کاریگەرییە ژینگەییەکانى چاندنى ماددە هۆشبەرەکان
٦ تەممووز ٢٠٢٦ - ٩:٢٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
زۆر جار نوسین و گفتوگۆکان سەبارەت بە ماددە هۆشبەرەکان تەنها لە چوارچێوەى کاریگەرییەکانی لەسەر تەندروستی کۆمەڵگا و تەندروستی تاکە کەسی دەسوڕێتەوە. ڕاستە بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دەتوانێت ببێتە هۆی تێکچوونى بەرفراوانی کۆمەڵایەتی و تەندروستی گشتی، بەڵام کاریگەرییەکانی ئەم جۆرە ماددانە وێنەیەکی گەورەتر و ئاڵۆزتریان هەیە، بەوپێیەى زیانى زۆریان هەیە لەسەر کۆى سیستەمى ژینگە. شاراوە نییە کە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان ژیانی زۆرێک لە مرۆڤەکانی تێکداوە، بەڵام تا ئێستا گرنگییەکی کەم لەسەر ئەوە دراوە کە ئەم بازرگانییە جیهانییە چۆن کاریگەری لەسەر ژینگە دروست دەکات.
بەرهەمهێنان و چاندنی ئەو ڕووەکانەى کە دەرمانى هۆشبەرى لێ بەرهەمدەهێنرێت، لێکەوتەی وێرانکەری لەسەر کواڵیتى ئیکۆسیستەمەکان و هەمەچەشنەیى زیندەوەران هەیە. کاتێک خواست لەسەر ماددە هۆشبەرەکان زۆر دەبێتەوە، ئەمە وادەکات کە هەندێ لایەن دەستپێشخەرى بکەن بۆ بەرهەمهێنانى ئەو ماددانە بەشێوەیەکى بەربڵاو. بۆیە بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بەشێوەیەکى بەرفراوان کاریگەری جددی لەسەر ژینگە دروست دەکات جگە لە کاریگەرییەکانى لەسەر لایەنەکانى تر.
بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە چەند ڕوویەکەوە جێپەنجەی خۆی لەسەر ژینگە بەجێدەهێڵێت، لە ئەنجامى دەردانی کاربۆن بە قەبارەیەکی زۆر گەورە و پیسبوونى ژینگە و کەمبوونەوەی ئاو و لەدەستدانی هەمەچەشنەیی زیندەوەران و تێکدانى بەپیتى خاک. جگە لەوەى کە چاندن و بەرهەمهێنانى ئەو جۆرە بەروبوومانە ڕێوشوێنی زانستى و بەرەوپێشبردنی بەردەوامیی خاک و زەوییەکە لەخۆناگرێت، بۆیە کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر ژینگە زیاترە، و کاریگەرییەکان بریتین لە:
١- دەرپەڕاندنى کاربۆن (شوێنپێی کاربۆن)
هەندێک لەو ڕووەکانەى کە ماددە هۆشبەرەکان بەرهەمدەهێنن لە ماڵە شووشەیەکان دەچێندرێن، چاندن و گەشەکردنی ئەو ڕووەکانە بەشێوەى کشتوکاڵى داپۆشراو پێویستی بە وزەیەکى زۆر هەیە. بۆ نموونە ئەو جۆرە ڕووەکانە پێویستیان بە ڕۆشنایى زۆر هەیە، ئەمەش وادەکات کە پشت بە لایت (گڵۆپ)ى تایبەت و بەهێز ببەسترێت، جگە لەوەش پێویستى بە کۆنترۆڵکردنی پلەی گەرمی و شێ و هەواگۆڕکێ و هەروەها پێویستى بە چاودێریی زۆرى هەیە کە هەموو ئەو ڕێکارانە دەبنە هۆى بەکارهێنانى وزەیەکى یەجگار زۆر. هەر شوێنێک پێویستى بە کۆنترۆڵی پلەی گەرمی بێت، دەردانی گازی گەرمخانەیی زیاتر دەبێت. هەروەها گەشەکردنی ئەو ڕووەکانە لە دەرەوە بەهەممان شێوە دەبێتە هۆی دەردانی کاربۆن، ئەمە جگە لە بڕینى دارستانەکان بەمەبەستى فراوانکردنى ڕووبەرى چاندن لە ئەنجامى زیادبوونى خواست لەسەر ماددە هۆشبەرەکان.
چاندن و بەرهەمهێنانى هەر جۆرێک لە جۆرەکانى ماددە هۆشبەرەکان دەبێتە هۆى دەرپەڕاندنى کاربۆن بەبڕى جیاواز، هەندێ لەو ڕووەکانە زیاتر لە هەندێکی تریان کاربۆن دەردەپەڕێنن.هەر بۆ نموونە چاندنی ١٠٠غم لە (حەشیش) یەکسانە بە سوتاندنى ١١٤-٢٤٠ لەتر بانزین. و بەپێی ڕاپۆرتێکی زانکۆی کالیفۆرنیا، لە ماوەی یەک ساڵدا، نزیکەی ١٥ ملیۆن تۆن لە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە ئەمریکا دەردەپەڕێنرێت لە ئەنجامی بەرهەمهێنانی (حەشیش) لە نێو ماڵە شووشەیەکاندا، کە هاوتایە لەگەڵ دەردانی گازی ژەهراویی ٣ ملیۆن ئۆتۆمبێل لە ساڵێکدا. هەروەها چاندنی حەشیش لەنێو خانووى شووشەییدا ٢٣٠٠ بۆ ٥٢٠٠ کیلۆگرام دووەم ئۆکسیدى کاربۆن لە هەر کیلۆگرامێک ڕووەکی وشککراوەدا بەرهەم دەهێنرێت. و بەرهەمهێنانی کۆکاین، شوێنپێی کاربۆنی بەرچاوی هەیە، هەر کیلۆگرامێک کە بەرهەم دەهێنرێت نزیکەی ٥٩٠ کیلۆگرام دووەم ئۆکسیدى کاربۆن دەردەپەڕێنێت. و بەرهەمهێنانی یەک کیلۆگرام ماریگوانا دەبێتە هۆی دەردانی زیاتر لە ٤٦٠٠ کیلۆگرام لە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن.
بۆیە چاندن و بەرهەمهێنانى هەموو ئەو ڕووەکانەى کە ماددەى هۆشبەریان لێ بەرهەمدەهێنرێت دەبێتە هۆى زیادبوونى بڕ و ڕێژەى گازە گەرمخانەییەکان بەتایبەتى گازە کاربۆنییەکان و دواتر تێکدانى کواڵیتى هەوا و خێراکردنى دەرەنجامەکانى گۆڕانکارییەکانى ئاو و هەوا.
٢- بەفیڕۆدانى ئاو (فشاری ئاو)
زۆرى بڕى ئاوى پێویست بۆ بەرهەمهێنانى ئەو جۆرە ڕووەکانە، یەکێکی ترە لە کاریگەرییەکانیان لەسەر سیستەمى ژینگەیى. زۆربەى هەرە زۆرى ئەو ڕووەکانە پێویستیان بە بڕێکى زۆرە لە ئاو، کە لە نێوان ٣٠-٤٠ لەتر مەزەنەدەکرێت بۆ هەر ڕووەکێک، لە ڕۆژێکدا، کە دوو تا سێ هێندە زیاترە لەوەی کە ڕووەکێکی تر پێویستی پێیەتی. و زۆربەی کێڵگەکانی بەرهەمهێنانى ڕووەکى ماددە هۆشبەرەکان لە جیهاندا بەدەست کەمى سەرچاوەکانى ئاوەوە دەناڵێنن، بۆیە زیاتر دەست بۆ ئاوى ژێر زەوى دەبرێت.
و بەهۆی ئەوەی وشکەساڵی نیگەرانییەکی باوە لە زۆرێک لە ناوچەکانى جیهان بەتایبەتى لە کێڵگەکانى بەرهەمهێنانى ماددە هۆشبەرەکان، بۆیە بەکارهێنانی ئاو بۆ بەرهەمهێنانى ئەو جۆرە ڕووەکانە پرسێکی جدییە، کە دەتوانێت ببێتە هۆی توندبوونەوەی گرفتى کەم ئاوى و کاریگەرییەکانى لەسەر ئاسایشی ئاو.
گرفتى بەفیڕۆدانى ئاو و فشارى ئاو تەنها پەیوەست نییە بە چاندن و بەرهەمهێنانى ماددە هۆشبەرەکاندا، بەڵکو بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بەشێوەى دەستکردیش (پیشەسازی) ئاوێکی زۆرى پێویستە کە کاریگەرى ڕاستەوخۆ دروست دەکات لەسەر ئاسایشى ئاو.
٣- بڕینى دارستانەکان
لە ئەنجامى زیادبوونى خواست لەسەر ماددە هۆشبەرەکان، لە زۆرێک لە ناوچەکانى جیهان دەستدەبرێت بۆ بڕینى دارستانەکان بەمەبەستى فراوانکردنى ڕووبەرى چاندنى ئەو جۆرە ڕووەکانە، ئەمەش کاریگەرییەکى سەرەکیی هەیە لەسەر گۆڕانی ئاو و هەوا. و بڕینی دارستانەکان دەبێتە هۆی دەردانی کاربۆن، چونکە هەر دارێکی بڕدراو یەدەگی هەڵگیراویى دووەم ئۆکسیدی کاربۆن ئازاد دەکات. و بڕینى دارستانەکان بە شێوەیەکی نایاسایی پرسێکی زۆر مەترسیدارە بەتایبەتى لەو وڵاتانەى کە بەشێوەیەکى فراوان ماددە هۆشبەرەکان بەرهەمدەهێنن وەک کۆڵۆمبیا، پیرۆ، پۆلیڤیا، بەرازیڵ، ماینەمار، مەکسیک، ئەرمینیا، ئەفغانسان ... وهتد.
و بڕینى دارستانەکان لەلایەن بازرگانەکانى ماددە هۆشبەرەکانەوە تەنها بۆ فراوانکردنى ڕووبەرى چاندن نییە، بەڵکو هەندێجار بۆ دروستکردنى شوێنى خەزنکردن و هەڵگرتن و پرۆسێسکردنى ماددە هۆشبەرەکانە، یا دروستکردنى شوێنى نیشتنەوەى فڕۆکە (هەلیکۆپتەر)ى تایبەت بە گواستنەوەى ماددە هۆشبەرەکان، و هەندێجاریش بۆ دروستکردنى پرۆژەى تایبەت بە سپیکردنەوەى پارە کە لەئەنجامى بەرهەمهێنان و فرۆشتنى ماددە هۆشبەرەکان دەستیاندەکەوێت.
و بڕینى دارستانەکان تەنها هۆکار نییە بۆ زیادبوونى دەردانى گازە گەرمخانەییەکان، بەڵکو بڕینى دارستانەکان هۆکارە بۆ تێکچوونى سووڕى ئاو لە سروشت، ڕاماڵینى خاک، لاوازبوونى بەپیتى خاک، تێکچوونى هەمەچەشنەیى زیندەوەران، تێکچوونى هاوسەنگى ئاو و هەوا، و پیسبوونى ژینگە و کۆمەڵێ دەرنجامى زیاتریش.
لە زۆر شوێنی جیهان دارستانە گەورەکان دەبڕدرێن وتەخت دەکرێن و ڕەگەزیان دەگۆڕدرێت بەنایاسایى بۆ چاندنى ڕووەکی حەشیش و کۆکا. بەپێی هەندێ توێژینەوەى جیهانى، چاندنی کۆکا بووەتە هۆى بڕینى زیاتر لە ٧ ملیۆن هێکتار لە دارستانەکانى ئەمازۆن. و لە ساڵانی ٢٠٠١ تا ٢٠١٣، زیاتر لە ٢٩٠ هەزار هێکتار لە دارستانەکان لەدەستچووە لەڕێگەی پرۆسەی بەرهەمهێنانی کۆکاینەوە. وە لە هەر شوێنێک ڕووبەرێکى فراوان و گەورە و گرینگ لە دارستان لاببرێت، ئەوا ژینگە زیاتر تووشی گرفتەکانى کەم ئاوى و وشکەساڵی و ڕاماڵینى خاک و ڕوچوونى زەوی و لافاو دەبێتەوە. تەنانەت شوێنى دارستانەکە دەبێتە شوێنێکى نەگونجاو بۆ نیشتەجێبوونى مرۆڤ و تەنانەت کۆمەڵێک گیانەوەر.
٤- پیسبوونی ژینگە بە پاشماوەی ژەهراوی
کێڵگەکانى چاندن و بەهەمهێنانى ئەو ڕووەکانەى کە ماددەى هۆشبەریان لێ بەرهەمدەهێنرێت، بەشێوەیەکى زیاتر پێویستیان بە خزمەتگوزارى کشتوکاڵى هەیە لە پەینى کیمیاوى و دەرمانى قەڵاچۆکردن، بە بەراورد لەگەڵ کێڵگەکانى بەرهەمهێنانى بەروبوومە کێڵگەییەکان. و لەبەر ئەوەى لە زۆربەى ناوچەکانى جیهان ئەم جۆرە کشتوکاڵکردن و چاندنە ڕێگەى پێنەدراوە لە ڕووى یاساییەوە، بۆیە بەکارهێنانى ئەو ماددانەى کە ئاماژەى پێکرا بەشێوەیەکى نادروست ونازانستى بەکاردەهێنرێت کە دەبێتە هۆى پیسبوونى ژینگە (ئاو، خاک، هەوا، و ئاوى ژێر زەوى)، جگە لە کاریگەرییەکانى لەسەر زیندەوەران بە تایبەتى ئاژەڵە کێوییەکان. بۆ نموونە لە کۆڵۆمبیا ساڵانە زیاتر لە ٨١ هەزار تۆن پەینى کیمیایى و دەرمانى قەڵاچۆکردن بەکاردەهێنرێت بۆ گەشەکردنى ڕووەکى کۆکا. و لە هەندێ لە وڵاتان پاشماوەى ئەو ماددانە بوونەتە هۆى ژەهراویبوونى سەرچاوەکانى ئاو و لەناوبردنى ماسی و زیندەوەرە ئاوییەکان و باڵندەکان بە تایبەتى لە ئاوەزێڵى ئەمازۆن. بۆیە هەموو ئەو ماددانە دەبنە هۆى پیسبوونى سیستەمى ژینگەیى بە گشتى کە لە هەممان کاتدا کاریگەرى لەسەر تەندروستى مرۆڤیش دروستدەکات.
و پیسبوونی پەیوەست بە چاندنى ماددە هۆشبەرەکان زۆر مەترسیدارە چ لە شێوەی ماددەى قەڵاچۆکردن بێت (بەهەموو جۆرەکانییەوە) یا پەینى کیمیاوى بێت، و کاریگەری لەسەر مرۆڤ و هەروەها جۆرەکانی ڕووەک و گیانەوەرانى تر هەیە. و بەگشتى لەبەر ئەوەی بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەرەکان نایاساییە، بۆیە ئەم ماددە کیمیاییانە بە نهێنی فڕێ دەدرێن، و ڕەنگە کۆمەڵگاکان ئاگاداری ئەو جۆرە پیسبوونانە نەبن. بەرکەوتن بە یەکێک لەو ماددانە دەبێتە هۆی: زیادبوونی مەترسییەکانى تووشبوون بە شێرپەنجە، کەمبوونەوەی بەرگری لەش، تێکچوونى سیستەمی دەمار، و میلانۆمای شێرپەنجەیی و هەندێ نەخۆشی تر.
هەروەها ماددە هۆشبەرەکان کە بە شێوەى دەستکرد (پیشەسازى) بەرهەمدەهێنرێن، بە بارگرانییەکی ژەهراوی ژینگەیی دادەنرێت، بەهۆى پاشماوە کیمیاییەکانیانەوە. چونکە پاشماوەی ئەو ماددانە زۆر زیاترە لە قەبارەی خوودى ماددە هۆشبەرە بەرهەمهێنراوەکە، ئەمەش وادەکات کە مەترسییەکی بەرچاو دروستبکات لەسەر ئیکۆسیستەمەکان. بۆ نموونە، دروستکردنی یەک کیلۆگرام ماددەى (MDMA) دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونى ٦-١٠ کیلۆگرام پاشماوەی مەترسیدار، و بەرهەمهێنانی میسامیفیتامین نزیکەى ٢٠-٣٠ کیلۆگرام پاشماوەی مەترسیدار لە هەر کیلۆگرامێکی دەرمانەکەدا دروست دەکات. و هەندێکى تر لە جۆرە ماددە هۆشبەرە دەستکردەکان بۆ هەر کیلۆیەک لە میسامیفیتامین کە بەرهەم دەهێنرێت، بەلانیکەمەوە پێنج کیلۆ پاشماوەی ژەهراوی دەمێنێتەوە کە دەچێتە ژینگەوە و دەبێتە هۆى تێکچوونى ئیکۆسیستەمەکان.
٥- لەدەستدانی هەمەچەشنەیى زیندەوەران
یەکێکى تر لە کاریگەرییەکانى تایبەت بە بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەرەکان ئەوەیە کە چۆن بەشداری دەکات لە کەمبوونەوەی هەمەچەشنەیى زیندەوەران (هەمەچەشنەیى بایۆلۆجی). بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بە چەندین شێوەى جیاواز هەمەچەشنەیى بایۆڵۆجى کەم دەکاتەوە، و هەموو هەنگاوەکانى پرۆسەی بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەرەکان توانای تێکدانی ئیکۆسیستەمەکانی هەیە و دەبێتە هۆی لەدەستدانی هەمەچەشنەیى بایۆلۆجی. بۆ نموونە بڕینى دارستانەکان کە بە شوێنی نیشتەجێبوونى زۆرێک لە جۆرەکانی ڕووەک و ئاژەڵ دادەنرێت لە ئەنجامدا هەموو ئەو زیندەوەرانە بێلانە دەبن و لەنێودەچن یا کۆچ دەکەن، و دواتر تێکچوونى زنجیرەى خۆراکى کە بێ گومان کاریگەرى لەسەر زیندەورانى تریش دەبێت کە لەدەرەوەى سیستەمى ژینگەیى دارستانەکان دەژین. هەروەها پیسبوونی پەیوەست بە بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دەتوانێت زیان بە جۆرەکان بگەیەنێت و لەناویان ببات و ئیکۆسیستەمەکان تێکبدات. لەلایەکى ترەوە بەکارهێنانی پاشەڕۆى پەیوەست بە بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دەبێتە هۆی لەدەستدانی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ جۆرە ئاوییەکان و هەموو ئەو گیانەوەر و باڵندانەى کە لەو پاشەڕۆیە ئاو دەخۆنەوە.
هەمەچەشنەیى زیندەوەران هۆکارێکە بۆ هاوسەنگی ئیکۆسیستەمەکان، و هاوسەنگی ژینگەیى بۆ مرۆڤ زۆر گرنگە. و لەدەستدانى هەمەچەشنەیى زیندەوەران بە واتای پەککەوتنى ئیکۆسیستەمەکان دێت، کە بەشدارە لە گۆڕانی ئاو و هەوا، و هۆکارە بۆ کارەساتی سروشتی وێرانکەر. هەروەها مرۆڤ لە ڕووى تەندروستیەوە زۆر پێویستی بە هەمەچەشنەیى زیندووەران هەیە. و زۆرێک لە زانایان پێیان وایە کە یەکێک لە هۆکارەکانى بڵاوبوونەوەى نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان لە ئێستادا، دەگەڕێتەوە بۆ لەدەستدانى هەمەچەشنەیى زیندەوەران.
٦- فشار لەسەر خاک و پێکهاتەکەى
هەموو ئەو ڕووەکانەى کە دەچێندرێت بەمەبەستى بەرهەمهێنانى ماددە هۆشبەرەکان کاریگەرى ڕاستەوخۆیان لەسەر خاک و پێکهاتەکەى هەیە، چونکە هەموو ئەو جۆرە ڕووەکانە پێداویستییەکانیان لە ئاو و ماددە خۆراکییەکان وەکو نایترۆجین و فسفۆر و پۆتاسیۆم و ماددە خۆراکییەکانى تر زۆر بەرزە. ئەمەش وادەکات کە خاکەکە بخاتە ژێر فشارێکى زۆرەوە بە هۆى هەڵمژینى پێکهاتەکانى و دواتر لاوازکردنى پیتیی خاکەکە، هەر ئەمەش هۆکارى ئەوەیە کە ئەم جۆرە ڕووەکانە زۆر پێویستیان بە پەینى کیمیاوییە.
٧- نادادپەروەرى ژینگەیى
چاندن و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە هۆکارێکى سەرەکییە بۆ نادادپەروەرى ژینگەیى، بەوپێیەى کە چاندن و بەرهەمهێنانى ئەو جۆرە ڕووەکانە تەنها لە بەرژەوەندى خەڵکى دەستڕۆشتوو و بازرگان و سەرمایەدارەکاندایە، لە بەرامبەردا ئەو خەڵکانەى کە ئالودەى ماددەى هۆشبەرن، قوربانین، تەنانەت خەڵکە ئاساییەکەش بەهەممان شێوە قوربانین. چونکە ئیستیغلالکردنى زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ چاندنى ماددەى هۆشبەر لەبرى چاندنى بەروبوومە ئابوورییەکان کاریگەرى ڕاستەوخۆى دەبێت لەسەر ئابوورى وڵات. هەروەها بڕینى دارستانەکان و دەرپەڕاندنى گازە گەرمخانەییەکان و پیسکردنى ژینگە و تێکدانى هەمەچەشنەیى زیندەوەران لەلایەن چەند سەرمایەدار و بازرگانێکەوە، ژیان و ژینگەى ئەوانى تر دەخاتە ژێر هەڕەشەى جددیەوە، و هەموویان دەبێت باجى هەڵە و چاوچنۆکى بازرگانەکان بدەن کە بە قازانج کەمتر ڕازینابن. و ئەم نادادپەروەریە لە ئیستغلالکردنى سەرچاوەکان، وا دەکات زۆرێک بێبەش بن لە ژیانێکی خۆش و شایستە.
چاندنی ڕووەکی ماددە هۆشبەرەکان پرسێکى زۆر گرنگە کە تا ئێستا وەک پێویست کاری لەسەر نەکراوە، سەرەڕای ئەوەی کە تاوانەکانی تایبەت بە ماددە هۆشبەرەکان شێوەی جۆراوجۆریان هەیە. لە ڕووی یاساییەوە چاندنی ڕووەکی ماددەى هۆشبەر قەدەغەیە، لەگەڵ ئەوەشدا چاندنی ئەو ڕووەکانە بە شێوەیەکی بەرچاو لە زۆرێک لە وڵاتانى جیهان بڵاوبووەتەوە.
بۆیە وەزارەت و لایەنەپەیوەندیدارەکان پێویستە بەدواداچوون بکەن بۆ بنبڕکردنى هەر هەوڵێک بۆ چاندنى ئەو جۆرە ڕووەکانە (ئەگەر هەبێت) و هەوڵی زیاتر بدەن لە بەرەنگاربوونەوە و بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان. وپێویستە بەرنامەیەکی ڕاهێنان و ڕێنمایی تۆکمە بۆ کارمەندەکانیان ئامادەبکەن بەمەبەستى بەرزکردنەوەی توانای کارمەندەکان بۆ دەستنیشانکردنی ڕووەکی ماددە هۆشبەرەکان و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیا لەکاتی لەناوبردنیاندا.