ناوەرۆكێ پرۆژە یاسای زۆرەملێی چییە؟
١٨ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:١٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
كێی دەگرێتەوە؟
سودو زیانی؟؟
تێڕوانینی رەوانشاد (نەوشیروان مستەفا) چیبوە بۆ پرسی زۆرەملێی سەربازی؟
هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە؟؟
مەترسیەكانی چین و رێگری هەیە؟؟
هەوڵمانداوە لەم نوسینەدا وەلامی هەموو پرسیارەكان بدەینەوە
چۆمان محەمەد لە شرۆڤەیەکدا بۆ پەنجەرە
پڕۆژەى زۆرەملێى سەربازى لە هەرێم پیادە دەکرێت ؟؟
حكومەتی ناوەندى لە ساڵى ۲٠۲۱ پرۆژە یاسای زۆرەملێی سەربازی ئامادەكردوە بەناوی (خزمەتی ئاڵا)، ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كردوە بۆ دەرچواندنی و پەسەندكردنی،ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەرنامەی كاری رۆژی ۲٠۲٦/٤/۱۹ راگەیاند، بەرنامەی كار لەو رۆژەدا بریتییە لە خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازە یاسای (خدمة العلم)،ئەم پرۆژەیاسایە تایبەتە بە خزمەتی زۆرەملێی سەربازیی،ئەم پرۆژەیە لەخولی رابردوی پەرلەمانی عێراقیش هاتەبەرباس وقسەی لەسەر كرا ،بەڵام دەرئەنجامی نەبو،پیكهاتەی سونە لەرێی سەرۆكی پەرلەمانەوە زیاتر بەدواوی بابەتەكەوەیە..
ئەم پرۆژەیە پوختەكەی بریتیە لە پابەندكردنی هەموو هاوڵاتییەكی عێراقی لەنیوان تەمەنى ۱۸ سال بۆ ٤٥ ساڵ لەرەگەزی نێر، كەتیایدا هاوڵاتی عێراقی پابەند دەكرێت بە سەربازیكردن بۆ ماوەیەكی دیاریكراو كە بەپێی بونی بڕوانامەی كەسەكە ماوەی سەربازیكردنیان دەگۆڕێت ١٨ مانگ بۆ بێ بڕوانامەكان و سەرەتاییەكان ،۱۲ مانگ بۆ بروانامەی ئامادەی و ۹ مانگ بۆ بەكالۆریۆس و ٦ مانگ بۆ ماجستەر تا بەپێی رێژە كەمدەكرێتەوە بۆ ۳ مانگ بۆ بروانامەی دكتۆرا، ئەم پرۆژەیە زۆر بڕگەو ماددەی تێدایە باسی ئەوكەسانە دەكات ئەم خزمەتە نایانگرێتەوە لەگەڵ دواخستنی خزمەت و بڕگەی سزاكان،بەدیلەكان ،كە لەئێستادا پێویست نین و زیادەیە قسەكردن لەسەری.
هەرێمی كوردستان و پرۆژەی زۆرەملێی سەربازى!!
حكومەتی عێراق لەكابینەی رابردو زۆر جدی بوو و مەبەستی بو وەك دەوڵەت و دەسەڵاتی حصری بەپێی مادەی ۱۱٠ دەستوری عێراق هەنگاوی زۆرەملێی سەربازی پیادە بکات،بەئیساشەوە پەرلەمانی عێراق لەئامادەكاریدایە،بەپێی مادەیی ۹ی دەستوریش ئاماژەی پیدراوە، ئەم پرسە تەنها بۆ ناوەراست و باشوری عێراق نیە بەپێچەوانەوە بۆ هەموو عێراقە بە هەرێمی كوردستانیشەوە،بۆیە لێکەوتەوكاریگەری راستەوخۆی لەسەر هەرێم دەبێت، گرنگە حیزبەكان و دەسەڵاتەكانی هەرێم هەر لەئێستاوە رای خۆیان هەبێن سود و زیانی پرۆژەكە چیە؟ ئایا مەترسی نیە بۆ كورد وەك پێكهاتە؟ ئایا تاكی هەرێمی كوردستان وەك هاوڵاتی تاچەند پێویستی بەم پرۆژە یاسای زۆرەملێ دەبیت؟ ئایا دۆخی ناوخۆی عێراق وناوچەكە چی دەڵێت،كە ئێمە وایدەبین گەر لایەنی ئیجابی ئەم بیرۆكەیە ببینین بیرۆكەی سەربازی زۆرەملێی یەكجار پێویست وگرنگە، ئامرازێكی كاریگەرە بۆ لاوازكردنی هەژمون و پێگەی حیزب لە نێو هێزە سەربازییەكان، هەروەها دەروازەیە بۆ رێكخستنی هێزی چەكداری و راهێنانیان بەشێوەی سەردەمیانە، سەرباری ئەوەی چەندە رێگایەكی كاریگەرە بۆ دوبارە بنیادنانەوەی تاكی بەرپرس وخەمخۆر وهەستكردن بەبەرپرسیارێتی و زیادكردنی ئینتیمای نیشتیمان و دامەزراوەكان، هەروەها جۆرێك لەدورخستنەوەی لاوان و گەنجانی هەرێم وعێراقە لە بێكاری و سەرقاڵی بەكاری خراپ و تێكدەرانی خێزان و كۆمەڵگەپێویستە دامەزراوەكانی هەریم (وەزارەتی پێشمەرگە)قسەی جدی هەبێت بۆئەم پرسە..
گەرپرۆژەكە وەك خۆی جێبەجێببێت و نەبێتە كارتی سیاسی و ململانێی حیزبی،شەری تایفی،رۆڵی گەورەی دەبێت لە گۆرینی تێروانین و بۆچون و شوناسی ئەرك ومهامی هیزی چەكدار، كەپێناسەی سادە بۆ ئێستا یان تەنها بریتیەلەوەی ئێمە خاوەنی هێزی نیشتیمانی و سەردەمیانە و مەدەنیانە نین.
نەوشیروان مستەفا وپرۆژەی زۆرەملێی سەربازی!!
پرۆژەی بەزۆر سەربازیكردن خەون و دنیابینی و باوەری راستەقینەی ئەوكاتی بزوتنەوەی گۆران و ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا بوە كە پێی وابو سود وقازانجی گەورەی هەیە بۆ تاكەكانی كۆمەڵگاو ڕێكخستنەوەی هێزەكان و چاكسازی راستەقینە لەوسێكتەرەدا،بۆ دوبارە بنیادنانەوەی هەستی نیشتیمانی وبەرپسیاریەتی لای گەنج وتاكی كورد، هەر لەسەر ئەو بنەمایە لەسەروبەندی دەستپێكی شەری داعشدا پرۆژەیەكی ئامادەكرد لەریی وەزیری ئەوكاتی پێشمەرگە بەریز (مستەفا سەید قادر)رادەستی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێم وهیزە چەكدارەكان بەرێز (مەسعود بارزانی )كردوسەرۆكی حكومت كرا، بەڵام نەكاری پێكرا نە بەهەند وەرگیرا..
رێگری و زیانەكانی پرۆژەكە!!
هیچ پرۆژەیەك بێ كەموكوری وكەلێن نیە، بەتایبەت پرۆژە یاسایەكی گرنگی لەم چەشنە كە رەهەندی سەربازی و ئەمنی و ئیستخباراتی و دارایی و كۆمەڵایەتی هەیە، پرۆژە یاسای زۆرە ملێی سەربازی ئاسان جێبەجێ نابێت رێگری و لەمپەری دەبێت، حیزبەكانی عێراق و میلیشیاكانیان پیشبینی كراوە زیاتر ئەو خەڵكە بنێرنە دەورەكان لەسەرەتادا كە نزیكی خۆیانن و موچەییان بۆ دابین دەكەن وەك كاسبی دۆزینەوە، ئەم پرۆژەیە ئاسان جێبەجێ نابێت بودجەو پارەیەكی زۆری دەوێت، ئایا عێراق
ئامادە دەبێت خەرجی و پارە بۆ ئەم بابەتە لە هەرێم خەرج بكات؟، دواتر ترسێك هەیە لەوەی دوای ئەم هێزەی راهێنان و شیاندنیان پێدەكرێت لەململانێ ناوخۆی هێزەكان بەكاربێت هەرچەندە ئاسان نیە رودانی ئەمەش، بەڵام ترسەو عێراق پێشبینی كراوە هەموی روداوێكی تیا روبدات.