لایەنە یاساییەکانی کێشەی ١٢٠ ملیارەکە لە نێوان هەرێم و بغداد هۆکارو چارەسەر پەنجەرە

٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٤٦ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە

لە بنەمادا بۆ پرسی داهاتەکان، نەوتی بێت یان نانەوتی، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ دوو یاسای پەیوەندیدار بەم پرسەوە یەکەمیان یاسای بودجەی گشتی فێدراڵی دووەمیان یاسای بەرێوەبردنی دارایی فیدراڵی، یەکەمیان بە یاسایەکی تایبەت و دووەمیان بە یاسایەکی گشتی دادەنرێت لەم پرسەدا، وبەپێی بنەمای یاسایی ( الخاص یقید العام) دەبێت بگەرێینەوە بۆ یاسای بودجەی گشتی، لەمادەی 78/2ـى یاساکەدا هاتووە کە کار بەهیچ دەقێکی یاسایی ناکرێت کە دژ یەک بێت لەگەڵ دەقەکانی ئەم یاسایەدا  .

یاسای بودجەی گشتی لە مادەی (12/  د)ـدا پرسی داهاتی نا نەوتی گەڕاندووەتەوە بۆ یاسای بەرێوەبردنی دارایی فیدراڵی، دەقی مادەی ناوبراو دەڵێت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتی بەپێی یاسایی بەرێوەبردنی دارایی فیدراڵی".

بەگەڕانەوە بۆ یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی، دەبینین لە مادەی 29ـدا  چوارچێوەی یاسایی بۆ داهاتی نانەوتی دیاریکردووە بەم شێوەیە:
1. بەپێی مادەی (29 / 1) بڕی (50%) لە داهاتی ڕسومات و باجی فیدراڵی کە لە هەرێم کۆدەکرێتەوە، بۆ هەرێم دەبێت .
2. هەرێم پشکی خۆی دەبێت لە داهاتی دەروازە سنورییەکان.
3. هەرێم پشکی دەبێت لەداهاتی پترۆ دۆلار.
4. هەر داهاتێک کە پشت بەست بە یاساکانی پەرلەمانی کوردستان بەدەستدێت مافی هەرێمە.
5. داهاتی شارەوانییەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان بەمافی هەرێم دادەنرێت.
بەڵام پێی مادەی (1/ 21) لە یاسای بودجەی گشتی بڕی (80%) لەو داهاتەی کە پێی دەوترێ (الرسوم و اجور الخدمات) بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت و دەبێت ئەر بڕەی تری کە بریتیە لە (20%) بدرێت بە خەزێنەی گشتی ناوەند، ئەمە لە کاتێکدا بە پێی مادەی 29ـى یاسای بەرێوەبردنی دارایی فیدراڵی (100%) بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت، لەبەرئەوەی یاسای بودجە یاسایەکی تایبەتە دەتوانین بڵێن داهاتی شارەوانی و فەرمانگە خزمتگوزارییەکان تەنها لە ٨٠% ی بۆ هەرێم دەبێت.

هەروەها پشکی هەرێم لە داهاتی دەروازە سنورییەکان کە لە مادەی 29ـى یاسای بەرێوەبردنی دارایی فیدراڵیدا باس کراوە، بەپێی مادەی (2/ 21) لە یاسای بودجەی گشتی برەکەی دیاری کراوە کە بریتیە لە بڕی (50%) وەک پشکی هەرێم و نیوەکەی تری بۆ خەزینەی گشتی عێراق دەبێت.

بەنیسبەت پشکی هەرێم لە داهاتی پترۆدۆلار کە لە مادەی 29ـدا باسکراوە، بڕەکەی بەپێی رێنمایی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتی دیاریکراوە کە بریتیە لە (50%) لە داهاتی بترۆدۆلار، دەبێت ئەولەوییەت بدرێت بەو پارێزگا و شارانەی کە لە بەرهەمهێنای نەوت زەرەرمەند بوون.

لە ئەنجامدا و به‌ پشتبەست بە یاساکانی بەرێوەبردنی دارایی فیدراڵی و یاسای بودجەی گشتی و ڕێنمایی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتی، دەتوانین بڵێین پشکی عێراق لە داهاتی نا نەوتی کە لەهەرێم کۆدەکرێتەوە بریتی نیە لە بڕی ١٢٠ ملیار دینار، لێرەوە دەتوانین بڵێین  رێکەوتنی پێشوی هەرێم وبغداد لەسەر ١٢٠ ملیار دیناری مانگانە یان هەر رێکەوتنێکی تر کەتیایدا بڕێکی دیاریکراوی مانگانە دیاری بکرێت هەڵەیە و پێچەوانەی ئەو دەقە یاساییانەیە کە ئاماژەمان پێدا، چونکە دەقەیاساییەکان ئاماژە بە نیوەی داهاتی نا نەوتی فیدراڵی دەکەن ئەمەش هەموو مانگێک لەگۆڕاندایە، هەربۆیەدەبینین کێشەی هەرێم و بغداد مانگانە سەرهەڵدەدەنەوە و تائێستا رێکەوتنێکی  دروستی یاسایی نەکراوە.

 وەک چارەسەری ئەم بابەتە لە نێوان هەرێم و بغداد  دروستکردنی لیژنەیەکی هاوبەشی تایبەت کە پێکبێت لە ئەندامانی هاوبەشی  دیوانی چاودێری دارایی هەردوولا و هەرلایەنێکی تری پەیوەندیدار، بۆ چاودێری داهاتی نانەوتی هەرێم ، رەنگە چارەسەرێکی گونجاو و مامناوەند بێت .

ئەرکی ئەم لیژنەیە دیارکردنی بڕی داهاتی نانەوتی فیدراڵی هەرێمە لە هەرمانگێکدا و دەبێت پشتببەستن بە هەردوو یاسای بوجەی گشتی و یاسای بەرێوەبردنی دارایی فیدراڵی بەپێی ئەو مادانەی کە ئاماژەمان پێداون.
 پوختەی ئەم شیکارییە؛  بەگشتی پشکی هەرێم  و بغداد لە داهاتی نانەوتی هەرێم بەپێی ئەم رێژانە دیاری دەکرێت:
1. ٨٠% داهاتی شارەوانی و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان بۆ هەرێم و ٢٠% ی بۆ بغداد دەبێت.
2. 100% ئەو داهاتانەی کە پشت بەست بەیاساکانی هەرێم وەردەگیرێن بۆ هەرێم دەبێت.
3. 50%  لە داهاتی دەروازە سنورییەکان بۆ هەرێم و نیوەکەی تری بۆ بغداد دەبێت.
4. 50 % لە رسومات و باجی فیدراڵی بۆ هەرێم و نیوەکەی تری بۆ بغداد دەبێت.
5. 50 % لە داهاتی پترۆدۆلار بۆ هەرێم دەبیت و لە خەرجکردنیدا دەبێت ئەولەویت بدرێت بەو پارێزگایانەی کە زەرەرمەند بون لە بەرهەمهێنانی نەوت.
دوای جیاکردنەوەی ئەو رێژانە، بغداد دەبێت پابەند بێت بە ناردنی تەواوی مووچە و شایستەداراییەکانی تری هەرێمی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا.
7. شایستەی دارایی هەرێم و بغداد لەو داهاتانەی باس کرا، بڕەکەی مانگانە دەگۆرێت و رێکەوتن لەسەر بڕێکی جێگیری نەگۆڕ هەڵەیە و پێچەوانەی هەردوو یاسای بودجە و یاسای بەرێوەبردنی دارایی فیدراڵییە، ومانگانە گرفتی جێبەجێکردنی بۆ دروست دەبێت.

مامۆستای زانکۆ و شارەزای یاسایی


نوێترین شرۆڤەکان