حكومەتی كاربەریكەری هەرێم لەچاوەروانی بریاری چارەنوسسازی دادگای فیدراڵیدا
١٠ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٣٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
نەوەی نوێ داوایەکی لە دادگای فیدراڵی عێراق تۆمار کردووە بە ژمارە (١٩٣/الاتحادیة/٢٠٢٦)، بۆ ئەوەی دادگا حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک حکومەتی کاربەڕێکەر (تصریف الأعمال) بناسێنێت، و هەموو ئەو بڕیاروفەرمان و ڕێنماییانەی کە لە دوای ١٠/٧/٢٠٢٣ دەرکراون، بە نایاسایی و پوچەڵ دابنێت، بەو پێیەی کە لەو بەروارەوە ماوەی یاسایی و دەستوری کابینەی حکومەتی هەرێم تەواو بووە.
حکومەتی کاربەڕێوەبەرێکەری عێراق و دادگای فیدراڵی:
بەهۆی ئەوەی ماددەی (٦٤)ی دەستوری هەمیشەی عێراق باس لە حکومەتی کاربەڕێکەر (تصریف الأعمال) دەکات، دادگای فیدراڵ لە چەندین بڕیاردا سنوور و دەسەڵاتەکانی ئەم جۆرە حکومەتەی دیاری کردووە. دادگا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە حکومەتی کاربەڕێکەر تەنها مافی بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانە و دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان هەیە، نابێت بڕیار یان هەنگاوێک هەڵبگرێت کە لە دەرەوەی ئەو سنوورە بێت،لەنێوان بڕیارە گرنگەکانی دادگای فیدراڵ لەم بوارەدا ئەمانە هەن:
* بڕیاری ژمارە (٩٧/اتحادیة/٢٠٢٢)؛
* بڕیاری ژمارە (٢٣٥/اتحادیة/٢٠٢٣)؛
* بڕیاری ژمارە (١٣/اتحادیة/٢٠٢٤).
لە ئەم بڕیارانەدا دادگا بە ڕوونی ڕاگەیاندووە کە هەر بڕیار، فەرمان یان ڕێنماییەکی حکومەتی عێراق کە لە دەرەوەی چوارچێوەی کاروباری ڕۆژانە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بێت، و بارگرانی دارایی، ئیداری یان ستراتیژی لەسەر دەوڵەت دروست بکات، لە ڕووی دەستورییەوە نایاساییە و بە پوچەڵ ئەژماری کردوە..
چارەنوسی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم:
گەر ئەم دۆخە چەقبەستووە بەردەوام بێت و حکومەت پێک نەیەت، و داواکەی بەردەم دادگای فیدراڵی بەردەوام بێت، و لێکۆڵینەوە و دادبینی تێدا بکرێت، پێشبینی یەکێ لەم سێ سیناریۆیە دەکرێت:
سیناریۆی یەکەم/ڕەتکردنەوەی داواکە بەهۆی نەبوونی تایبەتمەندی و بنەمای دەستوری:
دادگای فیدراڵی دەکرێت بڕیار بدات بە ڕەتکردنەوەی داواکە، بەو هۆیەی کە هیچ دەقێکی دەستوری یان یاسایی نییە کە بڵێت حکومەتی هەرێم لە کۆتایی هاتنی ماوەی یاسایی خۆبەخۆ دەبێتە حکومەتی تصریف الأعمال. هەروەها، دادگا دەتوانێت ئاماژە بکات کە مادەی (٦٤)ی دەستوری عێراق تەنها پەیوەندی بە حکومەتی فیدراڵ هەیە و ناتوانرێت بە قیاس بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت،هەروەهالەبەر ئەوەی لە ماوەکانی ڕابردوودا، لەگەڵ دەستبەکاربوونی ئەم سەرۆکە نوێیە، دادگای فیدراڵ لە زۆربەی دۆسیەی پەیوەندیدار بە هەرێم داواکان بە هۆکاری ڕەت کردووەتەوە، بەهۆی نەبوونی تایبەتمەندی،یاخود رەتكردنەوەكە بەهۆی ئەوەبیت دادگای فیدرالی تایبەتمەند نیە بەبینینی نادەستوریبونی رێنمای وبریاروفەرمانی حكومەتی هەریم..
سیناریۆی دووەم/دانانی حکومەتی هەرێم وەک حکومەتی کاربەڕێکەر (تصریف الأعمال):
دادگای فیدراڵی دەكرێت بڕیار بدات بە دانانی حکومەتی هەرێم وەک حکومەتی کاربەڕێکەر (تصریف الأعمال)، بەو پێیەی کە ماوەی یاسایی کابینە لە ١٠/٧/٢٠٢٣ تەواو بووە. لەم حاڵەتەدا، بڕیارەکە بڕیارێکی کاشف (الأمر الكاشف) دەبێت، واتە دادگا دۆخێکی یاسایی کە پێشتر هەبووە ئاشکرا دەکات، نەک ئەوەی دۆخێکی نوێ دروست بکات.
بەڵام، لەگەڵ ئەوەشدا، دادگا دەتوانێت بڕیار بدات کە ئەم بڕیارە کاریگەری پاشگەزبوونەوە (أثر رجعي) نەبێت، و بۆیە بەدوای ١٠/٧/٢٠٢٣ ناگەڕێتەوە تاکو هەموو بڕیار، فەرمان و هەنگاوەکانی حکومەت بە یەکجار پوچەڵ بکاتەوە. ئەم ئاراستەیە لەگەڵ بنەمای ئاسایشی یاسایی (الأمن القانوني) و بەردەوامی مرفەقە گشتییەکان هاوتەریبە، چونکە پوچەڵکردنەوەی هەموو بڕیارەکانی ماوەی چەند ساڵ ڕەنگە دۆخێکی نائاسایی لە کارگێڕی و مافە یاسایییەکانی خەڵک دروست بکات.
بەپێی ئەم سیناریۆیە، لە ڕۆژی دەرچوونی بڕیارەوە، حکومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە سنوور و دەسەڵاتەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر، و ناتوانێت لە دەرەوەی چوارچێوەی کاروباری ڕۆژانە بڕیار بدات، بە تایبەتی لە بوارەکانی بارگرانی دارایی، گرێبەستە درێژخایەنەکان، گۆڕینی هەیکەلی دامەزراوەکان و بڕیارە ستراتیژییەکان..
سیناریۆی سێیەم/دانانی حکومەتی هەرێم وەک حکومەتی کاربەڕێوەبەر لەگەڵ پوچەڵکردنەوەی بڕیارەکان بە کاریگەری پاشگەزبوونەوە:
دادگای فیدراڵی دەكرێت بڕیار بدات بە دانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک حکومەتی کاربەڕێوەبەر (تصریف الأعمال)، بەو پێیەی کە ماوەی یاسایی کابینە لە ١٠/٧/٢٠٢٣ تەواو بووە. لەم حاڵەتەدا، دادگا سەرەتا ئەو دۆخە یاساییە دەچەسپێنێت، و پاشان لە ڕووی ناوەڕۆکییەوە هەڵسەنگاندنی هەموو بڕیار، فەرمان و ڕێنماییەکانی حکومەت دەکات کە لە دوای ئەو بەروارە دەرچوون.
ئەگەر دادگا بگاتە ئەو قەناعەتەی کە هەر بڕیارێک لە دەرەوەی چوارچێوەی کاروباری ڕۆژانە و دابینکردنی خزمەتگوزاری گشتی دەرچووە، و بارگرانی دارایی، ئیداری یان ستراتیژی لەسەر هەرێم دروست کردووە، ئەوا دەتوانێت بڕیار بدات بە پوچەڵکردنەوەی ئەو بڕیارانە بە کاریگەری پاشگەزبوونەوە (الأثر الرجعي) لە ١٠/٧/٢٠٢٣ بە دواوە.
ئەم سیناریۆیە قورسترین و کاریگەرترین ئەگەرە، چونکە ئەگەر دادگا ئەم ئاراستەیە هەڵبژێرێت، ژمارەیەکی زۆر لە بڕیار، فەرمان، ڕێنمایی، گرێبەست و هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا دەرچوون، دەتوانن بخرێنە ژێر هەڵسەنگاندنی دادگا، و ئەگەر لە دەرەوەی سنووری دەسەڵاتی حکومەتی کاربەرێكەر بن، بە پوچەڵ دابنرێن. ئەوەش دەتوانێت کاریگەرییە یاسایی، دارایی و کارگێڕییەکی زۆر گەورە لەسەر دامەزراوەکانی هەرێم دروست بکات، بە تایبەتی لە بوارەکانی گرێبەستە گەورەکان، دامەزراندن و گۆڕینی پۆستە باڵاکان، بڕیارە دارایییەکان و گۆڕانکارییە ئیدارییەکان. ئەم بڕیارە کاریگەری خراپیشی دەبێت لەسەر پشکی کورد لە یاسای بودجە و ئەو ڕێککەوتنانەی کە لەگەڵ بەغدا ئەنجامی داون...
لۆمەی کێ بکەین؟
وەک چۆن لە ڕابردوودا، بە بڕیاری دادگای فیدراڵی، خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشایەوە، لەو ساتەوە نەمانتوانیوە ببینەوە بە خاوەنی پەرلەمانێکی کارا. پارتی دیموکرات پێش هەمووان پابەندی بڕیارەکە بوو. ئێمە ئەگەر هەڵبژاردنمان لە کاتی خۆی کردبایە،دادگای فیدراڵ زات و ئازایەتی یاسایی و دەستوری نەدەبوو بۆ دەرکردنی بڕیارێکی لەو چەشنە،ئێستاش ئەم قسەیە بۆ ئەم حکومەتی کاربەڕێكەرەەش زۆر ڕاستە. ئێمە خۆمان پاساو بە دەستەوە دەدەین. کێ دەستی گرتووین؟ سێ ساڵە حکومەت ماوەی یاسایی بەسەرچووە و هەڵبژاردن نزیکەی دوو ساڵە ئەنجامدراوە، بەڵام ناتوانین حکومەتی تازە پێک بهێنین،بۆیە لۆمە و گلەیی و ڕەخنەکە پێویستە لە خۆمان بێت، بەر لەوەی باسی بەغدا و عەرەب بکەین. هەرچەندە هەندێک هێز و کارەکتەری سیاسی، بە دڵی دوژمن، لە قەوارەی هەرێم و دامەزراوەکانی دەڕوانن، کە ئەمە خەمێکی زۆر گەورەیە. هەر ئەوانەش دەروازە دەکەنەوە بۆ زیادترکردنی مەترسییەکان.