ئاستەنگەکانی بەردەم سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق
٢ ئایار ٢٠٢٦ - ٢:٤٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
پاش تێپەڕبوونی یەک ڕۆژ لەوادەی دەستوری و یاسایی، دوای قۆڵبادان و ژانێکی توندی نێوماڵی شیعی، لە کۆتایدا بە واژۆی ٩ ئەندام لە کۆی ١٢ ئەندامی نێو چوارچێوەی هەمەهەنگی هەڵۆکە لەسەر شانی (علی فالح زەیدی) نیشتەوە و بووە ڕاسپێردراوی سازان و تەوافوقی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی کابینەی هەشتەمی چوارچێوەی ھەماھەنگی و تەواوی عێراقییەکان بە کورد و سونەوە. ئاماژەکان ئەوەمان پیشان ئەدەن کە ئێرانیەکان لە پشتی پەردەوە زۆر بە زیرەکانە دەستیان هەبووە لە دەستنیشانکردن و هێنان و بردنی ناوەکانی تر تا گەیشتووە بەم ناوە سازان لەسەر کراوەی ئێستا. هەر ئەمڕۆ ئەمریکاش لە ڕێگەی باڵوێزخانەکەی لە بەغداد هیوای سەرکەوتنی بۆ علی زەیدی خواست لە پێکهێنانی کابینە حکومیەکەی لە ماوەی دیاریکراوی دەستوری، ئەمەش مانای ئەوەیە کە ئەمریکا هیچ ڤیتۆیەکی لەسەر ڕاسپاردنی ناوبراو نیە و لە فلتەری ئەوانیشدا دەرچووە. ئەمەوێت بڵێم علی زەیدی وەک گەنجترین ڕاسپێردراو بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی داهاتووی عێراق ئەگەر بتوانێت لە ماوەی دەستوری کە بۆی دانراوە (٣٠ ڕۆژ) وەزیر و بەرنامەی کابینە وزاریەکەی بەرێتە بەردەم پەرلەمانتاران و بە زۆرینەی سادە (١٦٥ دەنگ) تێپەڕێت، دەبێت بە گەورەترین دەرفەت و دەستکەوت بۆ ئەوەی لەو چوار ساڵەی خۆی و کابینە حکومیەکەی عێراق و عێراقییەکان لە ڕووی سیاسی، دارایی و سەربازی هتد لە قۆناغی نادیار و قەیرانی دارایی و سیاسی و سەربازیەوە بگۆزێتەوە بۆ قۆناغێکی باشتر و سەقامگیر تر و ببێت بە ناوێکی درەوشاوە.
لە لایەکی ترەوە لە ئەستۆگرتنی کابینەیەکی ٢٢ یان ٢٣ وەزیری لە لایەن گەنجێکی تەمەن چل ساڵی دوور لە پێشینەی کاری سیاسی و سەربازی بەرپرسیارێتیەکی سیاسی ئیداری مێژووی پڕ لە ئاستەنگ و ئاڵەنگارییە بۆی، بەتایبەت لە دەوڵەتێکی فرە کێشەی وەک عێراق، کە خودی وڵاتەکە خۆی بووتە ماکینە و سەرچاوەی کێشە و ئاڵۆزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. یەکێک لە هەرە ئاستەنگەکانی بەردەمی علی زەیدی بریتیە لە خودی هێزە شیعەکانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی هەرچەندە بە دەنگ و واژووی ئەوان ڕاسپێردراوە، چونکە زۆرینەی ئەو هێزە شیعیانە لە دەرەوەی سوپای یاسایی و دەستوری دەوڵەتی عێراق میلیشیا و هێزی چەکداری تایبەت بە خۆیان و بەرژەوەی سیاسی سەربازی دارایی قوڵیان هەیە ئامادەنین دەستبەرداری ببن، واتا لەهەر شوێنێک سەرۆک وەزیران لەبەرژەوەنۆییەکانی ئەو هێزە سیاسییەکانە بدات ڕووبەڕووی دەبنەوە و تا سەندنەوەی متمانە لە خۆی و کابینە وزاریەکەی لەگەڵی ئەڕۆن، بەتایبەت هێزەکانی بەرەی مقاومە لەکۆی ١٨٧ کورسی شیعەکان، ٧٧ کورسیان ڕاستەوخۆ لە ژێر کۆنترۆڵی ئەواندایە، کەوابێ سەرۆک وەزیران دەبێت زۆر بە حەکیمانە مامەڵە بکات و خۆی بەدوور بگرێت لە هەر ڕووبەڕوو بوونە و لێدوانێکی ڕاستەخۆ ببێتە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی هێزە چەکدارە توندڕەوە وەلائییەکانی نزیک لە ئێران.
قەرزە کەڵەکەبووەکانی عێراق و قەیرانی دارایی و کەمی فرۆشی نەوت و کەمی سەرچاوەی دارایی نانەوتی یەکێکی ترە لە ئاستەنگەکان، لە ئێستادا دۆخی دارایی خراپە و بەرەو خراپتریش دەچێت بە هۆی شەڕی ٤٠ ڕۆژەی ئەمریکا - ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و داخستنی گەرووی هورمز لە ١/ مانگی ئازاری ئەمساڵەوە چونکە عێراق لە پێش جەنگ ڕۆژانە زیاتر لە ٣.٣ سێ ملیۆن و نیو بەرمیل نەوتی فرۆشتووە بە کەشتی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە، ئەمە جگە لەو چەند هەزار بەمیل نەوتەی لە ڕێگەی بۆری نەوتی (کوردستان-جیهان)ەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان ئەینێردرێت. حکومەتی عێراق لە ڕێگەی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) مانگانە سەروی ١٠٠ سەد ملیۆن بەرمیل داهاتی نەوتی هەبووە، بەشی هەرەزۆری ئەو داهاتەش لە ڕێگەی مووچە دەدرێت بە هاوڵاتیان کە بڕەکەی زیاترە لە ٨.١ تریلیۆن دینار مووچە بەڵام ئەوەی چانسی داوە بە ئەم ڕاسپێردراوەی کابینەی شەشەمی حکومەتی عێراق ئەوەیە بە بازرگان (رجل أعمال) ناوی ئەبێت واتا ئەم پیاوە سەرقاڵی بازرگانیە لە ئێستادا و خاوەنی چەندین بسنسی گەورەیە لە ناو عێراق، ئەمەش چانسی ئەوەی پێدەدات ببێت بە پیاوێکی خاوەن ئەزموون و سەردەرچوور چاکساز لە سەرچاوەکانی داهاتی نەوتی و نانەوتی، کەرتی ئابوری وڵات ببوژێنێتەوە و گرنگی بە بازرگانی بدات لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی.
پاراستنی بەرژەوەندیە سیاسی و داراییەکانی هەریەک لە دەوڵەتانی ئێران و ئەمریکا وەک دوو دەوڵەتی زلهێز و دووژمنی یەکدی لە عێراق یەکێکی تر دەبێت لە ئاڵەنگاییەکانی بەردەم کابینە وزارییەکەی زەیدی، هەروەها پاراستنی دیپلۆماتکار و باڵوێزخانەکان ئاستەنگ و تەحەدیەکانی بەردەمیەتی لە دەست گروپە توندڕەوە شیعرییەکان.
ڕەنگە هەرێمی کوردستان یەکێکی تر بێت لە ئاستەنگەکانی بەردەم سەنەکەوتنی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو ئەویش بەوەی کێشە کەڵەکەبوو و چارەسەر نەکراوەکانی ٢٣ ساڵی ڕابردوو بەردەم حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی عێراق لەوانە نەبوونی یاسای نەوت و گاز و ووزە، کێشەی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان و کێشەی مادەی ١٤٠ چەندین کێشەی تر سەربازی و ئەمنی.