چارەنووسی پێشمەرگە لەنێوان هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان و کێشمەکێشی ناوخۆدا
٢٠ حوزەیران ٢٠٢٦ - ١١:٤٠ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، لە ساتی بونیاتنانەوەی عێراقی نوێ و نووسینەوەی دەستووردا، سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بوو لە چەسپاندنی بەشێک لە مافەکانی هەرێم؛ گەرچی دواتر هەندێک لە ماددە و بڕگە دەستوورییەکان جێبەجێ نەکران، کە ماددەی ١٤٠ لە پێشەنگیاندا بوو.
لەنێو دەستووردا توانرا پێشمەرگە وەک پاسەوانی هەرێم بناسرێت و جێگیر بکرێت، بەڵام دوای ٢٣ ساڵ، خەریکە ئەم دۆسیەیە هەڵدەدرێتەوە و دەکرێتە قوربانیی هاوکێشە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەکان.
داماڵینی میلیشیا شیعەکان لە چەک، یەکێکە لە ئەجێندا ڕوونەکانی ئیدارەی ترەمپ کە بەچڕی کاری لەسەر دەکات. جێبەجێکردنی ئەم ئەجێندایە وایکردووە هەوڵی ئەوە بدرێت پێشمەرگەش بکرێتە بەشێک لەم کێشمەکێشە و لەگەڵ میلیشیاکاندا پێکەوە بپێچرێتەوە.
تۆنی دەنگی بەشێک لە سەرکردەکانی عێراق وایە کە دەبێت لەپاڵ میلیشیاکاندا، دەست بۆ دۆسیەی پێشمەرگەش ببرێت؛ تەنانەت ئەم تۆنە لە میانڕەوترین سەرکردەی شیعەشەوە بیسترا کە عەممار حەکیمە، کە بەراورد بەوانی تر پەیوەندیی لەگەڵ کورددا باشە.
ڕەنگە هێشتا لەسەر دۆسیەی پێشمەرگە بەتەواوەتی تەنگ بە هەرێم هەڵنەچنرابێت، بەڵام گەر پڕۆسەی داماڵینی چەک لە میلیشیاکان سەربگرێت، بێگومان دەست بۆ پێشمەرگەش دەبرێت و دەبێتە دۆسیەیەکی تری مشتومڕاوی.
ڕاستە هەرێم بیانووی هەیە کە پێشمەرگە دەستوورییە و میلیشیاکان یاسایین، بەوپێیەی پێشمەرگە شەرعییەتی لە دەستوورەوە وەرگرتووە و میلیشیاکان لەو یاسایەی لە پەرلەمانەوە دەرچوێندرا، بەڵام گەر عێراق بیەوێت، بیانووی تری بەدەستەوەیە:
بیانووی ژمارەی زۆری پێشمەرگە.
بیانووی جۆری چەکەکانیان.
بیانووی ڕۆڵنەبوونی ناوەند و نەبوونی هیچ کاریگەرییەک بەسەریدا.
بۆیە دەکرێت بڵێین ئەوەی دۆخی پێشمەرگەی بەمڕۆ گەیاند، هاوکێشەکان نییە بە ڕەهایی، بەڵکو یەکێتی و پارتی چارەنووسی پێشمەرگەیان بردە نێو تونێلێکەوە کە خۆشیان لە داهاتووی دڵنیا نین.
لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە، هاوپەیمانان هاوکاریی دارایی پێشمەرگە دەکەن، مەشق و ڕاهێنانیان پێ ئەنجام دەدەن، و پڕۆژە لەدوای پڕۆژە بۆ بەیەکخستنەوە و بەنیشتمانیکردنی ئەم هێزە پێشکەش دەکەن؛ کەچی هەردوو حیزب زیاتر لە ڕێکخستنەوەی ئەم هێزە یاخی دەبوون و ڕۆژ و کاتیان دەدا بەدەم یەکەوە، تەنها بۆ ئەوەی خۆیان لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی هاوپەیمانان بدزنەوە، تا دواجار دۆخەکە گەیشتە ئێستا.
هێزەکانی ئۆکرانیا هەر هێندەی پێشمەرگە مەشق و ڕاهێنانیان پێ ئەنجامدرا، وا چەند ساڵێکە ڕووبەڕووی بەهێزترین دەوڵەت بوونەتەوە کە ڕووسیایە، کەچی پارتی و یەکێتی لەبری تەوزیفکردنی پاڵپشتیی هاوپەیمانان، هێندەی تر ئەم هێزەیان پەرتکرد.
گەر لە ڕابردوودا مەترسیی سەر پێشمەرگە تەنها ئەجێندایەکی لاوازی بەغدا بووبێت، ئێستا مەترسییەکان زۆر گەورەترن. ئیدارەی ترەمپ ئامادەیە هەزار هێزی وەک پێشمەرگە بکاتە قوربانیی چەککردنی میلیشیاکان، چونکە ناوەندی بەلاوە گرنگترە وەک لە هەرێمێکی شڕۆڵ، کە نوێنەرەکەی لە سەردانی هەرێمدا دەبێت لەگەڵ پێنج کوێخادا کۆببێتەوە.
لەوەش مەترسیدارتر، جاران ئێران لەگەڵ مانەوەی پێشمەرگەدا بوو بە شێوازی ئێستا، ئەمەش لەپێناو شەرعیەتدان بە مانەوەی میلیشیا شیعەکان؛ بەڵام دوای هێرشکردنە سەری و بردنی پێشمەرگە بۆ حاجی ئۆمەران، هەست بە مەترسی دەکات و ڕەنگە ڕای گۆڕابێت.
تورکیاش خوازیارە پێشمەرگە بچووکتر بکرێتەوە و ئەم هەنگاوەش هاوتەریبە لەگەڵ سیاسەتەکانیدا؛ چونکە لاوازکردنی پێشمەرگە واتای لاوازکردنی زیاتری هەسەدە، و واتای دروستبوونی گرفتیشە بۆ پەکەکە لەو شاخانەدا.
بۆیە لە پێناو بەهێزکردنی پێشمەرگەدا، بەرژەوەندیی حیزب و بنەماڵە وایکرد هەموو دەرفەتەکان لەدەست بچن. ئەوەی دەمێنێتەوە هاوکێشە سیاسییەکانی داهاتووە؛ گەر عێراق سەرکەوتوو بێت لە چەکداماڵینی میلیشیاکان، ئەوا دەست بۆ پێشمەرگەش دەبرێت، سەرکەوتووش نەبێت، لەپێناو پاراستنی باڵانسدا چاو لە پێشمەرگەش دەپۆشرێت. کەواتە چارەنووسی پێشمەرگە لە دەست کوێخاکان دەرچووە و بەستراوەتەوە بە هاوکێشە سیاسییەکانەوە.