کاریگەرییە ژینگەییەکانی لەشکرکێشی سەر کوەیت
٧ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:١٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
جەنگ بەگشتى کاریگەری نەرێنی بێشوماری لەسەر ژینگە هەیە، هەندێک لەو کاریگەریانە هەرچەندە توند بن، بەڵام کورتخایەنن، و هەندێکیشیان درێژخایەنن و زیانێکی وێرانکەریان هەیە. بەپێى هەندێ سەرچاوە، جەنگى کوەیت یا گەردەلوولى بیابان بە یەکێک لە گەورەترین کارەساتە ژینگەیىیەکان لە مێژووى مرۆڤایەتیدا لە قەڵەم دەدرێت. وبە تەواوەتى کاریگەرى دروست کرد لە سەر تەندروستى دانیشتوانى عیراق وکوەیت وزۆرێک لە وڵاتانى کەنداو وتا ئێستا بە دەستى ئەو کارەساتەوە دەناڵێنن.
داگیرکردنی کوەیت لەلایەن عێراقەوە کە نزیکەى حەوت مانگى خایاند، وێرانکاری و سووتاندن و زیانێکی بێ ئەندازەی ژینگەیی لەسەر هەموو ئاستە سروشتییەکان بەدواى خۆیدا بەجێهێشت.
عێراق پێش کشانەوەى لە کوەیت، سیاسەتی زەوی سوتماکى پەیڕەوکرد، بۆیە لە دوا ساتەکانى کشانەوەى لە کوەیت زیاتر لە ١٠٧٣ بیری نەوتى سوتاند. و ئەو وێرانکارییانە تەنها لە چوارچێوەى بیرە نەوتییەکان سنوردارنەبوون، بەڵکو هەموو شوێنەکانى کۆکردنەوە و عەمبارکردن و دامەزراوەکانى پاڵاوتن و هەناردەکردنی نەوتى گرتەوە. ئەمە جگە لەوەى کە زۆرێک لە دامەزراوەکانى عەمبارکردنى نەوت نەسوتێنران، بەڵکو بەتاڵکران و پەمپکران بۆ ناو دەریا یان ئەو خەندەقە بەرگرییانەی کە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە بەدرێژایی سنووری کوەیت و سعودیە هەڵکەندرابوون، و بڕێکى زۆر لە نەوتی پاڵاوتگەکان ڕەوانەی عێراق کرا. و بڕی ئەو نەوتەی لە تانکی و پاڵاوگەکاندا سووتێنران، بە زیاتر لە نۆ ملیۆن بەرمیل مەزەندە کراوە، ئەمە جگە لەو بڕە زۆرەی کە لە دەریا و بیابانەکاندا ڕژێنرا کە بەپێى ڕاپۆرتەکان، لە ماوەى شەڕى (گەردەلوولى بیابان) کە لە ١٧-١-١٩٩١ دەستى پێکرد تا ٢٨-٢-١٩٩١ سوپاى عیراق ڕۆژانە ٦ هەزار بەرمیل نەوتى ڕەشى ئەڕژانە نێو ئاوى کەنداوى عەرەبیەوە.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی بڵێسەی ئاگر لە بیرە نەوتە سووتاوەکاندا، پیسکەرە مەترسیدارەکانى هەوا وەک یەکەم ئۆکسیدى کاربۆن و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و ئۆکسیدی گۆگرد و ئۆکسیدی نایترۆجین ڕێژەیان بەشێوەیەکى بەرچاو بەرزبوونەوە لە بەرگە هەوا. و بڕی ئەو دوکەڵەی کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکانەوە بەرزدەبووەوە ڕۆژانە دەگەیشتە زیاتر لە پێنج هەزار تۆن. پانی دوکەڵەکە لەگەڵ دووری لە سەرچاوەکەوە بە شێوەیەکی بەردەوام زیاد دەبوو. بۆ نموونە یەکێک لەو دووکەڵانەى کە تۆمارکران پانییەکەی گەیشتە زیاتر لە ١٥٠ کیلۆمەتر و بە مەودای زیاتر لە ٣ هەزار کیلۆمەتر درێژ بووەوە و بە بەرزى زیاتر لە ٥ هەزار مەتر لە ئاستى ڕووى زەوییەوە. و هەموو ئەو دووکەڵانە لە ئەنجامدا ئاسمانی عێراق و زۆرێک لە وڵاتانى ناوچەکەى داپۆشی کە توانای بینینى بەشێوەیەکى یەجگار زۆر کەمکردەوە. و دواتر کاریگەری لەسەر کەشوهەوای تەواوی ناوچەی کەنداو دروستکرد، و بارانێکی ڕەش بەسەر وڵاتانى ناوچەکە بارى، تەنانەت ڕاپۆرتەکان باسیان لەوەکرد کە کاریگەرى ئەو دووکەڵە گەیشتە چیای هیمالایا.
جگە لەو پیسکەرانە، سەرچاوەیەکی دیکەی پیسبوون بریتی بوو لە دەنکۆڵە گەردیلەییە هەڵواسراوەکان. و لە ڕێگەى تیمیکى زانستییەوە توانرا زۆرێک لە سەرچاوەکانى پیسبوون و کاریگەرییەکانیان پێوانە بکرێت. تێکڕای چڕیی دەنکۆڵە هەڵواسراوەکان لە هەندێ ناوچە گەیشتە زیاتر لە ٣٣٥ مایکرۆگرام/م٣. و شیکارییە کیمیاییەکان دەریانخست کە چڕیی ئەلەمنیۆم، ئاسن و سەلفاتەکان بەرزبووەتەوە، لەگەڵ بوونى ڤانادیۆم و نیکل لە هەموو نمونەکاندا. و بڵاوبوونەوەی دوکەڵ و دەنکۆڵە هەڵواسراوەکان، کاریگەرى ڕاستەوخۆیان هەبوو لە کەمبوونەوەی بەرچاو لە کۆی تیشکی خۆر و تیشکی سەروو بنەوشەیی، و دابەزینى پلەی گەرمی، لەگەڵ کاریگەرییە ژینگەییە دوور مەوداکان، وەک کاریگەری لەسەر سووڕی ژیانی زۆرێک لە زیندەوەرە دەریایی و وشکانییەکاندا.
و کەنداوى عەرەبی گەورەترین ڕژانی نەوتی لە مێژوودا بەخۆیەوە بینی. یەکێک لە کارەساتەکان لە ١٩ی ١ی ساڵی ١٩٩١ ئەنجامدرا، کاتێک عێراق زیاتر لە ٥٠٠ هەزار تۆن نەوتی ڕەشى لە پێنج تانکەرى عەمبارى نەوت لە بەندەری ئەلئەحمەدییەوە ڕژانە نێو کەنداو. باڵندە دەریاییەکان کە لە ماسی دەخۆن، بە تایبەتی کاریگەرییان لەسەر بوو، و دەیان هەزاریان گیانی لەناوچوون. و زۆرێک لە ماددە کیمیاوییەکان بوونە هەڵم لە بەرگە هەوا بڵاوبوونەوە.
دواتر و لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٦ی ١ کارەساتى ڕووداوی پیسبوونی دەریایی جارێکى تر ئەنجامدرا، کاتێک سەدان هەزار تەن لە دوورگەى دەستکردەوە ڕژێنراوە نێو کەنداو. و دواتر و لە ٣٠ى ١ و بۆ جارى سێهەم ڕووداوی پیسبوونی دەریایی ئەنجامدرا، کاتێک نەوتی خاو لە دامەزراوەکانى بەندەری ئەلبەکر لە عێراق ڕژێنراوە نێو کەنداو. و جگە لەم ڕووداوانە، لە دەیان شوێن و سەرچاوەى ترەوە نەوت ئەڕێژێنراوە نێو سروشت و ژینگە.
و هەموو ئەم ڕووداوانە بوونە هۆى تێکدانى ئیکۆسیستەمى دەریایى و لەناوچوونى زۆرێک لە زیندەوەرە دەریاییەکان.
و ئەو نەوتەی لە بیرەکانەوە دەڕژانە سەر خاک بە نزیکەى ٣٠ ملیۆن بەرمیل مەزندە دەکرێت. لە ئەنجامدا نزیکەی ١١٤ کیلۆمەتر چوارگۆشەی بیابانی کوەیت دووچارى پیسبوون بوونەوە بەهۆی سووتانی زیاتر لە هەزار بیری نەوت. و هەموو ئەمانە زیانێکی بەرچاوی خاکی لێکەوتەوە، ئەمە جگە لە جوڵەی ئامێر و ئۆتۆمبێل و ئامراز وکەرەستە سەربازییەکان کە کاریگەرى ڕاستەوخۆیان لەسەر ستراکچەرى و پێکهاتەى خاک دروست کرد، و خاکەکە زیاتر ڕووبەڕووى ڕاماڵین بووەوە و چینى سەرەوەى خاک بەتەواوەتى لەنێوچوو و هەموو ماددە خۆراکییەکان و ماددە ئۆرگانییەکانى لەدەستدا و توانای پشتگیریکردنی ڕووەکى بەتەواوەتى لەدەستدا. هەروەها ڕووەکەکان بەهۆی بەرکەوتنی نەوت و دووکەڵ و خۆڵەمێش و گەردیلە ووردەکانەوە زیانی تەواویان پێگەیشت. هەموو ئەو کردەوانە کاریگەریی نەرێنی توندیان لەسەر ئیکۆسیستەمی بیابان هەبوو، وەکو زیادبوونی هەڵمژینی گەرمی لەلایەن خاکەوە، بەتایبەتی لە مانگەکانى هاویندا، هەروەها کەمبوونەوەی تواناى خاک لە هەواگۆڕکێ بەهۆی گیرانی کونیلەکانی خاک بە ماددە نەوتییەکانەوە. ئەمەش ڕێژەی داچۆڕانى ئاوی بارانى کەمکردەوە، کە لە بەرامبەردا بووە هۆی وشکبوونەوەی خاک و دابەزینى ئاستى پاراوی ئاوى باران بۆ ژێر زەوى.
جگە لە پیسبوونی خاک، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کاریگەری نەرێنییان لەسەر چالاکییە کشتوکاڵییەکان هەبوو. دوای داگیرکردنی ناوچە کشتوکاڵییەکانی، جووتیاران ناچاربوون زەوییە کشتوکاڵییەکانیان جێبهێڵن. تێکچوونی خاکەکە بەهۆی جوڵەی قورسی ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان بەسەریدا، و چاندنی مین و نەبوونی ئاو بۆ ئاودێری بووە هۆى ئەوەى کە کۆى سیستەمى ژینگە تێکبچێ. هەروەها ئەو خاک و خۆڵەی کە لە ئەنجامی هەڵکەندن و دروستکردنی خەندەقەکان بەرزبوونەوە، بوونە سەرچاوەیە بۆ سەرهەڵدنى خۆڵبارین بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا. بەکتیریا و مشەخۆر و نەخۆشییە کشتوکاڵییەکان زۆر بوون و جۆرە مێرووە دەگمەن و سنووردارەکانیش بەشێوەیەکى بەرچاو زیادبوون. و بڕێکى زۆر لە خۆڵەمێش و پاشماوەى دووکەڵ کەوتە سەر خاک و بەروبوومەکان و کاریگەرییان لەسەر خاک و ئیکۆسیستەمەکان بەگشتى دروستکرد.
توێژینەوەکانى تایبەت بە خاک دەریانخستووە کە خاکى کوەیت زۆر پیسبووە بە ڕۆن و پاشماوە نەوتییەکان، و تێکڕای چڕیی هایدرۆکاربۆنە تێرەکان لە خاکدا لە ساڵی ١٩٩٢دا ٣٢%ی تێپەڕاندبوو. هەروەها دەرکەوت کە چڕیی پێکهاتەى ئاوێتە ئەرۆماتییەکان لە هەمان ساڵدا گەیشتبووە زیاتر لە ٢٥%. بۆیە لە ئێستادا نزیکەی ٣,٥ ملیار دۆلار لە پارەی قەرەبووکردنەوە، خەرج دەکرێت بۆ پاککردنەوەی ئەو زیانە ژینگەییانەى کە بەهۆی ڕژانی نەوتەوە تووشی زۆرێک لە ناوچەکانى کوەیت بووە.