دووبارە خوێندنەوەی مێژووی سەدەیەک خەبات بۆ سەربەخۆیی

١٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٦:٤٥ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە

لە ڕاستیدا خەبات بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی لە باکووری عێراق لە سەردەمی دەسەڵاتی ئینگلیز لە عێراق دەستی پێکرد، بەڵام لە ساڵی ۱۹۶۱ لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بە سەرۆکایەتی مستەفا بارزانی زیندوو کرایەوە. دواجار لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ حکومەتی عێراق و گروپە کوردییەکان گەیشتنە ڕێککەوتنێک کە گەرەنتی ئۆتۆنۆمی کوردی دەکرد. ئەم ڕێکەوتنە زمانی کوردی وەک زمانێکی فەرمی ناساند؛ بەڵام لە ساڵی 1974 گرژییەکانی نێوان کورد و حکومەت لەسەر کۆنترۆڵکردنی ناوچەی دەوڵەمەند بە نەوتی کەرکوک دەستیپێکردەوە و هەر لەو چوارچێوەیەدا بوو کە ڕژێمی بەعسی عێراق دەیان هەزار کوردی لە ناوچەی کەرکوکی دەوڵەمەند بە نەوت ئاوارە کرد و عەرەبی ناوەڕاست و باشووری عێراقی لە شوێنی ئەوان دانا.

دواتر کورد ڕاپەڕینێکی نوێی دژی سیاسەتی بەعەرەبکردنی کەرکوک دەستپێکرد و داوای پشتیوانی لە ئەمریکا و ئێران کرد؛ بەڵام دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی جەزائیر (۱۹۷۵)، ئێران (ڕژێمی پەهلەوی) و ئەمریکا پشتیوانی خۆیان لە بارزانی کشاندەوە. 
هەروەها سەردەمی سەدام حوسێن (1979-2003) یەکێک بوو لە ترسناکترین کاتەکان بۆ کورد. ئەنفال، ئاوارەبوونی زۆرەملێ، ئاسمیلەکردن، کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ و لەناوبردنی ئیکۆسیستەمی ناوچەکە لەو تاوانانە بوون کە سەدام بەرامبەر کورد ئەنجامیدا؛ بەڵام دڕندانەترین و بەربەریترین تاوانەکانی سەدام زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆن بوون کە کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال لە کۆتایی شەڕدا لەخۆگرتبوو، کە بەڕیز پێنج هەزار و ١٨٠ هەزار کورد کوژران، هەروەها بووە هۆی وێرانکردنی زیاتر لە چوار هەزار و ٥٠٠ گوند.

ململانێی نێوان هێزەکانی حکومەتی عێراق و کورد هەم لە سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتی عێراق (1921-1958) و هەم لە کۆماری دواتردا ڕوویدا. ناسیۆنالیزمی عەرەبی سووتەمەنی دوژمنایەتی بەرامبەر بە کورد زیاتر بوو، نەک هەر لەبەر هۆکاری ئایدیۆلۆژی، بەڵکو لەبەر ئەوە بوو کە کورد لە دەوڵەمەندترین ناوچەی کشتوکاڵی و نەوتی عێراقدا دەژیا. دوای ئەوەی سەدام حوسێن دیکتاتۆریەتی خۆی دامەزراند، پاکتاوی نەتەوەیی لە ناوچە کوردنشینەکان بە خێرایی تەشەنەی کرد. لە نێوان نیسانی ساڵی 1987 تا ئابی 1988، 250 شارۆچکە و گوندی کوردی کەوتوونەتە بەر چەکی کیمیایی.
بەڵام دوای شەڕی یەکەمی کەنداو و دامەزراندنی ناوچەی دژە فڕین، کورد سەرکەوتوو بوو لە دامەزراندنی هەرێمێکی نیمچە سەربەخۆ. دووهەمین شەڕی کەنداو و دواتر ڕووخانی سەدام حوسێن لە ساڵی 2003 وایکرد کورد ئەم دەستکەوتانە چەسپێنێت بۆ هەرێمێکی تا ڕادەیەکی زۆر ئۆتۆنۆم لە سەرانسەری باکوری عێراق و بە شێوەیەکی کاریگەر حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقی پێکهێنا.

لەم ڕووەوە ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن فاکتەری سەرەکی بوو بۆ دروستکردنی مێژووی مۆدێرن له عێراق و کوردستان. لەو کاتەوە کوردەکان لە عێراقی نوێدا چێژ لە ئۆتۆنۆمی ناوچەیی وەردەگرن وبوونەتە یاریزانی سەرەکی لە سیاسەتی عێراق.
بەڵام وەرچەرخانێکی تر لە مێژووی سیاسی کوردانی باشور ساڵی 2014 بوو، لەم ساڵەدا دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) لە باکووری عێراق سەریهەڵدا و سوپای عێراقیش نەیتوانی بەرەنگاری ئەو هێرشانە ببێتەوە. لەبەرامبەردا پێشمەرگەی کوردستان وێڕای بەرەنگاربوونەوە و پاڵنانی زۆمبیەکانی داعش بۆ دواوە، توانی لەسەدا چل ئەو زەوییانەی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراقدا ناکۆکییان لەسەر بوو، بە دەڤەری کەرکوکیشەوە بەدەستبهێنێت، کە بێگومان مەودای ناکۆکییەکانی لەگەڵ حکومەتی ناوەند فراوان‌تر کرد؛ بەڵام دەرکەوتنی داعش و لاوازی سوپای عێراق و دەسەڵاتی پێشمەرگە لە گرتنەوەی کەرکووک و دواجاریش ئیرادەی سیاسی مەسعود بارزانی زەمینەی بۆ ڕاگەیاندنی فەرمی ڕیفراندۆم لە ساڵی ۲۰۱۷ خۆشکرد.

پێویستە بگوترێ، لە بەرامبەر ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان لە لایەن مەسعود بارزانییەوە، حەیدەر عەبادی، سەرۆک کۆماری ئەوکاتەی عێراق داوای هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆمی کرد. ئەم هەنگاوە لە لایەن ئەمریکا و زلهێزەکانی‌تری ڕۆژئاواشەوە دژایەتی کرا. هەندێک گرووپی کوردی عێراقیش لەوانە پارتی یەکێتی نیشتمانپەرو و بزووتنەوەی گۆڕان دژایەتییان کرد.
 هەروەها عەقڵی پارانۆیایی و کوردفۆبی دەسەڵاتدارانی ئێران و تورکیا وەک هەمیشە لە ترسی ئەوەی کە سەربەخۆیی کوردەکانی عێراق ڕەنگە ئیلهامبەخش بێت بۆ کورد لەم دوو دەوڵەتەدا، دژایەتی ڕیفراندۆمیان دەکرد. هەروەها ئەو دوو وڵاتە نیگەران بوون لەوەی کە پێکهێنانی کوردستانی سەربەخۆ بە مانای دروستکردنی پەناگەیەکی ئارام بۆ میلیشیاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران بێت.

بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆرێک لە تائبەتمەندییەکانی دەوڵەت (وەزارەت و ئیدارە، یاسادانان، دادوەری و هێزە ئەمنییەکانی) هەیە، هەموو ئەمانەش لەژێر پێکهاتەی فیدراڵی دەستووری عێراقدا دانیان پێدا ناوە. پایتەختی وڵات هەولێرە کە دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی دادوەری و بەشەکانی‌تری حکومەتی خۆسەری کوردستانی تێدایە. پارێزگاکانی دۆحوک و هەولێر لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کۆنترۆڵ کراون، یەکێتی نیشتمانپەروەری کوردستانیش سلێمانی و دیالە کۆنتڕۆڵ دەکات. هێشتا وەک لە ڕابردوودا کێبڕکێی بەردەوام لە نێوان ئەم دوو لایەنە لە هەرێمدا هەیە.


نوێترین شرۆڤەکان