دادگاییکردنێکی بەئەسپایی! بۆ تاوانبارێکی ئەنفالی وەک عەجاج لە گەرمیان حوکم نەدرێت؟!

٢ ئایار ٢٠٢٦ - ٢:٤٥ پاش نیوەڕۆ

سەنگەر رسول

بەدواداچوون بۆ دادپەروەری دوای جینۆساید تەنها پرسێکی پەیوەست بە ڕێکارە یاساییەکان نییە؛ بەڵکو کارێکی قووڵی بونیادنانەوەی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییە. لەگەڵ نزیکبوونەوەی دادگاییکردنی عەجاج ئەحمەد حەردان، یەکێک لە داڕێژەرانی سەرەکی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال، عێراق و هەرێم لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژووییدایە. بڕیاردان لەسەر شوێنی بەڕێوەچوونی ئەم دادگاییکردنە دیاری دەکات کە ئایا پرۆسەکە دەبێتە کەناڵێکی ڕاستەقینە بۆ سارێژکردنی برینەکان، یان وەک کارێکی بیرۆکراسی دوورەدەست لە هۆڵێکی دادگای بەغدا دەمێنێتەوە؟ 

وانەکان لە ڕوانداوە بۆ بەغداد

بۆ تێگەیشتن لە پێویستی دادگاییکردنێکی خۆجێیی، دەبێت سەیری دادگاکانی گاکاکا لە ڕواندابکەین. گاکاکا ووشەیەکی کینیایی-ڕوانداییە بەواتای گیا دێت و دادگایکردنەکەش وەکو دادگایی کردنی سەر گیا تەرجومەکراوە! ئەمەش بۆیە دروست بوو، دوای جینۆسایدی ساڵی 1994، ڕواندا بە مەبەست دادگاییکردنەکانی برد بۆ ناو ئەو کۆمەڵگایانەی کە کۆمەڵکوژییەکانی تێدا ڕوویدابوو . هەندێکجار تەنها بە دووریی چەند هەنگاوێک لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانەوە، دادگاییکردنەکان ئەنجام دەدران. ئامانجەکە ڕوون و ئاشکرا بوو کە دادپەروەری دەبێت بینراو و ناوخۆیی بێت، ئەگەرنا مەترسی ئەوەی لێدەکرێت ببێتە شتێکی تیۆری و نامۆ بۆ ئەو کەسانەی کە بڕیارە بەشێک لەزامەکانیان تیمار بکرێن. زانایانی یاسایی جەختیان لەوە کردووەتەوە کە میکانیزمەکانی لێپرسینەوە شەرعیەتی زیاتر بەدەستدەهێنن، کاتێک ڕزگاربووان دەتوانن ڕاستەوخۆ گەواهیدەر و بەشداربن تێیاندا، نەک لە دوورەوە چاودێری بکەن. بۆ ڕزگاربووانی ئەنفال کە تەماشایان دەکرد کاتێک منداڵ و پیرەکانیان دەبردران تا لە بیابانەکانی عێراقدا بە زیندوویی بنێژرێن! ئەوا دادگاییکردنی "جەلادەکەیان" پێویستییەکی ڕۆحییە کە پێویستی بە نزیکی فیزیکی هەیە.

قەیرانی لەپێشینەیی دامەزراوەیی

جێگەی گاڵتەجاڕییەکی تاڵە کە ئێمە لە هەرێم زۆرجار بە خێراییەکی زۆر بۆ بەرژەوەندی سیاسی دەجوڵێین، بەڵام لە پرسەکانی پەیوەست بە کارەساتی نیشتمانیدا پەکمان دەکەوێت. لەم دواییانەدا بینیمان کە گۆڕانکاری و گواستنەوەی کەیسە سیاسییە کەسییەکان لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر، زیاتر لەم کەیسە نیشتمانییە سەرنج و سەرچاوە دەزگاییەکانی ڕاکێشا! جێگەی نیگەرانییەکی قووڵە کە وزەیەکی لۆجستی ئاوا بۆ ململانێ سیاسییە ناوخۆییەکان خەرج دەکرێت، لە کاتێکدا کەیسێکی بەم قەبارەیە — کەیسێکی نیشتمانی پەیوەست بە مانەوەی گەلی کورد — بە بێدەنگییەکی پێشوازی لێدەکرێت!

چۆن دەکرێت دادگاییکردنەکە بگوازینەوە! 

هێشتا درەنگ نییە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەمە. پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان (KRG) و دەسەڵاتی دادوەری هەرێم دەستبەجێ لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق هەماهەنگی بکەن بۆ داکۆکیکردن لە گۆڕینی شوێنی دادگاییکردنەکە. بۆ پاشەکەوتکردنی کات و دەربازبوون لە ئاڵۆزییەکانی گواستنەوەی دەسەڵاتی یاسایی بە تەواوی، دەکرێت "گۆڕینی هۆڵی دادگاییکردن" بە شێوەیەکی پراکتیکی جێبەجێ بکرێت.

دەکرێت دادوەران، پارێزەران و کارمەندانی سەرەکی دادگای بەغدا بە شێوەیەکی کاتی بگوازرێنەوە بۆ هۆڵێکی دادگا لە سلێمانی یا لەگەرمیان. ئەمە چوارچێوەی یاسایی فیدراڵی دەپارێزێت و لە هەمان کاتدا دڵنیایی دەدات کە دادگاییکردنەکە کەهەموو ڕوویەکەوە دادپەروەرانەیە. گەرووها ئەم ئامانجانەش دەپێکێت:

١. دادگاییکردنەکە مانابەخشترو دادپەروەرانەتر دەبێت بۆ ڕزگاربووان و خێزانی ئەنفالکراوان.
 
٢. بە شێوەیەکی گشتی دیکۆمێنت بکرێت، لە ڕێگەی میدیاکانەوە بۆ ئەوەی تاوانەکانی ئەنفال بە بیری جیهان بهێنرێتەوە.
 
٣. لە ڕووی سیمبۆلییەوە بەهێز دەبێت و ئەمەش دەبێتە سەرچاوەی وەبیرهێنانەوە کارەساتەکە و وەبیرخستنەوەی مرۆڤایەتی لەو تاوانە.

بۆیە دادپەروەری نەک تەنها دەبێت لەشێوەی ئاسایی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بەڵکو دەبێت لەلایەن ئەو کەسانەی کە زۆرترین ئازاریان چەشتووە ببینرێت کە ئەنجام دەدرێت. هێنانەدی دادگاییکردنی عەجاج ئەحمەد حەردان بۆ هەرێمی کوردستان و تاکە ڕێگەیە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە دادپەروەرییەکە سروشتی ڕاستەقینەی خۆی وەردەگرێت و حقەی خۆیەتی لەسەر خاکی گەرمیانییەکان بەسزای خۆی بگات!


نوێترین شرۆڤەکان