کاندیدەکەى تاران و قائانى
٢٨ نیسان ٢٠٢٦ - ٧:٣٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
* کاندیدەکەى ئیسماعیل قائانى و فالح فەیاز لە پشتى پەردەى مێزە خڕەکەى چوارچێوەى هەماهەنگى بڕیارى لێدرا و هەمووشیان بەرەغبەت یان زەخت پیرۆزباییان پێ وت، ئێستا تاران کاندیدەکەى دیاریکرد و ماوەتەوە ئەمەریکا پیرۆزبایى لێ بکات، ئەم هەنگاوەش لەم هەلومەرجە دژوارەى ئێراندا کارتێکى ترى سەرکەوتنە، کە هەمیشە براوەى یەکەم بوە.
* لە خراپترین بارودۆخى خۆیدا، تاران، وەکو چۆن لە هەڵبژاردنەکانى عێراقدا (2025)، باشترین دیزاینى کرد (بە بردنەوەى (187) کورسى، گوێ نەگرتن لە فشارەکانى ئەمەریکا بە تێکهەڵکێشکردنى لیست و گروپەکانى موقاوەمەى وەلائى ئێرانى کە لە لیستى تیرۆرى ئەمەریکادا بوون، وەکو (کەتیبەکانى سەید شوهەداى ئەبو ئالاء وەلائى بەناو لیستى (منتصرون)، (6) کورسى لەناو (هاوپەیمانێتى دەوڵەتى یاساى مالیکى) بەدەستهێنا. (کەتیبەکانى حیزبوڵڵاى حمێداوى - مؤنس) بەناوى لیستى (حقوق) بە (6) کورسى). لە کۆى گشتى دا گروپى موقاوەمە (77) کورسى بردۆتەوە، کە ئەمەریکا پێى وابوو نابێت بەشدارى پڕۆسەى سیاسى لە عێراقدا بکەن، سوپرایزى هەڵبژاردنەکانیش غەزعەلى دۆستى تاران و نەیارى واشنتۆن بە لیستى (صادقون)، (27 کورسى) مسۆگەر کرد، بە پڕکردنەوەى شوێنى موقتەدا سەدر و دروستکردنى ئەڵتەرناتیڤ...) ئەوەش گەورەترین سەرکەوتنى ئێرانییەکان بوو.
* بەم سیناریۆ ئێرانییە، ئەمەریکا لە عێراقدا دووەم شکستى تۆمارکرد و ساغبوە کە تا عێراقى شیعى و هەتا تاران بمێنێ گەر مەیدانى ململانێکانیشیان بێت، هەرگیز نابێتەوە بە هى ئەمەریکا، ململانێى گەروى هورمزى بەبێ دەنگى لە بەغدا درێژە پێداوە وەکو چۆن لە لوبنانیش دەوڵەتى دەستەمۆ و بێ کاریگەرى خستۆتە ناو هاوکێشەکانەوە، لە کۆتایشدا زەیدى دۆست و هاوبەشى غەزعەلى و فەیازى نەیارى ئەمەریکاى کردە سوپرایز.
* عەلى زەیدى، کە خواردنى سوپاى عێراق و گروپەکانى حەشدى شەعبى و موقاوەمە ساڵانە بە (3) ملیار دۆلار دابیدەکات، بەشێکە لە تۆڕى ئابوورى و سپیکردنەوەى پارە و ڕایەڵەى پتەوى ئابوورى لەگەڵ سوپاى پاسداران. کۆمپانیاکانى ناوبراو بەشە خۆراک (بایەعى) خەڵکى عێراق و کوردستان دابیندەکات (ئەو بەشە خۆراکە جوانە...!؟)
* ئەمەریکا بانکەکەى زەیدى دەخاتە لیستى ڕەش، (30) ملیار دۆلار خەڵات بۆ کوشتنى (ئەحمەد حمێداوى- سەرۆکى کەتیبەکانى حیزبوڵڵا، ئەبو ئالاء وەلائى- سەرۆکى کەتیبەکانى سەید شوهەدا، حەیدەر مەزهەر ساعدى- سەرۆکى کەتیبەکان ئەنساروڵڵاى ئەوفیاء)، ئەم هەنگاوانە جگە لە ڕۆتین، پاشەکشە و شکستى گەورەى واشتنتۆن لە عێراقدا هیچى تر نییە، لە کاتێکدا ڕێک بە پێچەوانەوە تاران هەنگاوى کردارى و واقیعى بەدانانى عەلى زەیدى دەنێت، بەم خوێندنەوە و هەنگاوانەى کە لە بەردەستماندایە، دیارە کە تاران تا ئێستا کارەکتەرى سەرەکى ئاڵوگۆڕەکانى عێراق-ە.