عەجاج لەبەردەم دادگای باڵای تاوانەکاندا
٨ ئایار ٢٠٢٦ - ١:٤٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
وا بڕیارە سبەی پێنجشەممە، گەورە تاوانباری پرۆسەی بەناو ئەنفال،( عەجاج ئەحمەد حەردان) لەبەردەم دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقدا دادگایی بکرێت.
عەجاج تۆمەتبارە بە ئەشکەنجەدان و دەستدرێژیی بۆ سەر ئـەو هاوڵاتیانەی کە لەپرۆسەی بەناو ئەنفالدا بەرەو نوگرەسەلمان ڕاپێچکران.
قۆناغی لێکۆڵینەوە و هەواڵەکردن
عەجاج بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دانیناوە بەبەشێک لەتاوانەکانیدا و بەپێی قسەی خۆی نزیکەی ۳۰۰۰ کەس لەزیندانی نوگرسـەلمان لەژێر دەستیدا بوون و هەستاوە بە پێدانی ئاوی پیس پێیان و ئەشکەنجەدانیان، چەندان کەس پاش خواردنەوەی ئەو ئاوە پیسە تووشی سکچوون بوون و چەندین کەس بەوهۆیەوە گیانیان لەدەسـتداوە و بوونەتە قوربانی. ئەمـە سەرەڕای ئەشکەنجەدانی قورسی ژن و پیاو مناڵ.
دادگاییکردنی ئەم گەورە تۆمەتبارە لەژێر ڕۆشنایی ماددەی ۱۲ـی یاسای دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق ژمارە ۱۰ـی ساڵی ۲۰۰۳ دەبێت.
تایبەتمەندی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق
ئەم دادگایە لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس دروست بووە و تایبەتە بەبینینی چەند کەیسێک، لەوانە:
۱ . تاوانی کۆمەڵکوژیی.
۲.ئەو تاوانە سیاسیە گەورانەی لەسەردەمی ڕژێمی پێشوو ئەنجام دراون.
۳.تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی.
بۆیە بینینی ئەو دۆسیە دەچێتە ناو تایبەتمەندی دادگای باڵای تاوانەکانەوە.
ئایا عەجاج لەسێدارە دەدرێت؟
دوای دەستگیرکردنی ئەم گەورە تۆمەتبارە، دەیان کەس سکاڵایان لەدژی تۆمارکردووە گەشتۆتە دادگا، بڕیارە ژمارەیەک لەوانە وەک شاهـید و سکاڵاکار لە دادگا ئامادەبن.
بەئەگەری زۆرەوە دادگای باڵای تاوانەکان هاوشـــێوەی سەدام و دارودەستەکەی بڕیاری لەسێدارەدان بۆ عەجاج دەردەکات.
ئایا بڕیاری لەسێدارەدانەکە جێبەجێدەکرێت؟
بڕیاری لەسێدارەدانی عەجاج بۆ ئەوەی جێبەجێبکرێت، پێویستە بنێردرێت بۆ دادگای تەمیز و تەمیز بکرێتەوە و لەوێ پەسەند بکرێت، پاشان سەرۆکی کۆمار واژوو لەسەر لەسێدارەدانی بکات بۆ ئەوەی بچێتە بواری پراکتیکیەوە.
قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفال و شەهیدان
کورد لەوەتەی هەیە چەندینجار ڕووبەڕووی زوڵم و ستەم و کۆمەڵکوژیی بووەتەوە، بەداخەوە نەمانتوانیوە یان ڕێگرییەکان نەیانهێشتووە ئەو جینۆساید و زوڵم ستەمانەی بەرامبەرمان کراوە بیکەینە وانەیەک بۆ یەکڕیزیی ماڵی کورد و دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتوان و قوربانیانی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان.
دەکرێت لەئێستادا پارتە کوردییەکان و سەرکردایەتی کورد بابەتی قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفال بکەنە یەکێک لە فاکتەرەکانی هاودەنگی و ببێتە خاڵی کۆکەرەوەیان بەرامبەر حکومەتی بەغداد و وەکو مەرجی پێشوەختە بۆ دەنگدان بەکابینەی نوێی حکومەتی عێراق بیخەنەڕوو. ئایا ئەمە لەســەردانەکانی ئەم دواییەی سەرکردەکانی کوردو لەگەرمەی گفتوگۆکان بۆ متمانەدان بەکابینە نوێی حکومەتی عێراقی خراوەتە بەرباس یان دەخرێتە بەرباس؟ ڕۆژانی ئایندە وەڵامەکەیمان دەستدەکەوێت.
* ماستەر لە یاسای گشتی