ئایا دەکرێت دادگایی کردنی "عەجاج " لە شاشەکانەوە بگوازرێتەوە؟
١٢ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:٢٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بە پێی یاسای عێراقی دادگایی کردن و پاشان دەرکردنی حوکمی دادگا بە ناوی گەلەوە دەبێت، مادەی " ٥" ی دەستوری عێراقی دەلێت"دەسەڵات سەرچاوەو شەرعیەت لە گەلەوە وەردەگرێت " ئەمە واتە دەسەڵاتی دادوەریش، هەروەها مادەی" ١٢٨ "دەستور دەلێت حوکمەکانی دادگا بە ناوی گەلەوە دەردەچێت، بەڵام پرسیاری ئەوە دروست دەبێت ئایا دەکرێت گەل ئاگاداری چۆنێتی بەڕێوەچوونی دادگایی کردنێک نەبێت کە بە ناوی ئەوەوە دەکرێت و حوکمەکەشی بە ناوی ئەوەوە دەردەچێت ؟!
عەجاج لە بەردەم دادگای باڵای تاوانەکان دادگایی دەکرێت و ئەوان حوکمی کۆتایی دەردەکەن" ئەمەش واتە حوکمەکانی یاسای دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقی ژمارە ١٠ ی ساڵی ٢٠٠٥ ی بەسەردا جێ بە جێ دەبێت،بە پێی بڕگەی ٤ ی مادەی ٢٠ ی یاساکە دادگاییەکانی ئەم دادگایە بە ئاشکرا بەڕیوەدەچێت "علنیە " جگە لەو حاڵەتانە نەبێت کە دادگای بیکات بە نهێنی بە بڕیار "هەروەها بڕگەی ٧ مادەی ١٩ لە دەستور و مادەی ١٥٢ لە یاسای شێوازی دادگاییەکانی سزایی،جەخت لەوە دەکەنەوە دادگایی کردن بە ئاشکرا دەبێت ،وە ئەوەی ڕوونە ئەوەیە دادگایی کردنی "عەجاج " بە ئاشکرا بەڕیوەدەچێت،دادگا بڕیاری نەداوە بە نهێنی بێت وە ئەگەر لایەنەکان داوا نەکەن ناتوانێت بڕیاری لەو جۆرە بدات، کەوایە ئەوەی کە ڕێگا بە گواستنەوەی دادگایی کردنەکە نادرێت لە ڕێگای شاشەکانەوە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە، وە هەر بڕیارێکی ئیداری لەو جۆرە پوچەڵە،
لە لایەکی تریشەوە بە نیسبەت گەلی کوردەوە "تۆمەتەکانی سەر" عەجاج "هێندە قێزەونەو تاوانەکانی هێندە گەورەو ترسناکن کە هیچی کەمتر نییە لەو تاوانانەی کە سەدام و دارو دەستەکەی بەرامبەر گەلی عێراق ئەنجامیانداو دادگایی کردنەکانیان بە ئاشکرا لە شاشەکانەوە بۆ بەرچاوی هەموو دنیا گوازرایەوە، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە تاوان لەسەر کراوەکان لەو دۆسێیانە عەرەب بوون و تاوان لەسەر کراوەکانی دۆسیەی "عەجاج "کوردن، سەرکردایەتی سیاسی عەرەبی دوای ڕوخانی سەدام خاوەندارێتی ئەو دۆسییانەیان کرد و کردیان بە بەشێک لە بەڵگەکانی مێژوو ، بەڵام وا دیارە دۆسیەکانی" عەجاج " ئەو گرنگە نییە بە لای سەرکردایەتی کوردەوە تا دەست وەردان بکەن و کاریگەری بکەنە سەر دادگاو وای لێ بکەن لە ژێر هەر بیانویەکدا بووە نەتوانن رێگری لە گواستنەوەی دانیشتنی دادگاییەکە بکەن، چونکە کردەوە تاوانکارییەکانی عەجاج بەرامبەر گەلی کورد لە هەموو بیانوویەکی تر گرنگتر تر و گەورە ترە ئەمە جگە لەوەی پیشان نەدانی دادگایی کردنەکان پێشێلکارییەکی زەقی یاسا کارپێکراوەکانی عێراقە.