بیابانبوون ئالەنگارییەکى ژینگەیی پەرەسەندوو

١٦ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٣٣ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە

بیابانبوون بریتییە لە تێکچوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان و لەوەڕگاکان لە ناوچە وشک و نیمچە وشک و نیمچە شێدارەکاندا، کە دەبێتە هۆی لەدەستدانی ڕووەک و هەمەچەشنەیى زیندەوەرى، و لەدەستدانی چینی سەرەوەی خاک (چینى بایۆڵۆجى) و دواتر توانای خاک بۆ بەرهەمهێنانی بەروبووم و پشتگیریکردنی ژیانی مرۆڤ و ئاژەڵ و زیندەوەرانى تر لەدەستدەدات. و پرۆسەی بیابانبوونى زەوی بەپیت زیاتر لە ئەنجامی چەندین هۆکارى جۆراوجۆر دروستدەبێت، وەک بڕینى دارستانەکان، وشکەساڵی، و کشتوکاڵی  نەگونجاو و ناپایەدار. و لە ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بیابانبوون و وشکەساڵى (UNCCD)، پێناسەى بیابانبوون بەم شێوەیە هاتووە: تێکچوونی زەوی لە ناوچە وشک و نیمچە وشک و نیمچە شێدارەکان بەهۆی تێکەڵەیەک لە هۆکارەکان، لەوانەش گۆڕانی ئاو و هەوا و چالاکییە نادروستەکانی مرۆڤ و هەندێ جاریش هۆکارى سروشتى.

و بیابانبوون تەنها کێشەیەکی ژینگەیی نییە کە کاریگەرى لەسەر توندبوونەوەی قەیرانەکانی ئاو و هەوا (تێکچوونی زەوی بەهۆى بیابانبوونەوە توانای خاک بۆ چەسپاندنى کاربۆن کەمدەکاتەوە، بەمەش دەردانی گازی گەرمخانەییەکان زیاد دەکات)، بەڵکو لەوە زیاترە و پرسێکی گەورەی کۆمەڵایەتی و ئابوورییە، و کاریگەری لەسەر دابینکردنی خۆراک و هەناردەکردنى شتومەکە کشتوکاڵییەکان دەبێت بەتایبەتی لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا، کە تێکچوونى ئاسایشی خۆراک و زیادبوونی ڕێژەی هەژاری و کۆچکردنی زۆرەملێ هۆکارى سەرەکین بۆ زیادبوونی ململانێ لەسەر سەرچاوەکان.

بیابانبوون و وشکەساڵی بە دیارترین ئاستەنگە ژینگەییەکانی ئەم سەردەمە دادەنرێت، هەر بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان ٤٠%ی ڕووبەری زەوی لە جیهاندا تێکچووە. زیادبوونى ژمارەى دانیشتووان فشارى زۆرى لەسەر زەوى و سەرچاوە سروشتییەکان دروستکردووە. لە ئێستادا زیاتر لە ١٥-٦٠ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشە لە کۆى ڕووبەرى گۆى زەوى تێکچووە، و زیاتر لە دوو ملیار کەس لە زەوییە وشکەکاندا دەژین کە ئامادەن بۆ بیابانبوون. وبەپێى پێشبینییەکان تا ساڵى ٢٠٣٠ نزیکەی ٥٠ ملیۆن کەس بەهۆی بیابانبوون و گۆڕانی ئاو و هەوا و وشکەساڵییەوە ئاوارە دەبن، چونکە ئەو ئیکۆسیستەمانەی کە پشتی پێدەبەستن داڕوخاون و بژێوی ژیانیان زیانی بەرکەوتووە، و تەنها لە ئاسیا زیاتر لە دوو ملیار کەس لە ناوچە وشکەکاندا دەژین، لە کاتێکدا ژمارەکە لە ئەفریقا لە ساڵانی داهاتوودا بە نزیکەی یەک ملیار کەس مەزەندە دەکرێت زیادبکات.

و بیابانبوون دیاردەیەکی دینامیکییە، و (خشۆکە) و مەیلی فراوانبوونی هەیە، بۆیە کاتێک لە ناوچەیەکدا گەشە دەکات ڕۆژ لە دواى ڕۆژ بەرەو ناوچەکانى تر تەشەنە دەکات. و ناڕێکى لە دابارین و کەمی بارانبارین لێکەوتەی کارەساتبار بەدواى خۆیدا دەهێنێت بەتایبەتى کاریگەرییەکانى بۆ سەر ژیانی دانیشتوان و گەشەپێدانی ئاژەڵ و کشتوکاڵ، و زۆرجاریش دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی دانیشتووان. و کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئاستی گەشەپێدان هەیە لە ڕێگەى ئەو کۆچانەی کە دروستی دەکات، ئەو برسێتییەی کە دەیگەیەنێت و ئەو زیانە بەرچاوانەی کە بەسەر دانیشتوانی گوندەکاندا دروستیدەکات. و کاریگەری نەرێنی لەسەر پلانەکانی گەشەپێدانی حکومەت و گەشەی ئابووری وڵاتەکە دەبێت، بەتایبەتی لە وڵاتە هەژار و گەشەسەندووەکاندا.

عێراق لە ڕیزی ئەو وڵاتانەیە کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا بەهۆى بیابانبوون و وشکەساڵیەوە. شێواز و سیستەمەکانى ئاو و هەوا گۆڕانکاری توندى بەسەردا هاتووە، و بارانبارین بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، ئاستی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات و ڕووبارەکانى تر بەشێوەیەکى بەرچاو دابەزیوە بەهۆی دروستکردنی بەنداو لە وڵاتانی سەرەوە، ئەمە جگە لە خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانى ئاولە ناوخۆی عێراقدا، و پەیڕەوکردنى خراپترین سیستەمەکانى ئاودێرى، و خراپ بەڕێوەبردنى خاک وتەشەنەکردنى دیاردەى سوێرى و خراپ بەڕێوەبردنى کشتوکاڵکردن بەگشتى. ئەم دۆخە بووەتە هۆی تێکچوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان و کۆچکردن لە گوندەکانەوە بۆ شارەکان و زیادبوونی خۆڵبارین و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی خۆراک و دواتر تێکچوونى ئابووری وڵات بەگشتى. و بەپێى ئامارەکان، لە ئێستادا ٤٠%ی زەوییەکانی عێراق تووشی بیابانبوون بووە، لە کاتێکدا نزیکەی ٥٤% مەترسی بە بیابانبوونیان لەسەر لە ساڵانی داهاتوودا ئەگەر ڕێوشوێنی بەپەلە و هەنووکەیى نەگیرێتەبەر. ئەم دۆخە نەک هەر کاریگەری لەسەر ژینگە هەیە بەڵکو مەترسی لەسەر خۆراک و ئابووری و ئاسایشی کۆمەڵایەتی عێراق دروست دەکات.

 سەرەڕای مەترسییە جددیەکانی بیابانبوون و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر ژینگە و ئابووری و کۆمەڵگا، بەڵام ڕێگاچارەى گونجاو و کاریگەر هەن کە دەتواننن کاریگەرییەکانی ئەو دیاردەیە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبکاتەوە. یەکەم لەم چارەسەرانە بریتییە لە کشتوکاڵی بەردەوام لەڕێگەى پەیڕەوکردنى سیستەمى کشتوکاڵکردن بەبێ کێڵان (Zero Tillage) کە ڕاماڵینى خاک کەمدەکاتەوە و پێکهاتەى ئۆرگانى (ئەندامى)ـی خاک دەپارێزێت. و چاندنی جۆر و تەرزى نوێ کە تواناى بەرگرى بۆ وشکى (کەم ئاوى) و وشکەساڵی زیاتر بێت و خۆی لەگەڵ بارودۆخی سەختی ئاو و هەوادا بگونجێنێت.

هەروەها دروستکردنى دارستان بە یەکێک لە چارەسەرە گونجاوەکان دادەنرێت، بەو پێیەی یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی کوالیتی خاک و ڕێگریکردن لە ڕاماڵین. هەروەها بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانى ئاو بەشێوەیەکى زانستى لە ڕێگەی دروستکردنی پۆند و بەنداو و پەیڕەوکردنى تەکنیکی مۆدێرن لە پرۆسەى ئاودێرى. لەلایەکى ترەوە، زۆرێک لە شارەزایانى ئیکۆڵۆجى پێیان وایە کە پاراستنى هەنگ و مێرووە گەردەنکەرەکان یان پیتێنەرەکان هۆکارى سەرەکین بۆ بەردەوامى سیستەمى ئیکۆڵۆجى و کشتوکاڵى و کەمکردنەوەى کاریگەرییەکانى بیابانبوون و وشکەساڵى. و یەکێک لە گرنگترین ڕێکارەکانى کەمکردنەوە یا ڕێگریکردن لە بیابانبوون، پاراستنى لەوەڕگاکانە، کە نەتەوەیەکگرتووەکان کردوویەتى دروشمى ڕۆژى جیهانیى بەرنگاربوونەوەى بیابانبوون و وشکەساڵى لە ئەمساڵدا (٢٠٢٦). لەوەڕگاکان بەهایەکى ئابوورى و ئیکۆڵۆجى زۆر گرنگیان هەیە بەوپێیەى کە ڕۆڵی زۆر گەورەیان هەیە لە پاراستنی هەمەچەشنەیى زیندەوەران و گیانلەبەرە کێوییەکان، و ڕێکخستنی سووڕەکانی ئاو و چەسپاندنى کاربۆن (سینکى کاربۆن).


نوێترین شرۆڤەکان