گفتوگۆی تاران- واشنتۆن؛ ئێمە لە کوێی ئەم هاوکێشەیەداین؟

١٧ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:٥٩ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە

دۆخی ئێستای نێوان ئێران و ئەمریکا زیاتر لە هەر شتێک دەکرێت بە "هەڵواسینی ستراتیژی" ناوببرێت؛ دۆخێک کە لەوێدا نە جەنگێکی فراوان ئارەزووی هیچ کامیانە و نە هێشتا زەمینەی ئاشتییەکی پایەدار ئامادە کراوە. ئەم هەڵواسینە لە کاتێکدا دروست بووە کە هەردوو لایەن لە پێویستیی کۆنترۆڵکردنی قەیران و پاراستنی هاوسەنگیی هێز تێدەگەن، بەڵام بێ‌متمانەییی قوڵ هێشتا زاڵە بەسەر پەیوەندییەکاندا.

واشنتۆن هەوڵ دەدات لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە نرخی هەر پێکدادانێکی ڕاستەوخۆ کەم بکاتەوە و لە هەمان کاتدا کۆنترۆڵی بیرۆکەی گشتیی جیهانی لەدەستدا بگرێت. بەرامبەر، تارانیش بە پشتبەستن بە توانای ناوچەیی و شوێنی ستراتیژیی خۆی، گفتوگۆکان وەک ئامرازێک بۆ جێگیرکردنی هاوسەنگی و کەمکردنەوەی فشارە سیاسی و ئابوورییەکان دەبینێت، نە وەک نیشانەی لاوازی.

لەو نێوەندەدا، هەر ڕێککەوتنێک کە کەمکردنەوەی ئاڵۆزی، ئاگربەست یان کردنەوەی ڕێگاکانی گواستنەوەی وزە لەخۆبگرێت، بۆ تاران تەنها بابەتێکی تەکنیکی نییە؛ بەڵکو بەشێکە لە هاوکێشەی ئاسایشیی نەتەوەیی و پێناسەکردنەوەی ڕۆڵی ناوچەیی ئێران.

لە هەمان کاتدا، ئەگەری دروستبوونی چوارچێوەیەکی قۆناغی بۆ بەردەوامبوونی گفتوگۆکان هێشتا هەیە. ئەزموونی گۆڕانکارییەکانی دوایی نیشانی داوە کە یاریزانە ناوچەیی و ناناوچەییەکان بە باشی لە مەترسییەکانی جەنگێکی فراوان تێدەگەن؛ بۆیە مۆدێلی "ئاگربەستی کاتی و دواتر دانوستاندنی تەواوکەر" دەتوانێت وەک چارەسەرێکی واقیعبینانە بخرێتەڕوو.

بەڵام سەرکەوتنی هەر ڕەوتێکی ئاوا پەیوەستە بە چەند هۆکارێکی سەرەکی؛ لەوانە نەرمیی ئەمریکا لە بوارەی فشارە ئابوورییەکان، دروستکردنی متمانەی هاوبەش، و توانای هەردوو لایەن بۆ کۆنترۆڵکردنی هێزە دژبەرەکانی ڕێککەوتن، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی دەسەڵات.

هەرچەندە ئەگەری گەیشتن بە تێگەیشتنە سنووردارەکان هەیە، بەڵام ئەوە بە مانای ئاشتییەکی پایەدار نییە؛ بەڵکو زیاتر جۆرێکە لە "بەڕێوەبردنی قەیران" لە چوارچێوەی هاوسەنگیی ڕاگرتندا.

لە لایەکی ترەوە، پاکستان هەوڵ دەدات لە شوێنی مێژوویی خۆی وەک یاریزانێکی پەراوێزخراو دوور بکەوێتەوە و ببێتە بەشێک لە بەڕێوەبردنی قەیرانە ناوچەییەکان. ئیسلام ئاباد لە هەوڵدایە هاوکات پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران بپارێزێت و لەگەڵ واشنتۆن و وڵاتانی عەرەبیش بەهێزیان بکات؛ بۆیە ناوبژیوانی بۆ پاکستان تەنها هەنگاوێکی دیپلۆماسی نییە، بەڵکو بەشێکە لە پڕۆژەی پێناسەکردنەوەی شوێنی ناوچەییی ئەو وڵاتە.

لەگەڵ پاکستان، وڵاتانی تر وەک عومان، قەتەر، تورکیا و میسر هەوڵ دەدەن لە ئەندازیاریی نوێی ئاسایشیی ناوچەدا ڕۆڵێکی کاریگەر ببینن. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامە لە چوون بەرەو قۆناغێک کە تێیدا هێزە ناوچەییەکان زیاتر لە پێشوو دەیانەوێت خاوەنی بڕیار بن و تەنها شوێنکەوتووی هێزە گەورەکان نەبن.

بەڵام لە هەمان کاتدا، ئیسرائیل هەر جۆرە کەمبوونەوەی ئاڵۆزی لەنێوان ئێران و ئەمریکا بە نیگەرانیی ستراتیژییەوە سەیر دەکات. لە دیدی تەلئەبیبەوە، هەر ڕێککەوتنێک کە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی فشار لەسەر تاران، دەتوانێت شوێنی ناوچەیی ئێران بەهێزتر بکات و هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکە بگۆڕێت.

بۆیە ئیسرائیل هەمیشە هەوڵ دەدات ڕەوتی گفتوگۆکان بخاتە ژێر کاریگەریی تێبینییە ئاسایشییەکانی خۆی و واشنتۆن بەرەو مەرجە توندترەکان ببات. نیگەرانیی سەرەکیی تەلئەبیب تەنها پەیوەندیدار بە پرسی ئەتۆمی نییە، بەڵکو زیاتر پەیوەستە بە ترس لە جێگیربوونی شوێنی ئێران لە ڕێکخستنی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لەبەر ئەوە، ئیسرائیل هاوکات دوو ڕێگا دەگرێتەبەر؛ لە لایەکەوە پشتگیریی مەرجدار لە دیپلۆماسی دەکات بۆ ڕێگری لە جەنگێکی درێژخایەن، و لەلایەکی ترەوە هەوڵ دەدات فشاری زۆرترین لەسەر ئێران بپارێزێت.

لە نێوان هەموو ئەم گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکی و ستراتیژییانەدا، ئەوەی زیاتر لە هەر لایەنێک هەستپێدەکرێت، بوونی بۆشایییەکی سیاسی و ستراتیژییە لەلایەن کوردەوە. لە کاتێکدا وڵاتانی ناوچە خەریکی پێناسەکردنەوەی شوێن و ڕۆڵی خۆیانن لە هاوکێشە نوێیەکاندا، کورد هێشتا نەیتوانیوە خۆی لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەدا بگونجێنێت و دیدگایەکی هاوبەش و ستراتیژیی بۆ قۆناغەکە دروست بکات.

ئەم دواکەوتنە وایکردووە کورد، نەک تەنها لە هاوکێشە ناوچەییەکاندا بەرەو پەراوێز بخرێت، بەڵکو تەنانەت لە بەغداش بە شێوەیەکی ڕوون بچووکتر بکرێتەوە و کاریگەریی سیاسیی کەمتر بێت. لە کاتێکدا هێزە ناوچەییەکان خەریکی دابەشکردن و ڕێکخستنەوەی دەسەڵات و نفووزن، کورد هێشتا لە ناو ملمـلانێی ناوخۆیی و بێ‌ئامادەییی ستراتیژیدا ماوەتەوە.

 لە هەمان کاتدا، ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو نیشانی داوە کە پشتبەستن بە ئەمریکا وەک هاوپەیمانێکی جێگیر، هەمیشە دەتوانێت بە هەڵەدا بچێت. واشنتۆن لە زۆر کاتدا مامەڵەی لەگەڵ پرسەکانی ناوچە بە پێی بەرژەوەندییە گۆڕاوەکانی خۆی کردووە، نە بە پێی هاوپەیمانییە جێگیرەکان. بۆیە کورد، ئەگەر نەیتوانێت خۆی لەگەڵ قۆناغە نوێکە بگونجێنێت و ستراتیژییەکی سەربەخۆ و واقیعبینانە دروست بکات، مەترسیی ئەوە هەیە زیاتر لە هەر کاتێکی تر لە هاوکێشەی نوێی ناوچەدا بخرێتە پەراوێزەوە.


نوێترین شرۆڤەکان