گەرووی هورمز: زیندانییەکی جیۆپۆلۆتیکی لەسەر دەریایەک لە وزە
١١ نیسان ٢٠٢٦ - ٩:٤٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە ڕوانگەی جیۆپۆلۆتیکییەوە (پەیوەندی نێوان جوگرافیا و دەسەڵات)، ناوچەی کەنداو تەنها ناوچەیەکی جوگرافی نییە، بەڵکو "بڕبڕەپشتی وزەی جیهانە" کە تێیدا تەنها لەسەر ٣٪ـی خاکی زەوی، نزیکەی ٥٠٪ـی یەدەگی نەوتی کۆنڤێنشناڵ (نەوتی ئاسایی کە دەرهێنانی ئاسانە) و ٤٠٪ـی گازی جیهانی تێدا چڕبووەتەوە.
ئەم چڕییە بێوێنەیەی هایدرۆکاربۆن (پێکهاتە کیمیاییەکانی نەوت و گاز)، کە لە ئەنجامی بەیەکدادانی ٣٥ ملیۆن ساڵەی پلێتە تێکتۆنییەکانی (پارچە گەورەکانی پێکهاتەی زەوی) عەرەبی و ئەوراسیا دروست بووە، هاوکێشەیەکی دژبەیەکیان خوڵقاندووە؛ لە لایەک کێڵگەی "سەپەرگیانت"ی (کێڵگە یەکجار زەبەلاحەکان) وەک غەوار لە سعوودیە (بە پتر لە ٧٠ ملیار بەرمیل) و کێڵگەی گازی ساوس پارس-نۆرس فیڵد (بە ١٣٠٠ تریلیۆن پێ سێجا) بوونەتە سەرچاوەی دەسەڵات، بەڵام لە لایەکی ترەوە ناوچەکەیان کردووەتە خاڵێکی گەرمی ململانێی توند بۆ کێشە نێودەوڵەتییەکان.
شیکارییە، دەریدەخەن کە هێزی ئەم ناوچەیە تەنها لە بوونی پتر لە ٣٠ کێڵگەی سوپەرگیانتدا نییە، بەڵکو لە "کوالێتی بەردەکاندایە کە سەرچاوە هایدرۆکاربۆنییەکانیان تیادا دروست بووە (Source Rocks) وەک پێکهاتەکانی حەنیفە، توەیق و کەژدومی، کە ڕێژەی ماددەی ئەندامییان دەگاتە ١٣٪، ئەمەش وایکردووە بیرە نەوتەکانی ئەم دەڤەرە ٢ بۆ ٥ هێندەی بیرەکانی ڕووسیا و دەریای باکوور توانای بەرهەمهێنانیان هەبێت.
ئەم هەیمەنە سروشتییە، جیۆپۆلۆتیکی وزەی ناوچەکەی بەستووەتەوە بە "ئاسایشی ڕێڕەوەکان"، بەتایبەت گەرووی هورمز، کە وەک دەمارێکی حەیاتی وایە بۆ ئابووری جیهان.
لە کاتێکدا لێکۆڵینەوەکانی وەک ئەوەی دامەزراوەی (USGS - ڕووپێوی جیۆلۆجی ئەمریکا) لە ٢٠١٢ ئاماژە بە هەبوونی ٨٦ ملیار بەرمیل نەوت و ٣٣٦ تریلیۆن پێ سێجا گازی "نەدۆزراوە" دەکەن، ململانێکانی وەک جەنگی ئێران و ئیسرائیل-ئەمریکا دەریدەخەن کە وزە لەم ناوچەیەدا چیتر تەنها کاڵایەکی بازرگانی نییە، بەڵکو چەکێکی سیاسییە. بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای "فراکینک" (Fracking - شکاندنی بەردەکان بە پەستانی ئاو بۆ دەرهێنانی نەوت) و بیرە ئاسۆییەکان لەلایەن سعوودیە و ئیماراتەوە، نیشانەی هەوڵێکی جیۆستراتیژییە بۆ پاراستنی ئەم پێگەیە لە بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی بازاڕی وزەی ئەمریکادا.
لە کۆتاییدا، جیۆپۆلۆتیکی کەنداو پێمان دەڵێت کە ئەم ناوچەیە "بەنەفرەتکراو و پیرۆزکراوە" بە نەوتەکەی؛ چونکە هەمان ئەو هێزە تێکتۆنییانەی چیاکانی زاگرۆسیان بەو شێوە شکاو و قۆقزە نەخشاندووە بۆ کۆکردنەوەی نەوت، هەمان ئەو هێزانەن کە ناوچەکەیان کردووەتە گۆڕەپانی جەنگە بەردەوامەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕێڕەوی هەناردەکردنی ئەو وزەیە.