کورد لەبەردەم پیلانگێڕی تورکیادا؛ ئایا دوای رۆژئاوای کوردستان نۆرەی هەرێمی کوردستان دێت؟
١٣ شوبات ٢٠٢٦ - ٨:٠٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
میدیای هەرێمی کوردستان بایەخێکی زۆریدا بە مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی لەزاری ئۆجەلانەوە راگەیەنرا گوایە مەترسی لەسەر رۆژئاوای کوردستان، قەندیل و هەرێمی کوردستان هەیە.
رۆژئاوای کوردستان؛ دەستپێکی پیلانەکە
هێرشی گروپە چەکدارە سورییەکان بە پاڵپشتی تورکیا و بەهۆکاری بێدەنگی لێکردنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، سەرەتای ئەو پیلانەبوو کە دژی کورد خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.
دروستکردنی قەوارەیەکی سیاسی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان بەلای تورکیاوە قەبوڵ نەکراوە، بۆیە تورکیا لەڕێگەی هاندانی گروپە چەکدارە سورییەکان و لۆبیکردنی دەرەکییەوە دەیەوێت کۆتایی بە هەسەدە بهێنێت.
گەڕانەوەی ترەمپ بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا و دانانی تۆم باراک وەکو نێردەی سەرۆک لە ناوچەکە، ئەو دەرفەتەیە تورکیا نایەوێت لەدەستی بدات، بەتایبەت دۆزی کورد بەلای ئەوانەوە گرنگ نییە و نێوانیشیان لەگەڵ تورکیا باشە.
ئاراستەی کارکردنی ترەمپ و تۆم باراک بەهێزکردنی حکومەتە ناوەندییەکان و رادەستکردنی دۆسیەی پێکهاتەکانە بەو حکومەتانە، ئەمەش بەمەترسی بۆ سەر پێگەی کورد و پێکهاتەکانی تر دادەنرێت.
کاتێک گەڕەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لەلایەن سوریاوە کۆنترۆڵکران و شەڕ لە رۆژئاوای کوردستان نزیکبوویەوە، دەزگای هەواڵگیری ئەمەریکا ترەمپی لە پیلانی کۆتایی هێنان بە هەسەدە ئاگادارکردەوە، بەڵام مەسەلەکە بەلایەوە جێگەی بایەخ نەبوو.
کۆتاییهێنان بەهەسەدە و تەنانەت دەستگیرکردنی سەرکردەکانیشی بەشێکبوو لە پیلانەکە کە بەڕەزامەندی تورکیا داڕێژرابوو، بەڵام سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و جوڵەی لۆبییەکان پیلانەکەی لەنیوەی رێگادا ڕاگرت.
هەسەدە کاتێک بە گەڕانەوەی هێزی دیمەشق بۆ رۆژئاوای کوردستان و رادەستکردنی نەوت و دۆسیەکان تر رازیبوو، لە گەورەیی پیلانەکە تێگەیشتبوو بۆیە بێدەنگی هەڵبژارد و بەدۆخی سەپێنراو رازیبوو.
جموجۆڵی لۆبییەکان و هاتنە دەنگی سیناتۆر و کۆنگرێسمانە ئەمەریکاییەکان دۆخەکەی لە رۆژئاوای کوردستان تا ڕادەیەک هێورکردووەتەوە، ئەو دۆخەی دیمەشق پێیڕازییە و کوردیش بە ناچاری قەبوڵی کردووە، بەڵام تورکیا دژیەتی.
داماڵینی هەسەدە لە چەک و کۆتاییهێنان بە خەونە گەورەکەی کورد لە رۆژئاوای کوردستان تەنها خواستی تورکیایە، بۆیە لەمەودوا کێشمەکێشی تر لەنێوان فشاری تورکیا و ئیرادە کوردی و نێودەوڵەتییەکە دروست دەبێت.
قەندیل و شەنگال؛ پیلانی دواتری تورکیا
هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، خواستی وڵاتەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە هەرێمی کوردستان نەشاردەوە، بەڵام ئەولەویەتی ئەو وڵاتە لەئێستادا رۆژئاوای کوردستانە.
بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، تورکیا پیلانی هەیە بۆ داهاتوو هێز بەرەو شەنگال بجوڵێنێت بە بیانووی بوونی پەکەکە لەو ناوچەیە، لەکاتێکدا هێزە شیعەکان ئامادەکارییان بۆ دانانی بەربەست کردووە.
بەپێی وتەی بەرپرسانی حەشدی شەعبی، تورکیا چەندینجار داوایلێکردوون هێرش بکەنە سەر شەنگال و ئەوان لەرێگەی گورزی ئاسمانییەوە هاوکار دەبن، بەڵام حەشد داواکەی رەتکردووەتەوە.
رەتکردنەوەی خواستی تورکیا لەلایەن حەشدی شەعبییەوە تەنها گرێدراو نییە بە دۆسیەی کوردەوە، بەڵکو لایەنە شیعەکان هەمیشە بەگومانن لە تورکیا و پێیانوایە ئەو وڵاتە بەشێکە لەپیلانە نێودەوڵەتییەکان لەدژی هەژموونی شیعە.
نەجات حسێن، سەرکردەی تورکمانی شیعە، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: تا ئێران بوونی لە گۆڕەپانەکەدا هەبێت ئەجێندای تورکیا لە عێراق سەرناگرێت.
دەڵێت: ئەگەر ئێران لە ناوچەکەدا لاواز ببێت و دۆخەکە بۆ تورکیا لەبار بێت، ئەوا بە ئاراستەی عێراق دەجوڵێت بۆ جێبەجێکردمی پیلانەکانی.
هەرێمی کوردستان؛ لەنێوان ئەمری واقیع و پیلان دا
هەرچەندە هەرێمی کوردستان وەکو قەوارەیەکی سەربەخۆ و بەشێک لە عێراق لێیدەڕوانرێت بەڵام مەترسی بەردەوامی لەسەرە، وەک جنین پلاسخارت ی نێردەی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاند: وامەزانن ئەم قەوارە تاسەر دەمێنێت.
ئەگەرچی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشتر وەکو هێزێکی نزیک لە تورکیا لێیدەڕوانرا، بەڵام لە ئێستادا لەگەڵ تورکیا ناکۆکە و هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگێڕدرێتەوە کە پارتی لە ئیمارات زیاتر نزیکبووەتەوە.
ئیمارات وەکو وڵاتێکی پاڵپشتیکار لە ئاینی ئیبراهیمی لەئێستادا لەگەڵ ئیسرائیل تەبایە، بەڵام لەگەڵ تورکیا، سعودیە و قەتەر ناکۆکە بەتایبەت دوای ئەوەی کێشەی نێوانیان لەیەمەن تەقییەوە.
تورکیا هەوڵیدا هێزەکانی رۆژی سەر بە ئەنەکەسە بباتە رۆژئاوای کوردستان و سیناریۆی 10 ساڵ لەمەوبەری عەفرین دووبارە بکاتەوە، بۆیە ئەو هێزانە لە فیشخاپور کۆکرانەوە، بەڵام هەرزوو پارتی کشایەوە و تورکیاش هێندەی تر توڕەبوو.
دوای خۆپیشاندانە فراوانەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پاڵپشتی لە رۆژئاوای کوردستان و هەوڵە دیپلۆماسی و مەعنەوەییەکانی سەرکردەکانی هەرێم، تورکیا هێندەی تر لە هەرێم توڕەیە و پێیوایە قەوارەی هەرێم بووەتە پاڵپشتیکار بۆ پارچەکانی تری کوردستان.
هەربۆیە وەزیری دەرەوەی تورکیا توڕەیی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان نەشاردەوە و داوای لە عێراق کرد تەواوی خاکەکەی کۆنترۆڵ بکات، بەڵام هەرزوو دۆخەکە پێچەوانە بوویەوە کاتێک سەرکردەکانی شیعە دژی هاکان فیدان کەوتنە قسە.
بەوپێیەی متمانە لەنێوان تورکیا و هێزە شیعەکاندا نییە، ئەو وڵاتە بەلای شیعەوە وەکو وڵاتێکی پیلان داڕێژەر لێیدەڕوانرێت، بەتایبەت لەدوای ئەوەی رۆڵی هەبوو لە رووخانی ئەسەد و پچڕانی پەیوەندی لەنێوان هێزە شیعەکانی یەمەن، لوبنان، سوریا، عێراق و ئێران.
سەرباری نەبوونی متمانە لەنێوان شیعە و تورکیا بەڵام هێشتا دۆخەکە بۆ هەرێم مایەی مەترسییە، بەوپێیەی ئەو ئیدارەیەی لەئێستادا ئەمەریکا بەڕێوە دەبات دژی فیدراڵییەت و پاڵپشتیکاری حکومەتە ناوەندییەکانە، ئەمە جگە لەوەی هەمیشە ترسی پشتکردنە کورد لە ئارادایە.
ئەگەر لە ئێستادا مەترسی گرتنەبەری رێوشوێنی سەربازی دژی هەرێم لە ئارادا نەبێت، ئەوا کەمکردنەوەی ژمارەی پێشمەرگە و لەقاڵبدانی دەسەڵاتەکانی هەرێم بەشێکە لەو پلانەی لەرێگەی عێراقەوە لە داهاتوودا جێبەجێ بکرێت.