گوڵى نیل لە ڕووبارەکانى عێراق .. ئاڵەنگارییەکى ژینگەیی نۆێ
١٠ تەممووز ٢٠٢٦ - ٧:٤٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەم دواییانەدا ڕووەکى گوڵى نیل/ ئیکۆرنیا (زهرة النيل Eichhornia) کە ڕووەکێکى خۆڕسکە، بەشێوەیەکى شۆکهێنەر بڵاوبوویەوە لە ڕووبار و کەناڵ و جۆگە ئاوییەکانى پێنج پارێزگای عێراق، و سەرەڕاى ئەوەى کە بڵاوبوونەوەى ئەم ڕووەکە نەگەشتووەتە ئاستێکى زۆر مەترسیدار، بەڵام دوور نییە لەساڵانى داهاتوودا ببێتە قەیرانێکى مەترسیدار ئەگەر چارەسەر نەکرێت بەشێوەیەکى زانستى. و دوور نییە لە داهاتوودا ببێتە بۆمبێکی ژینگەیی بێدەنگ کە بە خێراییەکى زۆرەوە لە ڕێڕەوە ئاوییەکانى عێراق بڵاوببێتەوە و هەڕەشە لە ئاسایشی ئاو و سامانى ماسی و کەرتی کشتوکاڵ بکات. بۆیە وەزارەتی سەرچاوەکانى ئاوی عێراق هۆشداریی بڵاوکردەوە، بەتایبەتی لە کاتێکدا ترسی ئەوەی هەیە کە ئەو ڕووەکە بگاتە زۆنگاوەکانى باشووری وڵات، چونکە دەبێتە هۆى خوڵقاندنى کارەساتێکی ڕاستەقینە، بەوپێیەى کە سروشتی بەرفراوانی زۆنگاوەکان وادەکات کە کۆنتڕۆڵکردنى یان بنبڕکردنی مەحاڵ بێت.
و هەموو ساڵێ گرفتەکانى ئەم ڕووەکە لە ڕووبارەکانى عێراق (لە ناوەڕاست و باشوور) دووبارە دەبێتەوە، بەو پێیەی دەبێتە هۆی دروستبوونى کێشە و گرفت بۆ هاوڵاتیان و جووتیاران و خاوەن کێڵگە کشتوکاڵییەکان، چونکە ئەم ڕووەکە بە یەکێک لە مەترسیدارترین ڕووەکە ئاوییە بەربڵاوەکان لە جیهان پۆلێن دەکرێت. و لە ساڵی ٢٠١٦دا، ڕێکخراوى ئەوروپى بۆ ڕووەکناسی (EPSO)، ئەم ڕووەکەى خستە لیستی مەترسیدارترین ڕووەکە بەربڵاوەکان (Invasive plants) کە پێویستە کۆنترۆڵ بکرێن.
شوێنی ڕەسەنى ئەم ڕووەکە ئاوەزێڵەکانى ڕووباری ئەمازۆنە، بەڵام بۆ یەکەمجار لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا هێنراوەتە عێراقەوە وەک ڕووەکی ڕازاوە، و هەندێ پێیان وایە کە لە ڕێگەى کرێکارە میسرى و سوودانییەکانەوە هێنراوەتە عێراقەوە. و دوای ئەوەى لە ڕێگەی گوڵفرۆشەکانەوە بڵاوبووەوە و دواى چەند ساڵێ لە ڕووباری دیجلەدا بڵاوبوويەوە، پاشان بۆ ڕووباری فورات، و بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق. بەهۆی زۆری تایبەتمەندییە مەترسیدارەکانیەوە، وەک خێرایى بڵاوبوونەوەی و توانای مانەوەی وبەرگریکردنى بارودۆخە نەخوازراوەکان و تواناى بەرزیى لە بەکارهێنان ئاو. ئەم ڕووەکە بە هۆى بەرزبوونەوەى خەستى ماددە ئەندامییەکان لە سەرچاوەکانى ئاودا زۆر بە خێرایی گەشە دەکات و بڵاودەبێتەوە، هەر ئەمەش وایکردووە لە ڕووبارەکانى عێراق بڵاوببێتەوە بە خێرایى بەهۆى پیسبوونى ڕووبارەکانى عێراق بە ماددە ئەندامى و نائەندامییەکانەوە و فڕێدانى پاشماوە و پاشەڕۆ (ئاوى قورس) بۆ نێو ڕووبارەکان بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ و بەبێ هیچ پرۆسەیەکى چارەسەرکردن.
هەر ڕووەکێکى گوڵى نیل ڕۆژانە (٥) ڕووەکى نوێ بەرهەم دەهێنێت، هەروەها لە ڕێگەی تۆوەوە، کە ژمارەیان دەگاتە پێنج هەزار تۆو لە هەر ڕووەکێکدا، و بۆ ماوەی (١٥) ساڵ بەردەوام دەبێت لە زۆربوون، و زۆرجاریش لە ڕێگەى باڵندەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ شوێنى تر. و مرۆڤیش بەشدارییەکی بەرچاوی هەیە لە بڵاوبوونەوەی ئەم ڕووەکە بەهۆی جوانیی گوڵەگانییەوە و چاندنی لە باخچە و گۆماوەکاندا، و ئێستاش لە زۆرێک لە ناوچەکانى جیهان بە بەردەوامى ئەفرۆشرێ وەک ڕووەکێکی ڕازاوە.
و لە ڕێگەى ئاوی لافاوەوە دەگوازرێتەوە، و لەگەڵ ئاڕاستەى ئاودا دەڕوات و بڵاودەبێتەوە، و بە ئاسانی دەجوڵێت و بە درێژایى ڕەگەکەى سەر ڕووى ئاو دادەپۆشێ، و بەهۆی پانیى گەڵاکانییەوە تواناى زۆری هەیە بۆ هەڵگرتن و خەزنکردنى ئاو، و توانایەکى یەجگار بەرزیشى هەیە لە خۆگونجاندن و گەشەکردن لە سیستەمە ئاوییە جیاوازەکاندا.
بڵاوبوونەوەی ئەم ڕووەکە لە ڕووبار و چەمەکاندا کە جووتیاران و هاوڵاتیان پشتیان پێدەبەستن، ڕێگری دەکات لە دەستڕاگەیشتن بە ئاو بۆ مەبەستى ئاودێری و خواردنەوە، چونکە بڕی ئەو ئاوەی دەگاتە وێستگەکانی پاڵاوتن و دابەشکردن کەم دەبێتەوە، جگە لەوەی بەشداری دەکات لە زیادبوونی ڕێژەی بەهەڵمبوون و زیادبوونى بڕی ئاوى بەکارهاتوو وخێراترکردنى پرۆسەى بەفیڕۆدانى ئاو. بۆیە لە ئێستادا باشوورى عێراق ڕووبەڕووی ئاڵەنگارییەکى ژینگەیی نوێ بووەتەوە کە کاریگەری لەسەر هەموو جومگەکانى ژیان هەیە، و ئەگەر هەنگاو بە هەنگاو لە ئێستاوە چارەسەر نەکرێت، ئەوە دوور نییە ببێتە هۆی کێشەی گەورە لە داهاتوودا، و ئەگەری هەیە کاریگەری لەسەر دەریاچە و ڕووبار و جۆگە و هەموو کەناڵە ئاوییەکان هەبێت بەتایبەتى ئەو سەرچاوە ئاوییانەى کە بەم دواییە بەهۆی بارانبارینەوە بووژاونەتەوە.
و ڕووەکى گوڵى نیل کاریگەری زۆری لەسەر کوالێتی ئاو هەیە، بەشێوەیەک کە ماددە خۆراکى و کانزا گرنگەکان هەڵدەمژێت، و ڕێژەی ئۆکسجینی تواو (Dissolved Oxygen) کەمدەکاتەوە، بەمەش دەبێتە ڕەخساندنى ژینگەیەکی نەگونجاو بۆ ژیانی زیندەوەرە سودبەخشەکانى نێو ڕووبارەکان. و بەپێچەوانەوە دەبێتە هاندەرێ بۆ گەشەکردنى زیندەوەرە زیانبەخشەکان، بەوپێیەى کە ڕێژەى ئۆکسجینى تواو کەم دەکاتەوە و ڕێژەى ئۆکسجینى بایڵۆجیى پێویست (Biological Oxygen Demand) بەرز دەکاتەوە. و ئەم ڕووەکە بڕێکی زۆر ئاو بەکاردەهێنێت، بەشێوەیەک کە هەر ڕووەکێک ڕۆژانە بەتێکڕا (٤) لیتر ئاو بەکاردەهێنێت. و هەر ڕووبەرێکى (١٠٠) مەترى چوارگۆشە لەو ڕووەکە، کێشى زیاترە لە (٥) تۆن. جگە لەوەى لە زۆرێک لە ڕووبارەکان کاریگەرى و ڕێگری دەکات لە جووڵەى کەشتیوانی، هەروەها زیانیش بە پردەکانی سەر ڕووبارەکان دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی ڕۆخاندنیان، ئەمە و جگە لەوەی کە کاریگەری لەسەر بەنداوەکانیش هەیە.
لەلایەکى ترەوە، ئەم ڕووەکە بە هۆى چڕیى بڵاوبوونەوەیەوە ڕێگری دەکات لە گەیشتنى ڕووناکى و تیشکی خۆر بۆ چینەکانى خوارەوەى ئاو، کە لە ئەنجامدا کاریگەرى لەسەر زیندەوەرانى نێو ئاوەکە دروست دەکات بەتایبەتی فایتۆپلانکتۆنەکان/ قەوزەکان (Phytoplankton) کە سەرچاوەیەکی سەرەکی خۆراکە بۆ ماسی و زیندەوەرانى ئاوى بەگشتیى، ئەمەش دەبێتە هۆی لاسەنگی سیستەمى ژینگەیى سەرچاوەکانى ئاو و تێکچوونى زنجیرە خۆراکیى تێیاندا. و ڕێگری لە پرۆسەى ئاودێری دەکات لە ڕێگەى تەسککردنەوەی کەناڵ و ڕێڕەوی ئاوەییەکانەوە و کەمکردنەوەى خێرایى و جووڵەى ئاو، و زیانگەیاندن بە پەمپ و ترۆمپاکانى ئاودێری، و هەندێکجار بە تەواوەتی دەبێتە هۆى گیران و داخستنى ئەو کەناڵ و ڕەیڕەوە ئاویانە و دواتر وشکبوونى زەوییە کشتوکاڵییەکان، و دووریش نییە ببێتە هۆى کۆچى ژینگەیى جوتیار و خاوەن کێڵگە کشتوکاڵییەکان بۆ نێو شار، ئەم پرۆسەیەش هیچى کەمتر نییە لە دەرەنجامەکانى بیابانبوون و وشکەساڵى. و زۆربوونى ڕووەکى گوڵى نیل دەبێتە هۆى کەمبوونەوە و لەناوچوونى ڕووەکە ئاوییە ڕەسەنەکان، لە ڕێگەی کێبڕکێ لەسەر ماددە خۆراکییەکان و ئۆکسجین چونکە ئەم ڕووەکە باڵادەستییەکى زۆرى هەیە بەسەر ڕووەکەکانى ترەوە. و بڵاوبوونەوەى بە چڕیى دەبێتە پەناگەیەکی سەلامەت بۆ چەندین جۆری مێروو و مێشوولە و خشۆکەکان کە زۆربەیان زیانبەخش و هەڵگری نەخۆشی جۆراوجۆرن بە تایبەتى نەخۆشی بەلهارزیا، هەروەها دەبێتە ژینگەیەکی سەلامەت بۆ لوولپێچەکان و مار و چەندین زیندەوەرى تر.
و بەمەبەستى بنبڕکردنى ڕووەکى گوڵى نیل، پێویستە بە بەردەوامى لاببرێ لە ئاوەڕۆ و ڕووبارەکان، لە ڕێگەى بەکارهێنانی بەلەم و ئامێری تایبەت و پێشکەوتوو کە تواناى لابردن و گواستنەوەی ئەو ڕووەکانەیان هەبێ، نەوەک تەنها پشت بە ئامێری تەقلیدی ببەسترێت کە تێچوویەکى زۆریان پێویستە، و بەگشتى کۆنترۆڵکردنى ئەم ڕووەکە بە ڕێگەى میکانیکی زۆر قورسە و تێچووی زۆری دەوێت. و بەپێچەوانەوە ڕێگاى بایۆڵۆجى (کۆنترۆڵی بایۆلۆجی) کاریگەرترین و زانستیترین ڕێگەیە کە بریتییە لە بەکارهێنانی جۆرێک لە مێروو/ قالۆنچە یا سوسک کە بە تایبەتى لەسەر ئەم ڕووەکە گەشەدەکەن، بەڵام دواتریش پێویستە کۆنترۆڵى ئەو مێرووانە بکرێت بەشێوەیەکى زانستى. و لە زۆرێک لەو وڵاتانەى کە ئەم ڕووەکە لە سەرچاوە ئاوییەکانیان بڵاودەبێتەوە، سێ ڕێگاى باو و ئاسان پەیڕەو دەکرێت بۆ بنبڕکردنى. یەکەمیان لە ڕێگەى بەکارهێنانی مێرووەیەکى تایبەت بە گوڵى نیل کە بە (سوسى گوڵى نیل) ناسراوە، و لە تاقیگەکانی ئەرجەنتین و ئەسیوپیا و چەند وڵاتێکى تر دەفرۆشرێت، و لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە (WHO) پەسەندکراوە و ڕێگاى پێدراوە، و نابێتە هۆى گواستنەوەى هیچ نەخۆشییەک و زیان بە هیچ جۆرە ڕووەکێکی تر ناگەیەنێت، چونکە تەنها لەو ڕووەکە خۆراکى خۆى پەیدا دەکات. و ڕێگاى دووەم بریتییە لە گۆڕینی ئەم ڕووەکە لە ڕووەکێکی زیانبەخشەوە بۆ ڕووەکێکی سوودبەخش، بوپێیەى ئەم ڕووەکە ئەتوانرێ وەکو خۆراک (ئالیک) بۆ ئاژەڵان بەکاربهێنرێت، دواى کۆکردنەوە و وشککردنەوە و وردکردن و تێکەڵکردنی لەگەڵ جۆ و پرۆتین، لە ئەنجامدا بەرهەمێک دروست دەبێت کە بەهایەکى خۆراکی زۆر بەرزی هەبێ. و ئەم بژاردەیە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە (WHO) بەهەممان شێوە پەسەندکراوە وەک یەکێک لە باشترین جۆرەکانى ئالیک، بەڵام بە مەرجێک ڕووەکەکە لانیکەم بۆ ماوەی سێ ڕۆژ دەبێت وشک بکرێتەوە. و سێهەم ڕێگا بریتییە لە بەکارهێنان و ئازادکردنی چەند جۆرە ماسییەکى گیاخۆر، وەکو کاڕپی گیاخۆر، کە تەنها ڕووەکی ئاوی دەخۆن و یارمەتیدەرن بۆ کەمکردنەوەى بڵاوبوونەوەی ئەو ڕووەکە. بەڵام ڕێگاى سێهەم کاریگەرى کەمترى هەیە لە بنبڕکردنى ڕووەک بەگشتى بەبەراورد لەگەڵ ڕێگاکانى یەکەم و دووەم.
و دەبێ پلانى تۆکمە دابڕێژرێ بۆ تێکەڵنەکردنى پاشماوە و پاشەڕۆ (ئاوى قورس)ى شار و شارۆچکەکان بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ و بەبێ چارەسەرکردن بۆ نێو سەرچاوەکانى ئاو، چونکە هەموو ئەو پاشەڕۆیانە بڵاوبوونەوەى گوڵى نیل خێراتر و کاریگەرتر دەکەن بە هۆى دەوڵەمەندیان بە ماددە ئەندامیى ونا ئەندامییەکان. هەروەها یەکێک لە گرنگترین هەنگاوەکانى بنبڕکردنى ئەم ڕووەکە بڵاوکردنەوەى زانیارییە لەسەرى، لە ڕێگەى هەڵمەتی هۆشیاری بەردەوامەوە سەبارەت بە مەترسییەکانی و چۆنییەتى ڕێگریکردن لە زۆربوونى و بڵاوبوونەوەی. و ئەم گرفتە تەنها بە یەک لایەن چارەسەر نابێت، بەڵکو پێویستى بە یەکگرتنى هەوڵەکانى هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانە بۆ چارەسەرکردنی بەگشتى.