ڤەنزوێلا گەڕایەوە و ئێران پەکیکەوت

٨ ئایار ٢٠٢٦ - ١:٤٧ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە

ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠٢٦ گۆڕانکاری جەوهەرییان دروستکردووە لە واقیعی سیاسی و ئابووری جیهاندا، دێوەزمەکەی دۆناڵد تڕەمپ غەزەبی خۆی بەسەر ڤەنزوێلاو ئێراندا سەپاندووە، دو واقیعی جیاوازی بۆ هەردو وڵاتەکە دروستکردوە، بۆ یەکێکیان تەسلیمبون و بۆ ئەویتریان یاخی بونی دروستکردوە، ئەم دو ئاڕاستە جیاوازە دو وێنەی نوێی بۆ نەخش و بەڕێوەبردنی نەوتی ئەم دو وڵاتە دروستکردووە. 
​١. شەرعییەتی یاسایی: ڤەنزوێلا لە ڕێگەی ڕزگاربوون و ئێران لە ناو قەیراندایە، ئەوەی ئێستا لە ڤەنزوێلادا دەگوزەرێت، وەهای کردووە کە نەوتی ڤەنزوێلا خەریکە دەبێتەوە بە "نەوتی بانکی و بێ کێشە" چونکە مۆڵەتی یاسایی (وەک مۆڵەتی 50A ی ئەمریکا)ی وەرگرتووە. ئەمە ڕێگەی داوە کۆمپانیا گەورەکانی وەک (Chevron) و (Eni) بگەڕێنەوە سەر کێڵگەکان. لە بەرامبەردا، ئێران لە قووڵایی تەنگژەیەکی یاسایی ئاڵۆزدایە؛ لە کاتێکدا ڤەنزوێلا خەریکە بەستەرە یاساییەکانی لەگەڵ جیهان چاک دەکاتەوە، ئێران بەهۆی پێکدادانە سەربازییەکانی لە گەرووی هورمز و سزاکانی ئەمریکا، نەوتەکەی وەک "بارێکی مەترسیدار" دەبینرێت کە کەس ناوێرێت بیمەی بکات یان بە ئاشکرا گرێبەستی لەسەر واژۆ بکات. ڤەنزوێلا لە قۆناغی پشکنینی ژەنگ لێدانی ئامێرەکاندایە بۆ دەستپێکردنەوە، بەڵام ئێران لە ناو جەنگی پاراستنی هێڵەکانی گواستنەوەدایە.
​٢. پترۆدۆلار وەک ژێرخان: ململانێی سیستەم و قاچاخچێتی، واتە یان تەسلیم بوون یان یاخی بوون، ئەوەی بۆ ئەمریکا هێڵی سورەو نایەوێت هەرگیز ببەزێنرێت بریتییە لە ​چەمکی پترۆدۆلار واتە "سیستەمی کارپێکردن" بە دۆلار، لەم بابەتەدا ڤەنزوێلا خەریکە دەگەڕێتەوە ناو قاوغەکەی. ڤەنزوێلا تێگەیشتووە کە بەبێ ئەم ژێرخانە (دۆلار، بانکە ئەمریکییەکان، پارێزەرە نێودەوڵەتییەکان) نەوتەکەی تەنیا ماددەیەکی کیمیایی بێ سوودە. بەڵام ئێران بە تەواوی پێچەوانەی ئەمە کار دەکات؛ تاران دەیەوێت ئەم ژێرخانە تێکبشکێنێت و لە کەنداوی فارسدا مامەڵە بە دراوی تر بکات. هەر کاتێک ئێرا ئەم باسەی جوڵاندبێت بۆ ئەمریکا وەکو  وروژاندنی شارە زەردەواڵە وابووە، بۆ ئێرانیش تەنها ئاڵۆزکردنی زیاتری بارودۆخەکەیەو هیچ دەرئەنجامێکی ئەرێنی لێناکەوێتەوە، ناتوانرێت ڕای جیهانی بۆ کۆبکرێتەوە. کێشەکە لێرەدا ئەوەیە کە ڤەنزوێلا خەریکە "نەفتا" وەک کەرەستەیەکی سەرەکی بۆ ڕوونکردنەوەی نەوتەکەی لە ڕێگەی دۆلارەوە دەستدەکەوێت، بەڵام ئێران بەهۆی دژایەتی پترۆدۆلارەوە ناچارە پەنا بۆ "کەشتییە سێبەرەکان" و بازاڕی ڕەش ببات کە تێیدا تێچووی گواستنەوە و مەترسییەکان زۆر زیاترن. هێشتا بەو شێوەیەش ناتوانرێت لە تەڵەکانی دەرەوەی تەنگەی هورمز قوتاریان بێت. 
​٣. دەفتەری حیسابات: لەم بڕگەیەدا جیاوازییەکە زۆر ڕونە، لە کورتترین پێناسەدا دەتوانرێت بوترێت بریتییە لە گەڕانەوەی ناوی ڤەنزوێلا و سڕینەوەی ئێران، 
​ڤەنزوێلا بە فەرمی گەڕاوەتەوە ناو "دەفتەری حیسابات"، ئامارەکان دەڵێن لە نیسانی ٢٠٢٦دا ١.٢٣ ملیۆن بەرمیلی هەناردە کردووە کە بەشێکی زۆری بۆ ئەمریکا و هیندستان بووە. ئەمە "نەوتی شەرعییە" کە بانکەکان دەتوانن پارەکەی بگوازنەوە. لە بەرامبەردا، ناوی ئێران لەم دەفتەرە سپییەدا سڕاوەتەوە و تەنیا لە دەفتەری سزادراوەکاندایە. کاتێک ڤەنزوێلا خەریکە قەرزە کۆنەکانی کۆمپانیاکانی وەک (Eni) بە نەوت دەداتەوە، ئێران بەهۆی داخرانی گەرووی هورمز و هێرشەکان، تەنانەت ناتوانێت گەرەنتی گەیشتنی بارەکانیشی بکات. ڤەنزوێلا خەریکە دەبێتەوە بە جێگرەوەیەکی گونجاو  بۆ ئەو پاڵاوگانەی پێشتر پشتیان بە نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەست.
​٤. دۆلار وەک چەک: ڤەنزوێلا خۆی بەدەستەوە دا و ئێران بەرگری دەکات، داتاکانی ساڵی ٢٠٢٦ نیشانی دەدەن کە دۆلار هێشتا ٥٧٪ی یەدەگی جیهانی و مامەڵە بانکییەکانە. ڤەنزوێلا ئەم ڕاستییەی قبوڵ کردووە و مۆڵەتەکانی وەک نوسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی داراییە بیانییەکان (OFAC) وەک کلیلی ڕزگاری بەکاردێنێت؛ تێگەیشتووە کە "نەوتی مۆڵەتپێدراو" نرخی زیاترە لە "نەوتی سزادراو". بەڵام ئێران دەیەوێت ئەم چەکە لە کار بخات؛ تاران هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ڕێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی وەک چین و پاکستان، ڕێڕەوی وشکانی و دراوی جێگرەوە بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی لە ژێر چاودێری دۆلار ڕزگاری بێت. بەڵام "ڕێگەی قاچاخ نابێتە سەروەری"؛ ئێران هەرچەندە نەوت بفرۆشێت، چونکە لە دەرەوەی سیستەمی دۆلارە، ناتوانێت وەک ڤەنزوێلا هاوسەنگیی دارایی و ژێرخانی وڵاتەکەی چاک بکاتەوە.
​دەرەنجامی ئەم بەراوردکارییە
​بریتییە لەوەی کە  ڤەنزوێلا سەلماندی "نەوت لە ناو گرێبەستێکی باوەڕپێکراودا هێزە، نەک لە ناو بیرەکەدا". ڤەنزوێلا بەرەو ئەوە دەچێت ببێتە وڵاتێکی "باوەڕپێکراو" بۆ بازاڕ، لە کاتێکدا ئێران بەهۆی هەوڵەکانی بۆ تێکشکاندنی باڵادەستی دۆلار و پێکدادان لە گەرووی هورمز، زیاتر لە سیستەمی ئابووری جیهانی دادەبڕێت.
 ڤەنزوێلا خەریکە بە پارەی دۆلار بیرە نەوتەکانی نۆژەن دەکاتەوە، بەڵام ئێران سەرمایەکەی لە جەنگ و دۆزینەوەی ڕێگەی گرانبەهای قاچاخدا خەرج دەکات.


نوێترین شرۆڤەکان