هاوکێشەی ئەمەریکا و ئێران: لە کایەی سەکۆ سەربازییەکانەوە بۆ مێزی 'بەڕێوەبردنی قەیران'
٧ ئاب ٢٠٢٦ - ٦:٢٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوای تێپەڕبوونی چەند گێمێکی توند لە پێکدادانی سەربازیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران، دیمەنی ڕووداوەکان هەرجارە و بەرەو مێزی دانوستان و دیپلۆماسی دەچەرخێتەوە. هەرکاتێکیش کۆنترۆڵی زمانە لێکترازاوانەکان ڕوو لە هێوربوونەوە دەکات، لە نێو شەقامی ئەمریکی و ناوەندە میدیاییە جیهانییەکاندا خوێندنەوەیەک دەنگ دەداتەوە کە پێی وایە ئەم گۆڕانکارییە نیشانەی پاشەکشە و "شکستی ئەمەریکا"یە بەرامبەر تاران. نەیارانی ئەم تاکتیکە دەڵێن جیهان چاوی لە گۆڕانکاریی ڕیشەیی و داڕووخانی سیستمە سیاسییەکەی ئێران بوو، هاوشێوەی سیناریۆی عێراقی ٢٠٠٣، بەڵام ڕووداوەکانی سەر زەوی پێچەوانەکەیان سەلماند. بەڵام ئایا بە ڕاستی واشنتۆن لەم گەمەیەدا دۆڕاوە وەک ئەوەی زۆرینە باسی لێوەدەکەن؟
له ڕوانگهیهكی واقیعی و ستراتیژییهوه، دۆخهكە زۆر لەو کورتکردنەوە میدیاییە قووڵترە. لێکدانەوەی چەمکی "سەرکەوتن و شکست" لە کایەی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، بەستراوەتەوە بەو ئامانجانەی کە هێزە مەزنەکان پێشوەختە بۆ خۆیانیان دەستنیشان کردووە. ئەزموونە تاقیکراوەکانی پێشوو لە عێراق و ئەفغانستان، واشنتۆنی فێری ئەو وانە قورسە کرد کە داگیرکاریی سەربازیی هەمەلایەنە و "گۆڕینی ڕژێمەکان" تێچوویەکی واقیعیی وای هەیە کە سیستمی ناوخۆیی خۆی دەشێوێنێت. لەبەر ئەوە، ئامانجی سەرەکیی ئەمەریکا لە سەرەتاوە ڕووخاندنی دەستبەجێی قەوارەی سیاسیی ئێران نەبووە، بەڵکو ستراتیژی "مەهارکردن" و لاوازکردنی تواناکانیەتی.
لێرەوە دەتوانین تێ بگەین کە تاکتیکی جەنگی کورتخایەن و چەند ڕۆژە، پاشان گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان، نەخشەیەکی وردە بۆ ڕێگریگرتن لە فراوانبوونی بەرەی جەنگ و درێژەکێشانی کێشەکان. ئێران خاوەنی تۆڕێکی فراوانی هێزە بریکارەکانە لە ناوچەکەدا؛ گڕگرتنی جەنگێکی گشتگیر واتە پەککەوتنی تەواوی ئابووری و دەروازە ئاوییەکانی جیهان، کە ئەمەش هاوتا نییە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی پێگەی ئەمەریکا.
لە لایەکی ترەوە، گەورەترین چەواشەکاری لەم ململانێیەدا لە نێوان "وێنەی سەرکەوتن لە میدیادا" و "ڕاستییەکان لەسەر زەوی" دروست دەبێت. تاران لە ڕێگەی ئامێری پڕوپاگەندەی خۆیەوە پێویستی بەوە هەیە پەیامی ڕاگرتنی هاوسەنگیی هێز بە شەقامی ناوخۆیی و دۆستەکانی بدات، ئەمەریکاش لاریی نییە لەوەی ئێران لە ڕووی دەروونی و میدیاییەوە خۆی بە براوە نیشان بدات، بە مەرجێک لەسەر زەوی پاشەکشە بکات. ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر هەیە کە میدیاکان نایبینن؛ ئەویش داڕووخانی گشتگیری ژێرخانی ئابووریی ئێران، دابەزینی مێژوویی بەهای تمەن و شەلەلبوونی کەرتی وزەیە بەهۆی سزاکان و هێرشە بێدەنگەکانەوە. ئەم داڕووخانە ناوخۆییە وایکردووە تاران لە ژێر پەردەوە ئامادەی قورسترین سازش بێت لە بەرامبەر پاراستنی مانەوەی خۆی، کە زۆرجار لە فەرهەنگی سیاسیی خۆیاندا ناوی دەنێن "نەرمی نواندنی قارەمانانە".
بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە لێرەدا ئەوەیە: بۆچی ئەمەریکا کێشەکە بەیەکجاری بنبڕ ناکات؟
وەڵامەکە لە تیۆری "بەڕێوەبردنی قەیرانەکان"دایە. واشنتۆن نایەوێت کێشەی ئێران یان هەر قەیرانێکی تری ناوچەکە بەیەکجاری چارەسەر ببێت. بوونی هەمیشەیی گرفت و هەڕەشەیەک بە ناوی ئێران، باشترین بیانووی ستراتیژی و یاسایی دەداتە دەست سوپای ئەمەریکا بۆ مانەوەی بنکە سەربازییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاراستنی چەتری ئەمنیی خۆی. لە لایەکی ترەوە، ئەم دۆخی دڵەڕاوکێ بەردەوامە گەورەترین بازاڕی فرۆشتنی چەکامێریی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا زامن دەکات.
تەنانەت هاوپەیمانە هەرێمییەکانی ئەمەریکاش، کە مێژووی فرۆشتنی سەرکردەکانی وەک سەدام حسێن و موعەمەر قەزافییان لەبەردەمدایە، چاک دەزانن کە متمانەی ڕەها بە واشنتۆن سەرکێشییە؛ بەڵام بێدەسەڵاتیی هێز و پێداویستیی کڕینی "ئامێری ئاسایشی دەروونی" ناچاری کردوون متمانە بەم چەترە ئەمنییە بکەن، لە کاتێکدا لە ژێرەوە هێڵە دیپلۆماسییەکانی خۆیان بەرەو چین و ڕووسیا فرەچەشن دەکەن.
لەکۆتاییدا، دەتوانین بڵێین ئەوەی لە ئێستادا لە نێوان ئەمەریکا و ئێراندا دەگوزەرێت، نە پاشەکشەی یەکەمیانە و نە سەرکەوتنی دووەمیان. ئەمە تەنها خولگەیەکی نوێی هاوسەنگکردنی هێزە لەسەر بنەمای هێشتنەوەی قەیرانەکان بە زیندوویی، چونکە لە فەلسەفەی هێزی واشنتۆندا، بەڕێوەبردنی قەیرانێک کە قازانجی تێدا بێت، زۆر لە چارەسەرکردنەکەی ستراتیژیترە.
*ماستەر لە جوگرافیای سیاسی