درۆنه‌كان؛ بڕیاری مەرگ بەدەست ئامێرەوە!

٣ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٧:٢٥ پاش نیوەڕۆ

لە بابه‌تى پێشووماندا، بەشێوازێکی گشتی تیشکمان خسته‌ سەر درۆن وەک تەکنۆلۆژیایەکی سەربازیی کاریگەر، جۆرەکانی درۆن و ئەو ماددە و تەکنۆلۆژیایانەی لە دروستکردنیاندا بەکاردێن. لەم بابه‌ته‌دا بە وردیی باس لە پۆلێنکردنی درۆنە سەربازییەکان و شێوازەکانی ئاراستەکردنیان دەکەین، لە درۆنی بچووکەوە تا سیستەمە سەربەخۆکان.

درۆنەکان بەپێی توانای بەرزبونەوە و مانەوەیان لەئاسماندا پۆلێندەکرێن، هەر لەسەر ئەم بنەمایەش بەپێی ئاڵۆزیی ئەرکەکە، شوێن، ئاستی هەڕەشەکان، درۆنەکان بۆ ئەرکەکان دیاریدەکرێن.

1. بەرزییەکی زۆر بەرز و مانەوەیی زۆر درێژ HALE: ئەم جۆرە درۆنانە دەتوانێت لەسەرو بەرزی 18 هه‌زار مەتر (60 هه‌زار هەزار پێ) بفڕێت و بۆ ماوەی 24 تا 48 کاتژمێر یان زیاتریش لەئاسماندا بمێنێتەوە.

2. بەرزی مامناوەندو مانەوەی زۆر MALE: ئەم جۆرەیان دەتوانێت لەبەرزی 3 هه‌زار بۆ 9 هه‌زار مەتر بفڕێت و بۆ ماوەی زیاتر لە 24 کاتژمێر لەئاسماندا بمێنێتەوە.

3. بەرزی نزم و مانەوەی کەم LALE: ئەم جۆرە درۆنە بچوکەو بۆ کاری کورت مەودا بەکاردێت، زۆرجار لەبەرەکانی شەڕ، بە دەست یان شێوازی مەنجەنیق هەڵدەدرێن بۆ ناو بەرەی شەڕ بۆ کاری چاودێری و پێشڕەویکردنیان لەناوچەی نەناسراودا.

4. مایکرۆ درۆن: درۆنی زۆر بچوکن کە قەبارەکەیان لەنێوان 10 بۆ 50 سانتیمەتردایە کەقەبارەیان بەقەدەر باڵندەیەک دەبێت و کێشیان دەگاتە چەند کیلۆگرامێک، ئەم درۆنانە سەرەڕای قەبارەیان، هەستەوەر و کامێرای بەهێزیان هەیە، لەناو شار و باڵەخانە و شوێنە بچوکەکاندا بۆ چاودێری کەسێک یان سیخوڕی بەکاردێت.

 

ئاڕاستەکردنی درۆنەکان بۆ ئەنجامدانی ئەرکێک جۆراو جۆرە

 

5. نانۆ درۆن: بچوکترین جۆری درۆنی سەربازین و قەبارەیان بەقەدەر مێروویەک دەبێت و کێشیان لەخوار 250 گرامێک دەبێت.

ئەمجۆرە دەتوانێت چاودێری لەمەودایەکی نزیکدا بکات، بۆ نمونە کاتێک سەرباز دەنێردرێن بۆ شوێنێکی نەناسراو ئەم درۆنە پێشڕەوی دەکات و زانیارییان لەسەر ئاستی مەترسی شوێنەکە بۆ دەنێرێتەوە کە ئەمەش وادەکات سەربازەکان لەڕوداری نەخوازراو بپارێزرێن، نانۆ درۆن بە بەروارد بە مایکرۆ درۆن کەمتر توانای فڕینی هەیە، چونکە بەهۆی قەبارەکەیەوە پاتریەکەی بچوکترە.


ئاڕاستەکردنی درۆن

ئاڕاستەکردنی درۆنەکان بۆ ئەنجامدانی ئەرکێک جۆراو جۆرەو دەکرێت درۆنێک بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی مرۆڤدا بێت و دەشکرێت مرۆڤ تەنها تەماشاکەر بێت و درۆنەکە هەموو کارەکان ئەنجامبدات:

1. ئاڕاستەکردنی کۆنترۆڵکراو:

درۆنەکە لەلایەن مرۆڤەوە کۆنترۆڵ دەکرێت و لەشوێنێکی دورەوە لەڕێگەی دەسکی کۆنترۆڵەوە (وەک دەسکی یاریکردن) کەسێک ئاڕاستەی درۆنەکە دەگۆڕێت و بریار دەدات کە درۆنەکە چی بکات، لەمجۆرەدا بریارەکان لای مرۆڤە نەک درۆن، ئاڕاستەکردنی ئەمجۆرە درۆنە زیاتر لە کۆنترۆڵکردنی یارییەکی ڤیدیۆیی دەچێت تا فڕۆکەوانیی ڕاستەقینە.

2. ئاڕاستەکردنی نیمچە کۆنترۆڵکراو: 

ئەمجۆرە درۆنە، درۆنێکی خۆکارە بەڵام مرۆڤ بەشداری دەکات لەپرۆسەی بڕیاردانداو پرۆسەکە بەبێ دەستێوەردانی مرۆڤ تەواو نابێت جا ئەو کارە بڕیاردان بێت یاخود رەزامەندی دەربڕین بێت.

 

گەورەترین مەترسی ئەوەیە کە ئامێرێک (درۆنێک) بڕیاری کوشتنی مرۆڤ بدات

 

بۆ نمونە درۆنێک بەبێ یارمەتی مرۆڤ سەرچاوەی هەڕەشەیەک دیاریدەکات و زانیاری دەنێرێتەوە بۆ بنکەکەی دەربارەی ئەو هەڕەشەیە، بەڵام بۆ بڕیاردان بۆ هێرشکردنە سەر هەڕەشەکە چاوەڕێی مرۆڤە بڕیاربدات و بەبێ (بڕیار یاخود رەزامەندی) مرۆڤ هێرش ناکات.

3. ئاڕاستەکردنی سەربەخۆ:

درۆنەکە بەتەواوی سەربەخۆیەو لەڕێگەی بۆردو هەستەوەرو زیرەکیی دەستکردو ئەلگۆریزمەکانەوە ئەرکەکانی خۆی جێبەجێدەکات و مرۆڤ بەشدارنییە تێیدا، بەڵام دەکرێت مرۆڤ تەماشاکەری پرۆسەکە بێت و لەکاتی ناچاریدا تەداخول بکات، بۆ نمونە درۆنێک پێشوەختە زانیاری لەسەر کەسێک پێدراوەو درۆنەکە بەدوایدا دەگەڕێت و کە کەسەکەی دۆزییەوە راستەوخۆ هێرش دەکاتە سەری بەبێ گەڕانەوە بۆ مرۆڤ.

ئەم جۆرە ئاراستەیە مەترسیدارترین جۆرەو مشتومڕێکی زۆری لەسەرە کەلەبواری سەربازیدا سنوردار بکرێت چونکە گەورەترین مەترسی ئەوەیە کە ئامێرێک (درۆنێک) بڕیاری کوشتنی مرۆڤ بدات بەبێ دەستێوەردانی مرۆڤ.

لێره‌وه‌ بۆمان ڕوون دەبێتەوە قۆناغێکمان بڕیوە کە تێیدا درۆنەکان تەنیا چاو و گوێی ئێمە نین لە ئاسماندا، بەڵکو خەریکە دەبنە بڕیاردەرانیش! هه‌ربۆیه‌ پرسیارە گرنگه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌: ئایا ئێمه‌ى مرۆڤ ئامادەین بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لە دەستی ئامێرێکدا بهێڵینه‌وه‌؟ ئایا سنوورەکانی مرۆڤایەتی و ئەخلاق لە کوێوە دەستپێدەکەن و لە کوێش کۆتاییان دێت؟

 

* شاره‌زای ئایتی و به‌ڕێوبه‌رى كۆمپانیای سمارت هاند بۆ ته‌كنۆلۆژیای زانیاریی


نوێترین شرۆڤەکان