کاریگەرى جەنگ و ململانییە سەربازییەکان لەسەر ژینگە
٦ ئازار ٢٠٢٦ - ٢:٣٢ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
جەنگ بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ کاریگەرى لەسەر ژینگە هەیە و دەرەنجامەکانى گۆڕانکارییەکانى ئاو و هەوا خێراتر و کاریگەرتر دەکات، ئەمە جگە لەوەى کە جەنگ کاریگەرى لەسەر تەندروستی گشتی هەیە و دەبێتەهۆى ئاوارەبوونى خەڵک و پەرەسەندنی قەیرانی خۆراکی لە جیهاندا.
جەنگ بەچەندین ڕێگەى جۆراوجۆر کاریگەرى لەسەر ژینگە و سروشت دەکات بەتایبەتى تێکدان ولەناوبردنى هەمەچەشنەیى زیندەوەران و لەناوچوونى دارستان و بەربوومە کێڵگەییەکان. بۆیە جەنگ کاریگەریی ژینگەیی وێرانکەر بەجێدەهێڵن. و لەگەڵ هەر ڕۆژێکی شەڕ، توانای وڵاتان بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی سیستەمى ژینگە کەم دەبێتەوە، و توانای بونیاتنانى ئابوورییەکی بێ سووتەمەنی بەردینی کەم دەبێتەوە. ئەمەش لە بەرامبەردا گۆڕانی ئاو و هەوا درێژ دەکاتەوە و دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ماددە ژەهراوییەکان. و بەشێوەیەکى گشتى کاریگەرییەکانى جەنگ لەسەر ژینگە بە کورتى بریتین لە:
١- پیسبوون: لەکاتی جەنگدا کارگە و دامەزراوە پیشەسازییەکان دەکرێنە ئامانج، ئەمەش دەبێتە هۆی دزەکردنی مادەی مەترسیدار و پیسکەرەکان (بەتایبەتی ئەو ناوچانەی کە چەکى قورس و ماددە کیمیاییە قەدەغەکراوەکان تێیدا بەکاردەهێنرێت) بۆ ناو خاک و ئاو و هەوا. و دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە بەشێوەیەکى توند و کاریگەری نەرێنی لەسەر گیانلەبەرە کێوییەکان و ڕووەک و مرۆڤ دروست دەکات. لە ئەنجامدا بەکارهێنانى تەقەمەنى دەبێتە هۆى پیسبوونى بەرگەهەوا بە ماددە پیسکەرە ئۆرگانییە هەڵاوسراوەکان و گەردیلەکان، و ئەم هۆکارانە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر کوالیتی هەوا دەبێت، و کێشەی تەندروستی زۆرى لێدەکەوێتەوە وەکو تووشبوون بە نەخۆشییەکانی هەناسەدان و هەستیاری و شێرپەنجە. هەروەها پیسبوونی هەوا کاریگەری لەسەر ڕووەکەکان دەبێت لەڕێگەى کەمکردنەوەی تواناکانیان لە ئەنجامدانى پرۆسەى ڕۆشنەپێکهاتن و بەرهەمهێنانی ئۆکسجین. و لە کاتی جەنگ و بەکارهێنانى چەکى قورسدا، سەرچاوەکانی ئاو ڕووبەڕووی هەڕەشەی زۆر دەبنەوە. بەهۆی ڕژانی سووتەمەنی و نەوت و ماددە کیمیاییەکان کە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا بەکاردەهێنرێن. ئەمەش دەبێتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگی سیستەمى ژینگەیى سەرچاوەکانى ئاو، چونکە ماددە پیسکەرەکان دەبنە هۆی لەناوچوونى ماسی و زیندەوەرە ئاوییەکان. و لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان زیانێکی بەرچاو بە خاک دەگات. بۆ نموونە داڕمانی بیناکان و پێکدادانی چەکداری دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ماددە کیمیاییەکان و پاشماوەی مەترسیدار بۆ ناو خاک. ئەمەش دەبێتە هۆی لەدەستدانی بەپیتی خاک. هەروەها کاریگەرییەکانی تەقەمەنییە نەتەقێنراوەکان و مینە چێندراوەکان، بۆ ماوەیەکی درێژ لە زەویدا دەمێننەوە، و ڕێگر دەبن لە نۆژەنکردنەوە و خۆپاککردنەوەى خاک لە ماددە پیسکەرەکان.
٢- لەناوبردنی ناوچە سروشتییەکان: جەنگ دەبێتە هۆی لەناوبردنی بەرفراوانی زەوییە کشتوکاڵییەکان، دارستانەکان و ناوچە سروشتیەکان و ڕووبار و دەریاچەکان. ئەمەش دەبێتە هۆی لەدەستدانی هەمەچەشنەیى زیندەوەوان وتێکچوونى سیستەمە ژینگەییەکان بەگشتى. هەروەها گۆڕانکاری لەناکاو لە ژینگەدا دەبێتە هۆی لەدەستدانی شوێنی نیشتەجێبوون و بێبەشکردنی ئاژەڵەکان لە ژینگەی سروشتی خۆیان و ئەگەری لەناوچوونیان زیاتردەبێتەوە.
دارستانەکان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە کەمکردنەوە کاربۆن، چونکە کاربۆن لە بەرگەهەواوە هەڵدەمژن و کاریگەرییە زیانبەخشەکانی کەم دەکەنەوە. بەڵام بۆردومانکردن و سووتاندنی دارستانەکان توانای هەڵمژینی کاربۆنیان کەمدەکاتەوە، و کەڵەکەبوونی گازە گەرمکەرەوەکان لە بەرگەهەوادا زیاد دەکات و مەترسی گۆڕانی ئاو و هەوا گەورەتر دەکات.
٣- کاریگەری جەنگ لەسەر ژیانی دەریایی و ئیکۆسیستەمی کەناردەریاکان: هەندێ جار جەنگەکان فراوانتردەبنەوە و بەروە جەنگى دەریایی هەنگاودەنێت، و دەبێتە هۆی پیسبوونی دەریا و زەریاکان. ڕژانی نەوت لە کەشتی یان دامەزراوە سەربازییەکانەوە دەبێتە هۆی کارەساتی ژینگەیی گەورە کە کاریگەری لەسەر زیندەوەران و ژیانی دەریایی بە گشتی دەبێت. و بڵاوبوونەوەی ماددە کیمیاییەکان لە ئاوەکەدا، بەردەوامى و مانەوەی ژیانی دەریایی قورس دەکات و دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە هاوسەنگی بایۆلۆجیدا بە تێکدانی زنجیرە خۆراکی دەریایی.
٤- کاریگەرییەکان لەسەر هەمەچەشنەیى زیندەوەران: کاریگەرییەکانی شەڕ تەنیا لە گۆڕانکارییە کاتیەکانی ژینگەدا سنووردار نییە، بەڵکو فراوانتر دەبێتەوە بۆ کاریگەرییە درێژخایەنەکان کە بۆ چەندین ساڵ لە ژینگەدا دەمێننەوە دوای کۆتاییهاتنی ململانێکانیش وەکو تێکچوون یا نەمانى هەمەچەشنەیى زیندەوەران.
و هەمەچەشنەیى زیندەوەران پەیوەستە بە تەندروستی ئیکۆسیستەمەکەوە و توانای چاکبوونەوەی لە ڕووداوە نەخوازراوەکان. کاتێک ناوچەیەکى سروشتی لەناو دەچێت، زۆر زەحمەتە یا تەنانەت هەندێجار ئەستەمە جۆرە ڕەسەنەکان بتوانن کۆچ بکەن بۆ ناوچەی نوێ. و دەبێتە هۆی لەناوچوونی زۆرێک لە جۆرەکان یان ڕەنگە ببێتە هۆى کۆچکردنیان بۆ ناوچە و سروشتى نوێ، ئەمەش گۆڕانکاری لە پێکهاتەی سروشتی ئیکۆسیستەمەکەدا دەکات و لەئەنجامدا زنجیرەی خۆراکى تێکدەدات و مەترسی داڕمانی ئیکۆسیستەمەکە ئەگەرێکى بەهێز دەبێت. لەلایەکى ترەوە جەنگ زۆرترین کاریگەرى لەسەر گاینەوەرە کێوییەکان دەبێت، و زۆرێکیان بەهۆی بیابانبوون و بەکارهێنانى چەکی کۆمەڵکوژیەوە لە ژینگەکانیان، شوێنی نیشتەجێبوونی سروشتی خۆیان لەدەستدەدەن.
٥- تێکچوونى هاوسەنگ ئیکۆسیستەمەکان: پیسبوون و لەناوچوونی ڕاستەوخۆی ناوچە سروشتییەکان هۆکارى سەرەکین بۆ تێکچوونى هاوسەنگ ژینگەیى. و ئەم تێکچوونە لە کۆتاییدا کاریگەری لەسەر بەردەوامیی سیستەمى ژینگەیی دەبێت، چونکە ڕەنگە هەندێک جۆرى زیندەوەر لە ڕادەبەدەر زۆر ئەبن، لە کاتێکدا هەندێکیتر کە زۆر پێویستن بۆ هاوسەنگی، لەناوبچن یا کەمببنەوە.
٦- گۆڕانی ئاو و هەوا: جەنگ و ململانییە سەربازییەکان ڕۆڵێکی ناڕاستەوخۆ دەگێڕن لە گۆڕانی ئاو و هەوادا، بەو پێیەی دەبنە هۆی دەردانی بڕێکی زۆر لە گازە گەرمکەرەوەکان و ماددە کیمیاییەکان کە کاریگەرییان لەسەر بەرگەهەوا هەیە. و چالاکییە سەربازییەکان سەرچاوەیەکی ناڕاستەوخۆی گازە گەرمکەرەوەکانە. و ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گەورەکان و تەقەمەنی قورس بڕێکی بەرچاو لە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و میتان و گازی کاربۆنى دیکە دەردەپەڕێنن کە گەرمبوونی جیهانى (قەتیسبوونى گەرمى) زیاتر و توندتر دەکەن، و لەئەنجامدا پرۆسەى گۆڕانی ئاو و هەوا خێراتر دەکەن. بەشێوەیەک کە لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهانى و گۆڕینی شێوازی دابارین ڕەنگ دەداتەوە و مەترسی لەسەر هەموو سیکتەرەکان دەبێت بەتایبەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو.
٧- کاریگەری جەنگ لەسەر وزەی نوێبووەکان: هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی گەرمکەرەوەکان و بەدەستهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام پێویستی بە وەبەرهێنانی بەرچاو هەیە لە سەرچاوەی وزەی نوێبووەوە. بەڵام جەنگ و ململانییە سەربازییەکان پلانی گەشەپێدانی حکومەتەکان لە ڕێڕەو دەردەهێنن، و پڕۆژەکانی وزەی پاک دوادەخەن یان تێکدەدەن و پرۆسەى خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانى ئاو و هەوا خاودەکەنەوە.
٨- بڵاوبوونەوەی پیسکەرە ئەتۆمییەکان: لە هەندێ لە جەنگەکاندا چەکی ئەتۆمیى بەکاردەهێنرێت کە دەبێتە هۆی پیسبوون بە ماددە تیشکدەرەکان، ئەمەش کاریگەری لەسەر ژینگە و تەندروستی مرۆڤ دەبێت بۆ ماوەیەکى درێژخایەن کە هەندێ جار دەگاتە سەدان ساڵ.
کاریگەریی ژینگەییەکانى جەنگ زۆر کارەساتبارن و تەنانەت لە دواى کۆتاییهێنانى جەنگ کاریگەرییە ژینگەییەکان کۆتاییان نایەت بەڵکو بەردەوام دەبن. بۆیە پێویستە هەوڵ بدرێت بۆ دوورکەوتنەوە لە ململانییە سەربازى و جەنگ، و پێویستە بەدوای ئامرازی ئاشتیانەدا بگەڕێین بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە پێناو پاراستنی ژینگە و هەسارەکەدا.