەرێم، پرسی جێگیرکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی و دژە مووشەک، بووە بە باسێکی گەرم و کە زۆر
لەچاودێران باس لە پێویستی بەدەستهێنانی دەکەن.

دیارە پرۆسەی بەدەستهێنانی سیستەمی دژەمووشەکی/درۆن و مەترسی هەر تەنێکی دیکەی فڕیو، بۆ هەر دەوڵەت و هەرێمێک پێویستییەکی گرنگ و بەهێزی دەوڵەت و کیانەکە دەردەخات، بەڵام پێویستە چەند خاڵێکیش لەبەرچاو بگیردرێن.

بەگشتی ئەوەی بۆ دۆخی هەرێمی کوردستان گونجاو بێت لەم ڕووەوە، ٢ سیناریۆیە کە لەخوارەوە تایبەتمەندی و سوود و کێشەی هەریەکەیان دەخەینەڕوو.

سیناریۆی یەکەم:  بەدەستهێنانی سیستەمێکی بەرگری ئەمریکی

١. بەپێی یاسای کۆنتڕۆڵکردنی هەناردەی تەکنەلۆژیای سەربازی [the Arms Export Control Act (AECA)]، ڕەزامەندی کۆنگرێس و سەرۆکی ئەمریکای دەوێ لەگەڵ کۆمەڵێک ڕێککار.

٢. یەکێکی دیکە لەڕێککارەکان بەپێی ڕێککارەکانی فرۆشتنی چەک بەبیانەکان Foreign Military Sales, ئەوا کۆمەڵێک پرسیار دێتە پێشەوە:

ا. ئایا لایەنی وەرگر سەقامگیری هەیە؟

ب. مەترسی ئەوە هەیە سیستەمەکە/چەکەکە بکەوێتە دەست دوژمن.

ت. ئایا پێدانی چەکەکە باڵانسی سیاسی ناوچەکە ڕووبەرووی تەحەدی نوێ دەکاتەوە؟

پ. ستراتیژییەتی ئەمریکا لەو ناوچەیە چییەو یەکانگیر دەبێت لەگەڵ ئەو سیستم پێدانە؟

ج. ئایا بەکارهێنانی ئەو سیستەمە لەگەڵ بەرژەوەندی سیاسی ئەمریکا هاوتایە؟

٣. بەکڕین زۆر گران دەکەوێت بۆ سەرووی ٤٠٠ ملیۆن دۆلار، ئەمە جگە لەوەی ڕاهێنانی ستاف و تێچووی بەردەوامی پێدان و کاتی دەوێت بۆ ئامادەکاریی.

٤. کێشەیەکی دیکەی ئەو سیستەمە ئەوەیە کە تێچووی ڕۆکێتەکانی بۆ هەر دانەیەک لەنێوان ١ ملیۆن بۆ ١ و نیو ملیۆن دۆلارە و لەکاتێکدا درکنی ئێرانی زیاتر نییە لە ١٠ هەزار دۆلار.

٥. بەتەسلیمکردنی سیستەمەکەش بەپێشمەرگە، ئەمریکا رووبەرووه ناڕەزاییەتییەکانی تورکیا دەبێتەوە و دەبێت ئەو پرسەش یەکلایی بکاتەوە لەگەڵ کاردانەوەکانی ئێران و ملیشیاکانی لەناوچەکە.

٦. بەهۆی بەرزی تەکنەلۆژیای ڕاداری پێشکەوتوو، ئەمریکا دوودڵ دەبێت لەپێدانی سیستەمەکە، چونکە دەترسێت چین و رووسیاو ئێران دەستییان پێیبگات. بۆیە زۆرجار ئەگەر سیستەمەکەش بدات ئەوا فوول سیستەمەکە ناداف بەڵکو بەنیوەچڵی دەیدات.

٧. لەهەمووشی گرنگتر رەزامەندی بەغداشی دەوێت ئەگەر سیستەمەکە بەهەرێم بدات و بەو بیرکردنەوەی ئێستاش مەحاڵە بەغدا رازی بێت.


سیناریۆی دووەم: کڕینی سیستەمەکە لەکۆریای باشوور

١. تێچوویەکەی بە ١/٣ سیستەمە ئەمریکییەکە دەخەملێندرێت و هەرزانترە.

٢. بەڵام بەپێی ڕێنماییەکانی حکومەتی کۆریای باشوور، بۆ بەدەستهێنانی ئەو سیستەمە دەبێت لایەنی داخواز بەرژەونده ئەمریکا نەخاتە مەترسییەوە.

٣. ئەمریکا دەتوانێت ڤیتۆی پێدانی سیستەمەکە بکات، چونکە زۆربەی پارچە سەرەکییەکانی سیستەمەکە لەلایەن ئەمریکاوە بۆ کۆریای باشوور دابین دەکرێن.

٤. دەکرێت لەچوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنانەی عیراق و ئەمریکا هەر یەکەو لەلای خۆی لەگەڵ کۆریای باشوور هەیە، داوا بکرێت سیستەمی کۆریای باشوور بهێندرێت.

٥. مادام پاراستنی ئاسمان کەچوارچێوەی دەسەڵاتی فیدڕاڵییە، دەکرێت بە لێکتێگەیشنێکی سێ قۆڵی ئەمریکی-عیراقی-هەرێمی کوردستان، رەزامەندیی دامەزراندنی سیستمی بەرگریی کۆریا باشوور بۆ پاراستنی ژێرخانی ئابووری وزەی هەرێم بدرێت و بەهاوبەشی بەرێوەببرێت بەمەش نارەزایی عیراق ناهێڵدرێت.

٦. دەکرێت دوودڵی ئەمریکاش لەپێدانگ سیستەمەکە و مەترسی کەوتنە دەستی دوژمنەکانی رزگاری دەبێت و لەهەمانکاتیشدا سیستەمە کۆرییەکە کاری خۆی دەکەوێت و هاوپەیمانه نزیکی ئەمریکاشەو لەژێر ڕێنماییەکانی ئەمریکا دەمێنێتەوە.

٧. دەکرێت تێچووی دانانی سیستەمەکەش بەهاوبەشی لەنێوان حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستان بکرێت و تێچووەکەش بەشێوەیەک بێت بەپێی ڕێژەی بەکارهێنانی وزەکە و پاراستنی بازنەی ناوچەو ئاسمانەکە دابەش بکرێت، بەمەش هەموو تێچووەکە لەسەر هەرهم نابێت.

لەکۆتاییدا دانانی سیستەمی بەرگری لەڕووی تاکتیکەوە ستراتیژییەتێکی خراپ نییە، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان ڕێککەوتن و یەکلابوونەوەی کێشە و ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، زیاتر زامنی پاراستنی ژێرخانی ئابووریی و وزەی دەکات.


نوێترین شرۆڤەکان