خوێندنەوەیەک بۆ رووداوەکانی 48 کاتژمێری رابردووی عێراق

٧ ئاب ٢٠٢٦ - ٦:١٢ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
  
هێرشەکانی ئەمریکا و سعودیە بۆ سەر حەشدی شەعبی بێپێشینە نییە، بەڵکو درێژکراوەی رووداوەکانی چەند رۆژ و چەند هەفتەی رابردووی ناوچەکەیە، یان روونتتر بڵێین بەشێکیشی پەیوەندی بەجوڵەکانی عەلی زەیدییەوە هەیە.
بۆ تێگەیشتن لە هێرشەکانی سەر حەشدی شەعبی و ئەسڵی گەمەکە، دەبێت لە جوڵەکانی رۆژانی رابردووی زەیدی ورد ببینەوە، بەتایبەت لە سەردانەکەیەوە بۆ تورکیا و دواتر شکستهێنانی سەردانەکەی بۆ سعودیە.

تورکیا 

رووداوەکانی ئەمڕۆ و هێرشی ئەمەریکا و سعودیە بۆ سەر حەشدی شەعبی دەرئەنجامی فشاری ئەو هێزەبوو بە رێنمایی ئێران بۆ سەر عەلی زەیدی، ئەم راستییەمان لەسەردانەکەی زەیدیدا بۆ تورکیا زیاتر بۆ پشتڕاست دەبێتەوە.
گەر دیقەت لە پەیوەندییەکانی عێراق بدەین لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ یان خراپبووە یاخود سنوردار بووە، ئەمەش ئەو سیاسەتەیە ئێران دەیەوێت.
هەموومان گرتە ڤیدیۆییەکەی زەیدیمان لە ئەنقەرە بینی، کاتێک نیگەرانبوو لە وەزیرێکی حکومەتەکەی بەهۆی واژۆ نەکردنی گرێبەستەوە، کە تاڕادەیەک مایەی ئیحراجی بوو.
رەنگە ئەوەی وەزیرە عێراقییەکە کردی هەڵەی پرۆتۆکۆلی تێدا بێت، بەڵام ئاماژەیە بۆ ئەوەش کە پەیام بۆ ئەو وەزیرە رۆیشتووە جا پەیامەکە لە حەشدەوە بێت یان لە ئێرانەوە بەوەی کە ناڕەزایەتی هەیە لەو پرۆژەیەی شاندی عێراق دەیەوێت واژۆی بکات.
پرۆژەی رێگای گەشە کەدەمێکە تورکیا کاری بۆ دەکات، ئێران پێیڕازی نەبوو بۆیە لە سەردەمی سودانیدا  وەستێنرا، ئێستا جارێکیتر زەیدی دەیەوێت زیندووی بکاتەوە، لەکاتێکدا تورکیا فشار بۆ سەرخستنی دەکات و ئێرانیش دژیەتی.
سیاسەتی ئێرانی بەگشتی بریتییە لەوەی عێراق پەیوەندی باش نەبێت لەگەڵ دراوسێکانی بۆ ئەوەی پشت بە ئێران ببەستێت، لەکاتێکدا سیاسەتی ئەمەریکا و وڵاتانی تری ناوچەکە ئەوەیە پەیوەندییان باش بێت لەگەڵ عێراق، تا عێراق هەموو ئیعتیمادێکی لەسەر ئێران نەبێت.
پرۆژەی رێگای گەشە پێیدەوترێت پرژەی پێکەوە گرێدانی چوار دەریاکە ( دەریای رەش، دەریای سپی، کەنداوی عەرەبی یان فارسی و قەزوین)، تۆم باراک نێردەی ترەمپ بڕوای بەم پرۆژەیە بەهێزە بۆ ئەوەی ئەو وڵاتانەی کەوتوونەتە ناوەڕاستی ئەم چوار دەریا، بتوانن هەماهەنگی هەبێت لەنێوانیان.

بۆیە ستراتیژی تورکیا و وڵاتانی ناوچەکە بەوجۆرەیە کە عێراق لەڕووی بازرگانی و هەموو رووەکانی ترەوە ببەسترێتەوە بە وڵاتانی ناوچەکەوە، لەکاتێکدا ئێران دژی ئەمەیە و نایەوێت سەربگرێت.

سعودیە

لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، میلیشیا شیعەکان هێرشی بێزارکەریان دەکردە سەر سعودیە، ئامانج لە بەشێکی هێرشەکان بۆ رێگرتن بوو لە سەردانەکەی زەیدی بۆ ئەو وڵاتە و ئەنجامدانی گرێبەستی هاوشێوەی ئەوەی تورکیا.

دواجار سعودیە بە پاڵپشتی ئەمەریکا هێرشی بۆ سەر میلیشیا شیعەکان ئەنجامدا، هێرشەکان بوونە هۆی هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکەی زەیدی بۆ سعودیە، دەکرێت بڵێین میلیشیاکان ئەم ئامانجەیان پێکا کە لە بنەڕەتدا دژی سەردانەکە بوون.

پرسیارێک دێتە پێشەوە، ئەی سعودیە بۆ هێرشەکانی بۆ سەر عێراق ئەنجامدا؟
سعودیە گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی گەر وەڵامی ئەم هێزە شیعانە نەداتەوە، ئەوا دەکەوێتە نێوان بەرداشی یەمەن و عێراق، گەر ئەم هێرشانە بەردەوام بن، پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردە کردنی پەکی دەکەوێت، بۆیە سعودیە ناتوانێت بێوەڵام بێت.
میلیشیاکان لە عێراقەوە دەستیان دەگاتە ناوچە نەوتییەکانی رۆژهەڵاتی سعودیە، حوسییەکانیش لە یەمەنەوە دەتوانن بەندەر و رێڕەوەکان بۆردومان بکەن، ئەوکات سعودیە مەترسی ئیفلیجبوونی بەرهەمهێنانی نەوتی لەسەر دروست دەبێت.

دۆخی زەیدی

چەند رۆژێک پێش هێرشەکانی ئەمەریکا و سعودیە بۆ سەر حەشد، زەیدی هێزی ناردبووە سەر بارەگای چەند میلیشیایەک، بەڵام هێزەکە هیچی پێنەکراو کشابوونەوە.
هێرشەکانی ئەمڕۆ مامەڵەی زەیدی گۆڕی، لەبری فشار بۆ سەر میلیشیاکان خۆی چووە نێو بارەگای حەشد و نەرمی پیشاندا، ئەمەش دوای ئەوەی سەردانەکەی بۆ سعودیە هەڵوەشاندەوە.
زەیدی بانگەشەی چەککردنی میلیشیاکان دەکات، لەکاتێکدا هێشتا هەژموونی ئێران و میلیشیاکان لەناو عێراقدا بەهێزە، یاخود بەمانایەکی تر لۆژیکی تێدا نییە هێزە شیعەکان سەرۆکوەزیرانێک دابنێن بۆ ئەوەی خۆیان لەناو بەرێت.

زەیدی ئێستا کەوتووەتە نێو دۆخێکی سەختترەوە و قورسە بتوانێت لە کۆتایی ئەیلولدا دەست بۆ چەکی میلیشیاکان بەرێت، بۆیە لەمەودوا ناچارە کار بۆرازیکردنی ئەمەریکا بکات تا لەمە زیاتر نەکات بەرامبەر حەشد.

 حەشد خۆی ئامادەیە نەرمی بەرامبەر هەندێک هەنگاوی زەیدی بنوێنێت بۆ ئەوەی خۆیان لە فشاری ئەمەریکا پارێزراوبن، لەکاتێکدا ئەمەریکا دەیەوێت لەرێگەی زەیدییەوە پرۆژەی لاوازکردنی حەشد و ئێران و بەستنەوەی عێراق بە تورکیا، سعودیە، سوریا و ئوردنەوە جێبەجێ بکات.
ئەم دوو پرۆژەیە لەململانێدان، بۆیە عەلی ویلایەتی راشکاوانە ناڕەزایەتی بەرامبەر دەربڕی. ئێستا دوو ئەجێندا و دوو پرۆژەی جیاواز لە ململانێدان و رووبەڕووی یەکتریش دەبنەوە، بەڵام دواجار هاوکێشەکانی داهاتوو ئەنجامی ئەم ململانێیە یەکلایی دەکاتەوە.


نوێترین شرۆڤەکان