هێرشە ئاسمانیەکانی سەر ئێران لەڕوانگەی تیۆری پێنج ئەڵقەی!

٨ ئازار ٢٠٢٦ - ٢:٤٧ پێش نیوەڕۆ

پەنجەرە

ئێمە هەم لە زانستی سەربازی، هەمیش لە زانستی جیۆپۆلۆتیک چەند تیۆریێکی جیاوازی هێزی ئاسمانیمان هەیە. بەلام بە خوێندنەوە، بۆ هێرشە ئاسمانیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیڵ بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرەبانی 28 شوباتی 2026. لەوە تێدەگەین کە ئەمریکیەکان و ئیسڕائیلیەکان تیۆری پێنج ئەڵقەی Five Rings هێرشی ئاسمانیان کردۆتە بنەمای پراکتیکی بۆ ستراتیژی هێرشی ئاسمانی سەر تەواوی جوگرافیەی ئێران!

پێویستە لە سەرەتا ئەوە بزانین کە تیۆری پێنج ئەڵقە چیە؟. تیۆری پێنج ئەڵقە Five Rings یەکێکە لە تیۆرەکانی هێرشی ئاسمانی، کە لە لایان کۆلۆنیل جی واردن نوسراو. دواتر ئەم تیۆرە لە سوپای ئاسمانی ئەمریکی وەکو تیۆریێکی پڕاکتیکی لە جەنگی کەنداو دژی عێراق پەیڕەو کرا. تیۆرەکەی پێنج بازنەیە، یان بە مانیێکی تر، لە پێنج ئەڵقەیە پێکدێت و ستراتیژی خۆی لەسەر ئەم پێنج ئەڵقەیە دەباتە پێشەوە! مۆدێلی پێنج ئەڵقەی واردن چوارچێوەیەکی ستراتیژییە کە لەلایەن جۆن ئەی واردن سێیەمەوە پەرەی پێدراوە بۆ شیکردنەوەی چۆنیەتی کارکردنی دەوڵەت وەک سیستەمێکی بەیەکەوە گرێدراو لە کاتی شەڕدا پەیڕەو دەکرێت. مۆدێلەکە کە دوژمن وەک پێنج ئەڵقەی هاوسەنتەر دەخاتە ڕوو کە هەریەکەیان نوێنەرایەتی پێکهاتەیەکی گرینگی دەسەڵات و سەقامگیری نیشتمانی دەکەن! واردن پێی وایە کە ستراتیژی کاریگەر لەسەر تێکدانی گرنگترین توخمەکانی سیستەمی سیاسی و سەربازی و کۆمەلایەتی دەبێت. بەشێکی زۆری پسپۆرانی سوپای ئاسمانییش پێیان وایە، ئەم ڕێبازە ڕەنگدانەوەی دیدگای بیرکردنەوەی سیستەمەکانە لە ستراتیژی سەربازی مۆدێرن. بۆیە لێرەدا ئەمەوێت ئەوە بلێم کە کاتێک ستراتیژیەتی هێرشە ئاسمانیەکانی ئیسڕائیڵ و ئەمریکا دەبینین، ڕاستەوخۆ ئەڵقەکانی ئامانجی هێرشە ئاسمانیەکان بۆ سەر ئێڕانمان بە ڕوونی دێتە بەرچاوو. وە بۆمان دەردەکەوێت تیۆری هێرشی ئاسمانی پێنج ئەڵقە کراوەتە بنەمای هێرشە ئاسمانیەکان:

- ئەڵقەی یەکەم. سەرکردایەتی: لە ناوەندی مۆدێلەکە دایە کە سەرکردە سیاسییەکان و بڕیاردەرەکان و دەسەڵاتدارانی فەرماندەیی لەخۆدەگرێت کە بەرپرسیارن لە ئاراستەکردنی سیاسەتی نیشتمانی و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان. واردن ئاماژە بەوە ئەدات کە سەرکردایەتی گرینگترین توخمە، چونکە کۆنترۆڵی پرۆسەی بڕیاردانی تەواوی سیستەمەکە دەکات.  تێکدانی سەرکردایەتی و کوشتنیان و لەناوبردنیان دەبێتە هۆی سەرلێشێواوی و لەدەستدانی هەماهەنگی و ئیفلیجی ستراتیژی. کاتێک تەماشای یەک حەفتەی شەڕ و گۆڕەپانی شەڕ دەکەین، دەبینین کە ئامانجی کوشتنی سەرکردایەتی ئێران یەکێکە لە ئەڵقە سەرەکی و بنەڕەتیەکانی هێرشە ئاسمانیەکان، کە تاکو ئێستا زیاد لە 50 پڵە بالای سەربازی و سیاسی و ئاینی کوژراون. ڵە ناوشیاندا ڕێبەری بالا و وەزیری بەرگری و تەواوی پلە بالاکانی سوپا و ئیتلاعات بوونیان هەیە!

 - ئەڵقەی دووەم. جەوهەری سیستەم: جەوهەری سیستەم سەرچاوە و دامەزراوە سەرەکییەکان لەخۆدەگرێت کە کارکردنی دەوڵەت بەردەوام دەکەن. نموونەی بریتین لە بەرهەمهێنانی وزە، سیستەمی دارایی، توانای پیشەسازی و تۆڕەکانی پەیوەندی.  هێرشکردنە سەر ئەم سیستەمە جەوهەرییانە دەتوانێت توانای دەوڵەت بۆ پاراستنی حوکمڕانی و سەقامگیری ئابووری و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لاواز بکات! هێرشە ئاسمانیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیڵ یەکێک لە ستراتیژەکانیان لێدانە لە جەوهەری سیستەمی بەشێوەیێکی گشتی! تاکو ڕادەیێکی زۆریش لەم ستراتیژیە سەرکەوتوو بووینە!

- ئەڵقەی سێیەم. ژێرخان: مەبەستی لە لێدان لە ئەڵقەی ژێرخان بریتیە لە تۆڕەکانی گواستنەوە، ڕێگاوبان، هێڵی ئاسن، فرۆکخانەکان، بەندەر و خزمەتگوزارییەکان. ژێرخانی جووڵەی کاڵا و خزمەتگوزاری و هێزە سەربازییەکان لە سەرانسەری وڵاتدا دەکات. تێکدانی ژێرخانی ئابووری دەتوانێت لۆجستیک خاو بکاتەوە و چالاکیی ئابووری لاواز بکات و کاریگەریی هەردوو ئۆپەراسیۆنی مەدەنی و سەربازی سنووردار بکات. تاکو ئێستا چەندین فرۆکەخانەی مەدەنی و بەندەر و ڕێگاوبان و پرد کراونەتە ئامانجی. پێدەچێت ڕۆژانی داهاتووش ئەم هێرشانە بۆ سەر زۆربەی سەرخان و ژێرخانی ئێران بکەن بە ئامانج!

- ئەڵقەی چوارەم. دانیشتوان: ئاماژەیە بۆ دانیشتوانی مەدەنی کە پشتیوانی لە پێکهاتەی سیاسی و ئابووری دەوڵەت دەکەن. لە کاتێکدا کە دانیشتووان بۆ پاراستنی بەرهەمهێنان و شەرعیەتی نیشتمانی زۆر گرنگە، واردن بە گشتی ئاماژەی بەوەدا کە ستراتیژییەکان پێویستە خۆیان لە بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی هاوڵاتیانی مەدەنی بەدوور بگرن. بەڵکو ڕەنگە فشاری ناڕاستەوخۆ لەسەر دانیشتووان لە ڕێگەی پچڕانی ئەڵقەکانی دیکەوە ڕووبدات.
ئەمەش لە ڕێگای فشاری دەروونی و شەڕی دەروونی دێتە جێبەجێکردن! لە ئێستاوە ئیسرائیڵ و ئەمریکا و ئەورپاش لە ڕێگای میدیاوە ئەم ئەلقەیانە کردۆتە ئامانج، لە ڕۆژانی داهاتوشدا زیاتر دەبێت و کاریگەریێکی زۆریشی بۆ سەر سیستەمی سیاسی و کۆمەلایەتی ئێران دەبێت!

- ئەڵقەی پێنجەم. هێزی سەربازیی لە مەیدان. ئەم ئەڵقەیە ئەو هێزە چەکدارانە دەگرێتەوە کە چالاکانە بەشداری شەڕ دەکەن، وەک سوپا و هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانی. ئەم هێزانە لە کاتی ململانێدا بەرگری لە دەوڵەت دەکەن و ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام دەدەن و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان دەپارێزن.
 زۆرجار ستراتیژییەکانی شەڕی نەریتی بە پلەی یەکەم لەسەر شکستپێهێنانی ئەم هێزە سەربازییانە لە بەرەکانی شەڕدا چڕ دەبنەوە. بەڵام واردن ئاماژەی بەوەدا کە تەرکیزکردن تەنها لەسەر ئەم ئەڵقەی دەرەوە کەمتر کاریگەرە، چونکە مەرج نییە توانای دوژمن بۆ بەردەوامبوون لە شەڕ لەکاربخات. بەڵکو پێشنیار دەکات کە بە ئامانجگرتنی ئەڵقەکانی ناوەوە- بەتایبەتی سەرکردایەتی و سیستەمی ڕەخنەگرانە- دەتوانێت توانای گشتی دوژمن بۆ دەستپێکردنی شەڕ خێراتر لاواز بکات. ئەگەر لە ستراتیژیەتی دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانیەکەی ئەمجارەی ئەمریکا و ئیسرائیڵ لە بەرەبەیانی ڕۆژی 28 شوباتی 2026 ورد بینەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئەم ئەلقەیە بەجۆرێک لە جۆرەکان فۆکسەی ڵەسەر نیە، بەلکو لێدان، لەم ئەلقەیە دەکرێت حەفتەکانی داهاتوو بیگرێتەوە!

سوپای ئاسمانی ئیسڕائیڵ و ئەمریکا جگە لەم هێرشەی ئەمجارەی بۆ سەر ئێران، ئەم تیۆریەی لە جەنگی دژ بە عێراقیش بەکارهێنا لە کوێت، دوایش لەسەر تەواوی خاکی عێراقی جێبەجێکرد، هەرچەندە ئەوکات نەتوانر سەرکردایەتی عێراق بکوژرێت، بەلام ئەلقەکانی تر وەکو پڕاکتیک جێبەجێ کران، ئەمەش وایکرد ژێرخانی ئابووری عێراق بگەڕێنەوە بۆ پێش جەنگی جیهانی دووەم. بە گوێرەی ئەم لێدانەی ئەمریکا و ئیسرائیڵیش بێت ژێرخانی سەربازی و سیاسی و ئابووری ئێران دەگەڕێنەوە بۆ زیاد لە پەنجا سال پێش ئێستا. بەتایبەت دوای ئەوەی وەزیری جەنگی ئەمریکا باس لە شەش حەفتەی هێرشی ئاسمانی دەکات. بەمەش ئێران تووشی ئیفلیج بوونێکی زۆر گەورە دەکات! کە توانای هەلستانەوەشی زۆر زەحمەت دەبێت بەتایبەت لە ژێرخانی ئابووری و سەربازی!

بەلام لە بنەڕەتدا جێبەجێکردنی ستراتیژیەتی پێنج ئەلقەی خۆی دەبینێتەوە لە دوو ئاست. یەکەم بۆ خۆ ڕادەستکردنی لایەنی بەرامبەرە کە جمهوری ئیسلامیە. دووەم بۆ ئیفلج بوون تاکو کەوتنی سیستەمە لە گەڕی دووەمی لێدانی سەربازی. هەمان ئاستی دووەم بەرامبەر ڕژێمی بەعس لە عێراق بەکارهات! بە هەموو پێوەرێکی زانستی و بابەتی بێت دوای جێبەجێکردنی ئەم لێدانەش. زۆر ئەستەمە ئێران بتوانێت جارێکی تر دەستێوەردان لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و ناوچەکە بکات و هێزە بریکارەکانی بتوانن کێشەی ئەمنی و سیاسی بۆ بەرەژەوەندیەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا درووست بکەن، ئەگەر درووستیش بکەن ئەو کاریگەریە گەورەی جارانی نابێت! دەشکرێت لێدان لەم پێنج ئەڵقەیە کۆماری ئیسلامی ئێران بڕوخێنێت و دابشبوونێکیش لە جوگرافیەی سیاسی ئێران بێنێتە کایەوە.


نوێترین شرۆڤەکان