لەبەرچی ئێرانیەکان خۆیان ڕادەست ناکەن؟!

٢٣ شوبات ٢٠٢٦ - ٨:٥٣ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە

ئەوە قسەی ویتکۆڤی نوێنەری دۆنالد تڕەمپە، کە تڕەمپ بە سەرسوڕمانەوە پێی گوتووە! کە بۆچی ئێرانیەکان ناهێنە سەر مێزی گفتگۆ و مەرجەکانم قبول ناکەن؟.

 تڕەمپ پێی وایە ئەو هەموو چەک جبەخانەیانە بردووە بۆ ناوچەکە، بەلام بۆچی ئێرانەکان هێشتا ئامادەنین مەرجەکانم قبول بکەن؟! ئەمەش وایکردووە تڕەمپ تووشی شۆک بکات و نەتوانێت بە تەواوی بڕیار بدات. لەڕاستیدا بڕیاری شەڕیش بۆ ئەمریکا ئاسان نیە، چونکە لە ئێستاوە ئەنجامگیری زۆر بەدەستەوە نادات. بۆیە لەڕوانگەی خوێندنەوەی جیۆستراتیژی. چەند هۆکارێک هەیە کە ئێرانیەکان ئامادەنین خۆیان ڕادەست بکەن.

ئەمەش وایکردووە ئێرانی و ئەمریکیەکان لەوپەڕی نا ساقامگیری دان، چونکە هەم ئەمریکا ترسی هەیە، هەمیش ئێرانیەکان بە نیگەرانی و ترسێکی زۆرەوە هەنگاو دەنێنن! 

هەرچی ئێرانیەکانەن پێیان وایە، ڕازیبوون بە مەرجەکانی ئیسرائیڵ و ئەمریکا، واتە کۆتایی هاتنی سیستەمی سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێران. لە لایێکی تریشەوە ئێرانیەکان بە باشی لەوە تێگەیشتوون کە تڕەمپ جەنگی درێژخایەنی ناوێت، ئەگەر هێرشی ئاسمانیش بکات لە 30 ڕۆژ تێپەڕ ناکات! بۆیە ئێرانیەکان ئەوجارە وەکو پێش جەنگی دوازدە ڕۆژەی سالی 2025 نیە، بە هەموو بەلێنێک باوەڕ بکەن، وە متمانەیان بە بەلێنەکان و پەیمانی گفتگۆکان نیە! ئەمەش وایکردووە، بە باشتر خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەگەری ڕوودانی شەڕێکی سەخت و یەکلاکراوە!


ئەی دۆنالد تڕەمپ بۆ هێرشی ئاسمانی ناکات؟!

یەک. ترەمپ لەوە تێگەیشتووە کە ناتوانێت سیستەمی سیاسی ئێران بە هێرشی ئاسمانی بگۆڕێت. ئەگەر نەشتوانێت ڕژێم  بگۆڕێت، ئەمجارە ئێران زالتر دەبێت، بەتایبەت ئەگەر توانی خۆی ڕابگرێت و بەرگری لەخۆی بکات، ئەمەش ئەمریکای خستۆتە دۆخێک کە بڕیاری هێرشی سەربازی خاو بکاتەوە! باشتر دیراسەی هێرشە ئاسمانیەکان بکات! 

دوو. تڕەمپ ترسی ئەوەی هەیە، کە کاردانەوەکانی چەکی ئێرانی ئەمجارە ببنە هۆی تێکشکانی بەشێکی چەک و جبەخانەی دەریایی ئەمریکی، بەتابیەت دوای ئەوەی زانیاریەکان باس لە پێدانی چەکی بەرگری ئاسمانی چینی و ڕوسی دەکرێت، کە داویانە بە ئێران. ئەمەش دەکرێت سەرکێشیێکی مەترسیدار بێت بۆ ئەمریکا. لە لایێکی تریشەوە زانیاریەکان باس لەوە دەکەن کە ڕوس و چینەکان دەیانەوێت گورزێکی گەورە لە هەژموونی ئەمریکی بدەن و تۆلەی خۆیان لە ئیدارەی تڕەمپ بکەنەوە!

سێ. درووستکردنی بۆمبی ئەتۆمی، ئەمریکیەکان لەوە ترسیان هەیە کە ئێران لەناوەڕاستی هێرشی ئاسمانی ئەمریکا، ئێرانەیەکان خۆیان بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی بناسێنن، ئەمەش  لە لایان ئەمریکیەکان یەکێکە لە مەترسیەکان، چونکە هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە ئێران تەنیا یەک حەفتەی پێویستە بۆ درووستکردنی نۆ بۆمبی ئەتۆمی! هەرچەندە ئەمیر موسەوی دیلبۆماتکاری پێشووی ئێرانی بە ڕەگەز عێراقی، دەلێت ئێران لە دوو ڕۆژ دەتوانێت بۆمبی ئەتۆمی درووست بکات! ئەمەش وەکو ئەگەرێک کراوە لە لایان ئیدارەی ئەمریکی پێشبنیکراوە!

چوار. تڕەمپ و ئیدارەکەی لەوە دەترسێن، هێرشی ئاسمانی ببێتە هۆی خراپوونی دۆخی ناوەخۆی ئێران و سنوورەکانیان بۆ کۆنتڕۆل نەکرێت، ئەمەش دۆخی ئاسایشی ناوچەکە بخاتە قۆناغێکی ناسەقامگیر. بۆیە هەموو هەولێک ئەدەن ئێران ڕاز بکەن بە دانان بە مەرجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کە خۆی دەبینێتەوە لە وازهێنان لە بەرنامەی ئەتۆمی و کەمکردنەوەی پیشەسازی سەربازی درووستکردنی موشکی بالیستی و یارمەتی  نەدانی هێزە وەکالەتدارەکانی لە ناوچەکە! ئەگەر ئێران بەم سێ مەرجە ڕازی بێت ئەوە دەکرێت سەرەتایی کۆتایی هاتنی ڕژێمی سیاسی ئێرانی بێت!

ئەوەی ئێستا لە واقیع دەبینرێت ئامادەکاریەکانی ئەمریکا بۆ گۆڕینی ڕژێمی سیاسی نیە، بەلام دەشکرێت سەر بکێشێت بۆ وەها سیناریۆکیش. بەلام زیاتر فشار درووستکردنە بۆ سەر ئێران کە بە مەرجەکان ڕازی بێت، یانیش بە زەبری لێدانی ئاسمانی تاران بە مەرجەکانی ڕازی بکەن. بەلام بۆ گۆڕینی ڕژێمی سیاسی و دابشبوونی ئێران تاکو ئێستا کۆ دەنگی نێودەولەتی و هەرێمی لەسەر ئەم بابەتە بەدی ناکرێت.

 دابەشبوونی ئێڕان و ڕوخانی ڕژێم دەرگای دۆزەخ بۆ سەر ئاسیای ناوەڕاست و قفقاز و باشووری ئاسیاش دەکاتەوە! بەلام بۆ کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستان بە گۆرینی ڕژێمی سیاسی و نەگۆڕینی ڕژێمی سیاسی دەرفەتی مەزن بۆ کوردی ئێران هاتونتە پێشەوە. بە مەرجێک بتوانن سوود لەم دەرفەتە مێژوویە وەربگرن. لە کۆتایدا چەندە دۆنالد تڕەمپ بەدوای ئەم پرسیارە دەگەرێت، ئێرانیەکانیش بەدوای ئەو پرسیارە دەگەرێن کە ئایە چۆن بتوانن لە سەردەمی ئیدارەی تڕەمپ خۆیان ڕابگرن و سیستەمی سیاسی خۆیان بپارێزن! بەلام دەرەنجامەکانی چەند ڕۆژی داهاتوو پێم دەلێت هەژموونی ئێران لەناوچەکە کۆتایی پێدێت و هەرگیز ئێران ناگەڕێتەوە سەردەمی قاسم سلێمانی!


نوێترین شرۆڤەکان