پرۆژەى رووناکى و چەند سەرنجێک

٢٠ ئازار ٢٠٢٦ - ٦:١٨ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە

پرۆژى رووناکى کە تایبەتە بە کارەباى ٢٤ کاتژمێرى، نموونەیەکە لەسەر نادادپەروەرى ژینگەیى یا ستەمى ژینگەیى. ئەم پرۆژەیە پرۆژەیەکى سەرمایەدارییە کە بەسەر حکومەت سەپێنرا و خاوەندارێتى ئەگەڕێتەوە بۆ کەسانى دەسەڵاتدارى نێو حکومەت، وقازانجەکەى نازانرێ ئایا دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتى دارایى یا نا؟!. جگە لەوەش سووتەمەنى و گازى سروشتى بەبێ بەرامبەر بۆى دابیندەکرێت لەلایەن حکومەتەوە، و ئەو سووتەمەنى و گازە سروشتییە موڵکى هەموو خەڵکى کوردستانە کە دەبێ ئەو کارەبایە یا بەبێ بەرامبەر یا بەنرخێکى رەمزى بدرێتە هاوڵاتیان، کەچى بارگرانییەکى زیاترى خستووەتە سەرشانى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان. 

و ئەم پرۆژەیە هیچ ژێرخانێکى تۆکمەى بۆ دروستنەکراوە، و ڕاى پسپۆرانیان بەلاوە گرنگ نەبوو جگە لەو بەناو پسپۆرانەى کە سەر بەدەسەڵاتن و لە پێهەڵدان وگەورەکردنى پرۆژەکە زیاد لەقەبارەى خۆى هیچ ڕەخنەیەکى زانستییان لەسەر پرۆژەکە نەبوو. و حکومەت زۆر پەلەی بوو لە جێبەجێکردنى و سەپاندنى بەسەر هاوڵاتیاندا، لە ئەنجامدا کەمکورتییەکەى لەماوەى کەمتر لە ساڵێکدا دەرکەوت، و بەڵگە لەسەر ئەوە پەکخستنى پرۆژەکەیە لە یەکەم ساتى دەستپێکردنى جەنگى نێوان ئیسرائیل-ئەمریکا و ئێران، و دووبارە حکومەت و لایەنەپەیوەندیدارەکان پەنایان بۆ خاوەن موەلیدە کارەباییەکان برد بۆ دابینکردنى کارەبا بۆ هاوڵاتیان. لە کاتێکدا گەورەترین ستەم بەرامبەر بە خاوەن مولیدەکان کرا و هیچ حسابێکیان بۆ نەکرا لەکاتى بەکارخستنى پرۆژەى رووناکى. چونکە لە ڕووى ئاکارەوە و بەمەبەستى فەراهەمکردنى دادپەروەرى ژینگەیى و دادپەروەرى لە گۆڕانى ئاو و هەوا، پێویستە پرۆسەى گواستنەوە لە بەکارهێنانى جۆرێکى ووزە بۆ جۆرێکى تر، دەبێت لەسەر بنەماى گواستنەوەى دادپەروەرانە و هاوسەنگ بێت. و ئەو کارمەند و کرێکارانەى لە پرۆژەى پێشووتردا کاریان دەکرد نابێ بێ کار و بێ بەش بکرێن لە پرۆژەی نوێیەکە. 

موەلیدە کارەباییەکان یەکێکن لە سەرچاوە پیسکەرەکانى ژینگەى هەرێمى کوردستان و عێراق و کاریگەرى ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر ژینگە و تەندروستى هاوڵاتیان. بەڵام حکومەتى هەرێم ئەگەر مەبەستى چارەسەرکردنى گرفتى پیسبوونى ژینگە و تەندروستى هاوڵاتیان بووایە کە لە ئەنجامى بەکارخستنى مولیدە کارەباییەکان دروست دەبێت، ئەوە هەنگاوى دیکەى گرنگتر هەن کە دەبووایە حکومەت دەستى بۆ ببات. لەوانە کەمکردنەوەى هاوردەکردنى ئۆتۆمبێل، کە لە ئێستادا ژمارەى ئۆتۆمبیلەکان و ژمارەى دانیشتووانى هەرێم خەریک نزیک دەبنەوە لە یەکتر. هەر بەپێى داتاکانى ساڵى ٢٠٢٤، زیاتر لە دوو ملیۆن و سێ سەد و حەفتا هەزار ئۆتۆمبێل لە هەرێمى کوردستان هەبووە و مانگانە لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە دە هەزار ئۆتۆمبێل تۆماردەكرێن، کە ئەمە کارەساتێکى ژینگەیى گەورەیە کە دەبی حکومەت ڕێگرى لە هاوردەکردنى ئۆتۆمبیل بکات، بەڵام لەبەر ئەوەى هەندێ بەرپرسی بازرگان و سەرمایەدار کۆمپانیاى تایبەتیان هەیە بە هاوردەکردنى ئۆتۆمبیل بۆیە دەستى بۆ نابرێت بە هیچ شێوەیەک و هەر باسیش ناکرێت.

هەروەها هەنگاوێکى تر کە حکومەت دەیتوانى بۆ پاراستنى ژینگە بیگرێتەبەر لەبرى پرۆژەى رووناکى، داخستنى پاڵاوگە نایاساییەکانە، کە ژمارەیان زیاتر لە ١٧٠ پاڵاوگەیە و بەرپرسی سەرەکین لە پیسبوونى ژینگەى هەرێم بەتایبەتى پیسبوونى هەوا. ئەو هەموو پاڵاوگانە ئەگەر بەرپرسی نێو دەزگا حکومییەکان خاوندارێتى نەکەن ئەوە بەلانى کەمەوە شەریکن تێیاندا. بۆیە لەبەر خاترى ئەو بەرپرسانە دەست بۆ پاڵاوگەکان نابرێت. ولەبیرمان نەچێ کە ئەو پاڵاوگانە خراپترین جۆرى سووتەمەنى (بانزین و گازوایڵ) لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەرهەمدەهێنن کە خراپترین کاریگەرى لەسەر ژینگە و تەندروستى هاوڵاتیان هەیە، و هیچ لێپێچینەوەیەکیان لەگەڵ ناکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا بەگرانترین نرخ سووتەمەنى دەفرۆشنە هاوڵاتیان کە زیاترە لە دوو هێندەى نرخى سووتەمەنی لە ناوچەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق. لەکاتێکدا لە ڕووى دادپەروەرى ژینگەییەوە و لە ڕووى بەها ئەخلاقییەکانەوە دەبێت هەموومان هەممان چانسمان هەبێ لە سوودوەرگرتن لە سامانە سروشتییەکان، کە بەداخەوە سەرچاوە سروشتییەکان تەنها بەردەستن بۆ سەرمایەدار و دەسەڵاتدارانى نێو حکومەت.

بۆیە هەر پرۆژەیەک کە دروست دەکرێت پێویستى بە ئامادەکارى وپلاندانان هەیە لەگەڵ دەستنیشانکردنى خاڵە بەهێز و خاڵە لاوازەکان، هەروەها دروستکردنى ژێرخانێکى بەهێز بۆ بەردەوامدان بە پرۆژەکە و دانانى جێگرەوە و چارەسەرى ئانى لەکاتى دروستبوونى هەر گرفتێکى نەخوازراودا.


نوێترین شرۆڤەکان