ئەگەرەکانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەکە

١٩ شوبات ٢٠٢٦ - ٣:٣٢ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە

 تادێت ئەگەرەکانی هێرشکردنە سەر ئێران لە لایەن ئەمریکاوە زیاتر دەبن و سەرچاوە هەواڵییەکان ئەوەیان ئاشکرا کردووە، کە پنتاگۆن پرۆسەی گواستنەوەی فڕۆکە جەنگییەکان و تانکەرە سووتەمەنییەکانی لە بنکەکانی بەریتانیاوە بۆ ناوچەکانی نزیک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێکردووە.

 هەرچەندە بە لای زۆرێکەوە ئەم جووڵە سەربازییانەی ئەمریکا وەک فشارێک تەماشا دەکرێن بۆ ئەوەی تاران لە دانوستانەکانی لەگەڵ واشنتۆن، بە هەموو ئەو مەرجانە ڕازی بێت کە بۆی دیاری دەکرێن، بەڵام دووریش نییە ئەم هەنگاوانەی ئەمریکا بەرامبەر ئێران، بچنە بواری جێبەجێکردنەوە و جەنگ دژی ئێران ببێتە حەقیقەت؛ ئەو کات گومان لەوەدا نییە ئێران بێ وەڵامدانەوە نابێت، وەک لە جەنگی ۱۲ ڕۆژەدا بینیمان دژی ئیسرائیل چۆن ئەوەی چاوەڕێ نەدەکرا ڕوویدا و تاران وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیلی دایەوە.

 لێرەدا گرنگە پێشوەختە خوێندنەوە بۆ ئەگەرەکانی جەنگ و کاریگەرییەکانی بکەین لەسەر ناوچەکە، چونکە گومانی تێدا نییە ڕوودانی جەنگێکی لەو جۆرە، بە تایبەت جەنگێک کە ببێتە دوا بژاردە لەبەردەم ئەمریکا و وەڵامدانەوەکانیش ببنە دوا هەوڵی تاران؛ چونکە دەزانین هەڵگیرسانی جەنگ ئەمجارە تەنها بۆ ترساندن و تاقیکردنەوەی تاران نییە وەک لە ڕابردوودا بینیمان، بەڵکو هەموو چاودێران بە جەنگێکی یەکلاکەرەوە وەسفی دەکەن.

 بۆیە دەڵێین ئەگەر جەنگ ڕوویدا، ئەوا ناوچەکە دەکەوێتە نێوان دوو ئەگەری دژبەیەکەوە: لە ڕوانگەی نەیارانی ئێران و ئاسایشی ناوچەکەوە، جەنگەکە دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی پڕۆژە ئەتۆمییەکەی تاران و تێکشکاندنی ئەو ژێرخانە ئەتۆمییەی کە وڵاتانی وەک ئیسرائیل و هەندێک وڵاتی عەرەبی بە مەترسییەکی گەورەی دەبینن؛ ئەمەش ڕێگری دەکات لەوەی ئێران ببێتە خاوەن بۆمبی ئەتۆم. 

لە لایەکی دیکەوە، هەرچەندە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکەدا تەواو لاواز بوون، بەڵام تا ئێستاش جێگەی مەترسین بۆ سەر بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە، بۆیە ئەم جەنگە دەبێتە هۆی بڕینی یەکجارەکیی سەرچاوە دارایی و سەربازییەکانی ئەم گرووپانە، کە ئەمەش ڕەنگە ئارامی بۆ هەندێک لەو وڵاتانە بگێڕێتەوە. هەروەها چاوەڕێ دەکرێت جەنگە نوێیەکە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای ئێران بۆ دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتانەی کە پێشتر هەژموونی تێیاندا هەبوو، ئەمەش دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی وڵاتانی دیکەی وەک سعوودیە و ئیمارات لە ڕیزبەندی هێزە دیارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەنگاوێک بێنە پێشەوە و کێبڕکێی سیاسی و مەزهەبی لە بەرژەوەندیی ئەواندا بشکێتەوە.

 ئەگەرچی دەکرێت جەنگی ئەمجارە بۆ بەرژەوەندیی هەندێک وڵات و لایەن لە ناوچەکەدا جەنگێکی گرنگ بێت و ئارەزووی ڕوودانی بکەن، بەڵام لایەنی نەرێنیی زۆری دەبێت و ناکرێت وەک جەنگێکی ئاسایی لێی بڕوانین، بە تایبەت بۆ ئێمە کە هاوسنوورین لەگەڵ ئێراندا.

 ئەگەر جەنگ ڕووبدات، ئەوا پێناچێت ئێران بەتەنها وەڵام بداتەوە، بەڵکو لە ڕێگەی گرووپەکانی لە عێراق، لوبنان و یەمەنەوە جەنگەکە بۆ تەواوی ناوچەکە دەگوازێتەوە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ناسەقامگیرییەکی گەورە. هەروەها یەکێک لە بژاردەکانی بەردەم ئێران لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگدا، داخستنی گەرووی هورمزە کە ڕێڕەوی سەرەکیی گواستنەوەی نەوتی جیهانە؛ ئەمەش وادەکات نرخی سووتەمەنی بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بەرز ببێتەوە و قەیرانی ئابووری بەرۆکی جیهان بگرێت. 

وەک لە سەرەتادا ئاماژەمان پێ کرد، ئێمە هاوسنوورین لەگەڵ ئێراندا و گومانی تێدا نییە ئەگەر جەنگ ڕووبدات، بۆ تۆڵەکردنەوە ئەگەری زۆرە ئێران هێرش بکاتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و عێراق، یان هێرش بکاتە سەر کێڵگە نەوتییەکانی وڵاتانی دراوسێ. لەم نێوەندەدا هەرێمی کوردستان بێبەش نابێت لە بەرکەوتنی پڕوشکی ئاگرەکە و بێگومان عێراق و هەرێمی کوردستان دەبنە یەکێک لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی ئەم جەنگە، ئەمەش مەترسی بۆ سەر ئاسایش و ئابووریی هەرێم دروست دەکات. هەروەها هەڵگیرسانی جەنگێکی لەم شێوەیە واتە ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس، و هاوسنووریی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێراندا وادەکات چاوەڕێی شەپۆلێکی نوێی کۆچی هاووڵاتیانی ئێران بین بۆ هەرێم، کە ئەمەش بارگرانییەکی گەورەی مرۆیی و ئابووری دروست دەکات. لە ناوخۆی ئێرانیشدا ئەم جەنگە دەبێتە هۆی دروستبوونی دەیان گرووپ و تاقمی توندڕەو کە دەبنە هۆی ئەوەی ئاسایشی ناوخۆ بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ کۆنترۆڵ نەکرێت. بە کورتی، ڕەنگە لێدان لە ئێران لە کورتخایەندا ببێتە هۆی کەمبوونەوەی هەڕەشەی ئەتۆمی، بەڵام لە دوورمەودادا مەترسیی گەورە و چاوەڕواننەکراوی وەها بەدوای خۆیدا دەهێنێت کە وابکات بڵێین: ڕێگەی دیپلۆماسی و سزای ئابووری زۆر باشترە لە جەنگێکی وێرانکەر.


نوێترین شرۆڤەکان