لە ئەگەری شەڕی وشکانی!
١٣ ئازار ٢٠٢٦ - ٣:٣٣ پێش نیوەڕۆ
شرۆڤە
کارەساتی ئەم جەنگە ئاسمانیە ئەوکاتە دەست پێ دەکات، کاتێک جەنگی ئاسمانی نێوان ئێران و ئەمریکا_ئیسرائیڵ بوەستێت. بەلام هاوتەریب لەگەڵ ئەم جەنگە، جەنگی وشکانی دەست پێ بکات. ئەمەش سیناریۆیێکە، کە ئەگەری ڕوودانی زۆرە. بۆیە ئەگەر فۆرمی شەڕەکە گۆڕانی بەسەر داهات. ئەوکات جەنگە وشکانیەکە ئێران، عێراق، سوریا، کەنداو و لوبنانیش دەگرێتەوە!
دەستپێکردنی ئەم جەنگە وشکانیەش، کاتێک دەبێتە ئەگەرێکی کراوە. ئەگەر دیمەشق بە هاوکاری ئەمریکا و پارەی ولاتانی خەلیج، هێرش بکاتە سەر باشووری لوبنان. ئەوکات حەشدی شەعبی عێراقیش بە ئەگەری زۆرەوە سنوورەکانی سوریا تێدەپەڕێنێت. ئەگەری دووەمیش، بریتیە لە ئەگەری دەستپێکردنی شەڕی ناوەخۆی لە ئێران. پێدەچێت ئەوکات بە فتوایێکی سیستانی دەستێوەردانی شیعەکان عێراق، لە ئێران ببێتە دیفاکتۆیێکی سەربازی بۆ پاراستنی ڕژێمی ئێرانی!
هەر یەکێک لەم دوو ئەگەرەش ڕووبدات، ئەوە کڵپەی شەڕەکە بە تەواوی ناوچەکە پەڵکێشی شەڕێکی هەرێمی دەکات، وە کاریگەری تەواوی لەسەر هەموو دونیاش دەبێت و گرژیە جیۆستراتیژیەکانیش دەگەنە بە لوتکە و هەموو ناوچەکە دەکەن بە پارچەیێک لە ئاگر! ئەوکاتیش هەردووک بەرەی شیعە و سونە بە دۆڕاوی لە شەڕەکە دێنە دەرەوە. ئەوەی سەرکەوتووش دەبێت ئیسرائیل و ئەمریکەکانن. بەلام هەردووک سیناریۆیەکە دەبنە هۆی تێکچوونی بازاڕی وزەی جیهانی و تێکچوونی ژێرخانی ئابووری و مرۆیی ئەم ناوچەیە! ئەوەش لێکەوتەی زۆر مەترسیداری دەبێت!
لە ئەگەری ڕوودانی ئەم دوو سیناریۆیدا. کوردستان بەگشتی دەبێتە بەشێک ڵە میدانی ئەم شەڕە. بەلام گرینگترین ستراتیژی سەرکەوتوو خۆ لادانی کوردە لەم شەڕە، چونکە لە ئەگەری ڕوودانی ئەم جەنگە وشکانیە. هەموو ئامانجی ئەم دوو بەرەیە تێوەگڵانی کوردە. ئەوەش کارەساتێکی گەورە بۆ کورد درووست دەکات، ئەگەر پێی بخزێتە ناو ئەم دوو ئەگەرە. بۆیە ئەوەی تاکو ئێستا کورد نەبۆتە بەشێک لەم یاریە، هەنگاوێکی پۆزەتیڤ و نیشتمانیە. گرینگتریش لەوەی ئێستا، بریتیە لە قۆناغی داهاتوودا کە بە وریایەوە هەنگاو بنێت!
ستراتیژی سەرکەتووش، بریتیە لەو ستراتیژیەی کە کەمترین قوربانی بدەیت و زۆرترین دەسکەوت بەدەست بێنیت. کورد لە پێشتر پێچەوانەی ئەم بنەما ستراتیژیە کاری کردووە. هەمیشە قوربانیەکانی زۆرتر بووینە لە دەسکەوتەکانی. بۆیە گرینگە کورد لە ئێستادا ئەم بنەما ستراتیژیە بکاتە بنەمای ستراتیژی پڕاکتیکی خۆی لە پڕۆسەی سیاسیدا!