لەنێوان نۆرێنبێرگ و کەزی؛ چۆن کورد لەڕێی دادگاوە چیرۆکێکی مێژوویی دروست بکات؟
٢٣ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٦:٤٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
نابێت هیچ کوردێک مۆدێلی ئەمریکی بۆ تیرۆریستان و بەریتانیا لەسەردەمی کۆڵۆنیاڵیزم دووبارەبکاتەوە بەپێشکەشکردنی پارە بۆ سەری تاوانکار و دەبێ کورد خۆی دادپەروەرییەکە بەدەستبێنێتەوە،بەڵکو دەبێت هاوشێوەی ئیسڕائیل، کەچۆن نازی تاوانکار ئەدۆڵف ئایخمان-یان لەئەرجەنتینەوە لەساڵی ١٩٦٠ فڕاندو لەووڵاتەکەیان دادگاییانکرد، ئەوا:
١. بەهەمانشێوە شەڕڤانان پلان دابڕێژن بۆ فڕاندنی و بەئاشکرا دادگاییکردنی!
٢. هەروەها لەبەر ئەوەی کورد ڕێز لەکچ و ژنیش دەگرێت، حەقوایە ئاگادارییەکی بۆ بنێرن و پێیڕابگەینن ئەگەر خۆی بەپێی خۆی بێت و خۆی ڕادەست بکات ئەوا لەبەرخاتری کچەکانی لەسێدارە نادرێت و حوکمی زیندانی بدرێت!
دادپەروەریی بۆ کچە شەڕڤانە کوردەکان
کاتێک ئەم چەکدارە توندڕەوانە دەستگیر دەکرێن، بڕیاری ڕاوەستاندنیان لەبەردەم دادگا، چەندین ئامانجی مەزن دەپێکێت:
گێڕانەوەی شکۆ:
دادگاییکردنەکە تاوانەکە بە فەرمی تۆمار دەکات، تا جیهان بزانێت بە وردی چی ڕوویداوە.
سەروەریی ئەخلاقی:
هێزە کوردییەکان بە پەیڕەوکردنی یاسا دەیسەلمێنن کە "بەرخودان"ی ئەوان تەنها جەنگی جەستەیی نییە، بەڵکو پاراستنی ستانداردێکی ئەخلاقیی بەرزترە لە چەوسێنەرەکانیان.
هێزی یاسا:
ناچارکردنی توندڕەوێک کە "کوێرانە" ڕەفتاری کردووە، بۆ ئەوەی لەبەردەم ئەو ژنانەدا ڕابوەستێت کە هەوڵی شکاندنیانی دەدا- و ئێستا لە پێگەی دادوەردان- شکستێکی بەهێزترە لە کوشتنی. ئەمە لە دیدی مێژووەوە، "جەنگاوەر" دەگۆڕێت بۆ "تاوانبار".
هۆڵی دادگا نوێنەرایەتی سەرکەوتنی شارستانییەت دەکات بەسەر پشێویدا. دەیسەلمێنێت کە ئەگەرچی توندڕەوێک لە ڕق و وەحشییەتدا گیانێک بکێشێت یان قژێک ببڕێت، بەڵام کۆمەڵگەیەک کە لەسەر بنەمای دادپەروەری بونیاد نرا بێت، ڕەتیدەکاتەوە لەم پرۆسەیەدا ڕۆحی خۆی بدۆڕێنێت.
بۆیە بەدروستکردنی ئەو دادگاییکردنەو ناونانی دادگاییکردنی کەزی، ئەوا چیڕۆک و مێژوویەکی کاریگەر دروست دەکەین و لەگەڵ هەمووان دەمێنێتەوە دەبێتە وانەیەک و پێشهبەیەکیش بەسەر زاڵبوونی دادپەروەری بەسەر تاریکی و وەحشیگەرییدا!
لەبیرمان نەچێت چیرۆک دروستکردنیش کاریگەری کەمتر نییە لەدەنگ وهێزی چەک ئەگەر زێدەتر نەبێت!
لەخوارەوەش نموونەی یەکێک لەدادگا بەناوبانگەکانی مێژوو بەکورتی دەخەینەڕوو:
پێشینەی مێژوویی دادگاییەکانی نۆرێنبێرگ
دوای جەنگی جیهانی دووەم، ژمارەیەک ژەنەڕاڵ و سەرکردەی نازی ڕووبەرووی دادگاییکردن کرانەوە. بۆنموونە هەرچەندە هێرمان گۆڕینگ کەسی یەکەمی ئەوکاتی نازییەکان لەنێوان دەسگیراکراوەکاندا، یەکێک بوو لە داڕێژەرە سەرەکییەکانی پڕۆسەی "هۆلۆکۆست" و بەرپرسیار بوو لە تاوانگەلێکی وا کە بە خەیاڵدا نایەن، بەڵام هێزە هاوپەیمانەکان بڕیاریان نەدا دەستبەجێ و بێ دادگاییکردن لەنێوی ببەن؛ بەڵکو جەختیان لەسەر دادگاییکردنێکی یاسایی کردەوە.
فەلسەفەی پشت ئەم بڕیارە دەگەڕایەوە بۆ: کوشتنی ئەو بێ دادگاییکردن، ڕێک وەک ڕەفتاری ئەو ڕژێمە دەبوو کە خۆی خزمەتی دەکرد. جیهان لە ڕێگەی دابینکردنی مافی بەرگری، خستنەڕووی بەڵگە و بەڕێوەبردنی دانیشتنی ئاشکرای دادگا، سەلماندی کە مرۆڤایەتی لە سەرووی تۆڵەسەندنەوەی کوێرانەوەیە.
دادپەروەریی، بەپێچەوانەی توندڕەوییەوە، پێویستی بە ڕاستی و لێپرسینەوە هەیە، نەک تەنها کاردانەوەیەکی کتوپڕ.